میونخ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-09-20:24:00 - کۆدی بابەت: 10860
میونخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میونخ (بە ئینگلیزی: Munich، بە ئەڵمانی: München، بە باڤاری: Minga، بە عەرەبی: میونخ یان میونیخ)، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیایە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ٣١ـی تەممووزی ٢٠٢٠ـدا ١٫٥٥٨٫٣٩٥ کەس بوو، میونخ سێیەم گەورەترین شاری ئەڵمانیایە لە دوای بەرلین و هامبۆرگ، هەروەها ١١ـەهەمین گەورەترین شاری یەکێتیی ئەورووپاشە. گەورەشاری میونخ شەش ملیۆن کەسی تێدایە. شارەکە دەکەوێتە سەر ڕووباری ئیسار (Isar) لە باکووری زنجیرە چیاکانی باڤاریا، شوێنی ناوچەی بەڕێوبەرایەتی باڤاریایە لە ئەپەر باڤاریا. لە هەمان کاتدا، ڕووبەری میونخ ٣١٠٫٧١ کیلۆمەتر دووجایە، شارەکە چڕترین شاری ئەڵمانیایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٥٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

سەرەتا لە ساڵی ١١٥٨ـدا باس لە شارەکە کرا. پاشان و لەکاتی دامەزراندنی باڤاریا وەک شانشینێکی سەربەخۆ لە ساڵی ١٨٠٦ـدا، میونخ بوو بە ناوەندێکی گەورەی ئەورووپی بۆ هونەر، تەلارسازی، کولتوور و زانست. لە ساڵانی ١٩٢٠ـدا میونخ بوو بە شوێنی چەندین کوتلەی سیاسی، دوای ئەوەی نازییەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست، میونخیان وەک "پایتەختی بزووتنەوە"ـی خۆیان ناساند. شارەکە لە کاتی جەنگیی جیهانی دووەمدا بە توندی بۆردومان کرا، بەڵام دواتر نۆژەنکرایەوە. لە ساڵی ١٩٤٩، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیادی کرد و ئابوورییەکەی بووژایەوە. ئەمڕۆ میونخ ناوەندێکی جیهانی هونەر، زانست، تەکنەلۆجیا، دارایی، بڵاوکردنەوە، ڕۆشنبیری، داهێنان، پەروەردە، بازرگانی و گەشتیارییە. لەگەڵ ئەوەشدا کوالێتی ژیانی زۆر بەرزە و لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٨ـی مێرسەر (Mercer) پلەی یەکەم لە ئەڵمانیا و پلەی سێیەمی جیهانی بەدەستهێناوە. ئەم شارە بە بەردەوامی وەکوو یەکێک لە گرانترین شارەکانی ئەڵمانیا لە ڕووی نرخی خانووبەرە و نرخی کرێی خانووەوە ڕیزبەندی کراوە. بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی جیهانگەری و ڕیزبەندی جیهانی ساڵی ٢٠١٥، میونخ بە شارێکی جیهانی ئەلفا دادەنرێت.

یەکێکە سەرکەوتووترین و خێرا گەشەسەندوترین شارەکانی ئەڵمانیا. شارەکە زیاتر لە ٥٣٠ هەزار کەسی تێدایە کە پاشخانی بیانییان هەیە و بە ڕێژە ٣٧٫٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنن. میونخ شوێنی چەندین تیپی تۆپی پێی پیشەگەرە لەوانە بایەرن میونخ، کە سەرکەوتووترین یانەی ئەڵمانیا و براوەی چەندین خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە.

ئابووریی میونخ

ئابووری شارەکە پشت بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، ئۆتۆمبێل، کەرتی خزمەتگوزاری و پیشەسازییە داهێنەرەکان و هەروەها ئایتی، زیندەتەکنەلۆجیا، ئەندازیاری و ئەلیکترۆنی دەبەستێت. یەکێکە لەو شارانەی ئەڵمانیا کە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە و کەمترین ڕێژەی بێکاری لە هەموو شارەکانی ئەڵمانیا کە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ـدا ٥٫٤٪ بوو. هەروەها شارەکە یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا و چەندین کۆمپانیای فرەنەتەوەیی تێدایە، وەک مان (MAN)، بی ئێم دەبلیوو (BMW)، ئالیانز (Allianz)، زیمێنس (Siemens) و میونخ ئاڕ ئی (MunichRE). جگە لەوەش، میونخ شوێنی دوو زانکۆی توێژینەوە، کۆمەڵێک دامەزراوەی زانستی و مۆزەخانەی زانستی و تەکنەلۆجیای بەناوبانگی جیهانە. شوێنە سەرنجڕاکێشە تەلارسازی و کولتوورییە زۆرەکانی میونخ، بۆنە وەرزشییەکان، پێشانگاکان و فیستیڤاڵی ئۆکتۆبەرفێستی ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار بۆ شارەکە ڕادەکێشن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی میونخ لەساڵی ١٧٠٠ـدا تەنها ٢٤٫٠٠٠ کەس بوو، نزیکەی هەر ٣٠ ساڵ جارێک ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دوو هێندە زیادی کردووە. لە ساڵی ١٨٥٢ـدا ١٠٠٫٠٠٠، لە ساڵی ١٨٨٣ـدا ٢٥٠٫٠٠٠ و لە ساڵی ١٩٠١ـدا ٥٠٠٫٠٠٠ کەس بووە، لەو کاتەوە میونخ بووەتە سێیەم گەورەترین شاری ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٣٣ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە ٨٤٠٫٩٠١ دانیشتوو و لە ساڵی ١٩٥٧ـدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوو. ژمارەی دانیشتووانی شاری میونخ لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بە ١٫٤ ملیۆن کەس خەمڵێندرا و لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا گەشتە ١٫٥٦٦٫١٢٨ کەس، بەڵام ناوچەی شارستانی زۆر گەورەترە و ٢٫٦٥ ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە. لە ئێستا میونخ یەکێکە لە خێرا گەشەسەندووترین و سەرکەوتووترین شارەکانی وڵات و شوێنی سەرەکیی کۆچبەران و ئاوارەکانە، سەرەڕای ئەوەش چڕترین شاری ئەڵمانیایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٥٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا.

پێنج کۆمەڵگەی بەڵقانی و تورکی لە شارەکەدا هەن و نزیکەی ٣٧٪ـی دانیشتووی بیانی شارەکە خەڵکی یەکێتی ئەورووپان. باوترین نەتەوە بیانییەکانی شاری میونخ بریتین لە:

  • تورکەکان: ٤٣ هەزار کەس
  • ئەلبانییەکان: ٣٠ هەزار کەس
  • کرواتییەکان: ٢٥ هەزار کەس
  • سربەکان: ٢٤ هەزار کەس
  • یۆنانیەکان: ٢٢ هەزار کەس
  • نەمساییەکان: ٢١ هەزار کەس
  • ئیتاڵییەکان: ٢١ هەزار کەس

لەڕووی ئایینییەوە

نزیکەی نیوەی دانیشتووانی میونخ کە بە ڕێژە ٤٩٫٣٪ دەکات پەیڕەوکەرانی هیچ ئایینێک نین و ئەمەش خێرا گەشەسەندوترین گرووپی دانیشتووانی شارەکەیە. بەدوای ئەویشدا کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی و پرۆتستانت دێن کە گەورەترین گرووپن و ماوەی دەیان ساڵە ڕێژەی پەیڕەوکەرانیان لە دابەزیندایە.

گەشەی دانیشتووانی میونخ

ساڵانێکی زۆرە ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی دانیشتووانەکەیەوە لە کەمبوونەوەدا بوو. بەڵام لەم دواییانەدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەڵام هۆکاری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە نەک گەشەی سروشتی. شاری میونخ دووەم گەورەترین خاوەنکارە لە وڵاتەکەدا و شەپۆلی ئەم دواییەی کۆچبەران ژمارەیەک کرێکاری ڕاهێنراو و لێهاتووی هێناوەتە شارەکە، لەوانە کەسانی ئەکادیمی، ئەندازیار و کرێکارانی تری لێهاتوو. سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە هەموو ئەڵمانیا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان بووبێتەوە، بەڵام میونخ بەدرێژایی ساڵان ڕێژەی گەشەکردنی جێگیر و خاوی پاراستووە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ١٩٠٠ـدا کەمێک کەمتر لە ٥٠٠ هەزار کەس بوو ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٦٠ـدا بۆ کەمێک زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتوو گەشەی کردووە.

کەشوهەوا

شاری میونخ دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. کەشوهەوای ئەم شارە کەمێک کیشوەرییە، زستانی سارد و هاوینی مامناوەند بۆ گەرمێکی خۆشە. بەهۆی هەڵکەوتەی شارەکە کە دوور لە دەریا و نزیک لە زنجیرە چیاکانە، شارەکە ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی سەرما دەبێتەوە و بەم هۆیەشەوە زۆرجار ساردترین شاری تەواوی ئەڵمانیایە، بەڵام لە هاویندا، لەژێر کاریگەری ڕەشەبای بروسکاویدایە. هەروەها شارەکە لەژێر کاریگەری فۆن (Föhn)ـدایە کە بایەکی گەرم و وشکە و لە چیاکانەوە هەڵدەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ڕێژەی شێ، ئەم بایە زۆرجار لە وەرزی پاییزدا هەڵدەکات (بەڵام دەشێت لە وەرزەکانی زستان و بەهاریشدا هەڵبکات). بارانبارین تاڕادەیەک زۆرە، ساڵانە نزیکەی ٩٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت. بەهۆی ڕەشەبای بروسکاویی پاشنیوەڕوانەوە، لە مانگی ئایارەوە تا مانگی ئاب باراناویترین کاتن و لە مانگێکدا زیاتر لە ١٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە ١٫٨٥٠ کاتژمێری تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە.

وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەم تا شوبات دەخایەنێت، کەشی شار لەم وەرزەدا ساردە و تێکڕای پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا چەند پلەیەک لە سەرووی پلەی بەستنەوەیە (سفر پلەی سەدی)، و لە کاتەکانی شەودا چەند پلەیەک لە خوار ئەو پلەیەوەیە. بەڵام لە کاتی هەڵکردنی بای فۆن پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بۆ ١٠ پلەی سەدی. لە لایەکی ترەوە کاتێک بارستە هەوای سارد لە ڕووسیاوە دەگاتە شارەکە، پلەی گەرما بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزێت، کەمترین پلەی گەرمی لە دەوروبەری ١٥- پلەی سەدیدایە و لە ساردترین مانگەکانی زستاندا دەشێت پلەکانی گەرما بۆ خوار ٢٠- پلەی سەدی دابەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣١٫٦- پلەی سەدی بوو کە لە شوباتی ساڵی ١٩٢٩ـدا تۆمارکرا. بەهار، لە مانگی ئازارەوە دەست پێدەکات و تا مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە لە سەرەتادا ساردە، دواتر وردەوردە مامناوەند دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی نیساندا دەشێت کەشی سارد بگەڕێتەوە، لە هەندێک ڕۆژدا بەرزترین پلەی گەرما لە دەوروبەری ١٠ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرما لە دەوروبەری پلەی بەستندایە.

هاوین، لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکه بە ڕۆژدا گەرمێکی خۆشە بەڵام لە شەودا دەشێت فێنک بێت، تەنانەت هەندێکجاریش کەمێک ساردە. هەروەها دەکرێت هەندێک ڕۆژی گەرم و خۆرەتاو هەبن کە پلەکانی گەرما تێیاندا دەگاتە ٢٨ بۆ ٣٢ پلەی سەدی، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک مەترسی ڕەشەبای پاشنیوەڕۆ هەیە، هەندێکجار توندە و تەرزەشی لەگەڵدایە. بەدەگمەن پلەی گەرمی لە ٣٥ پلەی سەدی بەرزتر دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٧ پلەی سەدییە کە لە مانگی ئابی ٢٠٠٣ـدا تۆمارکراوە. پاییزیش لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، کەشی شارەکە لە سەرەتای پاییزدا خۆشە، واتە لەنیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا، دواتر وردە وردە زیاتر سارد و هەور و باراناوی دەبێت. دروستبوونی یەکەم شەختەی شەوانە بەزۆری لە مانگی تشرینی دووەمدایە، بەڵام هەندێکجار لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا ڕوودەدات. دەشێت لە شەواندا تەم دروست ببێت، بەڵام هەڵکردنی فۆن دەتوانێت کەش ڕوون و مامناوەند بکاتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی میونخ ناوەڕاستی مانگی ئایار تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە مامناوەندترین کاتی ساڵە. مانگەکانی تەممووز و ئاب گەرمترین مانگن. بەڵام دەشێت ڕۆژانی فێنک و باراناوی هەبن و ڕەشەبای بروسکاوی لەناکاو هەڵبکات.


سەرچاوەکان



760 بینین