شێرکۆ کەریم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-12-17:23:00 - کۆدی بابەت: 10888
شێرکۆ کەریم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێرکۆ کەریم لەتیف جەباری (بە عەرەبی: شيركو كريم، بە ئینگلیزی: Sherko Karem) یاریزانێکی کوردی تۆپی پێی هەڵبژاردەی عێراقە، لە جامی کەنداوی عەرەبی ٢٥ـی بەسرە لە ساڵی ٢٠٢٣ وەکوو یاریزانی سەرەکی لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق وەکوو هێرشبەر بەشدار بووە و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و زیاتر ناسراوە.

شێرکۆ لە تەمەنی لاوییەوە هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتی یارییە گرنگەکانی کردووە، لە ساڵی ٢٠١١ هەڵبژاردەی عێراق بۆ خوار تەمەنی ١٧ ساڵ بانگهێشتی ڕاهێنانەکانی کردووە و بەشدار بووە لە خول و یارییەکانی، پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ بەشداری لە هەڵبژاردەی عێراق کردووە بۆ لاوانی خوار تەمەن بیست ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٦ بەهەمان شێوە بەشدار بووە لە هەڵبژاردەی عێراق بۆ لاوانی خوار تەمەن ٢٣ ساڵ و لە پێکهاتەی سەرەکی بووە. لە ساڵی ٢٠٢١ بە فەرمی بەشداری هەڵبژاردەی سەرەکی عێراق کردووە.

زانیاری گشتی

ناو شێرکۆ کەریم لەتیف جەباری
ڕێکەوتی لەدایکبوون ٢٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٦
شوێنی لەدایکبوون کەرکووک
ئایین ئیسلام
ناسنامە عێراقی
شوێنی یارییکردن هێرشبەر

ژیان و ئەزموونی وەرزشی

شێرکۆ کەریم لەتیف جەباری لەدایکبووی ٢٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٦ـی شاری کەرکووکە، هەر لە تەمەنی لاوییەوە خولیای وەرزش و یاری تۆپی پێ بووە. لە ساڵی ٢٠١١ وەکوو یاریزان یەکەم ئەزموونی وەرزشی خۆی لە یانەی کەرکووکەوە دەستپێکردووە، لە دوای ساڵێک و لە ساڵی ٢٠١٢ چووەتە یانەی شوڕتە و تاکوو ساڵی ٢٠١٥ لەو یانەیە بووە و هەر لەو یانەیەوە وەکوو لاوێکی بە توانای بواری تۆپی پێ ناسرا و ناودار بوو.

لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە پەیوەندی کرد بە یانەی (Grasshopper Club Zürich)‏ گراسهۆپەر زیورخی سویسری کە لە خولی نایابی ئەو وڵاتە بوو و تا ساڵی ٢٠١٩ لەو یانەیە مایەوە، گواستنەوەی شێرکۆ کەریم بۆ یانەی گراسهۆپەر زویورخ بە یەکێک لە گواستنەوە گرنگەکانی مێژووی تۆپی پێی عێراق دادەنرێت، چونکە ئەو یانەیە بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ ئۆڵۆمپیاتی بەرازیل کردووە. شێرکۆ کەریم له ساڵی ٢٠١٩ گەڕایەوە یانەی وەرزشی شوڕتە، پاشان ساڵێک دواتر چووە یانەی وەرزشی هەولێر بۆ ماوەی دوو ساڵ تاکوو ساڵی ٢٠٢٢ لەو یانەیە مایەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ پەیوەندی کرد بە یانەی کوەیتەوە.


سەرچاوەکان



506 بینین