ئارامگری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-15-18:41:00 - کۆدی بابەت: 10909
ئارامگری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئارامگری یان ئارامگرتن، خۆڕاگری یان بەرگەگرتن، دان بەخۆداگرتن یاخود کۆنتڕۆڵکردنی خود (بە عەرەبی: الصبر، بە ئینگلیزی: patience) تایبەتمەندییەکی پەسەندە و لە هەموو مرۆڤێک بە پلەی جیاواز بوونی هەیە، ئارامگری لە تایبەتمەندییە هەرەگرنگەکانی مرۆڤە لە ژیاندا. پێچەوانەی هێمنی و لەسەرخۆیی و ئارامی تووڕەیی و ڕاڕاییە، بەهۆی پێشکەوتنەکانی سەردەم و دەرکەوتنی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت و خێرابوونی شتەکان، زۆرێک لە مرۆڤی سەردەمی ئێستا توانا و تایبەتمەندی ئارامگری لەسەر شتەکان کەم بووەتەوە و لاواز بووە.

واتاكانی ئارامگرتن

  • لەڕووی زمانەوانییەوە: ئارامگرتن بریتییە لە گرتنەوە و ڕێگریکردن لە نەفس و دەروون، پێچەوانەی هەڵچوون و توڕەییە. 
  • لەڕووی ئایینییەوە: ئارامگرتن بریتییە لە خۆگرتنەوەی دەروون لە قەدەغەکراوکان و ئەنجامدانی فرمانەکان، لەگەڵ ڕازیبوون و پەسەندکردنی قەدەر و چارەنووسی ڕووداو و بارودۆخە سەختەکان و دژوارەکانی ژیان.
  • لەڕووی زانستییەوە: ئارامگرتن بریتییە لە توانای بەرگەگرتنی بارودۆخ و هەلومەرجە سەختەکان، واتا لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێک مرۆڤ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختی و بەرگەگرتنی نەهامەتی و کێشەکانی پەسەند دەکات.

ئارامگرتن لە تێڕوانینی ئایینی ئیسلامەوە

ئارامگری و خۆڕاگری لە ئیسلامدا بەندە بە باوەڕ و ئیمانەوە، لە ئایینی ئیسلامدا لە چەندان ئایەتی قورئانی و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺـەوە جەخت لەسەر ئارامگرتن کراوەتەوە و باسکراوە. زۆرکات پەیوەست کراوە بە باوەڕدارییەوە، ئارامگرتن و خۆڕاگری لەسەر دوونیا و ناخۆشییەکانی ژیان پاداشت و چاکەی لەسەرە و مرۆڤ بەهێز دەکات.

ئارامگری لەسەر بەڵاکانی ژیان وابەستەبوونی مرۆڤ بە دونیاوە کەم دەکاتەوە و پەیوەستی قیامەتی دەکات. خوای گەورە لە سوورەتی البقرة ئایەتی ١٥٣ دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَعِينُوا بِالصَّبْرِ وَالصَّلَاةِ ۚ إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ)، واتا: ئه‌ی گه‌لی خاوه‌ن‌ باوه‌ڕ، په‌نا به‌رنه‌ به‌ر خۆڕاگریی و نوێژ، هه‌تا له‌سه‌ر قۆناغه‌ گرژه‌كانی ژیانتان خۆڕاگربن و بێگومان خوا له‌گه‌ڵ ئارامگراندایە.

پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (عجبا لأمر المؤمن لايقضى الله له قضاء إلا كان له خيرا، إن أصابته سراء فشكر كان خيرا له، وإن أصابته ضراء فصبر كان خيرا له)، واتا: بارودۆخەکانی باوەڕداران جێگەی سەرسوڕمانە، ئەگەر هەر ڕووداوێکی خۆشی توش بوو ئەو لەسەری سوپاسگوزار بوو، ئەوە ئەو ڕووداوە بۆ ئەو دەبێتە مایەی چاکە، ئەگەر ڕووداوێکی زیانبەخشی تووش بوو لەسەری ئارامگر و خۆڕاگر بوو ئەوە بە هەمان شێوە بۆ ئەو دەبێتە مایەی چاکە و پاداشت دەکرێت.

جۆرەکانی ئارامگرتن لە ئیسلامدا

- ئارامگرتن لەسەر نەفس و دەروون و ئارەزووەکان

ئەم جۆری ئارمگرتنە لە ئیسلامدا پاداشتی زۆری لەسەرە، ئەو کەسەی کە ئارامگرە لەسەر ئارەزووەکانی و جڵەوی ناخی خۆی دەکات بە کەسێکی بەهێز دادەنرێت و ئەم جۆرە خۆڕاگرییە بە "جیهادی گەورە" وێنا کراوە.

- ئارامگرتن لەسەر پەرستشەکان و جێبەجێکردنی فرمانەکانی خوا

ئەنجامدانی پەرستشەکانی ئیسلام و بەردەوامبوون لەسەری ئارامگری و خۆڕاگری پێویستە، پێش ئەنجامدانی هەر پەرستشێک بەندە پێویستی بە ئارامگرتنە لەسەر نییەت و ئەنجامدانی پەرستشەکە بەو جۆرەی کە ئەو خۆڕاگرییە هاوکاری باوەڕدار دەکات کە دڵسۆزانە تەنیا بۆ خوا پەرستشەکانی ئەنجام بدات، لەکاتی ئەنجامدانی پەرستشەکە باوەڕدرا پێویستی بە ئارامگرتن و خۆڕاهێنانە لەسەر بەردەوامی و دوورکەوتنەوە لە ساردی و تەمەڵی، لە دوای ئەنجامدانی پەرستەکەش بەهەمان شێوە پێویستی بە ئارامگرتنە لەسەر بە شێوەیەک کە چاکەکانی ئاشکرای نەکەکات و بۆ ڕیا ئەنجامی نەدایت.

- ئارامگرتن لەسەر بەڵا و بارودۆخە سەختەکانی ژیان

ئەم ئارامگرتنە لە باوەڕبوون بە قەدەر و چارەنووس سەرچاوە دەگرێت، بەڵاکانی ژیانی دونیا زۆر و قورسن، باوەڕداران وەکوو تاقیکردنەوە دەیبینن و لەکاتی بارودۆخە سەخت و دژوارەکانی نموونەی لەدەستدانی کەسی ئازیز، نەخۆشی و هەژاری، زیان و دۆان و شکست و چەندان نموونەی تر ئارام دەگرن و خۆڕسکانە دان بەخۆیاندا دەگرن، بۆیە ئارامگرتن لەسەر ناخۆشییەکانی ژیان ئاسوودەیی و هەستی ڕازیبوون دەبەخشێت و پاداشتی زۆری لەسەرە.


سەرچاوەکان



1318 بینین