زولقەڕنەین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-16-22:45:00 - کۆدی بابەت: 10918
زولقەڕنەین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زولقەرنەین (بە عەرەبی: ذی القرنین، بە ئینگلیزی: Dhu al-Qarnayn)، لە دیدی قورئانی پیرۆزەوە کەسایەتییەکی زۆر بەهێز و خاوەنی ئیمپراتۆرییەتێکی زۆر گەورە بووە، بە پێچەوانەی ئیمپراتۆریەتییەکانی جیهان و زلهێزەکانی ئەمڕۆوە لەبری ئەوەی داگیرکار بووبێت بەخشندە و یارمەتیدەر بووە. ئەم کەسایەتییە ئاشقی گەڕان بە دوای نەزانراوەکاندا بووە لە وشکایی، دەریا و ئاسماندا، ئەمەش دەلالەتێکە لە ژیری زولقەرنەین چونکە ئەوەی دەیزانێ پێی کەمە و بەردەوام لە دووی زانیاری زیاتردایە. ئەم کەسایەتییە چەند خاڵێکی تێدا کۆبوەتەوە کە بۆ کەسێک بیەوێت شارستانییەتێک پێک بهێنێت و لە کاروانی ژیان دوا نەکەوێت دەبێت ئەم خاڵانەی تێدا بێت، لەوانەش:

  1. بڕوا (ئیمان بە خوا)
  2. زانست
  3. کارکردن (عمل)
  4. بەها و ئەخلاقە جوانەکان
  5. گرنگیدان بە هۆکار (سبب)
  6. نەهێشتنی بەتاڵی

بۆچی ناوی لێ نراوە زولقەڕنەین؟

سەبارەت بە ناوی زولقەڕنەین چەند وەڵامێکی جیاواز هەن، یەکێک لە بۆچوونەکان باس لەوە دەکەن کە زولقەڕنەین دوو پرچی هەبووە، لای ڕاست و لای چەپ، لە زمانی عەرەبیدا بە پرچ دەوترێت قەڕن (قرن). دووەم ئەگەر ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە تاجێکی لەسەر بووە کە دوو شاخی پێوە بووە، هەروەها بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ خۆی دوو شاخی هەبوو بەڵام ئەمە ڕاست نییە. جگە لەوانەش، بۆچوونێکی تر هەیە کە دەڵێت قەڕن (سەدە) بە واتای ماوەیەکی زۆر دێت، زولقەڕنەین لە دوو ماوەی جیاوازدا ژیاوە و دوو زەمەنی بەسەر بردووە، واتایەکی تر ئەوەیە کە ئەم کەسایەتییە گەشتۆتە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. واتایەکی تریش هەیە کە دەڵێت قەڕن بە واتای ئیمپراتۆریەت دێت، بەو واتایەی دوو ئیمپراتۆریەتی یەکخستووە و خۆی بووە بە پاشای هەردووکیان.

زولقەڕنەین کێیە؟

چەند بۆچوونێک دەربارەی کەسایەتی زولقەڕنەین هەیە، لەوانە یەکێکیان دەڵێت ئەسکەندەرە، بەڵام کام ئەسکەندەر؟ هەندێک لە زانایان دەڵێن ئەسکەندەری مەقدۆنییە، هەندێکی تر دەڵێن ئەسکەندەری ڕۆمییە. بەڵام بۆچوونی یەکەمیان (ئەسکەندەری مەقدۆنی) دوورە لە زانستەوە، چونکە کاتێک مێژووی ئەسکەندەری مەقدۆنی دەخوێنیتەوە تێدەگەیت کە کابرایەکی خوێنمژ، زاڵم و نادادپەروەرە، بەڵام کاتێک دەربارەی زولقەڕنەین دەخوێنیتەوە دەزانیت کە کابرایەکی دادپەروەر و عەوداڵی ڕاستی و حەقیقەتە، بۆیە دوورە ئەسکەندەری مەقدۆنی بێت. هەندێکی تری زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە زولقەڕنەین ئەسکەندەری یۆنانییە، کە چەند سەد ساڵێک پێش ئەسکەندەری مەقدۆنی ژیاوە، ئەمیش هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە.

هەندێکی تر دەڵێن زولقەڕنەین پاشای حینگەرەکانە لە یەمەن، ئەمیش بە هەمان شێوە بەڵگەی وای لەسەر نییە. بۆیە هەندێک لە زانایان دەڵێن بەندەیەکی چاکی خوایە بەڵام کەس نازانێ کێیە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا، بیرمەندێکی گەورەی ئیسلامی بە ناوی (ئەبول کەلام ئازاد)، ئەم کابرایە وەزیری مەعاریفی هیندییە و لەگەڵ نەهرۆدا ژیاوە، نەهرۆ سەرسامی ئەقڵ و مەعریفی ئەم پیاوەیە. ئەم ئەبول کەلام ئازادە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر پەرتووکێکی داناوە بە ناوی (و یسالنک عن ذلقرنین)، بەلای ئەبول کەلامەوە زولقەڕنەین پاشایەکی فارسە بە ناوی (قۆرش)، کە لای هەندێک لە زانایانی مسوڵمان ئەم قۆرشە (کی خەسرەو)ـە.

دەڵێت ئەم قۆرشە تەنها کەسایەتییەکە کە لەگەڵ قورئاندا بگونجێت، دوو ئیمپراتۆرییەتی لەیەکداوە و بووەتە پاشای هەردوو ئیمپراتۆرییەتییەکە، ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتییەش ئیمپراتۆریەتی ماد (کە دەوڵەتی کوردییە) و ئیمپراتۆریەتی فارسە، کابرایەکی دادپەروەر و عەوداڵی ڕاستی و یەکسانی بووە، زوڵمی لە کەس نەکردووە و زوڵمیشی قبوڵ نەکردووە و مێژوو بە کەسێکی باش باسی دەکات. هەروەها بەڵگەش لەسەر ئەوە دەهێنێتەوە، لە کتێبی موقەدەسدا، ئەگەر سەیری سفری دانیال بکەین لە ئیسحاحی هەشتدا، دەڵێ دانیال (سەلامی خوای لێ بێ) خەوی بینیووە، لە خەوەکەیدا بەرانێکی بینیووە کە دوو شاخی هەبووە هەر گیاندارێکی دیوە ئازاریداوە و کوشتویەتی، پاشان هەر ڕۆشتووە و ڕۆشتووە تا سابرینێک دێتە بەرامبەری، ئەو سابرینە یەک شاخی هەیە، لەگەڵ یەک شەڕ دەکەن و سابرینەکە برانەکە دەکوژێت و چوار شاخی بۆ دروست دەبێت.

کاتێک ئەم خەوە دەبینێت نازانێت حکومەکەی چییە بۆیە جوبرەئیل هاتۆتە خوارەوە و پێی وتووە بەرانەکە کەسایەتییەکە کە دوو ئیمپراتۆریەت دەدات لەیەک و دەیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەویش کۆرشی فارسە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەگەڕێت تا لە کۆتاییدا کەسایەتییەک (ئەسکەندەری مەقدۆنی) نەوەی ئەم کۆرشە بە ناوی (دارا) لەناو دەبات و دوو ئیمپراتۆریەتەکە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، پاشان وردەوردە دەسەڵاتی لاواز دەبێت و دەمرێت و کەسی لەدوا بەجێ نامێنێ لە ئەنجامدا چوار پیاو مەملەکەتەکەی دابەش دەکەن، کە ئەویش چوار شاخەکەیە. بەڵام ئێمەی مسوڵمان ناڵێین لەسەدا سەد زولقەڕنەین کۆرش یان ئەسکەندەرە، چونکە ئیشمان بە کەسایەتی نییە بەڵکوو چیرۆکەکەی گرنگترە.

زولقەڕنەین لە قورئانی پیرۆزدا

لە قورئانی پیرۆزدا باسی بەسەرهاتی زولقەڕنەین کراوە کە خوای گەورە هێز و دەسەڵاتی پێ بەخشیوە و ئەویش کەڵکی لە هۆکارەکان وەر دەگرت. خوای گەورە لە ئایەتی ٨٦ـی سووڕەتی (الكهف)ـدا دەفەرموێت: (...قُلْنَا يَٰذَا ٱلْقَرْنَيْنِ...) واتە: پێمان وت ئەی زولقەڕنەین...، ئا لێرەوە هەندێک لە زانایان فەرموویانە ناکرێت زولقەڕنەین پێغەمبەر نەبێت خوای گەورەی پێی بڵێی پێمان وت، بۆیە پێیان وایە کە پێغەمبەرە، هەندێکی تر دەڵێن نا پێغەمبەر نەبووە بەڵکوو ئیلهامی بۆ هاتووە و هەندێکی تریان دەڵێن لە سەردەمی زولقەڕنەیندا پێغەمبەر هەبووە و خوای گەورەی سروشی ناردووە بۆ پێغەمبەرەکە و ئەویش زولقەڕنەینی ئاگادار کردووەتەوە. خوای گەورە گرنگی بە کەسایەتی زولقەیڕەن نەداوە بەڵکوو گرنگی بە سیفاتەکانی داوە و باسی لە گەشتەکانی کردووە.

گەشتەکانی زولقەڕنین

زولقەڕنین سێ کۆچی کردووە، کۆچی یەکەمی بەرەو ڕۆژئاوا، دووەمیان بەرەو ڕۆژهەڵات و سێیەمیان بەرەو باکوور. لە کۆچی یەکەمیاندا بەرەو ڕۆژئاوا چوو کە زوڵمی تێدا بەرجەستە بوو و ئەمیش دادپەروەری تێدا بەرقەرار کرد و مافی مافخورانی لە زۆرداران وەرگرت. پاشان ڕێگای گرتەبەر هەتا گەشتە ڕۆژهەڵات، لەوێ میللەتێکی ڕەش و ڕووتی دیتەوە کە نە دار و درەختی لێیە نە شاخ کە لە تیشکی خۆر بیانپارێزێت ئەمیش هاتووە یارمەتی داون و لەو نەهامەتییە ڕزگاری کردن. پاشان ئەوانی جێهێشت و کۆچی سێیەمی کرد هەتا گەشتە نێوان دوو دەربەند، لەوێ قەومێکی دیتەوە کە بە زمانێکی جیاواز لە زولقەڕنەین دەدوان.

ئەم قەومە ناوی زولقەڕنەینیان بیستبوو پێشتر ئەیانزانی حاکمێکی دادپەروەرە و گلەیی خۆیانیان بردە لای و لە زوڵمی زۆرداران ئاگاداریان کردەوە. وتیان ئەی زولقەڕنەین یەئجوج و مەئجوج زۆر خراپەکارن و خراپەکاری لە زەویدا بڵاو دەکەنەوە، ئایا باج یان دەسحەقێکت پێ بدەین هەتا بەربەستێک لە نێوان ئێمە و ئەواندا دروست بکەیت بۆ ئەوەی نەتوانن دەستیان پێمان بگات و زوڵممان لێبکەن. ئەویش بە یارمەتی قەومەکە بەربەستێکی ئاسنینی دروست کرد و پاشان مسیان تواندەوە سەریا تاکوو یەئجوج و مەئجوج نەتوانن بەسەریا سەربکەون یان بیشکێنن و کونی بکەن.


سەرچاوەکان



950 بینین