باشترین كات بۆ خواردنی ڤیتامینەكان

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-02-12-23:50:00 - کۆدی بابەت: 10991
باشترین كات بۆ خواردنی ڤیتامینەكان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین كات بۆ خواردنی ڤیتامینەكان (بە ئینگلیزی: The best time to take vitamins، بە عەرەبی: أفضل وقت لتناول الفيتامينات)، زۆر کەس بۆ چارەسەرکردنی کەمی ماددە خۆراکییەکان ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاردەهێنن. هیچ بەڵگەیەکی کردەیی نییە کە نیشان بدات خواردنی ڤیتامینەکان یان تەواوکەرە خۆراکییەکان لە کاتێکی دیاریکراوی ڕۆژدا کاریگەرییان زیاد دەکات یان کەم دەکاتەوە. ئەوەی گرنگە بەردەوامیی بەکارهێنانیانە. بەڵام خواردنی هەندێک ڤیتامین لە کاتێکی دیاریکراودا ڕەنگە کاریگەرییە لاوەکییەکانی کەم بکاتەوە. بۆ نمونە بەپێی جۆری ڤیتامینەکە، خواردنی تەواوکەرەکە لەگەڵ ژەمێکدا دەبێتە هۆی دوو هێندەکردنی ڕێژەی مژینی و کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی گشتی لەش زیاد دەکات. 

ئایا ڕێكخستنی کاتی وەرگرتنی ڤیتامین گرنگە؟

ڤیتامینە جیاوازەکان کاریگەرییان لەسەر جەستە هەیە بە شێوازی جیاواز. واتە بەکارهێنانی هەندێکیان ڕێكاری تایبەتی خۆی هەیە. بۆ نموونە چ ڤیتامینێک دەتوانرێت لەگەڵ ژەمەکاندا بەکاربهێنرێت. هەرچەندە توێژینەوەکان پێشنیاری کورتیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی تەواوکەرەکان. بەڵام بە گشتی بەڵگەی زانستی پێشنیاری کاتی گونجاو بۆ خواردنی ڤیتامینەکان ناکەن. ئەوەی گرنگە ئەو کەسانەی تەواوکەری ڤیتامینەکان بەکاردەهێنن، بەتایبەتی ئەوانەی کەمیی هەندێک ڤیتامینیان هەیە، نابێت واز لە خواردنی تەواوکەرەکان بهێنن. بەگشتی باشترە خۆمان بەدوور بگرین لە بەكارهێنانی چەند تەواوکەرێک لە یەک کاتدا و بە شێوەیەکی سەرەکی قەرەبووی کەمی ماددە خۆراکییەکان لە ڕێگەی خۆراکی هاوسەنگەوە بكەین. بەڵام کاتێک خواردنی تەواوکەری ڤیتامینەکان پێویست بوو، پێویستە مرۆڤەکان بتوانن بە ئاسانی بیانخەنە ناو ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆیانەوە.

باشترین کات بۆ خواردنی ڤیتامین و ئامۆژگاری لەم ڕووەوە

  • ڤیتامینەکانی تواوە لە ئاودا: جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی سروشتی توانای دروستکردن و هەڵگرتنی ڤیتامینەکانی تواوە لە ئاودای نییە. بۆیە پێویستە ئەم ڤیتامینانە لە ڕێگەی خۆراکی ڕووەکی و ئاژەڵ یان تەواوکەری خۆراکەوە دابین بکرێت.

جۆرەکانی ڤیتامینەکانی تواوە لە ئاودا بریتین لە:

خواردنی ڤیتامین سی بە بڕی پێشنیارکراوی لە هەر کاتێکی ڕۆژ و شەودا سەلامەتە. ئەم ڤیتامینە لە جۆرەها بەرهەمی سەوزە و میوەی وەک پرتەقاڵ، سندی و لیمۆدا هەیە. لەش ڤیتامین سی هەڵناگرێت، بۆیە پێویستە ڕۆژانە وەربگیرێت. باشتر وایە ئەم ڤیتامینە بە بڕێکی کەم بە درێژایی ڕۆژ بخورێت.

کەی پێویستە ڤیتامینەکانی گروپی B بخۆیت؟

مرۆڤەکان ڤیتامینەکانی B بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی ئاستی وزە و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. هەشت جۆر ڤیتامین B هەیە کە هەریەکەیان ئەرکی تایبەتی خۆی هەیە لە جەستەدا. جۆرەکانی ڤیتامین B بریتین لە:

  • تیامین
  • ڕیبۆفلاڤین
  • ڤیتامین B6
  • نیاسین
  • بایۆتین
  • ڤیتامین B12
  • ترشی فۆلیک
  • ترشی پانتۆسێنیک

بەزۆری خواردنی ڤیتامینەکانی B لە هەمان کاتدا سەلامەتە. هەروەها هەندێک لە کۆمپانیاکان تەواوکەری خۆراکیان بەرهەمهێناوە کە بە B complex ناسراون، کە ژەمی پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامینەکانی بی لەخۆدەگرن. چونکە ڤیتامینەکانی بی ئاستی وزەی لەش زیاد دەکەن. بۆیە باشترین کات بۆ خواردنیان دوای لە خەو هەڵسانە. توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە ڤیتامین B6 دەتوانێت کاریگەری لەسەر خەوتن هەبێت و ببێتە هۆی بینینی خەونی ڕوون. بۆ خۆپاراستن لە کاریگەرییە نەرێنییەكان باشترە لە سەرەتای بەیانیاندا ڤیتامینەکانی گروپی B بەکاربهێنرێت. هەرچەندە خواردنی تەواوکەری ڤیتامینەکانی گروپی بی بەزۆری سەلامەتە. بەڵام باشترین حاڵەت ئەوەیە کە ئەم ماددە خۆراکیانە لە ڕێگەی خۆراکەوە دابین بكرێن.

  • ڤیتامینەکانی تواوە لە چەوریدا: ڤیتامینەکانی تواوە لە چەوریدا بە ڕێژەیەکی کەم پێویستن و خواردنی بڕێکی زۆر لەو ڤیتامینانە زیانی هەیە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوون. هەروەها کوڵاندنی خواردن ڤیتامینەکانی تواوە لە چەوریدا لەناو نابات. بەزۆری مرۆڤەکان ئەو ڤیتامینانەی لە چەوریدا دەتوێتەوە لە ڕێگەی خۆراکی خۆیانەوە دابینی دەكەن و پێویستیان بە خواردنی ڤیتامین یان تەواوکەری خۆراک نییە. هەندێک جۆری ڤیتامینی تواوە لە چەوریدا بریتین لە:
  • ڤیتامین A
  • ڤیتامین D
  • ڤیتامین E
  • ڤیتامین K

ئەو ڤیتامینانەی کە لە چەوریدا دەتوێنەوە، وەک لە ناوەکەیانەوە دیارە، لە چەوریدا دەتوێنەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە مرۆڤ تەواوکەری ئەم ڤیتامینانە لەگەڵ خۆراکدا بخوات بۆ زیادکردنی مژینی ڤیتامینەكە. بەڵام دەبێت بگوترێ زۆربەی ئەو کەسانەی خۆراکی هاوسەنگ دەخۆن کە جۆرەها مادەی خۆراکی لەخۆدەگرێت، کەمیی ڤیتامینەکانی تواوە لە چەورییان نابێت.

  • ڤیتامینەکانی پێش لەدایکبوون: ئەو ژنانەی پلانیان هەیە دووگیان بن پێویستە ڕۆژانە 0.4 بۆ 0.8 میلیگرام ترشی فۆلیک بخۆن پێش دووگیانی. تەواوکەرە خۆراکیەکانی پێش لەدایکبوون کە ترشی فۆلیک لەگەڵ ماددە خۆراکیەکانی دیکەی وەک ئاسن و کالیسیۆم تێکەڵ دەکەن، ڤیتامینە پێویستەکانی پێش لەدایکبوونن. بەپێی پێداچوونەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩، خواردنی تەواوکەری خۆراکی پێش لەدایکبوون بە گەدەی بەتاڵ ڕەنگە ببێتە هۆی تێكچوونی هەرس. ئەگەر خواردنی تەواوکەرەكان دڵ تێكچوون زیاد بکات، دەتوانرێت لەگەڵ بڕێکی کەم لە خۆراکدا بخورێت. جۆری جیاوازی ڤیتامینەکانی پێش لەدایکبوون هەیە و پێویستە خانمان لە کاتی دووگیانیدا ئاگاداری هەڵبژاردنیان بن. هەرچەندە زۆربەی تەواوکەرە ڤیتامینەکان هاوشێوەن. بەڵام ڕەنگە هەریەکەیان بڕی جیاوازی پێکهاتە و ماددە خۆراکییە تایبەتەکانیان تێدابێت. پێویستە خانمان پێش دەستپێکردنی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکیەکانی پێش لەدایکبوون، ڕاوێژ بە پزیشکەکەیان بکەن. چونکە لەوانەیە کەسێک بڕێکی زۆر لە ڤیتامینەکان بخوات کە دەكرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەلە هەبێت.
  • تەواوکەرە خۆراکییەكانی تر: جەستەی مرۆڤ پێویستی بە هەردوو ڤیتامین و کانزاکان هەیە بۆ ئەوەی بە باشی کاربکات. هەندێک جۆری کانزاکان بریتین لە:
  • ئاسن
  • کالیسیۆم
  • مەگنیسیۆم
  • زینك

پێویستە مرۆڤەکان پێش خواردنی تەواوکەری کانزاکان ئاگاداربن. زیادەڕۆیی لە خواردنی ئەو کانزایانە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست بکات. تەواوکەرە کانزاییەکان پێویستە ڕۆژانە لەگەڵ خۆراکدا بخورێت. خواردنی تەواوکەرە کانزاییەکان بەبێ خۆراک لەوانەیە پەیوەندی بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەک ناڕەحەتی هەرسەوە هەبێت.

ئایا ڤیتامین و تەواوکەرەکان بۆ هەموو کەسێک پێشنیار دەکرێن؟

چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە خواردنی ڤیتامینەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک نە زیانی هەیە و نە سوودی هەیە لە زۆربەی خەڵکدا. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی و کەمبوونەوەی مردندا نییە. بەڵام پێویستە مرۆڤەکان وریا بن لە خواردنی ڤیتامینەکان. چونکە ڕەنگە کاریگەری لاوەکی نەخوازراو  ڕووبدات لە كاتی بەكارهێنانی لەگەڵ دەرمانی تر لە یەک کاتدا. هەندێک لە ڤیتامینەکان، وەک ڤیتامین E و بێتا کارۆتین، ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێن، کوشندە دەبن. خانمان لە کاتی دووگیانیدا پێویستە ئاگاداری هەڵبژاردنی جۆری تەواوکەری خۆراک بن بۆ بەکارهێنانی. بۆ نموونە بەپێی پێداچوونەوەیەکی ساڵی 2019، بڕێکی زۆر لە ڤیتامین A دەبێتە هۆی کەموکوڕی لەدایکبوون. 

ترشی فۆلیک دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت لە گەشەکردنی کۆرپەلە و ڕێگریکردن لە دوو بەشبوونی بڕبڕەی پشت. بە گشتی توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە باشترین ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی ڤیتامینەکان ئەوە نییە کە ڤیتامین و تەواوکەرەکان بخۆیت، بەڵکو پێویستە خۆراکی هاوسەنگت هەبێت کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

  • كەلەرم
  • سپێناخ
  • میوەکان
  • گۆشتی كەم چەوری

پێدەچێت خۆراکی هاوسەنگ سوودی زیاتری هەبێت لە پاراستنی تەندروستی جەستەدا لە چاو تەواوکەری ڤیتامینەکان. بەڵام ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامینەکانیان هەیە پێویستە تەواوکەری ڤیتامینەکان بەکاربهێنن.


سەرچاوەکان



1621 بینین