خەڵاتەکانی ئۆسکار

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-14-22:34:00 - کۆدی بابەت: 11005
خەڵاتەکانی ئۆسکار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەڵاتی ئۆسکار، خەڵاتەکانی ئەکادیمیای شایستە یان خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار (بە عەرەبی: جوائز الأوسكار، بە ئینگلیزی: Oscar awards, academy awards of merit یان academy awards) بریتییە لە ژمارەیەک خەڵات ساڵانە لەلایەن ڕێكخراوی ئەکادیمیای هونەری وێنە جووڵاوەکان و زانستەوە بەمەبەستی بەرز نرخاندن و ناساندنی بەرهەمەکانی پیشەسازی فیلمسازی پێشکەش دەکرێت. بنکەکەی لە بێڤەرلی هیڵز، ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکایە. خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٩ پێشکەشکرا، و براوەکان پەیکەرێکی بچووکی بە زێڕ ڕووپۆشکراویان پێشكەشکرا کە بە ئۆسکار ناودەبرا.

مێژوو

کاتێک ئەکادیمیاکە لە ساڵی ١٩٢٧ دامەزرا، لیژنەی خەڵاتەکان یەکێک بوون لەو کۆمەڵە لیژنەیەی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دامەزرابوون. بیرۆکەی پێدانی خەڵات قسەی لەبارەوە کرابوو بەڵام دەستبەجێ جێبەجێ نەکرا، چونکە ئەکادیمیاکە خەریکی گرنگیدان بوو بە ڕۆڵەکانی لەبارەی کێشەکانی کار، هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردن و چاککردنی ئەو تێڕوانینە خراپەی بۆ پیشەسازی فیلم دروستبووبوو، هەروەها رۆڵیشی وەکوو دەروازەیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان سەبارەت بە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیا نوێیەکان.

لە بەرواری مایسی ساڵی ١٩٢٨ ئەکادیمیاکە پێشنیاری لیژنەکەی پەسەند کرد، بەوەی خەڵاتی ئەکادیمیای شایستە پێشکەش بکات لەژێر شەش کاتەگۆریدا. کاتەگۆرییەکان بریتیی بوون لە: باشترین بەرهەمهێنان، باشترین کاری هونەری و بێهاوتاترین بەرهەمهێنان، باشترین نواندن لەلایەن نواندنکاری پیاو و ژنەوە، باشترین دەرهێنانی فیلمی درامی، باشترین دەرهێنانی فیلمی کۆمیدی، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دەرهێنانی هونەری، باشترین ئیفێکتی ئەندازیاریی، باشترین چیرۆکی ڕەسەنی نووسراو، باشترین چیرۆکی وەرگیراوی نووسراو و باشترین ناونیشان.

یەکەم مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار لە بەرواری ١٦ی مایسی ساڵی ١٩٢٩ لە هۆتێلی ڕوزڤێڵت هۆڵیوود بە ئامادەبوونی نزیکەی ٢٧٠ کەس، بەڕێوەچوو. ١٥ خەڵات دابەشکرا و پێشکەش بە هونەرمەند، دەرهێنەر و ئەو کەسانەی تر کرا کە لەو کاتەدا بەشداربوون لە پیشەسازی فیلمسازیدا بۆ ئەو کارانەی لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٧-١٩٢٨ ئەنجامیانداوە. مەراسیمەکە ١٥ خوولەکی خایاند.

بۆ یەکەم مەراسیم، براوەکان سێ مانگ پێشتر بۆ میدیاکان ئاشکرا کران. بۆ مەراسیمی ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٤٠، ئەنجامەکان دەدران بە ڕۆژنامەکان تا لە شەوی مەراسیمەکەدا لە کاتژمێر ١١ی شەودا بڵاوبکرێنەوە. لە دووەم مەراسیمی ساڵانەدا، لە بەرواری ٣ـی نیسانی ساڵی ١٩٣٠، ژمارەی کاتەگۆرییەکان بۆ حەوت دانە کەمکرانەوە، دوو خەڵاتە گەورەکەی فیلمەکان کران بە یەک دانە و ناونرا باشترین فیلم.

لەو کاتەوە ئەکادیمیاکە بەردەوامە لە گۆڕانکاری لە شێواز، یاسا و کاتەگۆرییەکاندا. لە ساڵی ١٩٣٩دا پێش ئەوەی مەراسیمەکە دەستپێبکات، رۆژنامەی ڵۆس ئەنجڵس تایمز ناوی براوەکانی بڵاوکردەوە. لەو کاتەوە ناوی براوەکان دەخرێنە زەرفێکی داخراوەوە و لەکاتی فەرمی خۆیدا لە مەراسیمەکەدا ئاشکرا دەکرێت. خەڵاتەکانی ئەکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ١٩٣٠دا لە ڕادیۆوە پەخشکرا و دواتریش بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٣ لە تەلەڤزیۆنەوە پەخشکرا، هەروەها لە ساڵی ١٩٦٩ـەوە بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی پەخشدەکرێت. لە کۆتایییەکانی سەدەی ٢٠دا، مەراسیمەکە بوو بە ڕووداوێكی گرنگ و لەلایەن ملیۆنان کەسەوە تەماشا دەکرا. تا ساڵی ٢٠٢٣، ٩٤ مەراسیم ئەنجامدراوە.

کاتەگۆری و یاساکان

براوەکان لەناو ٢٤ کاتەگۆریدا هەڵدەبژێردرێن، کە بریتیین لە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین نواندنکاری ژن و پیاو، باشترین نواندنکاری پاڵپشتی ژن و پیاو، باشترین دەرهێنان، باشترین سکرین پلەی ڕەسەن، باشترین سکرین پلەی وەرگیراو، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان، باشترین چاککردنی فیلم، باشترین مۆسیقای ڕەسەن، باشترین گۆرانی ڕەسەن، باشترین دیزاینی جلوبەرگ، باشترین ماکیاژ و چاککردنی قژ، باشترین چاککردنی دەنگ و میکسکردنی دەنگ، باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکت، باشترین فیلمی بیانی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشن، باشترین کورتە ئەنیمەیشن، باشترین کورتە فیلمی لایڤ-ئەکشن، باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی و باشترین کورتە فیلمی بەڵگەنامەیی. لەپاڵ ئەمانەشدا ئەکادیمیاکە کۆمەڵە خەڵاتێکی زانستی و تەکنیکی، خەڵاتی دەستکەوتی تایبەت، خەڵاتی ڕێزلێنان، خەڵاتی مرۆڤدۆستی جین هێرسهۆڵت، خەڵاتی یادکردنەوەی ئێرڤنگ جی. ثاڵبێرگ (بۆ باشترین بەرهەمهێنان) و خەڵاتی گۆڵدن ئی. سۆیەر پێشکەش دەکات، هەرچەندە ئەم خەڵاتانە هەموو ساڵێک پێشکەش ناکرێن.

بۆ ئەوەی فیلمێک گونجاو بێت بۆ پاڵاوتن و وەرگرتنی خەڵات، دەبێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سینەمایەک لە ڵۆس ئەنجڵس لە نێوان بەرواری ١ـی کانوونی دووەم تا ٣١ـی کانوونی یەکەم، بۆ بینەران نمایش بکرێت. ئەم یاسایە فیلمە بیانییەکان ناگرێتەوە کە لەلایەن وڵاتەکەی خۆیانەوە پێشکەش دەکرێن و پێویست ناکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش بکرێت. فیلمە بەڵگەنامەیی و کورتە فیلمە بەڵگەنامەیییەکان یاسای خۆیان هەیە و دەبێت بە فەرمی لەلایەن بەرهەمهێنەرەکانیانەوە پێشکەش بکرێن، لە کاتێکدا خەڵاتە مۆسیقییەکان پێویستی بەوەیە هونەرمەندەکە فۆرمێکی پێشكەشکردن پڕبکاتەوە.

تەنها ئەندامانی ئەکادیمیای هونەری وێنە جووڵاوەکان و زانست دەتوانن کاندیدەکان بپاڵێون و دەنگیان پێبدەن. ئەکادیمیاکە دابەش بووە بەسەر چەند لقێكی بەرهەمهێنانی فیلم، و پالێوراوەکانی هەر خەڵاتێک لەهەر کاتەگۆرییەکدا لەلایەن ئەو لقانەوە هەڵدەبژێردرێن کە کەسانی شارەزای لەو بوارە تێدایە، بۆ نموونە نووسەرەکان نووسەرەکان دەپاڵێون و دەرهێنەرەکان دەرهێنەرەکان دەپاڵێون. تەواوی ئەندامانی ئەکادیمیاکە کاندیدەکانی خەڵاتی باشترین فیلم دەپاڵێون و دەنگ دەدەن بە براوەکانی زۆربەی کاتەگۆرییەکان.

جیا لە ناوبانگ و شکۆ نێودەوڵەتییەکە، خەڵاتی ئەکادیمیای ئۆسکار ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرکەوتنی براوە سەرەکییەکاندا. بۆ نموونە خەڵاتی باشترین فیلم بەشێوەیەکی دیار کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی داهاتی بۆکس ئۆفیسی فیلمە براوەکە. بۆ نواندنکار و دەرهێنەرەکانیش، خەڵاتەکە زۆرجار دەبێتە هۆی زیادکردنی مووچەکانیان، ڕاکێشانی سەرنجی میدیاکان و پێگەیشتنی ئۆفەر بۆ بەشداریکردن و دەرهێنانی فیلمی باش.

پەیکەری خەڵاتی ئۆسکار

دیزاینی پەیکەرۆکەی خەڵاتەکە کە سوارچاکێکە شمشێرێکی بەدەستەوەیە لەسەر فیلمێک، بیرۆکەی دەرهێنەری هونەری سێدریک گیبسن بوو. پەیکەرساز جۆرج ستانلی ئەرکی دروستکردنی یەکەم پەیکەری ڕەسەنی پێ سپێردرا لەسەر دیزاینەکەی گیبسن. بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەیکەرەکە قاڵبی برۆنز بوو بە زێڕی عەیارە ٢٤ ڕووپۆش دەکرا. لەماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بەهۆی کورتهێنانی کانزاوە خەڵاتەکە لە گەچ دروستدەکرا. لە ئێستادا خەڵاتەکە لە داڕشتەی بریتانیەم دروست دەکرێت و بە زێڕ ڕووپۆش دەکرێت. بەرزی پەیکەرەکە ٣٤،٣ سانتیمەترە و کێشی ٣،٨ کیلۆگرامە.

بنەچەی ناوی پەیکەرەکە، ئۆسکار بە سێ شێوەی جیاواز باسی لێکراوە. خانمە نواندنکار بێتا دەیڤس وتوویەتی ناوەکە ئەو دایهێناوە چونکە کاتێک لە پشتەوە خەڵاتەکەی بینیوە پشتی پەیکەرەکە لە هارمن ئۆسکار نێڵسنی هاوسەری چووە. نووسەری تایبەتی ڕۆژنامەکان سیدنی سکۆڵسکی ئاماژەی بەوە کردووە ئەو ناوی خەڵاتەکەی ناوە تا کەس خۆی نەکات بە خاوەنی ناونانی خەڵاتەکە. هەروەها مارگرێت هێریکسیش ئاماژەی بەوە کردووە ئەو ناوی خەڵاتەکەی ناوە ئۆسکار چونکە پەیکەرەکە لە مام/خاڵە ئۆسکاری چووە. سەرەڕای ئەوەش بنەچەی ڕەسەنی ناوەکە دیاری نەکراوە و یەکلایی نەکراوەتەوە.


سەرچاوەکان



386 بینین