چاندنی تەرخون

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-26-23:25:00 - کۆدی بابەت: 11111
چاندنی تەرخون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی تەرخوون (بە ئینگلیزی: planting estragon (tarragon)، بە عەرەبی: زراعة الطرخون)، گژوگیایەکی هەمیشەییە و ئەندامێکی خێزانی گوڵەبەڕۆژەیە، دوو جۆری سەرەکی هەیە کە بریتین لە فەڕەنسی و ڕووسی، جۆرە فەڕەنسییەکە تامی بەهێزترە و زیاتر بڵاوبووەتەوە بە بەراورد بە جۆرە ڕووسییەکە، تەرخون گەڵای درێژی هەیە کە ڕەنگیان سەوزی کاڵە، درێژی ڕووەکەکەش دەگاتە نزیکەی مەترێک، تەنها یەک بنجی ژمارەیەکی زۆر گەڵا دەگرێت کە بۆ لێکردنەوە گونجاون و بە تازەیی و وشککراوەیش بەکاردێن.

ئەم جۆرە ڕووەکە لە هەردوو خاک و گۆزە و ئینجانەکانیشدا دەچێنرێت، بەڵام ئەگەر لە ئینجانەدا بچێنرێت ئەوا پێویستە پاش تێپەڕبوونی ٢-٣ ساڵ بگوازرێتەوە بۆ خاک یان بۆ ئینجانەیەکی گەورەتر، چونکە ڕەگەکەی بە خێرایی گەورە دەبێت و جێگەی نابێتەوە لەمەودای کەم و بچووکدا، جگە لە ئەمانەش هێشتنەوەی تەرخونە پێگەیشتووەکانی ناو ئینجانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و لێنەکردنەوەیان، دەبێتە هۆی گۆڕانی تامەکەی.    

هەنگاوەکانی چاندن

  • بۆ ئەوەی خۆشترین تامی هەبێت پێویستە لە سەرەتای بەهاردا بچێنرێت، دواتریش لە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ و زۆر بەتین بپارێزرێت.
  • تەرخونی فەڕەنسی تەنها بە چاندنی لق زیاد دەکرێت، چونکە زۆر بەکەمی گوڵ دەگرێت و دواتریش گوڵەکەی نەزۆکە، واتا تۆوێکی نییە کە چەکەرە بکات و شیاوی چاندن بێت.
  • بۆ باشترین ئەنجام باشترە لقێکی گەنج ببڕدرێت کە درێژییەکەی بەنزیکەیی لە نێوان ١٣-١٥ سانتیمەتر ببێت، دواتریش گەڵاکانی بەشی خوارەوەی لێبکرێتەوە.
  • چاوەڕێ بکرێت هەتاکوو ڕەگ دروستبکات، یاخود بخرێتە ئەو ماددە هۆرمۆنیانەی کە بۆ ڕەگکردنی ڕووەکەکان بەکاردەهێنرێن.
  • پاش گەشەکردن و کاتێک درێژییەکەی دەگاتە ١٥ سانتیمەتر دەکرێت دەست بە لێکردنەوەی بکرێت، ماوەی لێکردنەوەکەشی هەتاکوو کۆتایی وەرزی هاوین بەردەوام دەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

نشینگە بنەڕەتییەکەی ناوەڕاستی ئەورووپایە و لە جێگەیەکدا گەشەدەکات کە پلەی گەرمییەکەی وەک وەرزی بەهار بێت، واتە بەرگەی ناوچە زۆر گەرمەکان ناگرێت، پێویستی بە خاکێکە کە بەباشی ئاوی پێدا بڕوات و وشک ببێتەوە، هەروەها دەکرێت لە جێگەیەکدا بچێنرێت کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەر بێت، خاکێکی هاوکێشی بۆ گونجاوە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ٦.٥-٧.٥ پلە ببێت، گەشەکردنی تەرخون ئاسانە و باشترین کات بۆ گەڵاکردن وەرزی هاوینە واتە بەرگەی وشکیش دەگرێت.  

ئەگەر جێگەکەی بە بەردەوامی شێداربێت یاخود زۆر دەوڵەمەندبێت بە ماددەی خۆراکی و خاکێکی ترشبێت ئەوا بەرهەمێکی لاوازی دەبێت، ڕێژەی ئاودانی بە گوێرەی پلەی گەرمی و گەشەکردنی تەرخونەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە بنجە گەنج و تازەکان پێویستیان بە ئاودانە لە ڕۆژە جیاوازەکاندا ئەگەر جێگەکە گەرم و وشکبێت، بەڵام ئەوانەی کە گەورەبوون تەنها چەند ڕۆژجارێک بڕێکی کەم ئاو دەدرێن، پێش ئاودانیش دەکرێت چەند سانتیمەترێکی سەرەوەی خاکەکە دەستلێبدرێت و تاقیبکرێتەوە، ئەگەر شێداربوو پێویست ناکا ئاوبدرێت بەڵام ئەگەر وشکبوو واتە ئاودانی دەوێت.   


سەرچاوەکان



385 بینین