وشەکانی تەمەنی سەرەتایی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-08-29-16:59:00 - کۆدی بابەت: 11147
وشەکانی تەمەنی سەرەتایی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وشەکانی تەمەنی سەرەتایی منداڵ (بە ئینگلیزی: The first words of the child، بە عەرەبی: الكلمات الأولى للطفل)، لە دەوری تەمەنی یەک ساڵیدا، منداڵەکەت یەکەم وشە دەردەبڕێت. لە کۆتاییدا چەن وشەیەک دەردەبڕێت و بە تێپەڕبوونی کاتیش دەست دەکات بە بەکارهێنانی وشەی دوو بڕگە و ڕستە. منداڵان هەر لە دوای لەدایکبوونیانەوە حەزێکی سروشتییان هەیە بۆ فێربوونی زمان و ئاخاوتن، بەڵام پێویستیان بەوەیە زمانەکەیان پیشان بدرێت و پشتگیرییەکی زۆریش بکرێن لەلایەن دایکان و باوکان و دایەنەکانەوە بۆ گەشەپێدانی ئەو توانایەیان. 

هەندێک ئامۆژگاری بۆ یارمەتیدانی منداڵەکەت لە ئاخاوتندا

قسە بکە 

تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەکەت لە ئێستادا قسە ناکات، واتای ئەوە نییە کە فێری زمانەکە نابێت، زۆر گرنگە کە قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکەیت لە قۆناغی پێش فێربوونی قسەکردن، توانای تێگەیشتنی منداڵەکەت لە زمانی ئاخاوتن زۆر بەهێزترە لە توانای قسەکردن، تا نزیکی پەنجا وشە فێر دەبێت، پێش ئەوەی یەکەم وشەی دەرببڕێت. پێویستی بە تۆیە ناوی ئەو شتانە بنێیت کە لێیان دەڕوانێت، یان دووبارەکردنەوەی ڕستە سادەکان، لەگەڵ بەکارهێنانی دەنگێکی زۆر ڕوون، بۆ ئەوەی بە جوانی لێی تێبگات. 

گوێ بگرە

دڵنیابەرەوە لەوەی هەلی باش بدەیت بە منداڵەکەت تا قسە بکات، فێری بکە چۆن بەسەرە قسە بکات لە کاتی گفتوگۆکردندا، زۆر بە وردی گوێ لە وشەکانی بگرە و تێگەیشتنی بۆ دەرببڕە بە ڕاوەشاندنی سەرت، خەندەکردن و دەربڕینی چەند وشەیەکی تر، چاوەڕێکردنی وەڵامدانەوەی منداڵەکەت پێی دەڵێیت کە وتەکانی ئەو گرنگن بەلاتەوە. 

پشتگیری ئەرێنییان بۆ دەرببڕە

چەندێک گرنگە کە قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکەیت لە قۆناغی پێش قسەکردندا ئەوەندەش گرنگە ئاخاوتنی منداڵەکەت بەهێزتر بکەیت کاتێک وشەکانی سەرەتای دەردەبڕێت، وەڵامدانەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی هەموو جارێک، حەز و ئارەزووی منداڵەکەت بۆ دەربڕینی وشەی تر زۆر زیاتر دەکات. 

زمانی جەستە بەکاربهێنە 

ئاماژەی زۆر بەکاربهێنە لەگەڵ زمانی جەستە و دەربڕینی ڕووخسار لە کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەت، لە زمانی جەستەی بڕوانە، کاتێک دەیەوێت لەگەڵت بدوێت، منداڵەکەت بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی ئاماژە وەکو ئاڕاستەکردن بە پەنجە کە ئەمەش هاوکاریی دەکات پێداویستییەکانی بگەیەنێت پێش ئەوەئ بتوانێت بە زمان پێت بڵێت. 

ئاگاداری جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان بە

دایکان و باوکان زیاتر قسە لەگەڵ کچەکانیان دەکەن وەک لە کوڕەکانیان و کچانیش زووتر دێنە قسە وەک لە کوڕان. 

وشەکانی سەرەتای بەرز بنرخێنە 

وشەکانی سەرەتای منداڵەکەت بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگدانەوەی ئەو شتانەیە کە زۆر گرنگ لای، وەکو: باوکە، دایکە، شەربەت، بەتانی، تۆپەکە و شتی تر، دەتوانیت بە وردبوونەوە لە هەڵسوکەتی، بزانیت کە کام شتانە لای منداڵەکەت زۆر گرنگن، ئەگەر ئەو وشانە بەکاربهێنێت کە باس لە شتە گرنگەکانی ئەو دەکات بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەەە ئەگەری زۆری هەیە منداڵەکەت زووتر دەست بە وتنیان بکات. 

واز لە ڕاستکردنەوە بهێنە 

هیچ کات ڕەخنە مەگرە لە قسەکانی منداڵەکەت یان بۆی ڕاست مەکەرەوە، ئەگەر نا قسەکردن بۆی قورستر دەبێت ئەوکات، لە هەمان کاتیشدا شێوازی دەربڕینی وشەکانی پشتگوێ مەخە، ئەگەر نا ئاستی گەشەکردنی توانای ئاخاوتنی لەوانەیە خاو ببێتەوە، بە شێوەیەکی سادە هەر لە سەرەتاوە وشەکان بە زاراوە ڕاستەکەی دەربڕە کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکەیت و ئیتر بە شێوەیەکی سروشتی خۆی فێری زمانەکە دەبێت. 


سەرچاوەکان



260 بینین