پرسیاری ڕاست و هەڵە لە کاتی دانانی پرسیاردا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-08-30-15:00:00 - کۆدی بابەت: 11167
پرسیاری ڕاست و هەڵە لە کاتی دانانی پرسیاردا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پرسیاری ڕاست و هەڵە لە کاتی دانانی پرسیاردا (بە ئینگلیزی: True and false questions when asking question، بە عەرەبی: نمط الأسئلة صح و خاطأ عند وضع الأسئلة)، لەم جۆرە پرسیارەدا کۆمەڵێک دەستەواژە و پرسیار لە فێرخواز دەکرێت و لە بەردەم هەر بڕگە و پرسیارێکدا دوو وەڵام هەیە (بەڵێ) و (نەخێر)، داوا لە فێرخواز دەکرێت یەکێک لەو دوو وەڵامە هەڵبژێریت.

بوارەکانی بەکارهێنانی پرسیارەکانی ڕاست و هەڵە

هەریەک لە پرسیارەکانی بابەتی بوار و جێگای گونجاوی خۆی هەیە و ئەگەر مامۆستا درکی بە جێگا و بوارەکە کرد، ئەوا سەرکەتوو دەبێت و بە پێچەوانەشەوە سەرکەوتوو نابێت، واتە هەندێک جار و لە هەندێک بواردا، پرسیاری ڕاست و هەڵە گونجاو و لەبارە بەڵام لە بوار و کاتێکی تردا پرسیاری هەڵبژاردن لە چەند دانەیەک گونجاو تر و باشترە.

بۆ ئەوەی پرسیاری ڕاست و هەڵە ئامانجی خۆی بپێکێت، ئەوا دەبێت لەم بوارانەی خوارەوەدا بەکاربهێندرێت:

  • بۆ پێوانەکردنی توانای فێرخواز و بۆ ناسینەوەی زاراوە و چەمک و دەستەواژەکان.
  • پێوانەکردنی توانای فێرخواز لە بواری تێگەیشتنی زاراوە و چەمک و دەستەواژەکان.
  • بۆ پێوانەکردنی توانای فێرخواز لە بواری دۆزینەوە و زانینی هەڵە زەق و باوەکان، کە لەگەڵ ڕاستییەکان  و زانیارییە ڕاستییەکان ناگونجێن. واتا ناتوانرێت لە ڕێگەی پرسیارەکانی ڕاست و هەڵەوە پێوانی توانستە باڵاکانی وەک (پراکتیزەکردن و شیتەڵکردنەوە و هەڵسەنگاندن) بکرێت.

باشییەکانی پرسیاری ڕاست و هەڵە

١- بە ئاسانی هەڵچن دەکرێت.

٢- دانانی نمرەکان و هەڵەچنی بە ئەوپەڕی بابەتیانە دەکرێت.

٣- دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە زۆرترین پرسیار بهێندرێتەوە و زۆربەی بەش و لایەنەکانی بابەتەکە بگرێتەوە.

کەم و کورتییەکانی پرسیارەکانی ڕاست و هەڵە

١- بوار و چانسی خەمڵاندن لە ٪٥٠ـدایە.

٢- تەنها پێوانی توانستە نزمەکان دەکات لە توانایدا نییە پێوانی توانستە ئاست بەرزەکاندا بکات.

بنەماکانی دانانی پرسیاری ڕاست و هەڵە

١- پێویستە بڕگە و پرسیارەکان بە جۆرێک دابنرێن کە بە تەواوەتی ڕاست بێت، یان بە تەواوەتی هەڵە بێت و هیچ بوارێکی بۆ گومان تێدا نەبێت.

٢- پێویستە لەو بڕگە و دەستەواژانە دوور بکەوینەوە کە دوو بیرۆکەی لە خۆ گرتووە، بە تایبەتیش کاتێک یەکێک لەو دوو بیرۆکەیە ڕاست بێت و ئەوی تریان هەڵە بێت.

٣- باشتر وایە لەو پرسیار و دەستەواژانە دوور بکەوینەوە کە نەرێی تێدایە، ئەگەر بەکاریش هات ئەوە دەبێت هێڵی بە ژێردا بهێندرێت، بۆ ئەوەی فێرخواز بە ئاگا بێت بۆی، چونکە دەرکەوتووە کە زۆرجار فێرخواز بە تایبەتیش زیرەکەکان دەست دەکەن بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، بەبێ ئەوەی ئاگادار بن بۆ ئەو دەستەواژەی نەرێیە، وا دەزانن دەستەواژەی نەرێی تێدا نییە و دەکەونە هەڵەوە.

٤- نابێت بەردەوام پرسیار و دەستەواژە ڕاستەکان درێژتر یان کورتتر بن لە دەستەواژە هەڵەکان، چونکە ئەوە دەبێت بە هۆکارێک بۆ ئەوەی فێرخواز بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە هەرچی وەڵامی ڕاستە درێژە یان کورتە، واتا لە ڕێگەی درێژی و کورتیەوە وەڵامە ڕاست و هەڵەکان دەزانێت، نەک لە ڕێگەی زانیاری و تێگەیشتنەوە.

٥- باشتر وایە کە ژمارەی بڕگە و ‌هەڵە و ڕاستەکان نزیک بن لە یەکەوە، واتا گونجاو نییە هەموو بڕگە و پرسیارەکان هەڵە بن یان ڕاست.


سەرچاوەکان



330 بینین