کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر کار

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-08-31-16:59:00 - کۆدی بابەت: 11175
کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر کار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر کار و پیشە، یان کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرد لەسەر کار یان کاریگەرییەکانی AI لەسەر کار (بە ئینگلیزی: Impacts of AI on work and employment، بە عەرەبی: تأثيرات ذكاء الأصطناعي على العمل و التوظيف) AI کورتکراوەی ژیریی دەستکرد کە ئاماژە بە پێشکەوتنی سیستەمەکانی کۆمپیوتەر و ئامێرەکان دەکات کە دەتوانن ئەو ئەرکانە ئەنجام بدەن کە بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستیان بە زیرەکی مرۆڤ هەیە، وەک تێگەیشتن لە شتی بینراو، ناسینەوەی قسەکردن و وەڵامدەنەوە، بڕیاردان، چارەسەرکردنی کێشە و پرۆسەی زمانی سروشتی. سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد وا دیزاین کراون بۆ ئەوەی توانای فێربوون و خۆگونجاندن و بەرەوپێشبردنی خۆیان هەبێت، کە بە تێپەڕبوونی کات، وایان لێدەکات بتوانن ئەرکە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ یان بە کەمترین دەستێوەردانی مرۆڤ ئەنجام بدەن.  
چەمکی ژیریی دەستکرد لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەبیسترێت، پێشتر هێندە گرنگی پێ نەدراوە و باس نەکراوە، بەڵام پێشکەوتنەکانی ئەم دواییانە لە تەکنەلۆجیا و گەشەی بەرچاوی داتا و زانیارییەکان بوونەتە هۆی گەشەی خێرای ژیریی دەستکرد. فێربوونی ئامێر کە لقێکی لاوەکیی ژیریی دەستکردە، ئەلگۆریتم بەکاردەهێنێت بۆ شیکردنەوە و فێربوون لە داتاکانەوە، کە ڕێگە بە کۆمپیوتەر دەدات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، کارایی خۆیان باشتر بکەن، بەبێ ئەوەی بەرنامەیان بۆ بکرێت. ئەم توانایە بۆ فێربوون و خۆگونجاندن ژیریی دەستکرد لە بەرنامەسازیی ئاسایی کۆمپیوتەر جیا دەکاتەوە. ژیریی دەستکرد لە چەندین بواردا بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی هەیە، لەوانە چاودێری تەندروستی، دارایی، گواستنەوە، بەرهەمهێنان و بابەتە سەرگەرمییەکان. لە چاودێری تەندروستیدا، دەتوانێت یارمەتی بدات لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، شیکردنەوەی وێنەی پزیشکی و دیزاینکردنی پلانی چارەسەر.

لە بواری داراییدا ئەلگۆریتمی زیرەکی دەتوانێت ئاڕاستەکانی بازاڕ شی بکاتەوە و پێشنیاری وەبەرهێنان بکات. ئۆتۆمبێلە خۆلێخوڕەکان بە شێوەیەکی سەلامەت و کارامە گەشت دەکەن و کاری گواستنەوەیان پێ دەکرێت. یاریدەدەرە دەنگییەکانی وەک سیری و ئەلێکسا بۆ تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی فەرمانە دەنگییەکان، بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی زۆر کەس. AI کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕی کار هەیە، لە "داهاتووی هەلی کار" کە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠ـی ڕێکخراوی (کۆڕبەندی ئابووری جیهانی)ـیە، پێشبینی ئەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٢٥ ژیریی دەستکرد لە سەرانسەری جیهان جێگەی ٨٥ ملیۆن هەلی کار دەگرێتەوە. هەمان ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکات کە ژیریی دەستکرد لەوانەیە ٩٧ ملیۆن پیشە و ڕۆڵی نوێ دروست بکات. بەڵام ئەو جۆرە ئیشانەی کە ژیریی دەستکرد دروستی دەکات جیاوازە لەوانەی کە بەهۆی AI لەدەست دەدرێن. ژیریی دەستکرد بەکاردێت بۆ ئۆتۆماتیکردنی ئەرکە دووبارە و ئاساییەکان، وەک پاشەکەوتکردنی داتا و پڕۆسەکانی. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو ئیشانەی کە پێویستیان بەو شارەزاییانە هەیە لە داهاتوودا لەلایەن AI‌ــیەوە ئۆتۆماتیکی دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامێرەکان ئەگەری ئەوەیان کەمترە کە شوێنی هەندێک لەو ئەو ئیشانە بگۆڕن کە پێویستیان بە شارەزایی مرۆڤ هەیە، کە تا ئێستا لە AIیدا بەردەست نین. وەک چارەسەرکردنی کێشە و داهێنان و هاوسۆزی. 

کاریگەرییە ئەرێنییەکانی AI لەسەر کار 

زیادبوونی چوستی: ژیریی دەستکرد دەتوانێت قەبارەیەکی گەورەی داتا بەڕێوەببات و ژماردنی ئاڵۆز ئەنجام بدات، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر لە مرۆڤ و بە ئۆتۆماتیکی ئەرکە دووبارە و ئاساییەکان بکات، کە ئەمەش ڕێگە بە کارمەندەکان دەدات زیاتر تیشک بخەنە سەر کاری گرنگتر و داهێنەرانەتر. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان و کارایی لە شوێنی کاردا. هەروەها دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ زۆربوونی ئەرک بکات بەبێ زیادکردنی سەرچاوە. ئەم ڕێژەیە ڕێگە بە کۆمپانیاکان دەدات کە گەشە بکەن و قەبارەیەکی گەورەتری کار بکەن. 
ڕاست و دروستی و وردی لە کاردا: سیستەمی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بڕێکی زۆر لە داتا پڕۆسە بکات، ئاڕاستەکان دیاری بکات و شیکردنەوەی بۆ بکات بە خێرایی و بە وردی، کە ئەمە لەوانەیە بۆ مرۆڤ زەحمەت بێت، لە ئەنجامدا بەرهەمی وردتر و باوەڕپێکراوتری دەبێت. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی هەڵەکان و باشترکردنی پڕۆسەی بڕیاردان.
باشترکردنی بڕیاردان: توانای بڕیاردان لێهاتوویەکی گرنگە لە کاردا بەتایبەتی لە بواری بازرگانی، سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد توانای بڕیاردانێکی باشتریان هەیە لە کەسێکی ئاسایی، بەهۆی ئەوەی دەتوانن بڕێکی زۆر لە داتا شی بکەنەوە لە کاتێکی کەمدا و چەندین هەڵبژاردەی بەنرخ بخەنە بەردەست. ئەوان دەتوانن پێشبینی ئەنجامەکان بکەن لەسەر بنەمای ئەزموون و داتای مێژوویی و یارمەتیدەر بن لە هەڵسەنگاندنی ئەگەری مەترسییەکان.

سەلامەتی و کەمکردنەوەی مەترسی: دەکرێت AI  بەکاربهێنرێت بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی مەترسیدار یان ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لەوانەیە زیانیان هەبێت بۆ مرۆڤ. بە دەستبەکارخستنی ڕۆبۆت یان سیستەمی سەربەخۆ بۆ ئەو جۆرە کارانە، مەترسی ڕووداو یان برینداربوونی مرۆڤ کەم دەکرێتەوە. هەروەها دەتوانن پێشبینی شکستەکان بکەن و دڵنیابن لەوەی کە پرۆتۆکۆلەکانی سەلامەتی جێبەجێ دەکرێن.
دروستکردنی هەلی کار: لە کاتێکدا چەندین نیگەرانیی سەبارەت بە کەمبوونەوە و نەمانی کار بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە هەیە، بەهۆی AIـــیەوە چەندین هەلی کاری نوێ دروست دەبێت. ژیریی دەستکرد پێویستی بە پسپۆڕانی شارەزا هەیە بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردن و پاراستنی ئەم تەکنەلۆجیایانە، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی هەلی کار لە چەندین بواری فراوانی پیشەسازی ژیریی دەستکرد، وەک: پسپۆڕی بواری تەکنەلۆجیا، زانایانی داتاکان، پڕۆگرامکردن، فێربوونی ئامێرەکان، ڕاهێنەرانی ژیریی دەستکرد و ئەو پسپۆڕانەی کە سیستەمی ژیریی دەستکرد بەڕێوەدەبەن و دەیپارێزن. 
پاشەکەوتکردنی کات: کات چەمکێکی گرنگە لە بواری کارکردن، بە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکە دەستییەکان و کارە دووبارەبووەکانی ڕۆژانە بەکاتێکی کەمتر، کارمەندەکان کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، ڕێگەیان پێدەدات کە تیشک بخەنە سەر چالاکی ستراتیژی و ئەو کارانەی کە بەهای زیاتریان دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی باشتر بەڕێوەبردنی کات و بەرهەمهێنانی زیاتر.
کەمکردنەوەی تێچوو: AI دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردن بدات بە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکە دووبارەکان کە بە  پێویستیان بە سەرچاوەی مرۆییە. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی پاشەکەوتێکی بەرچاو لە ڕووی کات و کار و سەرچاوەکانەوە. بۆ نموونە: ڕۆبۆتێک لە کۆمپانیایەک دەتوانێت کاری چەند کارمەندێک بکات، بەمەش پێویست ناکات هەموو مانگێک مووچەی چەندین کارمەند بدرێت. 

کاریگەرییە نەرێنییەکانی AI لەسەر کار 

لەدەستدانی کار و بێ کاری: جێگۆڕکێکردنی کارمەندەکان بە ژیریی دەستکرد لەوانەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ببێتە هۆی لەدەستدانی کار، بەتایبەتیی ئەو کارانەی ئەرکی دووبارەبووەوەیان تێدایە، چونکە ئامێرەکان و ئەلگۆریتمەکان و سیستەمە ئۆتۆماتیکییەکان و ڕۆبۆتەکان دەتوانن ئەم جۆرە ئەرکانە بە شێوەیەکی کاراتر و بە تێچوونێکی کەمتر ئەنجام بدەن، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی کار بۆ چەندین کرێکاران و فەرمانبەران.
پێویستیی گۆرڕینی شارەزایی: کاتێک AI هاوشانی مرۆڤ کاربکات، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر بوار و پیشەکانی کارکردن دێت، هەندێک کار پێویستی بە مرۆڤ نامێنێت و هەندێک هەلی کاری نوێ دروست دەبن. بەمەش پێداویستییەکانی شارەزایی و کارامەیی بۆ هەندێک کار لەوانەیە بگۆڕێت. فەرمانبەران پێویستیان بە هەوڵی زۆر و بەرزکردنەوەی کارامەییەکانیان دەبێت بۆ خۆگونجاندن و مانەوە لە بازاڕی کاردا. ئەمە لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ ئەو کەسانەی کە لەوانەیە کێشەیان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی نوێ و ببێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زیاتر لەسەریان.
پشتبەستن بە تەکنەلۆجیا: گۆڕینی کارمەندەکان بە AI و بەکارهێنانیان دەتوانێت پشتبەستن بە تەکنەلۆجیا زیاد بکات، وا لە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان بکات لاواز بن بەرامبەر شکستی سیستەم، هێرشی ئەلیکترۆنی و کێشە تەکنیکییەکانی تر. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی مرۆڤ و بڕیاردان و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی کە دەکەونە دەرەوەی مەودای تواناکانی ژیریی دەستکرد.
ڕەچاوکردنی لایەنی ڕەوشتیی و بەها: گەشەپێدان و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد هەندێک پرسیار و کێشە دروست دەکات. بۆ نموونە، بەکارهێنانی سیستەمی چاودێریکردنی کارمەندان لەوانەیە پێشێلکردنی مافی تایبەتمەندی بێت. جگە لەوە، تەنها ئەو AIـــیانە باشن کە ڕاهێنانیان لەسەر دەکرێت، ئەگەر AI بە مەبەستی لایەنگری و سوودی تاکەکەسی یان بە هەڵە بەکاربهێنرێت، ئەوا دەبێتە هۆی نایەکسانی و نەمانی متمانە لە ژینگەی کاردا. 
لەدەستدانی جێدەستی مرۆڤ لە کاردا: لە کاتێکدا AI دەتوانێت زۆرێک لە ئەرکەکان بە ئۆتۆماتیکی بکات، بەڵام ئەو زیرەکییە هەستی و هاوسۆزییەی نییە کە مرۆڤ هەیەتی، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی کارلێکی مرۆڤ و پەیوەندی کەسیی لە شوێنی کاردا. ئەمە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر داینامیکی تیم، وزە و ورەی کارمەندان. بەتایبەتی لەو کارانەی کە پەیوەندی کڕین و فرۆشتن و بە خزمەتکردنی کڕیار یاخود گرنگیپێدان بە نەخۆش هەیە.
نەمانی داهێنان: مرۆڤ توانایەکی داهێنەرانەی بێهاوتای هەیە کە لەوانەیە نەتوانرێ لە ژیریی دەستکردا هەبێت. گۆڕینی کارمەندەکان بە ژیریی دەستکرد، دەتوانێت توانای بیرکردنەوەی داهێنەرانە و بیرۆکەی جیاواز سنووردار بکات.

ناڕوون و ئاڵۆزی: سیستەمەکانی  ژیریی دەستکرد قورسن و لە ڕێگەی ئەلگۆریتمی ئاڵۆزەوە کاردەکەن، کە تێگەشتن و لێکدانەوەی ناتوانرێت لەلایەن هەموو کەسێک بکرێت، ئەمەش وادەکات تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردن و بڕیاردانی قورس بێت. ئەگەر ئەم سیستەمانە ڕاهێنانیان پێ بکرێت بە بەکارهێنانی داتای لایەنگری و تاکەکەسی یان نەگونجاو، لەوانەیە ببێتە هۆی کرداری نادادپەروەرانە و زیان بە هەندێک گروپی دیاریکراو بگەیەنێت، بۆیە پێش بەکارهێنانیان دەبێت تەواوی بەرپرسیارێتی هەڵبگیرێت.
لاوازیی ئاسایش: AI بە شێوەیەکی گشتی پشت بە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی بڕێکی زۆر داتا دەبەستێت. ئەمە نیگەرانی دەربارەی تایبەتمەندێتی و ئاسایشی داتا بەرز دەکاتەوە، چونکە وەک هەر تەکنەلۆجیایەکی دیجیتاڵی تر، دەتوانێت لاواز بێت بەرامبەر هێرشی ئەلیکترۆنی. ئەگەر سیستەمێکی AI هاک بکرێت یان دەستکاری بکرێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی دزەکردنی زانیاریی نهێنی، یان تێکدانی ژێرخانە ئابووریە گرنگەکان.
نایەکسانی: تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەکی سەرەکی پەرەپێدراوە و کۆنترۆڵ دەکرێت لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی گەورەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی چڕبوونەوەی هێز لەژێر دەستی ئەواندا. ئەمە دەتوانێت نایەکسانی لە شوێنی کاردا دروست بکات و دەرفەتەکان سنووردار بکات بۆ چەند لایەنێکی دیاریکراو. ئەم ناهاوسەنگییە لەوانەیە ببێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسی و نایەکسانی داهات خراپتر بکات و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند دروستبکات.

ئەو پیشانەی پێشبینی دەکرێت لەلایەن AI جێیان بگیرێتەوە

  • داخڵکردن و شیکەرەوەی داتاکان
  • کاری پرسگەکان
  • کاشێریی
  • شۆفێریی و گواستنەوە و گەیاندن
  • بازاڕی پەیوەندیکردن و وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان
  • کاری وەرگێڕان و ژێرنووسکردن
  • خزمەتگوزاریی کڕیار
  • ژمێریار
  • بەڕێوەبەری دارایی و شیکردنەوەی داتا ئابوورییەکان
  • گەشەپێدانی وێبسایتەکان
  • فرۆشیاریی
  • پسپۆڕیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان
  • گرافیک دیزاین
  • پزیشکی تیشک
  • دەزگای گەشتوگوزار
  • کاری بانکەکان
  • کرێکارانی کارگەکان
  • ڕۆژنامەنووس
  • کارەکانی چاودێریکردن و ئاسایش و پاراستن

ئەو پیشانەی AI ناتوانێت جێیان بگرێتەوە

  • مامۆستایی و پەروەردە و فێرکردن 
  • دادوەریی و پارێزەر
  • نەشتەرگەر و برینساز
  • شیکردنەوەی سیستەمی کۆمپیوتەر
  • ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکان وەک: بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری جێبەجێکار
  • سیاسەتمەداران
  • بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان
  • گۆرانی بێژ
  • دەروونناسی و ڕاوێژکاری دەروونی
  • مەلا و قەشە و کەسایەتییە ئایینییەکانی تر
  • وەرزشوانان
  • هونەرمەند و نووسەر
  • زانا و داهێنەران
  • پەرستار و چاودێری تەندروستی
  • کارمەندانی کۆمەڵایەتی و ڕاوێژکاریی


سەرچاوەکان



674 بینین