پرسیارەکانی بەیەک گەیاندن لە کاتی دانانی پرسیاردا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-04-19:52:00 - کۆدی بابەت: 11209
پرسیارەکانی بەیەک گەیاندن لە کاتی دانانی پرسیاردا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

پرسیارەکانی بەیەک گەیاندن لە کاتی دانانی پرسیاردا (بە ئینگلیزی: Matching question when asking the question, بە عەرەبی: نمط اسئلة توصيل خطوط عند وضع اسئلة)، بڕگە و دەستەواژەکانی پرسیارەکانی بەیەک گەیاندن لە دوو لیست پێکدێت، کە هەر لیستەو لە کۆمەڵێک ڕەگەز پێکدێت پێویستە هەر ڕەگەزێک لە لیستی یەکەم گونجا و جووت و تەبا بێت لەگەڵ یەکێک لە ڕەگەزەکانی دووەم یەکتری تەواو بکەن و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەبێت، لەم جۆرە پرسیارانەدا داوا لە فێرخواز دەکرێت کە لیستی یەکەم بخوێنێتەوە و بۆ هەر ڕەگەز و بەشێکی، ڕەگەز و بەشێکی تری لە لیستی دووەم بۆ هەڵبژێردرێ، واتا پەیوەندی لە نێوان هەریەک لە ڕەگەزەکانی لیستی یەکەم و ڕەگەزەکانی لیستی دووەم بدۆزرێتەوە و بە یەکیان بگەیەنێت. لەم جۆرە پرسیارەدا بە لیستی یەکەم دەوترێت پێشەکیەکان و بە لیستی دووەمیش دەوترێ وەڵامەکان و هەردوو لیستەکەش بە شێوەیەکی ستوونی بەرانبەر یەکتری دادەنرێن، لای ڕاست بۆ پێشەکی و لای چەپیش بۆ وەڵامەکان. 

بوارەکانی بەکارهێنانی پرسیارەکانی بەیەک گەیاندن

ئەم جۆرە پرسیارانە گونجاون بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ناسینەوەی ئەو زانیاریانەی کە پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە و تەواوکەری یەکترین وەک وشە و واتاکانیان، ڕووداو و مێژووەکانیان، نووسەر و بەرهەمەکانیان، داهێنەر و داهێنانەکانیان، زانا و تیۆرەکانیان، پێک هاتەی کیمیاوی و هێماکانیان. 

باشییەکانی ئەم جۆرە پرسیارە 

١- دانانی ئەم جۆرە پرسیارانە ئاسانتر و خێراترە لە دانانی پرسیاری هەڵبژاردن، هەروەها ڕووبەر و شوێنی کەمتر لەسەر کاغەز داگیر دەکات و لە کاتئ خوێندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانەدا کاتی باش بۆ فێرخواز دەگەڕێتەوە. 
٢- ئەگەر وەڵامەکان گونجاو و لەبار بن بۆ پێشەکییەکان ئەوا کەمتر بوار بە فێرخواز دەدات بۆ ئەوەی خەمڵاندن بکات و نمرەی بە توانای خۆی دەست نەکەوێت، لە کاتێکدا لە پرسیاری ڕاست و هەڵە بە ئاسانی دەستی دەکەوێت. 

کەم و کورتییەکانی پرسیاری بەیەک گەیاندن 

١- ئەو توانستانەی ئەم جۆرە پرسیارانە پێوانە دەکەن کەم و سنووردارن بۆ پێوانەکردنی توانستەکانه پراکتیزەکردن و شیتەڵکردنەوە و هەڵسەنگاندن ناگونجێت. 
٢- لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە پرسیارە پێویستی بە دو ولیست هەیە کە پەیوەندی لە نێوانیان هەبێت و تەواوکەری یەکتر بن، بۆیە زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێن و بۆ زۆر بابەت گونجاو نییە و ناتوانێت پێوانی یەک بچوک و سەربەخۆکان بکات.

بنەماکانی دانانی پرسیاری بەیەک گەیاندن 

١- پێویستە یەکە و بڕگەکانی پێشەکییەکان گونجاو و هاوڕێک بن لەگەڵ بڕگە و یەکەکانی وەڵامەکان و تایبەت بن بەهەمان بابەت، کە لەوانەیە پێشەکی و وەڵامەکان تایبەت بن بە ڕووداوی مێژووی نزیک لە یەک یان بەرهەم و داهێنانی ژمارەیەک زانا و داهێنەری یەک بواری زانستی. 
٢- نابێی ژمارەی پێشەکییەکان یەکسان بێت بە ژمارەی وەڵامەکان چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زانینی دواهەمین دانە، دوای زانینی ئەوانی تر، لەبەر ئەوە گرنگە ئەگەر پێشەکییەکان چوار دانە بوو ئەوا دەبێت وەڵامەکان پێنج دانە بن. 
٣- پێویستە تا دەتوانرێت دەبێت وەڵامەکان کورت و پوخت بن. 
٤- باشتر وایە کە ژمارەی پێشەکییەکان لە چوار دانە زیاتر نەبن و ژمارەی وەڵامەکانیش لە پێنج کەمتر بێت. 
٥- نابێت پێشەکی و وەڵامەکان وشەو و دەستەواژەگ نامۆی تێدا بێت یان لایەنی ڕێزمانیەوە هەڵ و تەم و مژاوی بن، نابێت پێشەکییەکان تاک بن و وەڵامەکان کۆ یان بە پێچەوانەوە، کە زۆرجار ئەمانە دەبن بە نیشانە و ڕێنیشاندەر بۆ ئەوەی قوتابی بە ئاسانی وەڵامە ڕاستەکە بزانێت. 


سەرچاوەکان



326 بینین