ئالان دی بۆتۆن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-06-15:07:00 - کۆدی بابەت: 11228
ئالان دی بۆتۆن

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ئالان دی بۆتۆن یان ئالان بۆتن (بە عەرەبی: آلان دي بوتون، بە ئینگلیزی: alain de botton) نووسەرێکی سەردەمی هاوچەرخ و بیرمەندی بەریتانییە کە زۆرێک لە بەرهەمەکانی زیاتر تاوتوێی دۆز و بابەتە فەلسەفییەکان دەکەن.

زانیاری گشتی

ناو

ئالان دی بۆتۆن

کات و شوێنی لەدایکبوون

٢٠ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٩، زیورخ، سویسرا

ڕەگەزنامە

سویسری، بەریتانی

ئایین

بێباوەڕ، پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکات

پیشە

نووسەر، بیرمەند، قسەکەر، ڕاهێنەری مرۆیی

زانینی زمان

فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی

ژیاننامەی

ئالان دی بۆتن لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری زیورخ لە سویسرا لەدایکبووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە ئنگلتەرا بەدەست هێناوە، بۆ خوێندنی زانکۆ لە زانکۆی کامبرج وەرگیراوە و بەشی مێژووی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٢ بڕوانامەی ماستەری لە فەلسەفە لە کۆلێجی کینگز لە لەندەن وەرگرتووە. پاشان هەوڵی خوێندنی دکتۆرای لە فەلسەفەی فەڕەنسی داوە لە زانکۆی هاڕڤارد، بەڵام تەواوی نەکردووە و خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسین.

بەرهەمی چیرۆک و ڕۆمانی 

  • یەکەمین ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٩٣ بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی (Essays in Love/ وتارەکانی خۆشەویستی) و لە ساڵی ٢٠١٠ فیلمێکی سینەمایی لەم ڕۆمانە بەرهەم هێنرا.
  • لە ساڵی ٢٠١٦ ڕۆمانی (The course of love/ خولی خۆشەویستی) بڵاوکردەوە.

بەرهەمەکانی تری

  • ئالان یەکەمین کتێبی خۆی کە ڕۆمان نەبوو لە ساڵی ١٩٩٧ بڵاوکردەوە بە ناوی (How Proust Can Change Your Life/چۆن پڕۆست دەتوانێت ژیانت بگۆڕێت) کە ئەم بەرهەمەی باسی ژیاننامەی مارسێل پڕۆست و کارەکانی دەکرد و لە ڕوانگەی ژیاننامەی ئەوەوە چارەسەری بۆ کێشە سەردەمییەکانی مرۆڤ خستووەتەڕوو.
  • لە ساڵی ٢٠٠٠ کتێبی (The Consolations of Philosophy/دڵنەواییەکانی فەلسەفە)ـی بڵاوکردەوە، کتێبێکی فەلسەفییە کە نووسەر تیایدا سوود لە فەلسەفە یان ئەزموونی فەیلەسوفە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکان وەردەگرێت، ئەزموونەکان وەکوو دڵنەواییەک دەخاتەڕوو کە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مرۆڤی سەردەم. ئەم کتێبەی زۆر ناودار بوو و بۆ سەر چەندان زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕانی بۆ کراوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٤ کتێبی (Status Anxiety/دڵەڕاوکێی پلەوپایە)ـی بڵاوکردەوە لەم کتێبەدا نووسەر ئەو بابەتەی خستووەتەڕوو کە بۆچی مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنانی خۆشەویستی و ڕێزی کەسانی ترە و گرنگی بەوە دەدات کە دەوروبەر و کەسانی تر چۆن لە پلەوپایەی ئەو دەڕوانن، ڕوونی دەکاتەوە بۆچی مرۆڤ بایەخ دەدات بە تێڕوانینی خەڵکی سەبارەت بە کەسایەتی و پلەوپایەی ئەو. نووسەر لەم کتێبەدا ڕوونی کردووەتەوە کە بۆچی هەموومان خەون بەوەوە دەبینین لە کۆمەڵگادا جێگەیەک، پلەیەک، ناوێک، نازناوێک بۆ خۆمان داگیر بکەین. ئەم کتێبە لەژێر ناونیشانی (دڵەڕاوکێی پلەوپایە) وەرگێڕانی زمانی کوردی بۆ کراوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٦ کتێبی (The Architecture of Happiness/ تەلارسازی بەختەوەری)ـی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە سروشتی جوانی  لە تەلارسازی دەکات، ڕوونی دەکاتەوە کە شێوازی تەلار و بیناکان پەیوەندی بە دڵخۆشی و ڕەزامەندی دەروونی تاک و کۆمەڵگاوە هەیە، هەرچەندە سەرباری ئەوەی مرۆڤەکان بە دەگمەن گرنگی بەم بیرۆکەیە دەدەن، بەڵام ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن شێواز و ڕەنگی بیناکان کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان هەیە، لە کتێبەکەدا دی بۆتۆن بەرگری لە هونەری تەلارسازی مۆدێرن دەکات، لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە تەلارسازیی کۆن و گشتییەکان دەگرێت.
  • لە ساڵی ٢٠٠٩ کتێبی (The pleasures and sorrows of work/ چێژ و ناخۆشیەکانی کار)ـی بڵاوکردەوە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر دە پیشە و لایەنی ئەرێنی و نەرێنییان بە وردی دەخاتەڕوو.
  • لە ساڵی ٢٠١٢ کتێبی (Religion for Atheists/ ئایین بۆ بێ ئایینەکان)ـی بڵاوکردەوە کە تێیدا سوودی باوەڕی بە ئایین بۆ بێ ئایینەکان باس کردووە و ئەم کتێبەی ناودارییەکی زۆری پێ بەخشی.
  • لە ساڵی ٢٠١٣ کتێبی (Art as therapy/ هونەر وەکوو چارەسەر)ـی لەگەڵ مێژوونووس و هونەرمەند (جۆن ئارمسترۆنگ) بڵاویکردەوە، لە کتێبەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە دەکرێت کارە هونەرییەکان کاریگەری ئەرێنی لەسەر تێڕوانینی مرۆڤ دروست بکەن و یارمەتیدەری دەبن لە کەمکردنەوەی فشار و ڕاڕاییەکانی ژیانی.

ئەزموونی وەکوو نووسەری ڕۆژنامە و ڕاهێنەر 

ئالان لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە وەکوو نووسەر بابەتی بۆ زۆرێک لە ڕۆژنامە ناودارەکان نووسیویە، نموونەی ڕۆژنامەی ئیندپێندتی ئینگلیزی کە لە ساڵی ١٩٩٨ تاکوو ساڵی ٢٠٠٠ بە بەردەوامی وەکوو نووسەرێکی بێ لایەن بابەتی بۆ ڕۆژنامەکە نووسیوە. ئالان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی دامەزراندووە بە ناوی (سینیکا) کە فیلم و پرۆگرامی بەڵگەنامەیی لەسەر بەرهەمە نووسراوەکانی بەرهەم دەهێنێت. لە زۆرێک لە پرۆگرام و کۆنفرانسەکانی تێد وەکوو ڕاهێنەر و قسەکەرێکی کاریگەر لە ڕوانگەی ئەزموونی خۆیەوە لەسەر زۆر بابەت قسەی کردووە. چەندان پرۆگرامی فەلسەفی و بەڵگەنامەیی وەکوو شیکردنەوەی بەرهەم و کارەکانی لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە جیهانییەکانەوە پەخش کراوە.

پڕۆژەی خوێندنگەی ژیان

لە ساڵی ٢٠٠٨ دی بۆتۆن پڕۆژەیەکی بە ناوی "خوێندنگەی ژیان" دامەزراند و لقی لە شارەکانی لەندەن، پاریس، ئەمستەردام، سیئۆل، ئیستەنبووڵ، ساوپاولۆ، بەرلین، زیورخ، ملبۆرن هەیە. ئەم شوێنە وەکوو ناوەندێک وایە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە پاڵپشتی و هاوسۆزی بە بەشداربووانی ناوەندەکە پێشکەش دەکات،  گرنگی بە پرسەکانی پەیوەست بە کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدات.


سەرچاوەکان



347 بینین