ئەمستردام

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-22-16:00:00 - کۆدی بابەت: 8026
ئەمستردام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەمستردام (بە ئینگلیزی: Amsterdam)، پایتەخت و ئاوەدانترین شاری هۆڵەندایە، ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 905,234 کەسە، و هەروەها ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە ئەمستردام بە 2,480,394 کەس دەخەمڵێندرێت، ئەم شارە لەناو هەرێمی هۆڵەندی باکووری هۆڵەندا دۆزراوەتەوە و دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی، بەهۆی زۆری ئەو کەناڵانەی کە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ پێکدەهێنن‌ ئەمستردام بە شێوەیەکی فراوان بە "ڤینیسیای باکوور" ئاماژەی پێ دەکرێت، لە ساڵی 2014 دا پێنج ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی ڕوویان لە شارەکە کردووە.

مێژووی شارەکە

ناوی ئەمستردام بە لایەنی کەمەوە لە ساڵی 1275دا بەکارهاتووە، شاری ئەمستردام لە بنەڕەتدا و لە کۆتایی سەدەی 12دا گوندێکی بچووکی ڕاوە ماسی بوو، پاشان و لە سەدەی 17دا بوو بە یەکێک لە گرنگترین بەندەرەکانی جیهان و بوو بە ناوەندێکی سەرەکی کەرتی دارایی و بازرگانی. هەروەها لە سەدەکانی 19 و 20دا ناوچەکە فراوان بوو و پلان بۆ دروستکردنی چەندین گەڕەکی نوێ دانرا و ناوچەکانی دەوروبەری گەشەسەندنیان بە خۆیانەوە بینی.

دانیشتوان

شاری ئەمستردام یەکێکە لە گەورەترین کۆشارەکانی ئەورووپا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 7 ملیۆن کەسە. لە ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە سنووری شارەکەدا بە 813,562 مەزەندەکرا و ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە ئەمستردام نزیکەی 1.6 ملیۆن کەسە، هەروەها چڕی دانیشتوانی شارەکە 4,908 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی دووجادا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

لە ساڵی 2012دا نەتەوە و ڕەگەزەکانی شاری ئەمستردام 49.5٪ی هۆڵەندی و 50.5٪ی باوباپیرانیان بیانی بوون، لە سەدەی بیستەمدا شاری ئەمستردام یەکەم کۆچی بەکۆمەڵی بۆ کرا، کاتێک ئەندەنووسییەکان لە دوای سەربەخۆیی دوورگەکانی ڕۆژهەڵاتی هیندۆ - هۆڵەندی هاتنە شارەکەوە. لە ساڵانی 1960کاندا کرێکارە میوانەکان لە وڵاتانی ئیتالیا، ئیسپانیا، مەغریب و تورکیا کۆچیان کرد بۆ ئەم ناوچەیە و لە 1970کاندا دوای ئەوەی سورینامی سەربەخۆیی بەدەست هێنا ژمارەیەکی زۆر لە سورینامییەکان هاتنە شارەکەوە، هەروەها شەپۆلی پەنابەرە نایاساییەکان و پەناخوازانی ئاسیا، ئەورووپا، ئەمریکا و ئەفریقاش بۆ ناوچەکە هەبووە، پێش جەنگی جیهانی دووەم 10٪ی دانیشتوانی ئەمستردام جوولەکەکان بوون، بەڵام تەنها 20٪یان لە کارەساتی هۆڵۆکۆستدا ڕزگاریان بوو. ئەمستردام 176 نەتەوەیی جیاوازی لێیە کە ئەمەش شارەکە دەکات بە یەکێک لە شارە هەمەجۆرەکانی جیهان لەڕووی هاونیشتمانێتییەوە.

ئایین

 لە ساڵی 2015دا ڕێژەی ئایینی دانیشتوانی شاری ئەمستردام بەم شێوەیە بوو:

  • ئەوانەی پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن 62.2٪
  • کاسۆلیک 13.3٪
  • پرۆتستانت 9.8٪
  • ئیسلام 7.1٪
  • گروپەکانی تری مەسیحی 5.9٪
  • هێندۆسی 1.1٪
  • بودایی 1.0٪
  • جوولەکە 0.7٪

گەشەی دانیشتوانی شارەکە

شاری ئەمستردام خێراترین ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی لەنێو شارە گەورە هۆڵەندییەکاندا هەیە، لە نێوان ساڵانی 2009 و 2011دا 25 هەزار کەس زیادی کردووە، بە بەراورد بە دەیەی پێشوو کە زیادبوونی دانیشتوانەکەی لە ماوەی ساڵێکدا کەمتر لە 1000 کەس بوو. هۆکاری گەشەی خێرای شاری ئەمستردام دەگەڕێتەوە بۆ لێشاوی هاوڵاتی بیانی و ناوخۆیی بۆناو ناوچەکە.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری ئەمستردام کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە و بەتوندی کاریگەری دەریای باکوور و بای خۆرئاوایی زاڵی لەسەرە، لەبەرئەوەی شارەکە لە سێ لاوە بە تەنی ئاویی گەورە دەورەدراوە و هەروەها بەهۆی چالاکی مرۆیی و بوونی باڵەخانە، کارگە و شەقامەکان لە ناوچە شارستانییەتییەکانی، پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا بەدەگمەن دەگەنە 5- پلەی سەدی. ڕێژەی دابارینی ساڵانە 850 میلیمەترە و وەرزی پاییز تەڕترین وەرزی ساڵە، وەرزی زستان لە کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی شوبات، کەشی شارەکه ساردە و تێکڕای پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا نزیکی پلەی بەستنە (سفر پلەی سەدی)، بەڵام پلەکانی گەرما لە کاتەکانی ڕۆژدا چەند پلەیەک بەرزدەبنەوە، بەهار، لە مانگی ئازارەوە تا ئایار دەخایەنێت، کەشی شارەکە لە سەرەتادا ساردە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری بارینی بەفر لە مانگی ئازاردا (و هەندێک جاریش لە مانگی نیسان) هەیە، وەرزی هاوینیش لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب دەخایەنێت، کەش لەم وەرزەدا گەرمێکی مامناوەندە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما لە کاتەکانی ڕۆژدا لە نێوان 20 بۆ 25 پلەی سەدییدایە، بەڵام لە کاتە ساردترەکاندا پلەکانی گەرما بۆ خوار 20 پلەی سەدی دادەبەزن، با بە بەردەوامی لە دەریاوە هەڵ دەکات و بارانیش زۆر جار دەبارێت. لە کاتەکانی شەودا کەش کەمێک سارد دەکات و لە مانگی تەمووز و ئابدا پلەکانی گەرما بۆ خوار 10 پلەی سەدی دادەبەزن، وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم، کەشی شارەکە لە سەرەتادا خۆشە، پاشان لە نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا وردە وردە ساردتر دەبێت و ئاسمانی شار هەوراوی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەڕە و ڕەشەبای هەیە، زۆربەی کات یەکەم شەوی مانگی تشرینی دووەم شەختە دروست دەبێت، بەڵام هەندێ جاریش لە مانگی تشرینی یەکەمدا دروست دەبێت.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکانی شارەکە

  1. مۆزەخانەی ڤان کۆخ
  2. ڤۆندەل پارک
  3. گۆڕەپانی دام
  4. کڵێسای خۆرئاوا
  5. کۆنترین باخچەی گوڵستانی جیهان
  6. باخچەی ئاژەڵانی شاهانەی ئەمستردام
  7. مۆزەخانەی مێژوویی جوولەکه
  8. کڵێسای نوێ
  9. مۆنۆمێنتی نەتەوەیی
  10. مۆزەخانەی ئەمستردام
  11. مۆزەخانەی زانستی NEMO
  12. مۆزەخانەی دەریایی نەتەوەیی
  13. مۆزەخانەی ناوچەی یەکسانبوون
  14. خەڵوەتگەی ئەمستردام


سەرچاوەکان



587 بینین