ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-17-01:54:00 - کۆدی بابەت: 11308
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (بە ئینگلیزی: International committee of the red cross، بە عەرەبی: اللجنة الدولیة للصلیب الاحمر)، لە ساڵی ١٨٦٣ دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە شاری جنێفە لە سویسرا، سێ جار خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە، ئامانجەکەی پاراستنی مرۆڤایەتییە لەکاتی شەڕکردندا، بەجۆرێک کاردەکەن و هەوڵدەدەن کە هەر لە بنەڕەتەوە سنووردابنێن بۆ جەنگەکان، واتە دانانی سنوور بۆ کاروبارە جەنگییەکان و ڕەفتاری جەنگاوەرەکان. گرنگی دەدەن بە زیانلێکەوتوانی جەنگەکان وەک پەنابەر، خەڵکی مەدەنی، زینداییەکان و بریندارانی جەنگەکان، جگە لە بارەگا سەرەکییەکەی لە ٨٠ وڵاتدا لقی هەیە و ژمارەی کارمەندەکانی دەگاتە زیاتر لە ١٢٠٠٠ کارمەند و چەندین پشتیوانی تر، هەرچەندە خۆی ڕێکخراوێكی سەربەخۆیە بەڵام لەگەڵ هەبوونی جەنگدا لەگەڵ ڕێکخراوی مانگی سووردا یەکدەگرن و پێکەوە کاردەکەن.

مێژووی دروستبوون

هەتاکوو ناوەڕاستی سەدەی ١٩ هیچ ڕێكخراوێک و کۆمەڵەیەکی چاودێری نەبوو بەمەبەستی گرنگیدان بە جەنگاوەر و زیانلێکەوتوانی شەڕەکان، پاشان لە ساڵی ١٨٥٩ بازرگانێکی سویسری کە ناوی هێنری دۆنت بوو (بە ئینگلیزی: Henry dunant)، گەشتیکرد بۆ وڵاتی ئیتاڵیا بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمپراتۆری ئیتاڵیای ئەوکاتە کە ناپلیۆنی سێیەم بوو، مەبەستی سەردانەکەی گفتوگۆکردنبوو دەربارەی قورسی بازرگانی و بەرهەمهێنان لە جەزائیر، کە ئەوکاتانە لەلایەن فەڕەنساوە داگیرکرابوو. کاتێک هێنری گەشتە ئیتاڵیا جەنگی سولفرینۆ هەبوو بەهۆیەوە ڕۆژانە هەزاران سەرباز بریندار دەبوون و دەمردن، بازرگانەکە بینەری خراپی دۆخی تەندروستی جێگەکەبوو و مەبەستی گەشتکردنەکەی بە تەواوەتی گۆڕی، بۆماوەی چەندین ڕۆژ گرنگی بە بریندارەکان دەدا و دانیشتوانی جێگەکەشی هاندەدا بۆئەوەی یارمەتیبدەن، کاتێک گەڕایەوە جنێف کتێبێکی بە ناونیشانی جەنگی سولفرینۆ نووسی و دواتریش بڵاویکردەوە، لەبەرگیراوەی کتێبەکەی نارد بۆ هەموو کەسایەتییە ناودارەکانی بواری جەنگ و سیاسەت لە هەموو ناوچەکانی ئەورووپا. بەم شێوەیە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا لە ساڵی ١٨٦٣ بەمەبەستی گرنگیدان بە پێشنیارەکەی هێنری کە لە کتێبەکەیدا باسیکردبوو، لەئەنجامدا ڕێکخراوە خۆبەخشییەکە دروستکرا، کە ئەوکاتە پێنج ئەندامی سەرەکی هەبوو.

ئەرکەکانی ڕێكخراوەکە

  • سەردانکردنی خێزانەکانی جەنگ و زیندانییە مەدەنییەکان.
  • گەڕان بەدوای ونبووەکان.
  • گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردنی نامە لە نێوان ئەندامەکانی خێزانێک کە بەهۆی شەڕەوە پەرتەوازەبوون.
  • گەڕاندنەوەی پەیوەندییە خێزانییەکان.
  • دابینکردنی ئاو و خۆراک و چارەسەری پزیشکی بۆ خەڵکی مەدەنی.
  • بڵاوکردنەوەی زانیاری بە گوێرەی یاسای مرۆڤایەتی.
  • چاودێریکردنی پابەندبوون بە یاساکانەوە.
  • گرنگیدان بە بریندارەکانی جەنگ و چاودێریکردنیان.
  • گرنگیدان بە پەنابەر و هەڵهاتووەکان.

دۆخی یاسایی

ڕێکخراوەکە جێگیر و سەربەخۆیە واتە سەر بە حکومەت نییە، شێوازی بەئەندامبوونی وڵاتەکانیش لە ڕێكخراوەکەدا لە ڕێگەی ئەو ڕێکەوتن و پرۆتۆکۆلانەوەیە کە لە جنێفدا ئەنجامدراون، هەرچەندە بەم شێوەیە و سەربەخۆیە بەڵام سوودمەندە لە یاساکانی حکومەت و هاوشێوەی ڕێکخراوێکی حکومی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، واتە سوودمەندە لە هەموو یاساکانی حکومی وڵاتەکانی ئەندام، ڕێککەوتنی ڕێکخراوەکە هەر لە بنەڕەتدا لەگەڵ حکومەتی سویسرادا بەجۆرێک بووە کە سەربەخۆ و ئازادبێت.

نیشانە و هێمای ڕێکخراوەکە

کاتێک یەکەم ڕێککەوتنی جنێف ئەنجامدرا لە ساڵی ١٨٦٤ دا، وڵات و حکومەتە ئەندامەکان بە پێویستییان زانی کە ڕێکخراوەکە هێمایەکی ناسینەوەی هەبێت، هێماکە بە ئاسانی و بە ڕوونی دەرکەوێت و ببینرێت لە مەیدانی جەنگدا، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە یەکەکانی تەندروستی و چاودێریکردن بە پارێزراوی بمێننەوە، یەکەم هێما هەڵبژاردنی خاچێکی سوور بوو لەسەر ڕەنگێکی سپی، کە ئەمە شێوە هەڵگەڕاوەکەی ئاڵای سویسرایە و لە مەیدانی جەنگدا بەئاسانی دەبینرێت.

لە ساڵەکانی دواتردا بەهۆی سیمبوولەکەیەوە ڕێکخراوەکە ناوبانگی زیاتری بەدەستهێنا و بە ڕێکخراوەکانی خاچی سوور ناودەبرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات چەندین ڕێکخراوی تر دروستکران وەک مانگی سوور و ڕێکخراوەکانی ئێران و وڵاتی فارس، بەهۆیەوە لە ساڵی ١٩٩٢ سەرپەرشتیاری ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە پێویستییان بە هێمایەکی زیاترە بۆ سەر ئاڵاکەیان، بەجۆرێکبێت کە دووربێت لە ئاماژەدان بە ئایین و سیاسەت و نیشتمانی وڵاتەکان، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ حکومەتە ئەندامەکان بڕیاریاندا بە زیادکردنی کریستاڵێکی سوور بۆ سەر ئاڵاکە.


سەرچاوەکان



529 بینین