سەیرترین یاساکانی کۆریای باکوور

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-18-17:36:00 - کۆدی بابەت: 11325
سەیرترین یاساکانی کۆریای باکوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەیرترین یاساکانی کۆریای باکوور (بە عەرەبی: اغرب قوانين كوريا الشمالية، بە ئینگلیزی: The strangest laws of North Koreaکۆریای باکوور بەردەوامە لە سەرسامکردنی جیهان لە هەموو ئاستەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ئەم وڵاتە بەڕووی گەشتیاری ئاساییدا داخراوە و ئەستەمە وێنەی ئەوێ لە ئینتەرنێتدا ببینیت. کۆریای باکوور بە داخراوترین وڵاتی سەر ڕووی زەوی دادەنرێت ئەمەش شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە چونکە یاسای سەیروسەمەرەی زۆر لە کۆریای باکوور هەیە و بەسەر کۆمەڵگادا دەیسەپێن.

هەندێک لە یاسا بنەڕەتییەکانی کۆریای باکوور کە بە سەیروسەمەرە و جیاواز لە وڵاتانی تر دادەنرێت

١- لە کۆریای باکوور فیلم و گۆرانی بیانی قەدەغەیە

لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا مرۆڤەکان زۆر حەز بە گوێگرتن لە میوزیک و سەیرکردنی فیلم دەکەن، بەڵام لە کۆریای باکوور ئەمە بە تەواوی جیاوازە، هەر هاوڵاتییەک سەیری فیلمی بیانی بکات یان گوێ لە مۆسیقای بیانی بگرێت دەخرێتە زیندانەوە،  لە ساڵی ٢٠١٥ کیم جۆنگ ئون هەموو ئەو کاسێت و سی دییانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە قەدەغەکرابوون لە ناوبرد.

٢- پەیوەندی نێودەوڵەتی بە تاوان دادەنرێت و سزای یاسایی لەسەرە

هاووڵاتیانی کۆریای باکوور ناتوانن پەیوەندی نێودەوڵەتی ئەنجامبدەن، چونکە لەوێ بە تاوان دادەنرێت، هەروەها بەپێی هەندێک ڕاپۆرتیش سەرۆکی کارگەیەک لەبەردەم ١٥٠ هەزار کەسدا لەسێدارە دراوە، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە پەیوەندی نێودەوڵەتی بە ١٣ مۆبایل کە لە ژێرزەمینی کارگەیەک ئەنجامی دەدا.

٣- ناپاکی کردن لە سەرکردە سزاکەی لە سێدارەدانە لە کۆریای باکوور

خەوتن لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، بە ناپاکی کردن لە  سەرکردە هەژمار دەکرێت و سزاکەشی لەسێدارەدانی کەسەکەیە.

٤- لە کۆریای باکوور سزای تاوان سێ نەوە دەگرێتەوە

یەکێک لە یاساکانی کۆریای باکوور ئەوەیە، ئەگەر هەر کەسێک لە کۆریای باکوور تاوانێک ئەنجام بدات، نەک هەر خۆی سزا دەدرێت، بەڵکو سزاکە منداڵ، دایک، باوک و باپیریان دەگرێتەوە، ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە ڕێگری لە خەڵکی بکەن لە ئەنجامدانی تاوان و هەڵهاتن لە زیندان.

٥- قژبڕین تەنها بە ڕەزامەندی حکومەت ئەنجام دەدرێت

لە کۆریای باکوور ژنان و پیاوان هەموویان ملکەچی سەلیقەی حکومەتن لە هەڵبژاردنی شێوازی قژیاندا، لیستەکە ٢٨ شێوازی قژ لەخۆدەگرێت بۆت هەیە یەکێکیان هەڵبژێریت، (١٨) دانەی بۆ ئافرەتانە و  (١٠)ـی بۆ پیاوان، لەکاتێکدا شێوازی قژی تر قەدەغەیە.

٦- پارەی مێز و کورسی خوێندکاران

پێویستە خوێندکار پارەی مێز و کورسی خۆی بدات!

٧- بۆ ئەوەی لە پایتەختی کۆریای باکوور بژیت پێویستە مۆڵەتت هەبێت

لە کۆریای باکوور ناتوانی لە هەر  شوێنێک بژیت کە ئارەزووی دەکەیت، بۆئەوەی لە پایتەخت بژیت پێویستە مۆڵەتت هەبێت، لەبەر ئەوەی سەرۆکی کۆریای باکوور دەیەوێت پیۆنگیانگ تەنها سەرکەوتووترین، دەوڵەمەندترین و کاریگەرترین کەسانی تێدابێت.

٨- کتێبی پیرۆز لە کۆریای باکوور قەدەغە کراوە

لە کۆریای باکوور کتێبی پیرۆز بە هێمای کولتووری ڕۆژئاوایی دادەنرێت و هەر بۆیە قەدەغە کراوە، چونکە پێیان وایە دەتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت.

٩- لە کۆریای باکوور ئایفۆن و لاپتۆپ بوونیان نییە

سەرەڕای بەربڵاوی مارکەی بەناوبانگی ئایفۆن لە کۆمپانیای ئەپڵەوە، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک لە کۆریای باکوور بەردەست نییە. هیچ کام لە  ئایفۆن، تەلەفزیۆن و لاپتۆپی ئەم براندە بۆ خەڵکی کۆریای باکوور بەردەست نییە! ئەوەی سەیرە لێرەدا ئەوەیە زۆر کەم لەبارەی ئامێری ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیای جیهان دەزانن بەهۆی سیاسەتی دوورەپەرێزی حکومەت لەگەڵ دەرەوەی وڵات، سیاسەتی دوورەپەرێزی حکومەت زۆر شت لە دانیشتوانی خۆیان دەشارێتەوە.

١٠- گومرگ لەسەر مۆسیقا

پێش چوونە ژوورەوەی گەشتیار، گومرگ هەموو مۆسیقا و فیلمەکان لەسەر هەموو ئامێرەکانی گەشتیارەکە دەپشکنێت، لەگەڵ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو شتێک ئاساییە، ڕێگەی پێدەدرێت بچیتە ناو وڵاتەکەوە.

١١- ساڵنامەی جیاواز لە کۆریای باکوور

ساڵنامەی کۆریای باکوور جیاوازەلە هەموو جیهان، پێی دەوترێت (Juche calendar)، لە ١٥ی نیسانی ١٩١٢ دەست پێدەکات و بەرواری لەدایک بوونی (کیم ئیل سونگ)ـە کە باپیری کیم جۆنگ ئونە.

١٢- ماریجوانا لە کۆریای باکوور ڕێگە پێدراوە

یەکێک لە یاسا جیاوازەکانی کۆریای باکوور ئەوەیە لە وڵاتێکدا سەرەڕای ئەوەی ڕێسای توند و تیژی هەیە، بەڵام ماریجوانا بە درێژایی ڕێگاکان هەیە و گەشە دەکات.

١٣- ڕێگە بە هاوڵاتیان نادرێت وڵات بەجێبهێڵن

ڕێگە بە هیچ هاوڵاتیەکی کۆریای باکوور نادرێت وڵاتەکەی جێبهێڵێت، هەرکەسێک بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی لە سنووری وڵات تێپەڕێت لەلایەن پاسەوانەکانەوە تەقەی لێدەکرێت.

١٤- ڕێسای توند بۆ گەشتیاران

هەر گەشتیارێک بچێتە وڵاتەکەیانەوە بە درێژایی گەشتەکە لەلایەن حکومەتی کۆریای باکوورەوە بە وردی چاودێری دەکرێت، ڕێبەرێک بۆ هەر گەشتیارێک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی بە درێژایی گەشتەکە لەگەڵیدا بێت، گەشتیاران ڕێگایەکی دیاریکراویان هەیە کە پێشوەختە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆیان دیاریکراوە، هیچ کەسێک بۆی نییە ڕێگاکەی بگۆڕێت. ئەگەر کەسێک گروپەکەی بەجێبهێڵێت یان هەوڵی قسەکردن لەگەڵ دانیشتوویەکی ناوچەکە بدات، ئەوا دەستگیر دەکرێت.

١٥- لە کۆریای باکوور خزمەتی سەربازی بۆ ژنان و پیاوان ناچارییە

خزمەتی سەربازی بۆ هەموو هاوڵاتیانی کۆریای باکوور ناچارییە، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بۆ پیاوان و حەوت ساڵ بۆ ئافرەتان بەردەوام دەبێت.

١٦- بۆ بەکارهێنانی کارەبا پێویستت بە مۆڵەتە

بەهۆی قەیرانی وزەی کارەباوە، هاوڵاتیانی کۆریای باکوور هەموو شەوێک ڕووبەڕووی بڕانی کارەبا دەبنەوە. بەکارهێنانی کارەبا پێویستی بە مۆڵەت هەیە هەر بۆیە بەشێک لە هاوڵاتیان کارەبایان نییە تەنانەت هەبوونی مایکرۆوەیڤ لە کۆریای باکووردا  نایاساییە.

١٧- خەوتن لە کۆبوونەوە و بۆنەکاندا بە تاوان دادەنرێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی لەسێدارەدان

لەوانەیە هەریەک لە ئێمە کاتێک ماندوین بە هەڵە لە کۆبوونەوەدا خەومان لێبکەوێت، ئەمەش لای هەموو کەسێک باو و ئاساییە. بەڵام ئەمە لە کۆریای باکوور بە تاوان دادەنرێت، تەنانەت وەزیری بەرگری پێشووی کۆریای باکوور لە ساڵی ٢٠١٥ بەهۆی خەوتنی لە بۆنەیەکدا لەسێدارەدرا.

١٨- تەنها پیاوانی بەرپرسانی حکومی بۆیان هەیە ئۆتۆمبێل لێبخوڕن

ئافرەتانی کۆریای باکوور هەرگیز ڕێگەیان پێنادرێت شۆفێری بکەن و لە هەر سەد کەسێک تەنها یەک کەس دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆی.

١٩- ڕێگە بە لەبەرکردنی پانتۆڵی کابۆ نادرێت

بەگشتی زۆربەی خەڵکی زۆر حەز بە لەبەرکردنی پانتۆڵی کابۆ دەکەن، بەڵام ئەمە لە کۆریای باکوور ڕێگەپێدراو نییە و بە تەواوی قەدەغەیە چونکە بە هێمای سەرمایەداری دادەنرێت!

٢٠- حکومەت بڕیار لەسەر پیشەکەت دەدات

هەموو کەسێک لە منداڵییەوە خەون بە داهاتوو و پیشەی خۆیەوە دەبینێت، دەکرێت جارجارە پیشەکەت بگۆڕیت بەپێی حەز و توانا، بەڵام ئەمە لە کۆریای باکوور بە تەواوی جیاوازە، حکومەت بەپێی پێویستی دەوڵەت بڕیار لەسەر ئەو پیشەیە دەدات کە بە گونجاوی دەزانێت بۆت.


سەرچاوەکان



1009 بینین