ئەکوافۆبیا (ترس لە ئاو)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-19-23:01:00 - کۆدی بابەت: 11339
ئەکوافۆبیا (ترس لە ئاو)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەکوافۆبیا یان ترس لە ئاو (بە ئینگلیزی: Aquaphobia or fear of water، بە عەرەبی: أكوافوبيا الخوف من الماء)، ئەو کەسانەی ئەم ترسەیان هەیە هەست بە نیگەرانی دەکەن کاتێک بیر لە ئاو دەکەنەوە یان ئاو دەبینن. ئەو کەسانە لەوانەیە خۆیان بەدووربگرن لە حەمام و حەوزەکان و هەر شتێک کە ئاوی تێدایە. زۆرێک لەو کەسانەی کە ترسی ئاویان هەیە ئەزموونی ئازار و ناخۆشییان هەبووە لەگەڵ ئاودا. دەتوانرێت بەسەر ترسی ئاودا زاڵببن بە وەرگرتنی چارەسەری ڕاستەوخۆ، یان چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی و دەرمان.

ئەکوافۆبیا چییە؟

ئەکوافۆبیا واتای ترسی ئاو یاخود ترسانە لە ئاو لە وشەی "ئاکوا" ی لاتینی بۆ ئاو و "فۆبۆس" ی یۆنانی بۆ ترسەوە هاتووە. کەسێک کە ترسی ئاوی هەبێت لەوانەیە ترسێکی زۆری هەبێت یان دڵەڕاوکێی هەبێت کاتێک ئاو دەبینێت یان تەنانەت بیر لە ئاو دەکاتەوە. هەروەها خۆیان بەدووردەگرن لە چوون بۆ شوێنەکانی نزیک ئاو، وەک مەلەوانگە یان دەریاچەکان. لە حاڵەتە سەختەکاندا، لەوانەیە واز لە خۆشۆردن یان بەکارهێنانی ئاو بهێنن بۆ شوشتنی دەموچاویان یان شوشتنی ددانەکانیان.

فۆبیا چییە؟

فۆبیا کە بەمانای ترس دێت جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ. ئەو کەسانەی فۆبیایان هەیە ترسێکی زۆریان لە ڕووداوێک یان بارودۆخێک هەیە کە مەرج نییە لە ڕاستیدا زیانبەخش بێت. ئەکوافۆبیا جۆرێکە لە نەخۆشی فۆبیای دیاریکراو. دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی ترسناک بەرامبەر بینین و بیستنی ئاو.

ئەو کەسانەی ئەکوافۆبیایان هەیە ترسیان هەیە لە:

  • حەمامکردن یان خۆ خستنە بەر ئاو
  • چوونە ژێر باران و بەرکەوتنی ئاو
  • تەنانەت خواردنەوەی ئاو
  • دەریاچەکان، گۆماوەکان، زەریاکان، ڕووبارەکان و ناوچەکانی تری ئاو.

جیاوازی نێوان ئەکوافۆبیا و هایدرۆفۆبیا

هایدرۆفۆبیا بە هەمان شێوە ترسە لە ئاو بەڵام پەیوەندی هەیە بە هەوکردنی قۆناغی کۆتایی نەخۆشی هارییەوە. ئەو کەسانەی کە هایدرۆفۆبیایان هەیە ماسولکەکانیان گرژدەبن کاتێک ناوی ئاو دەبیستن یان دەیبینن یان تامی دەکەن.

ئەکوافۆبیا ترسێکی زۆرە لە ئاو کە پەیوەندی بە نەخۆشی جەستەیی و تووشبوونەکانەوە نییە. هەرچەندە لەوانەیە وا دەرکەوێت کە هەردوو ئەکوافۆبیا و هایدرۆفۆبیا هەمان نیشانەی سەرەکی دروست بکەن، بەڵام پسپۆڕی پزیشکی دەتوانێت بە خێرایی ئەو دوو فۆبیایە جیا بکاتەوە. ئەو کەسانەی هایدرۆفۆبیایان هەیە لەگەڵیدا نیشانەکانی تری نەخۆشی هارییان هەیە. بەڵام ئەو کەسانەی ئەکوافۆبیایان هەیە ترسیان بۆ ئاو هیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشییەوە نییە.

هۆکارەکانی ئەکوافۆبیا

هۆکارە شیاوەکانی ئەکۆفۆبیا بریتین لە:

  • ڕووداوەکانی ڕابردوو: ئەو کەسانەی کە ئەزموونێکی ئازاربەخشی پەیوەندی بە ئاوەوەیان هەبووە لەوانەیە تووشی ئەکوافۆبیا ببن. بۆ نموونە، خۆیان یان کەسێکی ناوسیاویان لەوانەیە ئەزموونێکی نزیک لە خنکانیان هەبووبێت، ئەمەش وادەکات کەسەکە ترسی لە بەرامبەر ئاو بۆ دروستببێت.
  • چیرۆکی نەرێنی دەربارەی ئاو: هەندێک کەس چیرۆکی ترسناکیان بیستووە دەربارەی خنکان یان تێکشکانی کەشتی لە منداڵیدا. هەندێکی دیکە سەیری فیلمەکانیان کرد دەربارەی ڕووداوە ترسناکەکان لە ئاودا، وەک قرش لە فیلمی ساڵی ١٩٧٥ بە ناوی "جاوس".
  • مێژووی خێزانی: مەترسی تووشبوون بە ئەکوافۆبیا زیاد دەکات ئەگەر یەکێک لە دایک و باوک یان خزمە نزیکەکان کێشەی ترس یان دڵەڕاوکێی هەبێت. هەروەها بازدانی بۆهێڵەکان بە شێوەیەکی بۆماوەیی دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوونی زیاتر بە ترس و گرفتەکانیەوە.
  • شێوەگری: بینینی کەسێک کە ئەکوافۆبیای هەیە یان گوێگرتن لە کەسێک دەربارەی ترس لە ئاو لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەکردنی هەمان فۆبیا.

نیشانەکانی ئەکوافۆبیا

نیشانەکانی ئەکۆفۆبیا لەوانەیە لە نیشانەی سووکەوە بۆ توند بێت. باوترین نیشانەی بریتییە لە دڵەڕاوکێی زۆر لە دەوروبەری ئاو و کاتێک بیر لە ئاو دەکاتەوە. 
نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • سەرسوڕان یان بورانەوە
  • زۆر ئارەقکردنەوە
  • هێڵنجدان
  • هەناسەدانی خێرا و خێرا لێدانی دڵ
  • هەستێکی بەهێزی تیرۆر
  • بێ خەوی

دەستنیشانکردن و پشکنین

چۆن ئەکوافۆبیا دەستنیشان دەکرێت؟
ئەگەر کەسێک گومانی ئەکوافۆبیای لێکرا ئەو کات کارمەندی چاودێری تەندروستی پێشنیاری بینینی پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی دەکات وەک دەروونناس بۆ ئەوەی کەسەکە ببینێت و ئەو گرفتە دەروونییەی هەیەتی یاخود جۆری فۆبیاکەی بە دروستی دیاریبکات. پسپۆڕی دەروونی بە پرسیارکردن لە کەسەکە دۆخی دەروونی و ترسەکەی دیاریدەکات. پرسیارەکان لەوانەیە بریتین لە:

  • ئاو چی ئەگەیەنێت بۆ کەسەکە؟
  • مامەڵەکردنی لەگەڵ ئاوا تا چ ڕاددەیەک ئاساییە؟
  • تا چ ڕاددەیەک ترسی لە بینینی ئاو و ناوچە ئاوییەکان هەیە؟
  • هیچ کەسێکی ئازیزی بە هۆی ئاوەوە لەدەستداوە؟
  • لە خێزانەکەیاندا هیچ کەسێک فۆبیای ئاو یان جۆرەکانی تری فۆبیای هەیە؟

ئەکوافۆبیا چەند باوە؟

لە نێوان دوو لە سەدا بۆ سێ لە سەدی ئەمریکییەکان ئەکوافۆبیایان هەیە. هەروەها ئەم نەخۆشییە زیاتر کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە وەک لە گەورەکان.

کێن ئەوانەی مەترسی ئەکوافۆبیایان لەسەرە؟

مرۆڤەکان مەترسی تووشبوونی زیاتریان هەیە بە ئەکوافۆبیا یان هەر جۆرە ترسێکی تر ئەگەر پێشتر ئەزموونی ئەمانەیان کردبێت:

  • شێواوی و دڵەڕاوکێی دەروونی
  • ترس
  • بوونی فۆبیا بۆ شتێکی تر

ئەو فۆبیایانەی تر کە پەیوەندییان بە ئەکوافۆبیاوە هەیە؟

ئەو فۆبیایانەی کە پەیوەندییان هەیە بە ئاکۆفۆبیا بریتین لە:

  • ئەبلەتۆفۆبیا (Ablutophobia) ترس لە خۆشۆردن.
  • سایمۆفۆبیا (Cymophobia) ترس لە شەپۆلەکان.
  • مێگالۆ هایدرۆسالاسۆفۆبیا (Megalohydrothalassophobia) ترس لە بوونەوەری ژێر ئاو یان تەنەکان.
  • سالاسۆفۆبتا (Thalassophobia) ترس لە ئاوێکی گەورەی وەک ئۆقیانووسەکان.

بەڕێوەبردن و چارەسەر

چۆن ئەکوافۆبیا چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەری بەرکەوتن و چارەسەری قسەکردن: یەکێکە لە چارەسەرە سەرەکییەکانی ترسی ئاو. لە ماوەی ئەم چارەسەرەدا، دابینکەری تەندروستی دەروونی کەسەکە ڕووبەڕووی بارودۆخ و وێنەکان دەکاتەوە کە دەکرێت هۆکاری دروستبوونی نیشانەکانی بن. ئەوان هەنگاو بە هەنگاو یارمەتیدەر دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەی کەسەکە. نزیکەی ۹ لە ۱۰ کەس کە فۆبیای دیاریکراویان هەیە نیشانەکانیان باشتر دەبن دوای وەرگرتنی ئەم جۆرە چارەسەری دەروونییە.

لە کاتی چارەسەری بەرکەوتندا، کەسەکە ئەم هەنگاوانە بەرەوپێش دەبات:

  • فێربوونی تەکنیکەکانی هەناسەدان و پشوودان بۆ بەکارهێنانی پێش یان لە کاتی بەرکەوتنی بە ئاو.
  • بینینی وێنە و ڤیدیۆکانی ئاو. 
  • هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت بۆ بینینی ئاو لە گەرماو یان لە پەرداخدا.
  • سەیرکردنی مەلەوانگە یان سەرچاوە ئاوییەکان.
  • دەستدان لە ئاو.

چەند چارەسەرێکی تر بۆ زاڵبوون بەسەر ئەکوافۆبیا بریتین لە:

چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT): CBT یارمەتیدەر دەبێت بۆ فێربوون بۆ گۆڕینی چۆنیەتی بینین و وەڵامدانەوەی بارودۆخ و شتەکان کە دەبنە هۆی نیشانەکان. زۆرێک لە کارمەندانی چاودێری تەندروستی CBT بەکاردەهێنن لەگەڵ چارەسەری بەرکەوتن.

چارەسەری هەڵسوکەوتی دیالێکتیکی (DBT): ئەم شێوە گۆڕاوەی CBT خەڵک فێردەکات چۆن بژین لە کاتی ئێستایاندا. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بیت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناخۆشی و دڵەڕاوکێ و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر و ڕێکخستنی هەستەکان. 

چارەسەری خەواندنی موگناتیسی: کارمەندانی چاودێری تەندروستی تەکنیکەکانی پشوودان بەکاردەهێنن و تەرکیز دەکەن بۆ یارمەتیدانی گۆڕینی شێوازی بینینی ئاو لە کەسەکەدا. هەروەها لەوانەیە ئەم چارەسەرییە بەکاربهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕووداوە بنچینەییەی کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ترسی ئاو.

دەرمان: دەرمانەکانی دژە دڵەڕاوکێ و دەرمانەکانی دژە خەمۆکی لەوانەیە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەکوافۆبیا بدەن. دابینکەرانی تەندروستی زۆرجار ئەم دەرمانانە لەگەڵ CBT دەنووسن. ئەگەر ئەکوافۆبیا ببێتە هۆی ترس لە شەودا کە کاریگەری لەسەر خەو هەیە، لەوانەیە دابینکەری چاودێری تەندروستی پێشنیاری دەرمانی یارمەتی خەو بکات.

ئاڵۆزییەکانی ئەکوافۆبیا چین؟

ئەکوافۆبیای توند دەتوانێت کاریگەری لەسەر جۆری ژیان هەبێت. ئاو پێکهاتەیەکی گرنگی ژیانە، ترس لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی کەسەکە دەبێت. لەوانەیە کەسەکە نەیەوێت خۆی بشوات یان دەموچاوی بشوات، کە ئەمەش دەکرێت کاریگەری لەسەر پاک و خاوێنی هەبێت. هەروەها مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات ئەگەر پاکوخاوێنی ڕانەگیرێت.


سەرچاوەکان



1019 بینین