لە کاتی گفتوگۆکردن چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-15-01:31:00 - کۆدی بابەت: 11441
لە کاتی گفتوگۆکردن چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە کاتی گفتوگۆکردن چۆن بزانین کەسێک درۆمان لەگەڵدا دەکات؟ (بە عەرەبی: كيف نعرف إذا كان شخص ما يكذب علينا أثناء المحادثة؟، بە ئینگلیزی: ?How do we know if someone is lying to us during a conversation) هەمووان دەزانن ڕاستگۆیی سیفەتێکی باشە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی خەڵکی بەبێ جیاوازی درۆ دەکەن. لەوانەیە درۆی بچووک بن بۆ ئەوەی سەرنجی کەسانی تر ڕابکێشن و سەرسامیان بکەن هەندێجاریش بۆ دوورکەوتنەوە لە سزا و تاوانبارکردن یان فریودانی کەسانی تر بگۆڕدرێن بۆ درۆی گەورە. هەرچەندە زۆرێک لە درۆ سپییەکان، هیچ زیانێکیان لێناکەوێتەوە، بەڵام ڕەنگە وردە وردە گەشە بکەن و زیانێکی گەورە بە خاوەنەکانیان یان ئەو کەسانە بگەیەنن کە باوەڕیان پێیەتی.

چۆن دەزانیت کەسێک درۆت لەگەڵدا دەکات؟

شرۆڤەکاری ڕەفتار و پسپۆڕی زمانی جەستە، دکتۆر لیلیان گلاس، کە لەگەڵ  FBI بۆ دیاریکردنی نیشانەکانی درۆ و فریودان کاری کردووە دەڵێت "بۆ ئەوەی بزانیت کەسێک درۆ دەکات، دەبێت سەرەتا ئاشنای زمانی جەستە و دەربڕینی دەموچاوی بیت لە حاڵەتی ئاسایی، بۆ ئەوەی بتوانیت سەرنجی ئەو گۆرانکارییان بدەیت کە لە کاتی درۆکردندا بەسەر هەڵسوکەوتیدا دێت. دکتۆر لیلیان گلاس لە کتێبەکەیدا بەناوی "زمانی جەستەی درۆزنەکان" باسی کۆمەڵێک نیشانە دەکات کە یارمەتیدەرن دەدەن بۆ ئەوەی بزانیت کەسی بەرامبەر ڕاستگۆیە یان نا، هەروەها نیشانەکان چین؟

نیشانەکانی درۆکردن

هەندێک لەو  نیشانە و ئاماژانەی کە درۆزنەکان بە نائاگایی یان بە مەبەست دەریدەخەن، ئەگەر سەرنجیان بدەیت و خۆت ڕابهێنیت لەسەر وردبوونەوە لێیان، ئەوا درۆزنەکان لە هەر کوێ بن و هەرچەندێک هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان بدەن دەتوانی دەستنیشانیان بکەیت.

گۆڕینی ئاراستەی سەر

یەکێک لە نیشانە دیارەکان کاتێک کەسێک درۆت لەگەڵ دەکات، گۆڕینی لەناکاوی ئاراستەی سەرە کاتێک پرسیارێکی ئاراستە دەکرێت.  دکتۆر گلاس دەڵێت: "ڕەنگە کەسەکە کەمێک سەری بباتە دواوە، سەری داگرێت یان بە لایەکی تردا بیجوڵینێت." ئەگەرلە کاتی پرسیار کردن لە کەسی بەرامبەر لەناکاو ئاراستەی سەری گۆری، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە کەسەکە ڕاستیت پێ ناڵێت.

شێوازی هەناسەدان

کاتێک کەسێک بە هۆی درۆکەیەوە توشی فشار دەبێت، ئەوا تێبینی ئەوە دەکەیت کە بە قورسی هەناسە دەدات و دەنگی نزم دەبێتەوە. ئەمەش بەهۆ گۆڕانی لێدانی دڵەوە ڕوودەدات (بەهۆی ترس لە ئاشکرابوونی درۆکەیەوە) و لەگەڵ گۆڕانی پاڵنانی خوێن لە جەستەدا. کە دەبێتە هۆی بە ئاستەم هەناسەدان و قسەکردن.

وەستان بەبێ جوڵە

ڕەنگە پێشتر لە فیلم و زنجیرەکاندا سەرنجی ئەوەتان دابێ کە چۆن کەسانی ڕاڕا و دوودڵ وەکوو پەیکەر دەوەستن و بەبێ ئەوەی بجوڵێن. لە ڕاستیدا درۆزنەکان ڕەفتاری هاوشێوە ئەنجام دەدەن. ئەگەر کەسێکت بینی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکات لەکاتێکدا هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ دروستبوونی ئەم فشارە نییە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەوڵی شاردنەوەی شتێک دەدات.

دوبارەکردنەوەی وشە و ڕستەکان

کاتێک کەسێک وشە یان ڕستەیەک دووبارە دەکاتەوە کە تازە وتوویەتی، لە ڕاستیدا هەوڵدەدات کاتێکی زیاتر بەدەستبهێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی بیرۆکەکانی و بنیاتنانی چیرۆکێکی قایلکەر. هەوڵدەدات بڕوا بە خۆی و کەسی بەرانبەر بهێنێت کە گوایە ڕاستییەکان دەڵێت.

دەست لێدان یان داپۆشینی دەم

زۆرجار درۆزنەکان سەرنجی ئەم ڕەفتارە نادەن، بە نائاگایی ئەم کارە ئەنجام دەدەن. بەم کارەیان دەیانەوێ ڕێگری لە خۆیان بکەن لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە.

داپۆشینی هەندێک شوێنی جەستە

یەکێکی تر لەو ڕەفتارانەی کە مرۆڤ لەکاتی درۆکردندا ئەنجامی دەدات بریتییە لە داپۆشینی هەندێک شوێنی دیاریکراوی جەستەی بە دەست یان بە هەر شتێکی تر (کڵاو، جانتا…چەندانی تر). ئەگەر بینیت کەسێک دەستی لەسەر قوڕگ یان سنگی دادەنێت، هەروەها داپۆشینی سەر یان دەورووبەری گەدەی ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی پرسیارێکی لێکرا، ئەوا بە ئەگەری زۆرە وەڵامێکی ڕاستت پێ ناڵێت.

جوڵەی زۆری دەستەکان و ئاماژەکردن

زۆرجار کە کەسێک درۆدەکات و گومانی لێ دەکرێت بە نائاگا بەرگری لە خۆی دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادەڕەویکردن لە ئاماژە و جوڵەی دەستیان، هەندێجار بە ڕادەیەکە کە لەگەڵ ناوەڕۆکی گفتوگۆکەدا ناگونجێت.

وردەکاری نا پێویست

کاتێک کەسێک هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان دەدات، باشترین ڕێگا بۆی، ونکردنی ڕاستییەکانە لە نێو وردەکارییە بێ سوودەکان. کاتێک پرسیار لە کەسێک دەکەیت و بە وردەکارییەکی زۆر و بێسوود وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە کە درۆ بکات. یان بیەوێت بەو شێوەیە خۆی ڕاستگۆ نیشان بدات.

بە ئاستەم قسەکردن

درۆزنەکان بە ئاستەم قسە دەکەن، لەبەر ئەو  گۆڕانکاریانەی کە بەسەر جەستەدا دێن. کاتێک هەست بە سترێس دەکەیت، قوڕگ وشک دەبێتەوە و قسەکردن قورس دەبێت. ئەگەر قسەکەرەکە لە کاتی قسەکردندا گازی لە لێوەکانی گرت، ئەوا ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە درۆ دەکات.

سەیرکردن بەبێ چاو تروکاندن

درۆزنەکان پێیان وایە ئەگەر پەیوەندی چاویان لەگەڵ کەسی بەرانبەردا نەپچڕێنن، ئەوا دەتوانن بڕوایان پێبێنن کە ڕاستییەکان دەڵێن، هەر بۆیە هەست دەکەی کە لەم کارەدا زیادەڕەوەی دەکەن، بەردەوام سەیرت دەکەن بەبێ چاوتروکاندن. دکتۆر لیلیان گلاس دەڵێت "کاتێک مرۆڤەکان ڕاستییەکان دەڵێن، هەندێکیان جارجارە سەیری دەوروبەریان دەکەن، بە پێچەوانەی ئەو درۆزنانەی کە نیگای ساردیان هەیە و بەردەوام سەیرت دەکەن بۆ ئەوەی جۆرێک لە کۆنترۆڵکردن بەسەرتدا بسەپێنن".

ناتوانێت دووبارە چیرۆکەکە وەکوو خۆی بگێڕێتەوە

گریمان کەسێک چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێت، تۆش هەندێک گومانت هەیە لە ڕاستییەکەی. تەنها پێویستە دوای چەند ڕۆژێک جارێکی تر پرسیاری هەمان چیرۆکی لێبکەیتەوە. ئەگەر درۆ بکات، کەموکووڕی زۆر لە چیرۆکەکەیدا بەدی دەکەیت. هەروەها دەتوانیت داوای لێبکەیت کە چیرۆکەکەت بە پێچەوانەوە بۆ بگێڕێتەوە، واتە بە ڕیزبەندییەکی جیاوازی کات، یان پرسیاری لێبکەیت سەبارەت بە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە: کامیان پێش ئەوی تر ڕوویداوە؟ کامیان یەکەمجار ڕوویدا؟ بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناتوانێت وەڵامی دروست بداتەوە، چونکە هەر ئەو ساتە چیرۆکەکەی دروستکردووە کە گێڕاویەتییەوە، هەر بۆیەش سەرنجی لەلایەکی تردا بووە و لە هەمان کاتدا هەستی بە دڵەراوکێ کردووە، هەر بۆیە ناتوانێت هەموو وردەکارییەکان بە بیر خۆیدا بهێنێتەوە. بە هۆی ئەم نیشانانەوە دەتوانیت بزانیت کێ درۆت لەگەڵدا دەکات، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە خوویەکی سروشتی کەسەکە بێت پێش ئەوەی بڕیار بدەیت کە کەسەکە درۆ دەکات یان نا، هەروەها پێش ئەوەی دەست بکەیت بە لێکدانەوە بۆ ڕەفتارەکانی وەک نیشانەی درۆکردن، سەرەتا دڵنیابە لەوەی کە ئەو کەسە لە حاڵەتی ئاسایدا چۆن ڕەفتار دەکات.


سەرچاوەکان



500 بینین