کاریگەری پەیوەندی گروپی خوێن لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا چییە؟

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-10-31-18:52:00 - کۆدی بابەت: 11566
کاریگەری پەیوەندی گروپی خوێن لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری پەیوەندی گروپی خوێن لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا چییە؟ (بە ئینگلیزی: ?What is the effect of blood group relationship between parent and child، بە عەرەبی: ما هو تأثير علاقة فصيلة الدم بين الوالدين والطفل؟گروپی خوێن بەپێی جۆری ئەو پرۆتینانە دیاری دەکرێت کە لەسەر خرۆکە سوورەکانی خوێن هەیە ئەم سیفەتەش دەکرێت وەک زۆرێک لە سیفەتەکانی دیکە لە باوانەوە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان لەڕێگەی جینەکانەوە، جۆری خوێنی منداڵەکە بەپێی جۆری خوێنی هەردوو باوان دیاری دەکرێت، دایک و باوک هەریەکەیان یەکێک لەو دوو ئەلیلەی کە هەیانە تایبەت بە جۆری خوێن، دەنێرن بۆ ئەوەی جۆری خوێنی منداڵەکەیان پێکبهێنن. هەندێک ئەلیلی وەک (A و B) زاڵن، واتە هەمیشە دەردەکەون. ئەلیلی (O) بەزیووە، واتە کاتێک لەگەڵ ئەلیلێکی زاڵدا (A یان B) لێکدەدرێت، دەشاردرێتەوە و دەرناکەوێت، ئەمەش بە سیفەتی بەزیوو ناودەبرێت. 

ئایا هەمیشە گروپی خوێنی منداڵ وەک گروپی خوێنی دایک و باوک دەردەچێت؟

دەگونجێت منداڵ هەمان جۆری خوێنی یەکێک لە دایک یان باوکی هەبێت، بەڵام هەمیشە بەو شێوەیە ڕوونادات. بۆ نموونە ئەو دایک و باوکانەی کە جۆری خوێنی یەکیان (AB) و ئەوی دی (O)یە، منداڵەکەیان دەکرێت گروپی خوێنەکەی (A) یان (B) بێت، ئەم دوو جۆرە بە دڵنیاییەوە جیاوازن لە جۆری خوێنی دایک و باوکەکە. بەڵام دوو دایک و باوک کە گروپی خوێنەکەیان (O) یە، هەمیشە منداڵی (O) یان دەبێت.

بە هەمان شێوە گەر هەردوو باوان هەمان جۆری گروپی خوێنیان هەبێت، ئەوا ئەگەرەکان بۆ ئەوەی کە گروپی خوێنی منداڵەکە جیاواز بێت زۆر کەمە. وەک دەبینیت هەندێک جار جۆری خوێنی منداڵان یەکدەگرێتەوە لەگەڵ جۆری خوێنی دایک و باوک، هەندێکجاریش یەکناگرێتەوە، هەندێک یاسای جینات هەیە کە ڕێگەی بە شارەزایان و زانایانی ئەم بوارە داوە کە  بگەنە ئەم وەڵامە، بەدڵنیاییەوە وەک زۆرێک لە بابەتە زانستیەکانی دیکە و بەتایبەتیش بایۆلۆجی، حاڵەتی شاز و ناباو دەکرێت هەبێت.

چۆن پێشبینی جۆری خوێنی منداڵێک بکەین؟

سەرەتا پێوسیت دەکات جۆری گروپی خوێنی دایک و باوکەکە بزانین، دواتر دەتوانین خشتەی چوارگۆشەی پۆنێت بەکاربهێنین کە ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ پێشبینی کردنی جۆری خوێنی منداڵەکە بەپێی جۆری خوێنی باوانی بۆ هەردوو سیستەمی ABO و RH تاکو پێشبینیەکان زیاتر نزیک بن لە ڕاستییەوە.

لە چ کاتێکدا جیاوازی گروپی خوێنی دایک و باوک کێشە بۆ منداڵ دروست دەکات؟

لەکاتێکدا کە دایکەکە جۆری خوێنەکەی نێگەتیڤ بێت و باوکەکە پۆزەتیڤ بێت، ئەوا ئەگەری هەیە کە منداڵێکیان ببێت جۆری خوێنەکەکەی پۆزەتیڤ بێت، لەم حاڵەتەدا کێشە دروست دەبێت بەهۆی تێکەڵبوونی خوێنی دایکەکە و منداڵەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان، لەبەرئەوەی کە دایکەکە دژەتەن لەسەر خرۆکە سورەکانی نییە، ئەوا دژەتەنەکانی سەر خرۆکە سوورەکانی منداڵەکە بە نامۆ دادەنێت و جەستەی دایکەکە دژەپەیداکەری بۆ دروست دەکات و لەناوی دەبات.

زۆرجار ئەم حاڵەتە لەدوای منداڵی یەکەمەوە ڕوو دەدات و زیانی بۆ منداڵی یەکەم نییە، واتە دووبارە دووگیان بوونەوەی دایکەکە بە منداڵی RH پۆزەتیڤەوە لەکاتێکدا خۆی نێگەتیڤە و لە دووگیانبوونی بە منداڵی یەکەمیەوە جەستەی دژە پەیداکەری دروست کردووە وا دەکات زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت و لەدوای لەدایک بوونی توشی کەم خوێنی، گەورەبوونی سپڵ و جگەر، زەردووی یان حاڵەتی نائاسای دیکە بکات، لەهەندێک حاڵەتەکاندا لەبارچوونیش دەکرێت ڕووبدات. بەڵام خۆشبەختانە ئێستە چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە هەیە.


سەرچاوەکان



493 بینین