پیسبوونی ژینگە بە ماددە کیمیاییەکان

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-11-15-20:07:00 - کۆدی بابەت: 11630
پیسبوونی ژینگە بە ماددە کیمیاییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیسبوونی ژینگە بە ماددە کیمیاییەکان (بە ئینگلیزی: chemical pollution، بە عەرەبی: التلوث الكيميائ)، بریتییە لە پەیدابوونی یاخود زیادبوونی ماددە کیمیاییەکان لە ژینگەکەماندا، کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ژینگەدا بوونیان نییە یاخود بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بوونیان هەیە. زۆربەی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە ژینگە پیس دەکەن دروستکراوی مرۆڤن، لە ئەنجامی ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی کە تێیدا ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانی تێدا بەکار دەهێنرێت دێنە ژینگەوە و پیسی دەکەن لەهەمانکاتدا زۆر جۆریان مەترسی بۆسەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ و ئەژەڵەکانیش هەیە.

گومانی تێدا نییە کە کارگە پیشەسازییەکان و بەکارهێنانی زۆری ئۆتۆمبێلەکان یەکێکن لە گرنگترین سەرچاوەکان کە دەبنە هۆی  پیسبوونی ژینگە بە ماددە کیمیاییەکان لە دونیای ئەمڕۆماندا، بەهۆی زۆربوونی پیشەسازیی و پێشکەوتن لە کارگەکاندا و بەکارهێنانی پیشەسازی زانستی مۆدێرن، هۆکاری سەرەکین بۆ کردنە دەرەوەی ماددە کیمیاییەکان بۆ ژینگەی دەوروبەرمان، دواتر دەکرێت ئەو ماددانە لە جەستەی مرۆڤ یاخود ئاژەڵەکاندا کۆببێتەوە و مەترسی بۆسەر تەندروستییان دروست بکات.

سەرچاوەکانی پیسبوون

پیسبوونی سروشتی

ئەم جۆرە پیسبوونە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان کە ناوبەناو ڕوودەدەن، وەکو گڕکان، ڕەشەبا و زریان، کە ڕەنگە بڕێکی زۆر خۆڵ و تەپوتۆزیان لەگەڵ بێت و زیان بە بەروبوومەکان بگەیەنن، کەواتە پیسبوونی سروشتی لە ڕوداووە سروشتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و دەستی مرۆڤی تێدا نییە.

پیسبوونی پیشەسازی

لە ئەنجامی کردار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە دێتە ئاراوە، هەروەک ئاماژەمان پێدا هەموو ئەو تەکنەلۆژیای سەردەمانە کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت سەرچاوەی سەرەکین، لە گرنگترین سەرچاوەکانی پیسبوونی پیشەسازی: پاشەڕۆی کارگە پیشەسازییەکان، ئۆتۆمبێل، دوکەڵکێشی کارگەکان کە پێکهاتەی ژەهراوی وەک (کلۆر، فلۆرین و کاربۆن) تێکەڵ بە هەوا دەکەن، مێرووکوژەکان، پەینی کیمیای و هەروەها چەندین چالاکی جۆراوجۆری دیکە.

جۆرە سەرەکییەکانی پیسبوونی کیمیایی

١- پیسکەرە نائەندامییەکان: ئەم ماددانە بەهۆی چالاکییەکانی کانزاکاری، پیشەسازی، گواستنەوە و چالاکییەکانی دیکەوە دەدرێنە ناو ژینگەوە، کانزا قورسە ژەهراویەکان و میتالۆیدەکان کارلێکێکی بەهێز لەگەڵ پێکهاتەکانی خاک دەکەن بە بەراورد بە خوێ ئەلکالیەکان، بەڵام ڕێژەی ئەمانە بەندە بە توخمەکە و جۆرەکانیانەوە.

٢- پیسکەرە ئەندامییەکان: ئەم پێکهاتانە زیاتر لە پیشەسازی و بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێن، ئەم ماددانە بەرکەوتنی زۆریان هەیە لەگەڵ مرۆڤدا لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەکاردەهێنرێن بۆ دەرمان، پاکەرەوەکان کە لەناو ماڵدا بەکار دەهێنرێن، سووتەمەنی، بۆیاخ، ڕەنگ، پارێزەر و قڕکەر, بۆیە دەبێتە هۆی پیسبوونی زیاتر بەم هۆیەشەوە دەتوانێت کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت و زۆربەیان دەتوانرێت لە ڕێگەی پێستەوە هەڵبمژرێن و بچنە ناو  سوڕی خوێنەوە.

٣- پیسکەرە ئەتۆمییەکان (تیشکدانەوە): پیسبوونی تیشکی واتە دزەکردنی ماددە تیشکدەرەکان بۆ ناو یەکێک لە پێکهاتەکانی ژینگە وەک ئاو، هەوا و خاک. بە یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت لە سەردەمی ئێمەدا، چونکە نابینرێت، بۆن ناکرێت، هەستیشی پێناکرێت.

٤- پیسکەرە بایۆلۆجییەکان: ئەم پیسبوونە لە ئەنجامی بوونی زیندەوەرە زیندووەکانی بینراو یان نەبینراو وەک بەکتریا، کەڕووەکان و زیندەوەرە زیانبەخشەکانی تر لە ناوەڕۆکی ژینگەیی وەک ئاو، هەوا یان خاکدا سەرهەڵدەدات، بۆیە تێکەڵکردنی زیندەوەرانی هۆکاری نەخۆشی لەگەڵ خۆراکدا کە کەسەکە دەیخوات، ئەو ئاوەی کە دەیخواتەوە، یان ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژێت دەبێتە هۆی پیسبوونی بایۆلۆجی، کە دەبێتە هۆی نەخۆشی.

مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە

  • دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی زیندەوەرە دەریاییەکان، کە ڕەنگە ببێتە هۆی مردنیان، بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر زنجیرە خۆراکییەکان لە ژینگەدا دروست دەکات.
  • زیانگەیاندن بەو زیندەوەرە زیندووانەی لەسەر زەوی دەژین، چ وردە زیندەوەران بن، یاخود ڕووەک یان ئاژەڵبن، بەو پێیەی خاک بەپیتی لەدەست دەدات، و لەوانەیە ببێتە هۆی بیابانبوون.
  • گەرمبوونی گۆی زەوی ڕوودەدات، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی وەک: گەرمبوونی جیهان، هەروەها توانەوەی سەهۆڵ لە جەمسەری باکوور و کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوی سەر زەوی و بەم شێوەیەش وشکانیەکان نوقمی ئاو دەبن و ژیانیان لەسەر نامێنێت.
  • دەبێتە هۆی دروستبوونی کون لە چینی ئۆزۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخش بۆ سەر زەوی و ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت.
  • دەبێتە هۆی بارینی ترشە باران.
  • دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی لە مرۆڤدا، بەتایبەت گۆڕان لە جینەکان و دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی.


سەرچاوەکان



684 بینین