مەزار و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-11-18-15:41:00 - کۆدی بابەت: 11649
مەزار و گۆڕی پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

مەزار و گۆڕی پێغەمبەر یان حوجرەی پێغەمبەر (بە عەرەبی: الحجرة النبوية، المقصورة الشريفة، بە ئینگلیزی: tomb of prophet muhammad) بریتییە لە شوێنی ناشتنی گۆڕی پێغەمبەر کە لە ڕابردوودا ژووری نیشتەجێبوونی خاتوو عائیشەی کچی ئەبووبەکری سدیق بووە کە لەگەڵ پێغەمبەر لەو شوێنەدا ژیاوە.

حوجرەی پێغەمبەر شوێنی ناشتنی گۆڕی پێغەمبەر ، هاوکات لە ساڵی ١٣ـی کۆچی کاتێک ئەبوبەکری سدیقیش کۆچی دوایی کرد لەسەر وەسێتی خۆی بۆ خاتوو عائیشە هەر لە تەنیشت پێغەمبەر نێژرا. لە ساڵی ٢٤ـی کۆچیش عومەری کوڕی خەتتاب کاتێک کوچی دوایی کرد لەتەنیشت ئەبووبەکری سدیق نێژرا و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە خاتوو عائیشە کردبوو کە ڕێگەی بدات.

شوێنی گۆڕی پێغەمبەر ﷺ 

مەزار و گۆڕی پێغەمبەر دەکەوێتە شاری مەدینەی پیرۆزەوە، بە دیاریکراوی لە حوجرەی خاتوو عائیشەیە ئەو ژوورەی کە لێی نیشتەجێبوون کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی پیرۆزی پێغەمبەر لە شاری مەدینە، مەزار و گۆڕی پێغەمبەر بەشێکن لە مزگەوتەکە.

بەشێکی حوجرەکە لە باکوورەوە بە ماڵی فاتیمەی کچی پێغەمبەر بەستراوەتەوە، لە بەشی باشووریشەوە ڕێگەیەکی باریک ژووری حەفسەی کچی عومەری کوڕی خەتتابی لە حوجرەکە جیادەکاتەوە، لە سەردەمی ئێستادا شوێنەکەی خاتوو حەفسە بەشێکە لە شوێنی سەردانیکەرانی مەزارەکە. مەزاری پێغەمبەر لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە بە شوێنی نوێژکردن لە سەر مردووان بەستراوەتەوە، لە بەشی ڕۆژاواشەوە دەرگایەکی دیاریکراو مزگەوتی پێغەمبەر لەگەڵ مەزارەکه جیادەکاتەوە.

تایبەتمەندییە پێوانەییەکانی شوێنەکە

مەزاری پێغەمبەر سێ گۆڕی تێدایە، پێوانەی درێژی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا بە ئاڕاستەی قیبلە نزیکەی ٤٫٨ مەترە، ئەو بەشەی کە بە "ڕووەو شام" ناسراوە ٤٫٦٩ مەترە، بەشی پانی لە باکوورەوە بو ڕۆژاوا لە بەشی ڕۆژهەڵاتییەوە نزیکەی ٣٫٤٣ مەترە، ئەستووری دیوارەکانی لە ناوەوە ٠٫٦٨ مەترە.

لە دەوەری حوجرەکە پەرژێنیکی مسین لە دەوری هەیە کە دێژییەکەی لە بەشی باکوور و باشوورەوە نزیکەی ١٦ مەترە، لە بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواشەوە نزیکەی ١٥ مەترە، پێوانەی لایەکانی نێو پەرژینەکە ٤ـ٥ـ٦ مەترە، بەرزییەکەشی ٨ مەترە.

شێوازی بنیاتنانی سەرەتای

دوای تەواوکردنی بنیاتنانی مزگەوتی پێغەمبەر ، شوێنی مانەوەی پێغەمبەر لەگەڵ خاتوو عائیشە لە قوڕ و گەڵای دارخورما لەلایەن پێغەمبەر خۆیەوە دروستکرا، شوێنەکە دوو دەرگای هەبووە کە یەکێکیان لە بەشی ڕۆژاوا بووە و نزیک مزگەوتەکە بووە و دەرگای دووەمیش لە بەشی باکوورەوە بووە.

درگاکان قفڵ یان شوێنی و ئەڵقەیەیان نەبووە کە دەستی پێوەدەگیرا، بەڵکوو بە دەست لێی دەدرا. داری دەرگاکان لە داری عەرعەر و داری تیک دروستکران.

مێژووی گۆڕانکارییەکان و نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە

  • لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر تاکوو کۆچی دوایی ئەبووبەکری سدیق و ناشتنی لە تەنیشت گۆڕی پێغەمبەر شوێنەکە هەر وەکوو خۆی بوو، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب لە ساڵی ١٧ـی کۆچی بنمیچەکەی کە لە گەڵای داری خورما بنیاتنرا بوو گۆڕدرا بۆ سەقفێکی کورت و دیوارێکی لەسەر بنیاتنرا، بۆیە ئەم هەنگاوە بە یەکەمین نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە دادەنرێت.
  • خاتوو عائیشە لەنێوان شوێنی مانەوەی و شوێنی بە خاکسپاردنی گۆڕەکان دیوارێکی جیاکەرەوەی بنیاتنا، بۆیە شوێنەکە دابەش بووە سەر دوو بەش ئەو بەشەی کە ڕووەو قیبلە بووە و گۆڕی پێغەمبەر و هەردوو هاوەڵەکەی تێدا بووە، بەشی دووەمیش بەشی باکوور بووە و شوێنی نیشتەجێبوونی خاتوو عائیشە بووە.
  • لە سەردەمی دەسەڵاتی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک، کاتێک عومەری کوڕی عەبدولعەزیز والی شاری مەدینە بووە دیوارێکی نزیک گۆڕی عومەری کوڕی خەتتاب خاپوور بووە، بۆیە هەستاوه بە دەرکردنی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی تەواوی شوێنەکه، بە بەردی پتەوی ڕەش دووبارە بنیاتیناوەتەوە، بە دەوری ئەو دیوارەی کە خاتوو عائیشە دروستی کردووە ئەویش دیوارێکی پێنج لایی دروستکردووه، بە جۆرێکە کە سێ لای تەختن و بەشی سەرەوەی سێگۆشەیەکە کە لەگەڵ سێ لاتەختەکە ناتەریبن، بەو جۆرە دروستی کردووە تاکوو شێوەکەی لە کەعبەی پیرۆز نەچێت.
  • لە سەردەمی دەسەڵاتی نورەدین زەنگی لە ساڵی ٥٥٧ـی کۆچی، خەندەقێکی لە دەوری گۆڕەکان دروست کرد و بە قوڕقوشم پڕیکردەوە تاکوو گەیشتنی سەردانیکەران بە گۆڕەکان سنووردار بکات و گۆڕەکان زیانیان پێ نەگات.
  • لە ساڵی ٦٦٨ـی کۆچی (پاشا زاهر بیبێرس) کابینەیەکی لە دار دروستکراوی لە دەوری سێ گۆڕەکە دروست کرد و سێ دەرگایشی بۆ دروست کردن.
  • لە ساڵی ٦٧٨ـی کۆچی (سوڵتان محەمەد قەلاوون) گومەزی بۆ مەزارەکە زیادکرد کە لە بەشی خوارەوەی هەشت‌لا بوو و بەشی سەرەوەی چوارگۆشەیی بوو و بەشی سەرەوەی لە قورقوشم بنیاتنا.
  • چەند ساڵێک دواتر و لە ساڵی ٦٩٤ـی کۆچی (شا عادل زەینەدین) بەرزی کابینەی دەوری گۆڕەکانی بەرز کردەوە تا بنمیچ. 
  • لە ساڵی ٨٨١ـی کۆچی لە سەردەمی قایتیبای سوڵتانی مەملوکییەکان دیواری مەزارەکە نۆژەن کرایەوە.
  • لە ساڵی ٨٨٦ـی کۆچی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ گومەزی مەزارەکە زیانی بەرکەوت، بۆیە ساڵێک دواتر بینای گومەزەکە نۆژەن کرایەوە و ستوونی پاڵپشتی بەهێزی بۆ دانرا، بۆ شوێنەکە پەنجەرەی لە ئاسن دروستکراو دانرا.
  • چەند ساڵێک دواتر و لە ساڵی ٨٩٢ـی کۆچی گومەزی مەزارەکە تووشی شەق و کەرتبوون بوو، بۆیە دووبارە بنیاتنرایەوە و لە گەچ دروستکرایەوە.
  • لە سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دووبارە گومەزەکە تووشی شەق بوون و کەرتبوون بوو، بۆیە سوڵتان فرمانی بە ڕووخانی بەشی سەرەوەی کرد و سەرلەنوێ بە شێوازێکی پتەو بنیاتی نایەوە و تاکوو ئەم سەردەمەش بەو جۆرە ماوەتەوە، هاوکات هەر سوڵتان عەبدولحەمید فرمانی کرد کە بەشی دەرەوەی گومەزەکە بە ڕەنگی سەوز بۆیە بکرێت بۆیە لەوکاتەوە بەو ڕەنگە ماوەتەوە.
    لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئال سعوودەکانەوە لە سعوودیە، گومەز و مەزارەکان ماوەی تایبەتی خۆیان هەیە کە نۆژەن دەکرێنەوە و گرنکیان پێ دەدرێت و گۆمەزەکەش لە جۆرێک بۆیەی تایبەتی ڕەنگ کراوە کە لەگەڵ بارودۆخی کەشوهەوای ناوچەکە بگونجێت.

دەرگاکانی مەزارگەکە

حوجرەی پێغەمبەر شەش دەرگای هەیە، دەرگای باشوور بە "دەرگای تەوبە" ناسراوە و لاکێشەیەکی زیو لە بەشی سەرەوەیەتی ساڵی دروستکردنی لێ نووسراوە کە ساڵی ١٠٢٦ـی کۆچییە.
دەرگای باکوور بە "دەرگای تەهەجوود" ناسراوە، دەرگای ڕۆژهەڵاتیش بە "دەرگای فاتیمە" ناسراوە، دەرگای ڕۆژاوا بە "دەرگای نەبی" یان "دەرگای وفوود" ناودەبرێت.
لە بەشی ناوەوە دوو دەرگای تر بوونیان هەیە کە دەکەونە بەشی لای ڕاست و لای چەپی کابینەی مەزارەکە کە گۆڕەکانی لەخۆگرتووە.

بەرگی مەزراگەکە

یەکەمین کەس کە بەرگی بۆ دیوارە پینج لایەکەی دەوری مەزارەکە دروستکرد خەیزەرانی دایکی هاروونە ڕەشید بوو، پاشان خەلیفە ناسڕی عەباسی لەو سەردەمە بەردەوامی بە داپۆشینی شوێنەکە بە بەرگ داوە، پاشان هەر شەش ساڵ جارێک لە وڵاتی میسرەوە بەرگەکە لە ئاوریشمی سپی و پەتی زێڕ و زیو دروست دەکرا و دەنێردرا بۆ مەدینە.
بەرگەکە لە ئاوریشم دروست کراوە و ڕەنگی سەوزە و بەشی ناوەوەی بەرگەکە پەمووە، لە بەشی ڕووی دەرەوەی بەرگەکە بە خەتی جۆری (الثلث) دەستەواژەی (لا اله الا الله محمد رسول الله) لەسەری نەخشێنراوە، پشتێنێکی ڕەنگ سووری تۆخ بە بەرگە ئاوریشمەکەوەیە و لەم پشتێنەوە سێ بەرگ درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەر سێ گۆڕەکە و دایانیپۆشیوە، لەسەر پشتێنەکە سەرەتای دەستپێکی سوورەتی (الفتح) کە لە ئایەتی (إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُّبِينًا) دەستپێدەکات تاکوو ئایەتی ۱٤ لەسەری نەخشێنراوە، پاشان وتەی (ولله ملك السموات والأرض يغفر لمن يشاء ويعذب من يشاء وكان الله غفورا رحيما) بەهەمان شێوە لەسەر بەرگەکە نووسراوە.
بەرگەکە بەهۆی ئەوەی دەسەتی بەرناکەوێت و بە کەشوهەوا کاریگەر نییە، بۆیە ساڵانە ناگۆڕدرێت.

سەردانیکردنی گۆڕی پێغەمبەر

هەر موسڵمانێک بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و سوننەتی عەمرە بچێتە وڵاتی سعوودیە، سەردانی شاری مەدینە دەکات و مەبەستی سەرەکیش لە سەردانیکردنی شاری مەدینە بریتییە لە زیارەتکردنی گۆڕ و مەزاری پێغەمبەر . زۆرێک لە زانایانی ئیسلام و هەر چوار ڕێبازەکەی ئیسلام سەردانیکردنی گۆڕی پێغەمبەریان بە کارێکی (مستحب) واتا پەسەند یان دروست داناوە.
هەروەها فەرموودەی پێغەمبەرهەیە کە هەرکەسێک سەردانی بکات و سڵاواتی لەسەر بدات گوێی لێیە. بۆیە ئەم شوێنە شوێنێکی پیرۆزە لای زۆرێک لە موسڵمانان و گرنگی بە سەردانی کردنی دەدەن.


سەرچاوەکان



765 بینین