چۆنیەتی ئارامکردنەوەی کەسێکی توڕە و تەکنیکەکانی ئارامگرتن

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-26-18:01:00 - کۆدی بابەت: 11658
چۆنیەتی ئارامکردنەوەی کەسێکی توڕە و تەکنیکەکانی ئارامگرتن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی ئارامکردنەوەی کەسێکی توڕە و تەکنیکەکانی ئارامگرتن (بە عەرەبی: كيفية تهدئة الشخص الغاضب وتقنيات التهدئة، بە ئینگلیزی: How to calm an angry person and calming down techniques)، هێورکردنەوەی کەسێکی توڕە پێویستی بە ئارمی و خۆڕاگری هەیە، چونکە ئەگەر بە کەسێکی توڕە بڵێین "ئارامبە" تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات. گوێگرتن بە وردی و سەرقاڵکردنی ڕێگایەکی یارمەتیدەرە بۆ هێورکردنەوەی کەسێکی توڕە، بەڵام کاتێک کەسەکە زۆر بەتوندی هەڵدەچێت یان توڕەییەکەی پێشبینی نەکراوە، پێویستە وازی لێبهێنیت نەک هەوڵبدەیت لۆژیک بەکاربهێنیت.

چەند تەکنیکێک بۆ ئارامکردنەوەی کەسێکی توڕە

هێمنیت بپارێزە

دوور بکەوەرەوە لە شەڕکردن: کاتێک کەسێک توڕە دەبێت، نابێت تۆش توڕە ببیت چونکە بە توڕەبوون تەنها شتەکان خراپتر دەبن. سەرنجت لەسەر مانەوەی خۆت بێت بە ئارامی، بۆ ئەوەی بارودۆخەکە پەلنەکێشێ بۆ دەمەقاڵێ. ئەمەش بەو واتایە نایەت کە هەستەکانی خۆت سەرکوت بکەیتەوە، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە هەوڵبدەیت توڕەیی کەسی خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

١- یەکێک لە ڕێگاکانی نیشاندانی بێلایەنی خۆت ئەوەیە خۆت بە گەورە نەزانیت و شتەکان بە کەسی (شەخسی) وەرنەگریت. ئاساییە وەڵامی کەسێکی توڕە بدەیتەوە بە بەرگریکردن لە خۆت یان ناوبانگت، بەڵام پێویستە ئەوەت لەبیربێت کە کەسی توڕە لۆژیکانە بیر ناکاتەوە بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە.

٢-  مەبە بە بەرگریکار: کاتێک کەسێک ئەوەندە توڕەیە کە ناتوانێت وەکوو کەسێکی ئاسایی قسە بکات و هاوار دەکات، ڕەنگە تۆش بتەوێت بەرگری لە خۆت بکەی. بەڵام ئەوە بزانە کە توڕەییەکەیان بە ئەگەرێکی زۆرەوە خەتای تۆ نییە. هەستی کەسەکە لە هەستی خۆت جیابکەرەوە بۆ ئەوەی بتوانیت پشتگیری لێبکەیت بەبێ ئەوەی هەست بکەیت توڕەییەکە ئاراستەی تۆ دەکات.

٣- پابەند بن بە ساتەوەختی ئێستا: کەسانی توڕە ئارەزوو دەکەن دۆخەکان یان گفتوگۆکانی ڕابردوویان باس بکەنەوە، بەتایبەتی کاتێک هەوڵدەدەن هاوسۆزی خۆیان دەرببرن. هەوڵبدە ڕێگری لە باسکردنی ڕابردوو بکەی، بە هێشتنەوەی سەرنجیان لەسەر دۆخی ئێستا و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئێستا. خۆت دەستبەرداری هەستی توڕەبوونت مەکە لە ئاست باسکردنی ڕابردوو.

٤- ئەگەر هەستت کرد گفتوگۆکە بەرەو باسکردنی ڕابردووەوە دەڕوات، هەوڵبدە شتێک بڵێیت وەک"دواتر باسی ئەوە دەکەین. هەستەکەم پێویستە لە ئێستادا سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت کە چی بێزارت دەکات و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە. با دانە بە دانە کار لەسەر کێشەکان بکەین و چارەسەریان بکەین”.

٥- ئارامی و سەنگینی خۆت بپارێزە: ئەگەر کەسێک هاواری کرد، دەتوانیت ڕێگەی پێبدەیت توڕەیی خۆی دەرببڕێت، بەڵام باشترین شت ئەوەیە کە ئارام بگریت و یەک وشە نەڵێیت. ئەگەر قسەت کرد دەنگت نزم و ئارام ڕابگرە. ئەگەر بە بێدەنگی مایتەوە، دەربڕینی دەموچاوت با بێلایەن بێت و زمانی جەستەت بە کراوەیی بهێڵەرەوە. بەم شێوەیە زیاتر کۆنتڕۆڵی دۆخەکە دەکەیت.

٦- جیاوازی هەیە لە نێوان ڕێگەدان بە کەسێک تووڕەیی خۆی دەرببڕێت و یان سووکایەتی بکات. ئەگەر کەسەکە قسەی ناشرینت پێبڵێت، جنێوت پێدەدات، یان بە شێوەیەکی ناڕەوا توڕەیی خۆیت ئاراستە بکات، پێویستە وەڵامی بدەیتەوە و بڵێیت "تێدەگەم چەند بێزاریت و دەمەوێت یارمەتیت بدەم، بەڵام تکایە توڕەییەکەت ئاراستەی من مەکە".

ڕێگری بکە لە توڕەبوونی زیاتر 

ئەگەر هەڵە بووی داوای لێبوردن بکە: ئەگەر کارێکت کرد بوو بەهۆی توڕەکردنی کەسێکی تر، پێویستە داوای لێبوردنی لێبکەیت، داوای لێبوردن نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە گرنگی بە هەستی کەسەکە دەدەیت. لێکدانەوە بۆ بارودۆخەکە بکە بۆ ئەوەی دڵنیا ببیتەوە کە هەڵەت کردووە یان نا، ئەگەر هەڵەت کردبوو، داوای لێبوردن بکە. هەندێک جار کەسەکە تەنها پێویستی بەوەیە گوێی لە داوای لێبوردن بێت بۆ ئەوەی هەست بە باشتربوون بکات.

١- ئەگەر هەستت بەوە نەکرد کە هەڵەیت، تەنها لەبەر ئەوەی دەتەوێت کەسێکی توڕە ئارام بکەیتەوە داوای لێبوردن مەکە.

٢- دەتوانیت بەشێوەیەکی کاریگەر داوای لێبوردن بکەیت و بڵێیت "ببورە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیەی کە بۆ خانەنشینی پاشەکەوتت کردبوو، نازانم بیرم لە چی دەکردەوە، لە هۆکاری توڕەبوونت تێدەگەم، با پێکەوە کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو".

٣- مەڵێ ئارام بە: مرۆڤی توڕە ملکەچی هەستەکانیەتی نەک ئەقڵ. هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی لۆژیک و ئەقڵ بۆ ئارامبوونەوە یان بیرکردنەوە بە هێمنی، وەکوو ئەوە وایە بەنزین بکەیت بە ئاگرەکەدا ڕەنگە کەسەکە واهەست بکات کە گاڵتەت بە بۆچوونەکەی دێت.

٤-  تەکنیکی گوێگرتنی کاریگەر بەکاربهێنە: کاتێک مرۆڤ هەست و سۆز بەسەریدا زاڵ دەبێت، ئارەزوو دەکات کەسێک لێی تێبگات. بە وردی گوێی لێبگرە، سەیری چاوەکانی بکە، هەرکاتێک گونجاو بوو سەرت بجوڵێنە (بە واتای قایل بوون)، پرسیار بکە بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بکاتەوە. هونەری گفتوگۆکردن یارمەتیدەرە لە ئارامکردنەوەی کەسی بەرانبەر.

٥- هەندێک جار کەسانی توڕە نایانەوێت پرسیاریان لێ بکرێت: ڕەنگە هەست بە توڕەییەکی زیاتر بکەن و پێیان وایە کەس ناتوانێت لێیان تێبگات. تەنها شتێک کە دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی خۆت بدەیت، ئەگەر باری دەروونی کەسەکە گونجاو نەبوو بۆ ئەوەی دڵسۆزانە قسەی بۆ بکەی، هەوڵی ناچارکردنی مەدە.

٦- داننان بە هەستی کەسی بەرانبەر: هەموومان جاروبار هەست بە توڕەیی دەکەین، هەندێکجاریش توڕەیی هەستەکانی تر وەک ئازاردان، شەرمەزاربوون، یان دڵتەنگی دادەپۆشێت. هۆکاری توڕەبوونی کەسەکە هەرچییەک بێت، پێویستە گوێی لێبگریت و وەڵامی بدەیتەوە بە داننان بە هەستەکانی (بەڵام مەرج نییە لەگەڵیدا هاوڕا بیت). هەروەها پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لە حوکمدان لەسەری، چونکە ئەمە وا دەرتدەخات کە لایەنگری نیت.

  • نموونەیەک بۆ داننان بە هەستی کەسێک ئەوەیە کە بڵێیت "گومانی تیا نییە ئەمە سەختە"، یان "تێدەگەم کە تۆ چەندە بێزاریت".
  • دوور بکەرەوە لە هەندێک دەستەواژە، وەک "پێویستە ئەوە لەبیر بکەیت"، یان "منیش بە هەمان تاقیکردنەوەدا تێپەڕیم و سەرکەوتوو بووم".

٧- هاوسۆزی نیشان بدە: هاوسۆزی بە واتای تێگەیشتن لە دیدگای کەسی بەرانبەر دێت، خەمخواردن بە ناڕەحەتییەکانی، یان توانای تێگەیشتن لە هەستەکانی. نیشاندانی هاوسۆزی بەرامبەر بە کەسێکی توڕە بە واتای ئەوە دێت کە گوێی لێدەگریت و تێدەگەیت لەوەی کە دەیڵێت.

  • بۆ ئەوەی هاوسۆزی لەگەڵ کەسێکی توڕەدا دەرببڕیت، هەوڵبدە بەشێک لە قسەکانی دووبارە بکەیتەوە. دەتوانیت بڵێیت "کەواتە دەڵێیت هەست بە توڕەیی دەکەیت چونکە پێتوایە کە ناچاری هەموو بەرپرسیارێتییەکانی ماڵەوە بە تەنیا لە ئەستۆ بگریت”.
  • لەوانەیە بتەوێت بڵێیت "لە هەستت تێدەگەم"، بەڵام ئاگاداربە ئەمە ڕەنگە هەندێک کەس توڕە بکات، ڕەنگە وابیربکاتەوە کە کەس ناتوانێت لێی تێبگات و بزانێت هەست بەچی دەکات. 

٨- گاڵتە بکە بۆ گۆرینی بارودۆخەکە: پێویستە لێکدانەوە بۆ دۆخەکە بکەیت یان کەسە توڕەکە بە باشی بناسیت بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە لە بەکارهێنانی ئەم شێوازە. گاڵتەکردن دەتوانێت بە شێوەیەکی کارا توڕەیی نەهێڵێت چونکە کارلێکە کیمیاییەکانی جەستەی مرۆڤ دەگۆڕێت. پێکەنینی هەردووکتان لەکاتی گێڕانەوەی گاڵتەیەک یان ئاماژەدان بە شتێکی پێکەنیناوی لەو بارودۆخەدا دەتوانێت توندی دۆخەکە کەم بکاتەوە و توڕەیی کەسەکە نەهێڵێت.

٩- کاتی پێویست بدە بە کەسی توڕە: هەندێک کەس حەز دەکەن گوزارشت لە هەستەکانیان بکەن لەکاتێکدا هەندێکی تر پێیان باشە بە تەنها بن. ئەگەر هەستت کرد قسەکردن لەگەڵ کەسەکە زیاتر توڕەی دەکات، لەبری ئەوە هەندێک کاتی پێ بدە. زۆربەی خەڵکی لانیکەم پێویستیان بە ٢٠ خولەک هەیە بۆ ئەوەی دوای توڕەبوون ئارام ببنەوە، بەڵام ڕەنگە هەندێکیان پێویستیان بە ماوەیەکی زیاتر بێت.

  • ئەگەر پێت وایە کەسەکە پێویستی بەوەیە بۆ ماوەیەک بە تەنها بێ، هەوڵبدە بڵێیت "تێدەگەم کە توڕەیت، بەڵام پێموانییە بتوانم یارمەتیت بدەم بۆ ئەوەی هەست بە باشی بکەیت، هەست دەکەم پێویستت بە چەند خولەکێکە بۆ ئەوەی بە تەنیا بمێنیتەوە، بەڵام ئەوە بزانە هەر کاتێک ویستت قسە بکەیت من ئامادەم”.

هەوڵدان بۆ گەشتن بە چارەسەرێک

١- هەوڵبدە یارمەتی کەسەکە بدەیت بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە: ئەگەر هۆکاری توڕەبوونەکە پەیوەندی بە کێشەیەکەوە بێت کە توانای چارەسەرکردنی هەبێت، لەوانەیە بتوانیت یارمەتی بدەیت. ئەگەر کەسەکە ئەوەندە ئارام بوو کە بتوانێت لۆژیکانە بیربکاتەوە، چارەسەری گونجاوی پێشکەش بکە و یارمەتی بدە پلانێک دابنێت بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە.

  • لە هەندێک حاڵەتدا ناتوانرێت لۆژیکانە قسە لەگەڵ کەسێکی توڕەدا بکرێت، بۆیە دەبێت لێکدانەوە بۆ دۆخەکە بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا کەسەکە ئامادەی گفتوگۆیە، یان دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت کەسەکە ئەوەندە ئارام بێتەوە کە قبوڵی گفتوگۆیەکی لۆژیکی بکات.

٢- سەرنجت لەسەر داهاتوو بێت: بێگومان گرنگە سەرنجت لەسەر ئێستا بێت بۆ هێورکردنەوەی کەسێکی توڕە، بەڵام لە کاتی دۆزینەوەی چارەسەردا پێویستە هەوڵبدەیت کەسەکە سەرنجی لەسەر داهاتوو بێت. بەم شێوەیە دەتوانیت یارمەتی بدەیت لۆژیکانە بیربکاتەوە و سەرنجی لەسەر باشترکردنی دەرئەنجامەکان بێت نەک گلەیی کردن لە ئێستا یان ڕابردوو.

٣- یارمەتی کەسەکە بدە قبوڵی ئەوە بکات کە ڕەنگە هیچ چارەسەرێک نەبێت: مەرج نییە بۆ هەموو کێشەیەک کە دەبێتە هۆی توڕەیی چارەسەرێک هەبێت، ئەگەر ئەمە ڕوون و ئاشکرا بوو زانیت هیچ چارەسەرێک نییە، دەبێت کەسەکە ئاگادار بکەیتەوە پێی بڵێیت کە پێویستە ڕووبەڕووی هەستەکانی ببێتەوە و هەنگاو بنێت.

ئاگاداری ئەوەبە کەی پێویستە وازبهێنیت

١- بوەستە؛ ئەگەر ناتوانیت هێمنیت بپارێزیت: ئەگەر کەسەکە سوکایەتیت پێدەکات یان وات لێدەکات هەست بە توڕەیی بکەیت، باشتر وایە بەجێی بهێڵیت. چونکە توڕەبوونت دۆخەکە خراپتر دەکات، بۆیە لە کاتی هەستکردن بە توڕەیی باشتر وایە بڕۆیت بۆ ئەوەی دۆخەکە نەگۆڕێت بۆ شەڕ.

٢- توندڕەوی جیابکەرەوە لە توڕەیی: توڕەیی و توندڕەوی هەمان شت نین. توڕەبوون هەستێکی سروشتی مرۆڤە کە پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەکاتێکدا توندڕەوی ڕێگەیەکی ناتەندروست و مەترسیدارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تر. چەند ستراتیژییەک کە ئاماژەن بۆ توندڕەوی:

  • هەڕەشەی جەستەیی (چ ببێتە هۆی توندوتیژی یان نا)
  • واتلێدەکات هەست بە تاوانباری بکەیت
  • قسەی ناشرین و سووکایەتی پێکردن

٣- بڕۆ بۆ شوێنێکی سەلامەت لە ئەگەری گۆرانی دۆخەکە بۆ توندوتیژی: ئەگەر مامەڵەت لەگەڵ کەسێکدا کرد کە توانای کۆنترۆڵکردنی توڕەییەکەی نەبوو هەستت کرد  مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانت، دەستبەجێ  برۆ بۆ شوێنێکی سەلامەت. توندوتیژی خێزانی زنجیرەیەکی مەترسیدارە، ئەگەر ئەو دەستدرێژییە جارێک ڕووبدات، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە. پێویستە سەلامەتی جەستەیی و دەروونی خۆت و خێزانەکەت بپارێزیت. هەندێک نیشانە کە ئەگەری هەیە دۆخەکە بگۆڕێت بۆ توندوتیژی:

  • هەست بە ترسێکی زۆر دەکەیت لە کاتی توڕەکردنی کەسەکە
  • ڕەخنە لێگرتن و سووکایەتی پێکردن
  • ئەنجامدانی توندوتیژی هەروەها ناتوانێت خۆی کۆنتڕۆڵ بکات
  • تاوانبارت دەکات بەهۆی ڕەفتارە نابەجێکانی خۆیەوە
  • هەڕەشەی زیان پێگەیاندنت لێدەکات


سەرچاوەکان



387 بینین