هەوکردنی خوێن

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-31-19:54:00 - کۆدی بابەت: 11795
هەوکردنی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی خوێن (بە عەرەبی: التهاب الدم، بە ئینگلیزی: bloodstream infection)، هەوکردنی خوێن بەهۆی چوونە ژوورەوەی بەکتریا، ڤایرۆس یان کەڕوو بۆ ناو سوڕی خوێنەوە ڕوودەدات, لە ڕێگەی خوێنەوە بۆ ئەندامەکان و بەشەکانی تری لەش دەگوازرێنەوە. هەندێک هەوکردنی خوێن تاڕادەیەک بێ زیانن لە کاتێکدا هەندێکی تر مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن، دەکرێت ئەم میکرۆبانە لە دەرەوەی یان ناوەوەی لەشەوە بن کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەژین.

هەندێک لە هۆکارەکانی هەوکردنی خوێن 

  • هەوکردنی پەیوەست بە Catheter 
  • ئایدز
  • سالمۆنێلا
  • ستاف

نیشانەکانی هەوکردنی خوێن

ئایا هەوکردنی خوێن مەترسی لەسەر منداڵ هەیە؟

هەوکردنی خوێن بۆ هەموو منداڵێک مەترسیدارە، بەڵام مەترسی خراپتربوونی دەرئەنجامەکانی زیاترە لەو منداڵانەی کە:

  • سیستەمی بەرگری لەشی لاوازە یان حاڵەتێکی تری تەندروستی هەیە
  • نەخۆشیەکانی وەک هەوکردنی کۆئەندامی میز
  • ئایدز (HIV)

دژەزیندەیی بە ڕێگای IV بە یەکەم بژاردەی چارەسەر دادەنرێت، چونکە دژی کۆمەڵێک میکرۆبی بەرفراوان کاردەکەن.

هەوکردنی خوێن بەهۆی بەکتریا

هەوکردنی خوێن بەهۆی بەکتریا هەروەها ناسراوە بە بەکتریای خوێن، ژەهراویبوونی خوێن یان سێپتیسێمیا، لە بنەرەتدا خوێن هیچ بەکتریا و میکرۆبێکی تێدا نییە. بەکتریا دەتوانێت بە چەندین ڕێگە بچێتە ناو خوێنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی برینی پێست، ڕووشان یان سووتانەوە دەچێتە ژوورەوە.

ئایا هەموو کەسێک ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردنی خوێن هەیە؟

ئەو کەسانەی تەندرووستیان باشە و سیستەمی بەرگرییان بەهێزەبە دەگمەن تووشی هەوکردنی سوڕی خوێن دەبن. بەڵام کاتێک بەکتریا دەچێتە ناو خوێنەوە ڕەنگە سیستەمی بەرگری لەش نەتوانێت ڕووبەڕووی بەکتریاکە بێتەوە و نیشانەکانی هەوکردنی سوڕی خوێن پەرەبسێنێت. ئەمەش بە تایبەتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشی تریان هەیە یان لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت. هەرچەندە لە نەخۆشخانەدا مەترسی تووشبوون بە هەموو جۆرەکانی هەوکردنەکانی سوڕی خوێن هەیە، بەڵام هەندێک ڕێکار، وەک دانانی سۆندەی میز، کانۆلا یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری سک مەترسی ڕوودانی هەوکردن زیاتر دەکات.

نیشانەکانی هەوکردنی خوێن بەهۆی بەکتریا چین؟

  • پلەی گەرمی بەرز و/یان لەرزین
  • ئازاری سک
  • هەستکردن بە نەخۆشی
  • دڵتێکەڵهاتن و/یان ڕشانەوە
  • هەناسەتەنگی
  • خێرا لێدانی دڵ
  • شپرزەیی

بەڵام مەرج نییە هەموو نیشانەکانت پێکەوە هەبێت.

هەوکردنی خوێن  بەهۆی بەکتریا تا چەند مەترسیدارە؟

هەوکردنی خوێن بەهۆی بەکتریا دەکرێت حاڵەتێکی مەترسیدار بێت، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە و لەوانەیە نەتوانن بەبێ چارەسەر بەرەنگاری هەوکردنەکان ببنەوە. بەکتریای خوێن دەبێتە هۆی هەوکردنی تر لە جەستەتدا.

ئایا هەوکردنی خوێن دەبێتە هۆی مردن؟

ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت ببێتە هۆی مردن. هەوکردنی خوێن بەهۆی بەکتریا دەتوانێت بەرەو سپێسیس (ژەهراوی بوونی خوێن) بڕوات. کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و مردن.

سێپسس (Sepsis) چییە؟

سێپسس بریتییە لە ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریا و وەڵامدانەوەیەکی توندی جەستەیە بۆ هەوکردن. حاڵەتێکی فریاگوزارییە کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات. ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی هەوکردنێکەوە ڕوودەدات کە پێشتر هەتبووە و کاردانەوەیەکی زنجیرەیی لە تەواوی جەستەتدا دروست دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکان پێش ئەوەی نەخۆشەکە بچێتە نەخۆشخانە نیشانەکان دەست پێدەکەن. ئەو هەوکردنانەی کە دەبنە هۆی سپێسیس زۆربەی کات لە سییەکان، ڕێڕەوی میز، پێست، یان کۆئەندامی هەرسەوە دەست پێدەکات. ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت بە خێرایی ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە شانەکان و لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و مردن.

قۆناغەکانی ژەهراویبوونی خوێن بە بەکتریا

ژەهراویبوونی خوێن بە بەکتریا دەکرێت بە سێ قۆناغ: 

  • ژەهراویبوونی خوێن: نیشانەکانی بریتین لە تا، خێرا لێدانی دڵ، هەناسەدانی خێرا، شپرزەیی، ئازاری جەستە.
  • ژەهراویبوونی توند: دەرکەوتنی نیشانەکانی ژەهراویبوونی خوێن لەگەڵ سەختی هەناسەدان، ئەنجامی نائاسایی پشکنینی جگەر و بە کەمی میزکردن یان نەکردنی میز بەهیچ شێوەیەک.
  • شۆکی ژەهراویبوون: دەرکەوتنی هەردوو نیشانەکانی ژەهراویبوون و ژەهراویبوونی توند، لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی مەترسیدار، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە و تەنانەت مردنیش.

بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا پزیشکان بە پێوەرێکی وردتر ئەو حاڵەتە دەستنیشان دەکەن. لەلایەکەوە هەوکردنی بەکتریا لە خوێندا هەیە، لە لایەکیترەوە شۆکی سێپتیک. حاڵەتەکەت دەکەوێتە ئەم نێوانەوە بە پشت بەستن بە نیشانەکان و ڕێژەی توندی هەوکردنەکە.

هەندێک لەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی خوێن

چەندین جۆری جیاوازی بەکتریا هەیە کە دەبنە هۆی هەوکردنی خوێن. لەوانە:

  •  باسیلەس سێریەس (B. cereus)
  • ئیشێرشیا کۆلای (E. coli)
  • سالمۆنێلا
  • ستافیلۆکۆکەس ئۆریەس (staph)، لەوانەش (MRSA) و (MSSA)

باوترین ئەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی خوێن 

  • ئیشێرشیا کۆلای
  • ستافیلۆکۆکۆس ئۆریەس
  • جۆرەکانی سترێپتۆکۆکاڵ

بەکتریاکان دەتوانن بە چەندین ڕێگەی جیاواز بچنە جەستەوە 

  • بڕین
  • سووتاوی
  • ڕووشان
  • شۆردنی ددانەکان زۆر بە بەهێزی
  • پاککردنەوەی ددان یان هەڵکێشانی ددان
  • ڕێکارە پزیشکییەکان، لەوانە نەشتەرگەری، دانانی catheter، دانانی بۆری هەناسەدان یان بەخشینی خوێن
  • دووبارە بەکارهێنانەوە یان هاوبەشیکردنی دەرزی

ئاڵۆزییەکانی بەکتریای خوێن چین؟

ئەگەر نەخۆشەکە بەبێ چارەسەر مایەوە ئەوا هەوکردنەکە دەتوانێت پەرەبسێنێت بۆ ناوچەکانی تری جەستە و ببێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتی تر، لەوانە:

دەستنیشانکردنی هەوکردنی خوێن

  • پشکنینی خوێن: لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن لە نەخۆشەکەوە ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لە بوونی هەوکردن.
  • پشکنینی میز: لە ژێر مایکرۆسکۆپدا سەیری نمونەی میز دەکرێت و دەچێنرێت بۆ پشکنینی بەکتریا.
  • تیشکی ئێکس، تیشکی تەنووری سیتی سکان (CT_scan)  یان سۆنەر بۆ پشکنینی هەوکردنی ئەندامەکان.
  • Spinal tap لەم پشکنینەدا نمونەیەک لە شلەی cerebrospinal وەردەگیرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هەوکردنی پەردەی مێشک، یان هەوکردنی ئەو پەردەیەی کە مێشک و بڕبڕەی پشت دادەپۆشێت.
  • پشکنینی بەڵغەم: بەڵغەم بریتییە لە ماددەیەکی لینجی ئەستووری ڕەنگ گۆڕاو کە لە قووڵایی سییەکانەوەیە. هەناسەیەکی قووڵ دەدەیت و بەڵغەمی کۆکە دەخەیتە ناو قوتوویەکی تایبەتەوە.

چارەسەرکردن

پێدانی دژەزیندەیی لە ڕێگەی خوێنهێنەر (IV) کە دژی کۆمەڵێک میکرۆبی بەرفراوان دەجەنگن، بە یەکەم بژاردەی چارەسەر دادەنرێن. کاتێک بەهۆی چاندنی خوێن میکرۆبێکی تایبەتی هۆکاری نەخۆشی دەستنیشان دەکرێت دەتوانین دژەزیندەیی ئامانجدار وەربگرین. ماوەی چارەسەرکردن بەندە بە جۆری بەکتریاکە و تەندروستی کەسەکە بە گشتی. پزیشکی پسپۆڕ بڕیار دەدات کە ئایا لە نەخۆشخانە یان لە ماڵەوە چارەسەر وەربگیرێت. پێویستە هەموو دەرمانەکان بەپێی ڕێنماییەکان بخورێت و سەردان و بەدواداچوون بکرێت.


سەرچاوەکان



2737 بینین