جۆرەکانی گلەییەکانی کڕیار و بەکاربەران چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-12-31-22:03:00 - کۆدی بابەت: 11796
جۆرەکانی گلەییەکانی کڕیار و بەکاربەران چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵی

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا

جۆرەکانی گلەییەکانی کڕیار و بەکاربەران چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵی یان تووڕەیی و سکاڵاکردنی کڕیار (بە عەرەبی: شكوى العملاء أنواعها وكيفية التعامل معها، بە ئینگلیزی: Customer complaints types and how to deal with them) لە سەردەمی هاوچەرخدا بەکاربەر یان کڕیار توخمێکی سەرەکی و بایەخدار و گرنگە لە بازاڕگەری و بزنس و کارەکاندا، بۆیە ڕازیکردنی کڕیار و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کڕیار بەدەست نایەت ئەگەر کێشە و گرفت و سکاڵاکانی دیاری نەکرێت و نەزانرێت، واتا ڕەزامەندی کڕیار و بەکاربەر بەندە بە جۆری ئەو کێشە و سکاڵایەی کە هەیەتی و لەسەر بنەمای کێشەکەی یان گلەییەکەی تۆ چارەسەری بۆ پێشنیار دەکەیت و تووڕەیی کەم دەکەیتەوە و ڕەزامەندی بەکاربەرەکە بەدەست دەهێنێت.

لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەگەر ئەو کڕیارەی سکاڵا و گلەیی خۆی بە خاوەن کار بگەیەنێت، پاشان بە شێوەیەکی دروست و ڕاست بۆی چارەسەر بکرێت ئەوە دڵنیایی تەواو هەیە کە کڕیارەکە دووبارە بەرهەم و کاڵاکان بەکاربهێنێتەوە.

سکاڵا یان گلەییکردنی کڕیار چییە؟

ناڕازی و گلەیی و سکاڵای کڕیار یان بەکاربەر بریتییە لە خستنەڕووی تێڕوانینێکی نەرێنی و خراپ سەبارەت بە کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک، زۆرجار ئەم گلەیی و سکاڵاکردنە کاتێک ڕوودەدەن کە بەرهەم یان کاڵا یان خزمەتگوزاری پێشکەشکراو لە ئاست ڕەزامەندی و چاوەڕوانییەکانی کڕیار نەبووە و کوالێتیان خراپ بووە.  

کڕیاران بە هۆکاری جیاواز ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن، بۆ نموونە وەرگرتنی بەرهەمێک یان کاڵایەکی بە هەڵە، کوالێتی خراپی بەرهەمێک یان بوونی کەموکوڕی لە بەرهەمێک، چاوەڕوانییەکی زۆر و بەفیڕۆدانی کاتی کڕیار، تووشبوونی بە کێشەی تەکنەلۆجی و ئەلیکترۆنی و چەندانی کێشەی تر هەیە کە بەکاربەر و کڕیار دووچاری تووڕەیی و ناڕازیبوون دەکەنەوە.

زۆرجار کڕیارەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ بگەن بە خاوەن کارەکان و گلەیی و سکاڵای خۆیانیان پێبڵێن، بۆیە زۆرجار لە ڕێگەی ناردنی ئیمێڵ، یان لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێتەوە کێشەکانیان بڵاودەکەنەوە، یاخود ئەگەر شوێنەکە یان بزنسەکە ناودار و دیار بوو. بەشی خزمەتگوزاری کڕیارانی هەبوو کڕیار ڕاستەوخۆ پەیوەندییان پێوەدەکات لە ڕێگەی چات و نامەوە بێت یان لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی بێت گلەیی و گازندەی خۆی دەگەیەنێت.

جۆرەکانی گلەییەکانی کڕیار و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیان

گلەیی لەسەر بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکە

واتا کڕیار گلەیی لە خزمەتگوزاری پێشکەشکراو یان بەرهەمەکە یان کاڵاکە کە بەدەستیهێنان هەیە و بەرهەمەکەی لە ئاست چاوەڕوانکردنی ئەو نەبووە، بۆ نموونە بەرهەمەکەی کە کڕییەتی کارناکات یان بە باشی کارناکات یان شکاوە یاخود کوالێتییەکەی خراپە یان بابەتەکانی کەموکوڕییان هەیە.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە

سەرەتا داوای لێبووردن لە کڕیار دەکرێت پاشان پێویستە داوای وێنە و داتای تەواوی ئەو بەرهەمە بکەیت کە کڕیارەکە بە دەستی گەیشتووە و بە تەواوی ئاگاداری تێبینییەکانی کڕیار بیت و لێی وردبیتەوە، پاشان دوای دڵنیابوونەوە زۆر گرنگە کە دان بە کێشەکە بنەیت و بۆ کڕیاری بسەلمێنێت کە ئەو ڕاست دەکات، دواتر بڕیاری لەسەر بدەیت و کێشەی کڕیارەکە چارەسەر بکەیت بە گۆڕینەوەی بەرهەمەکە یان بە قەرەبووکردنەوە و گێڕانەوەی بڕە پارەی کڕیار. ئەم هەڵوێستە یارمەتیدەر دەبێت کە کڕیار متمانەت پێبکاتەوە و کڕیارەکە لەدەست نەدەیت.

گلەیی لەسەر ئەو کاتەی کە کڕیار لە چاوەڕوانی بەدەستهێنانی بەرهەمەکە بەسەری دەبات

داواکردنی بەرهەم و کاڵاکان بە شێوەی ئۆنڵاین لەم سەردەمە زۆر بەربڵاوە، بۆیە دیاریکردنی کات بە شێوەیەکی دروست و ڕاست زۆر گرنگە، ئەم کێشەیە کاتێک ڕوو دەدات کە کڕیار کاتێکی بۆ دیاریکراوە کە بەهەمەکەی بەدەست بگات بەڵام کاتەکەی درێژ دەکرێتەوە یان کاتەکە دەگۆڕدرێت و لە کاتی دیاریکراوی خۆی بەدەستی ناگات، واتا کڕیار گلەیی لەسەر چۆنێتی و کاتی وەرگرتنی بەرهەم و کاڵاکان هەیە.

هاوکات ئەم کێشەیە لە شوێنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیش ڕوودەدات، بۆ نموونە وەستان و چاوەڕێکردن بۆ ماوەیەکی زۆر تاکوو بتوانێت خزمەتگوزارییەک لە شوێنێک بە دەست بهێنێت، وەک چێشتخانەکان و کافێکان.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە

ئەگەر بەکاربەر گلەیی لە دواکەوتنێک کردووە، پێویستە و دەبێت دان بە کێشەکە بنێیت و ڕاستەوخۆ کاتێک دیاری بکەیت. هاوکات پێویستە هۆکاری دواکەوتن بۆ کڕیار و بەکاربەر ڕوون بکرێتەوە و دوای لێبووردنی لێ بکرێت، دەکرێت لە حاڵەتی دواکەوتنی زۆر کڕیار قەرەبوو بکرێتەوە، بەم جۆرە ڕەزامەندی کڕیار بەدەستدەهێنزێت.

گلەیی کڕیار لەسەر تاکێکی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکە

بەکاربەر دەتوانێت لە مامەڵەکردنی کارمەندێکی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکە سکاڵا بکات یان ناڕازی بێت و گلەیی بکات، دەکرێت کێشەکە لە ڕەفتار و مامەڵەکردن و شێوازی گفتوگۆی نێوان کڕیار و کارمەندەکە بێت یان چارەسەرنەکردنی کێشەکەی بێت کە لەلایەن ئەو کارمەندەوە ڕوویداوە بۆیە تووڕەبوون و گلەیی کردن ڕوودەدات.

کارمەندی کۆمپانیا یان کارمەندی گەیاندن یان کارمەندی خزمەتگوزاری کڕیاران یاخود هەر تاکێک کە پەیوەست بێت و بەشدار بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە کڕیارەکە ئەگەری هەیە کە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبێتەوە.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ گلەییەکانی کڕیارێک

داوای لێبوووردن لە کڕیار بکە و پاشان وردەکاری و زانیاری تەواو لە بەکاربەر وەربگرە لەسەر کێشەکە یان ڕووداوەکە، هەوڵبدە بەڵگە لە کڕیار وەربگریت نموونەی ناو یان ژمارەی پەیوەندی یان ئیمێڵ، پاشان بۆ کڕیاری دووپات بکەرەوە کە کێشەکەی چارەسەر دەکرێت و پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر لەگەڵ ئەو کارمەندەی کە هەڵەی کردووە و بووەتە هۆی ناڕازی و تووڕەبوونی کڕیار، ئەوەش بۆ کڕیارەکە دەربخرێت کە مامەڵە لەگەڵ کارمەندەکە دەکەن، لە هەندێک حاڵەتی ئەم دۆخە دەکرێت کڕیار قەرەبوو بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



235 بینین