تەندروستی دەروونی لە شوێنی کاردا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-01-03-20:33:00 - کۆدی بابەت: 11800
تەندروستی دەروونی لە شوێنی کاردا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەندروستی دەروونی لە شوێنی کاردا (بە ئینگلیزی: Mental health in workplace، بە عەرەبی: صحة النفسية في مكان العمل)، لە کاتی کارکردندا مرۆڤ دووچاری دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، دەروون سووتان دەبێتەوە و کێشەی تەندروستی دەروونی بۆ دروست دەبێت.

پەیوەندی نێوان کارکردن و تەندروستی دەروونی

پەیوەندی نێوان کار و تەندروستی دەروونی دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی بە شێوەیەکی گشتی، جگە لەو سوودە دارایەیەی کە کەسەکە دەستی دەکەوێت لە کارەکەیدا دەتوانێت واتا و پێکهاتە و ئامانج بۆ ژیانت زیاد بکات، هەروەها هەستی متمانە بە خۆبوون زیاتر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن لە ژینگەیەکی نەرێنییدا دەتوانێت کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت و کاریگەرییەکی زۆر لەسەر تەندروستی دەروونی هەبێت، کەمی کارمەند، کاتژمێری زۆری کارکردن، نەبوونی پاڵپشتی، هەراسانکردن لە شوێنی کارکردندا ئاستی فشاری دەروونی بەرز دەکاتەوە، دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی دەروونی وەکو: دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

شێوازی کارکردن بە جۆرێک دانراوە کە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و کەسانی سەرووی ئێمە لێی بەرپرسن، زۆرجار هەست بەوە دەکەین کە ناتوانین قسە بکەین بەبێ ترس لە ترسی لە دەستدانی کارەکانمان، بەڵام ئەگەر کێشەی تەندروستی دەروونیت بۆ دروستببێت بەهۆی شوێنی کارەکەتەوە یان لە شوێنێکی دیکەوە سەرچاوە دەگرێت و کاریگەری لەسەر کارەکەت هەیە، چەند هەنگاوێک هەیە کە دەتوانیت بیگریتە بەر بۆ گرنگیدان بە خۆت و پاراستنی تەندروستیت، لەگەڵ ئەم ئامۆژگارییانەدا دەتوانیت فێری ئەوە ببیت کە لەگەڵ خاوەن کارەکەتدا قسە بکەیت دەربارەی تەندروستی دەروونی خۆت، مامەڵە لەگەڵ کێشە باوەکان بکەیت لە کاتی کارکردندا، توانای هەستانەوەت زیاد بکەیت، باشتر هەوڵبدەیت بۆ بەدیهێنانی تواناکانت لە شوێنی کار و لە دەرەوە. ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە کارەوە هەیە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونییت هەیە بریتین لە:

١ـ کاتژمێرە زۆرەکانی کارکردن.

٢ـ کەمی ستاف بەهۆی کەمکردنەوەی کارمەند بە هەر هۆکارێک بێت.

٣ـ جیانەکردنەوەی کاتی کارکردن و کاتی تایبەتی.

٤ـ بوونی توندوتیژی لە شوێنی کاردا.

٥ـ هەراسانکردن و گێچەڵکردن لە شوێنی کاردا.

٦ـ نەبوونی ڕێنماییکار یاخود ڕاهێنەر بۆ ئەو ڕۆڵەی کە چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێی بکەیت.

٧ـ نەبوونی پاڵپشتی.

٨ـ کەمی ئامێری پێویست یان سەرچاوەکانی تری کار.

نیشانەکانی کێشەی تەندروستی دەروونی لە شوێنی کاردا

هەندێک کات لە کاتی کارکردندا تووشی ڕۆژانی خراپ دەبیتەوە، لە ڕۆژێکدا کە هیچ شتێک لە بەرژەوەندی تۆدا نییە، لەوانەیە زەحمەتیت هەبێت لە تەرکیزکردن، هەستکردن بە فشاری زۆر، تووڕەبوون، یان ناسوپاسگوزاری، یان کەمی وزە و پاڵنەر بۆ تەواوکردنی سەرەتاییترین ئەرک، بەڵام هەست بەو نیشانانە بکەیت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەوە شتێکی باش نابێت، زۆرێک لە کێشە دەروونییەکان لەوانەیە بە هێواشی تووشی تۆ ببن، پشتگوێخستنی نیشانە سەرەتاییەکانی کێشەیەک نابێتە هۆی ئەوەی کە کێشەکە نەمێنێت، بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، بە هێواشی کێشەکە سەردەکێشێت بۆ نەخۆشی و کێشە تەندروستییەکانی تر، کە دەبێتە هۆی سووتاندن و زیانگەیاندن بە ئەنجامدانی کارەکەت، پەیوەندییەکانت لەگەڵ دەورووبەر و ژیانی ماڵەوە، کێشەکانی تەندروستی دەروونی بەپێی ئەو کەسەی کە ئەزموونی دەکات و حاڵەتەکە دەگۆڕێت، گرنگە ئاگاداری هەر گۆڕانکارییەک بیت لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەستکردن و ڕەفتارکردن.

نیشانەکان

١ـ کەمکردنەوەی کارەکانت لە کاتی کارکردندا.

٢ـ بیرکردنەوەی زۆر.

٣ـ کەمی سەرنج لەسەر ئەرکەکانت یان زەحمەتی بیرکردنەوە و یادەوەری.

٤ـ گۆڕانکاری لە شێوازی قسەکردن.

٥ـ گۆڕانکاری لە شێوازی خەوتن، کەمخەوی، زۆر خەوتن.

٦ـ گۆڕانکاری لە ناکاو لە شێوازی خواردن و خواردنەوە، زیاتر پشت بە دەرمان و کهول دەبەستیت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا.

٧ـ گۆڕانکاری لە هەستەکانتدا تۆ هەست بەبێ هیوایی دەکەیت، نەبوونی یارمەتی، هەندێکجار بیری خۆکوشتنیشت بۆ دروست دەبێت.

چارەسەرکردنی کێشەی تەندروستی دەروونی لە کارەکەتدا

کاتێک فشاری دەروونی، هەراسانکردن، یان کێشەی تەندروستی دەروونی کاریگەری نەرێنێ لەسەر کارەکانت، پەیوەندییەکانت، کارکردنی جەستەیی لە شوێنی کارەکەتدا هەیە، لەوانەیە هەست بە دابڕان و سەرسوڕمان بکەیت و هەوڵ بدەیت بزانیت دەبێت چی بکەیت و چۆن زاڵ بیت بەسەریدا، توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە نزیکەی یەک کەس لە هەر پێنج کەسێکی پێگەشتوودا لە ئەمریکا ساڵانە تووشی کێشەی دەروونی دەبن، لە کاتێکدا لە ٪٧٠ی کێشەی دەروونییان هەیە، کە زۆربەی خەڵکی داوای یارمەتی ناکەن.

هەندێک هەنگاو کە دەتوانیت بیگریتەبەر بۆ ئەوەی دەست بکەیت بە باشترکردنی هەستەکانت

١ـ فشار، لە هەندێک کاتدا فشار دەتوانێت سەرنج و وزەت بۆ دابین بکات بۆ کارەکەت، بەڵام فشاری زۆر کاریگەری لەسەر تەندروستیت و بەرهەمداریت دەبێت، کاتێک بە بەردەوامی نیگەران دەبیت لەوەی کە لە کارەکەت دووردەخرێیتەوە، ئەمە وات لێ دەکات کە کاتژمێری زیاتر کاربکەیت، کەواتە ئەگەر فشار ڕێژەکەی زۆر بێت ئەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت بەڵام کە فشارێکی ئاسایی بوو ئەوە وات لێ دەکات کە باشتر کارەکانت ئەنجام بدەیت.

٢ـ دڵەڕاوکێ، هەموو دڵەڕاوکێیەک خراپ نییە، هەندێک کات دڵەڕاوکێ یارمەتیت دەدات کە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت ببیتەوە، وەک چاوپێکەوتنی کار، بەڵام کاتێک تۆ تووشی نیگەرانی بەردەوام، بیرکردنەوەی نەرێنی، یان ترس دەبیتەوە، لەوانەیە دەستێوەردان لە ژیانی ڕۆژانەت و توانای کارکردنت لە شوێنی کاردا بکات، دڵەڕاوکێ لەوانەیە لە ڕووی هەستییەوە بێزارت بکات و هەست بە دڵەڕاوکێ و نا ئارامی بکەیت و ببێتە هۆی بێخەوی، سەرئێشە، ئازاری گەدە و گرژی ماسولکەکان.

چۆن گرنگی بە تەندروستی دەروونییت دەدەیت لە کاتی کارکردندا؟

کاتێک هەست بە فشاری دەروونی دەکەیت بەهۆی داواکاریی کارەوە، پشوودان و کات بۆ خۆت تەرخانکردن دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بارگاویکردنەوە و هەروەها خۆت بە دووربگریت لە سووتان، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر کێشەیەکی تەندروستی دەروونییت هەبێت، وەکو خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ، پێویستت بە زیاتر لە چەند ڕۆژێک پشووە.

گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی لە شوێنی کارەکەتدا تەنها چارەسەری کێشە دەروونییەکان نییە، هەروەها بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی تەنانەت ئەگەر لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی نەبیتەوە، گرتنەبەری هەنگاوەکان و گرنگیدان بە تەندروستی هەستیت دەتوانێت یارمەتیت بدات لە بنیاتنان و هەستانەوە و باشتر کردنی ئەنجامدانی کارەکەت.


سەرچاوەکان



203 بینین