شەڕی بە وەکالەت

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-01-12-16:55:00 - کۆدی بابەت: 11840
شەڕی بە وەکالەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەڕی بە وەکالەت (بە عەرەبی: الحرب بالوکالة، بە ئینگلیزی: proxy war)، ئەو شەڕە ناوخۆیی و ناوچەییانەن کە تێیدا ئەکتەرەکان (دەوڵەت، گرووپی چەکدار، بزووتنەوە ڕزگاری خوازەکان)، دەبنە بریکار و لەلایەن دەوڵەتێکی دەرەکییەوە سپۆنسەر دەکرێن، لە ڕێگەی پڕچەککردن، پاڵپشتی دارایی، هاوکاری مرۆیی، بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی جەنگدا.

مێژووی سەرهەڵدانی 

زۆرێک لە پسپۆڕانی مێژوویی ئاماژەیان بەوەکردوە نموونەی زۆر هەیە دەربارەی شەڕی بە وەکالەت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، وەک شەڕی نێوان ئەسینا و سپارتا لە یۆنان لەڕێگەی بەکارهێنانی بەکرێگیراوان و کەسانی بیانی بۆ دروستکردنی کاریگەری لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان. هەروەها  زۆرێک لە ئیمپڕاتۆرەکان وەک ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک ئامڕازێک بەکاریان هێناوە.

لە پاش ڕوودانی شۆڕشی پیشەسازی و لە سەدەی بیستەم شەڕی بە وەکالەت گۆڕانکاری گەورەی تێیدا ڕوویدا لەڕوانگەی ئەو چەکانەی کە لە شەڕەکاندا بەکاردەهێنرێت بە جۆرێک کوشندەتر و وێرانکەرتربوون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەسەردەمی جەنگی ساردا شەڕی بە وەکالەت ببێتە ئامڕازێکی گرنگی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆیی نێوانیان، بەجۆرێک زیاتر لە (٨٠) جەنگ لە دوای ساڵانی ١٩٤٥ بەشێوەی شەڕی بە وەکالەت بەرپابوون کە زۆربەیان لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بوو کە لە ئەنجامدا (١٥-٣٠) ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا.

لە سەردەمی هاوچەرخدا شەڕی بە وەکالەت هاوشان لەگەڵ بەردەوامی فۆڕمە کۆنەکەی بەهۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زانیاری لە هەندێک کاتدا فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی پێدەدرێت لە ڕێگەی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستمی بەرگری، زانیاری، بانکی لایەنەکان.

ئامانجەکانی پەنابردن بۆ شەڕی بە وەکالەت

١-دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ یان گروپێکی چەکدار جگە لە دەوڵەت لە ناوچەی شەڕدا.
٢-ڕووخاندی سیستەمی سیاسی لە ناوچەی شەڕدا.
٣-خۆپاراستن لە ململانێی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ دەوڵەتی نەیار.
٤-خۆپاراستن لە بەرپرسیارێتی تاوانکاری و سزای سەربازی.
٥-شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی دەوڵەتی شەڕکەر بۆ خۆپارێزی لە ڕێکارەکانی ئەو لایەنەی هێرشی کراوەتەسەر.
٦-بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای لایەنی هێرشکار لەناوچەی شەڕدا.

شێوازەکانی شەڕی بە وەکالەت

١- شێوازی ئیستغلالکردن: لێرەدا دەوڵەتی سپۆنسەر بەرگری لەلایەنی بریکار دەکات، دواتر ئەو ئامڕازانەی بۆدابین دەکات کە لە ڕێگەیانەوە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانی دەدات، لێرەدا پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە پەیوەندییەکی کاتیی نزیکە.

٢- شێوازی مامەڵە: ناوەندی پەیوەندییەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی سودو خزمەتگوزاری لە نێوان سپۆنسەر و بریکاردا،  پەیوەندی نێوان هەردوو لایەن دەکرێت بگۆڕێت دوای ئەوەی هەر جیاوازیەک لە ئامانج و بەرژەوەندی لەنێوانیان ڕوبدات، هەروەها دەکرێت دەوڵەتی سپۆنسەر کۆنتڕۆڵی ڕەهای خۆی لەدەست بدات بەسەر بریکارەکەدا و سپۆنسەرێکی نوێ ڕۆڵی زیاد بکات.

٣- شێوازی زۆرەملێ: لێرەدا هەلومەرجی بابەتی مامەڵە لەنێوان بریکار و سپۆنسەردا دەسەپێنێت، وەک دامەزراندنی هێزی  چەکداری بۆ کارکردن بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەڵام بریکار لێرەدا ڕەنگە کاریگەری ڕوونی نەبێت، ئەمەش بەهۆی ئامادەنەبوونی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.

٤- شێوازی كولتوری: لێرەدا سپۆنسەر فاکتەری کولتووری دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بریکارەکە هەبێت، پاشان ئەنجامی ململانێکە دەگۆڕێت، لەم شێوازەدا پەیوەندی کولتوری لەنێوان بریکار و سپۆنسەردا دەبێتە هۆی پەیوەندییەکی بەهێز، کەلە ئەنجامدا ئامادەییەکی گەورە بۆ هەڵگرتنی مەترسییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

٥- شێوازی گرێبەست: لەڕێگەی ئەم شێوازەوە بریکارێکی دیاریکراو دیاری دەکرێت بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانجی سەربازی، ئەم شێوازەش بە گەیشتن بە ئامانجەکانی بریکارەکە و کەمکردنەوەی مەترسیەکان تایبەتمەندە.

مەرجەکانی سەرهەڵدانی شەڕی بە وەکالەت

١- بوونی ڕۆڵێک بۆ دەوڵەتی سپۆنسەر لە داڕشتنی پلانی سەربازی یان بەشداریکردن لە ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکان.
٢- دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی سپۆنسەر لە ڕێکخستنی پێکهاتەی گروپە چەکدارەکان و دانانی سەرکردە سەربازییەکان.
٣- هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتی سپۆنسەر و بریکاردا، واتا لایەنی بریکار بە بێ ئاماژەدان هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بنەڕەتی ئەنجام نادات، چونکە دەبێت دەوڵەتی سپۆنسەر پێشوەختە پشتگیری و پەسەندی بکات.
٤- دەستێوەردانی دەوڵەتی سپۆنسەر لەڕێگەی چاودێری، پێداچونەوە، وردبینی، شیکاری پەیوەست بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کە لەلایەن بریکارەوە ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



124 بینین