بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-01-26-14:28:00 - کۆدی بابەت: 11892
بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی (بە عەرەبی: المسؤولیة الدولیة، بە ئینگلیزی: International Responsibility)، بریتییە لە سیستەمێکی یاسایی نێودەوڵەتی، کە بە گوێرەی ئەم سیستمە هەر کەسێکی یاسای نێودەوڵەتی کە بەکارێکی ناڕەوا هەڵدەستێت و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کەسێکی تری یاسای نێودەوڵەتی ئەوا دەبێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکات کە لەئەنجامی ئەو کارە ناڕەوایە دروست بووە.

گەشەکردنی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

بنەچەی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی کۆن، کە لە سەردەمی کۆندا بیرۆکەی تۆڵەکردنەوەی وەک خۆی بڵاوبووە، وەک چۆن لە نێوان کەسانی ئاسایی هاومامەڵەیی جێبەجێکراوە لەنێوان دەوڵەتیشدا جێبەجێکراوە. بیرۆەکەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمین جار لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم سەریهەڵدا بە تایبەت لەکاتی سزادانی ئەو کەسانەی سەرپێچی ڕێساکانی ئاکاری نێودەوڵەتی و  یاساکانی جەنگیان کردبوو.

مەرجەکانی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

١-ئەنجامدانی کارێکی ناڕەوا
بریتییە لەلادان و دەرچوون لە ڕێسایەکی کارپێکراوی یاسای نێودەوڵەتی، جۆری ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەنجامی سەرپێچیکردنی ڕێسایەکی یاسای نێودەوڵەتی دروست دەبێت بە گوێرەی جۆری هەڵسوکەوت بەرپرسیارێتیەکە دەگۆڕێت بۆیە دەکرێت بڵێن ئەو بەرپرسیارێتەی لە ئەنجامی کاری ناڕەواوە دروست دەبێت بە دوو شێوە بەدی دێت لەوانەیە بەشێوەی ئەنجامدانی کارێک بێت پێچەوانەی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت یاخود دەکرێت بەشێوەی ڕێگریکردن و ئەنجامنەدانی کارێک بێت کەپێویستە لەسەر ئەنجامی بدات و لەئەنجامیشدا ببێتە هۆی زیان گەیاندن بەکەسێکی تری یاسای نێودەوڵەتی.

٢-خستنە پاڵی کارە ناڕەواکە بۆ کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی
خستنە پاڵی کارە ناڕەواکە بۆ یەکێک لەکەسەکانی  یاسای نێودەوڵەتی بە کۆڵەکەیەکی گرنگ دادەنرێت کە بەرپرسیارێتی لەسەر دروست دەبێت جا ئەو کەسە دەوڵەت بێت یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی یان کەسی ئاسایی وا دادەندرێت کەکارەکە دەوڵەت ئەنجامی داوە ئەگەر هاتوو هەڵسوکەوتەکە لەلایەن یەکێک لەدەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەتەوە دەرچووبێت و سەرپێچی یەکێک لەڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی کردبێت ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە دەوڵەت بەرپرسیارێتی تەواوەتی هەر هەڵسوکەوتێک هەڵدەگرێت کە لەلایەن (دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) ئەنجامدەدرێت و  پێشێلی یەکێک لە ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بکەن.

٣-زیان گەیاندن بە کەسێکی تر لە ئەنجامی کارە ناڕەواکە
مەبەست لەزیان لەیاسای نێودەوڵتیدا دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ماف و بەرژەوندیەکی ڕەوای یەکێک لەکەسانی یاسای نێودەوڵەتی بۆ دروستبوونی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی تەنها سەرپێچی کردنی ڕێسای نێودەوڵەتییەکان بەس نیە بەڵکو دەبێت لەئەنجامی ئەو سەرپێچیە زیان ڕوبدات کەبەر دەوڵەت یان کەسێکی تری یاسای نێودەوڵەتی بکەوێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وە ئەرکی قەرەبوکردنەوە دروست نابێت تاکو زیان ڕونەدات ئەو زیانەش یان بەر دەوڵەتێک دەکەوێت یان بەر هاوڵاتی دەوڵەتێک دەکەوێت یان بەر هەردووکیان دەکەوێت.

جۆرەکانی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی

١-بەرپرسیارێتی گرێبەستی نێودەوڵەتی و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی کەم تەرخەمیانە
جۆری ئەم بەرپرسیارێتیە لەسەر بنەمای جۆری ئەو ڕێسا یاساییەی کە سەرپێچی کراوە دابەشکراوە، ئەگەر هاتوو ئەو ڕێسایەی سەرپێچی کراوە لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی بوو، کەسی سەرپێچیکار خۆی لایەنێک بوو تێیدا ئەوا ئەم جۆرە پێی دەوترێت بەرپرسیارێتی گرێبەستی. بەڵام بەرپرسیارێتی کەم تەرخەمیانە بریتیە لە سەرپێچیکردن لە ڕێسایەکی یاسایی کارپێکراوی دانپێدانراو.

٢-بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ
مەبەست لە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ ئەوەیە کە کەسی یاسای نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی ئەو کارانە لە ئەستۆ ئەگرێت کە ئەنجامی داون، بەڵام بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی ناڕاستەوخۆ ئەوەیە کە دەوڵەتێک بەرپرسیارێتی دەوڵەتێکی تر هەڵدەگرێت کە پاشکۆیەتی.

٣-بەرپرسارێتی نێودەوڵەتی شارستانی و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی تاوانکاری
بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی شارستانی ئەوەیە کە کەسانی یاسای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی ئەو کارە ناڕەوایانە لە ئەستۆ دەگرن کە ئەنجامیان داوە، لەڕێگەی نەهێشتنی شوێنەواری زیانەکە بە شێوازی (قەرەبووکردنەوەی وەک خۆی، قەڕەبووکردنەوەی دارایی، قەرەبووکردنەوە بە ڕازیکردن)، بەڵام بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی تاوانکاری بریتییە لەو بەرپرسیارێتیەی کە بەسەر کەس ئاساییدا دەسەپێندرێت لە ئەنجامی هەستان بە تاوانێکی نێودەوڵەتی.


سەرچاوەکان



211 بینین