میکانیزمی بەرگری

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-02-03-20:19:00 - کۆدی بابەت: 11930
میکانیزمی بەرگری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

میکانیزمی بەرگری (بە عەرەبی: المیکانیزمیات الدفاعیة، بە ئینگلیزی: Mechanism of defense) بریتییە لە کۆمەڵە میکانیزمێک کە یارمەتی زەین دەدات خۆی لەگەڵ پاڵەپەستۆ دەروونی و هەستە قورسەکاندا بگونجێنێت. ئەم میکانیزمانە لە نائاگاییدان، کە واتای ئەوەیە کەسەکە بەبێ ئەوەی خۆی پێی بزانێت بەکاریان دەهێنێت.

میکانیزمەکانی بەرگری دەکرێت ڕێگا و شێوازی ئەرێنی بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاڵەپەستۆی دەروونیدا. لە کاتی تردا، دەکرێت ڕێگا و شێوازی زیانبەخش بن بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەستکردن یان بیانووی ناتەندروستانە یان ڕەفتاری دژەکۆمەڵ. ناسینەوەی میکانیزمەکانی بەرگری دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات باشتر لە ڕەفتاری کەسەکان تێبگات.

میکانیزمەکانی بەرگری

سیگمند فرۆیدی دەروونشیکار پەرەی بە بیرۆکەی میکانیزمەکانی بەرگریدا وەکوو ڕێگەیەک بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری مرۆڤ. میکانیزمەکانی بەرگری کۆمەڵە شێوازێکی کاردانەوەن بۆ بارودۆخێک کە هەستی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەپێی بیردۆزی دەروونشیکاری، کاتێک کەسێک ئەزموونی ڕووداوێک دەکات کە تووشی پاڵەپەستۆی دەروونی دەکات، نەست لە سەرەتادا چاودێری بارودۆخەکە دەکات تا بزانێت ئایا زیان بە کەسەکە دەگەیەنێت یاخوود نا. ئەگەر نەست گەشتە ئەو باوەڕەی کە دۆخەکە لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەستی کەسەکە، ڕەنگە بە میکانیزمێکی بەرگری کاردانەوەی هەبێت بۆ ئەوەی کەسەکە بپارێزێت. زۆربەی کات، کەسەکە ئاگاداری میکانیزمەکە نییە، بەڵام رەفتاری بەلای کەسانی چواردەورییەوە نامۆ دەردەکەوێت.

زۆربەی توێژەران میکانیزمە بەرگرییەکان بە شتێکی نەپچڕ دادەنێن، بە شێوەیەک بەرگرییە زیادتر پێگەیشتووەکان پڕۆسێسەکانی هۆش بەرەوپێشتر دەبەن و بەرگرییە کەمتر پێگەیشتووەکان زیانیان دەبێت.

میکانیزمە بەرگرییە پێگەیشتووەکان لەوانەیە زیان بە هەست  و دروستیی دەروونیی کەسەکە نەگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەش، میکانیزمە بەرگرییەکانی تر، ئەوەندە پێگەیشتوو و یارمەتیدەر نین. بەکارهێنانی درێژخایەنی ئەم بەرگرییانە دەبێتە هۆی کێشەی درێژخایەن. لە ڕاستیدا، لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی ڕێگە لە کەسەکە بگرن بتوانێت ڕووبەڕووی کێشە سۆزەکییەکان و دڵەڕاوکێکان ببێتەوە چونکە ڕێگری دەکەن لەوەی کەسەکە بنەچەی هۆکارەکە ببینێت.

کۆمەڵە نیشانەیەک کە دەری دەخەن میکانیزمەکانی بەرگری دەبنە ڕێگر لەبەردەم ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە و دروستیی دەروونی، بریتین لە:

  • هەستکردن بە غەمباری و خەمۆکی.
  • بە زەحمەت هاتنە دەرەوە لەناو جێگەی خەوتن.
  • خۆلادان لە چالاکییە ڕۆژانە عادەتییەکان، یان ئەو شت و کەسانەی کە کەسەکە دڵخۆش دەکەن.
  • بە زەحمەت دروستکردنی پەیوەندی تەندروست و پاراستنی.
  • کێشەی پەیوەندیکردن کە ڕێگرە لە ژیانی پیشەیی و تاکەکەسی.

 باوترین میکانیزمە بەرگرییەکان

میکانیزمی بەرگری

پێناسەی کورت

نموونە

گۆڕینی ڕەوتی چەپێنراوەکان

دەرکردنی هەستەکان بەسەر کەسانی تردا.

تووڕەبوون لە سەرۆکی ئیشەکەت و دەرکردنی تووڕەیییەکەت بەسەر هاوسەرەکەتدا.

نکۆڵیکردن

نکۆڵیکردن لە بوونی شتێک.

بوون بە قوربانی لە تاوانێکی توندوتیژانەدا، بەڵام نکۆڵیکردن لە ڕوودانی ڕووداوەکە.

چەپاندن

هەڵگرتنی زانیاریی لە بەشی نەستی مرۆڤ بەبێ ئاگاداری ئاگایی.

کەسێک بە منداڵی تووشی گێچەڵ بووبێتەوە و لەبیری نەمابێت.

سەرکوتکردن

گۆڕینی پاڵنەرە قبووڵنەکراوەکان بۆ دەرچەی قبووڵکراو.

کەسێک لە لە هاوسەرەکەی تووڕەبێت بەڵام لە جیاتی ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکات دەچێت پیاسەیەک دەکەیت.

خستنەسەر

کەسەکە کوالێتی و هەستە قبووڵنەکراوەکانی خۆی دەدات بەسەر کەسانی تردا.

کەسێک لە جیاتی هاوسەرەکەی سەرسامە بە کەسێکی تر، پاشان ترسی ئەوەی بۆ دروست دەبێت کە هاوسەرەکەی خیانەتی لێدەکات.

عەقڵانی بوون

بیرکردنەوە لە شتە سترێساوییەکان بە شێوەیەکی کلینیکی.

کەسێک ئەندامێکی نزیکی خێزانەکەی لەدەست دەدات و خۆی بە ئامادەکارییە پێویستەکانەوە سەرقاڵ دەکات لەجیاتی ئەوەی خەم بخوات.

هۆشاندن

پاساو هێنانەوە بۆ هەست و ڕەفتاری قبووڵنەکراو بە لۆجیک.

کەسێک ڕەتی دەکاتەوە قەرز بۆ خانووی خەونەکانی ڕابکێشێت، پاشان دەڵێت کە ئیشێکی باشی کردووە چونکە خانووەکە زۆر گەورە بووە.

گەڕانەوە بۆ پێشتر

گەڕانەوە بۆ ڕەفتارەکانی پێشتر.

باوەشکردن بە ورچە پەڕۆینەدا کاتێک کەسەکە سترێسە، هەروەکوو کاتی منداڵی.

ڕێکخستنی پێچەوانە

جێگرتنەوەی هاندەرێکی نەویستراو بە دژەکەی.

کەسێک غەمبارە بەوەی لەم دواییانەدا لە خۆشەویستەکەی جیابووەتەوە بەڵام ڕەفتارەکانی دڵخۆشانە دەردەکەوێت.

بەرزکردنەوە

ئاڕاستەکردنی هەڵچوونی بەهێز و هەستەکان بەرەو ئامراز یان چالاکییەک کە گونجاو و سەلامەتە.

کەسێک تووشی سترێس دەبێت لەسەر کارەکەی، لە جیاتی ئەوەی بەسەر هاوپیشەکانیدا هەڵیبڕێژێت، دەچێتە پۆلێکی کیکبۆکسینەوە.

جیاکردنەوە

جیاکردنەوەی ژیان بۆ بەشی جیاجیا.

کەسێک ژیانی تاکەکەسی و کێشە تایبەتییەکانی لە کارەکەی جیادەکاتەوە.

شێواندن

بڕواکردن بە ڕاستیبوونی شتێک لە کاتێکدا ڕاست نییە.

کەسێک لەو بڕوایەدایە کە لە تاقیکردنەوەکەدا کەوتووە لەبەرئەوەی پرسیارەکان قورس بوون نەک لەبەرئەوەی خۆی بەباشی بۆ ئامادەنەکردبوو.

پەرشبوون

هەستکردن بە دابڕان لە ڕووداوێکی ناخۆش و پڕ نیگەرانی، یان هەستکردن بەوەی ئەو ڕووداوە لەڕاستیدا ڕوونادات.

 

دە جۆری باوی تری میکانیزمە بەرگرییەکان

  • خۆگونجاندن لەگەڵ پاڵەپەستۆ دەروونییەکاندا بە ئەنجامدانی کردەوە لە جیاتی داننان و لە ئەستۆگرتنی هەستەکان: بۆ نموونە، لە جیاتی ئەوەی بە کەسێک بڵێیت کە لێیان تووڕەیت، هاواریان بەسەردا بکەیت یان شتێک بگریتە دیوارەکە.
  • قبووڵکردنی شێوازێکی گۆڕاوی ئامانجە ڕەسەنەکە: بۆ نموونە بوون بە ڕاهێنەری تیپی باسکەی قوتابخانەی ئامادەیی لە جیاتی بوون بە وەرزشوانێکی پیشەگەر.
  • تێرکردنی پێداویستییە ناوەکییەکان بە یارمەتیدانی کەسانی تر: بۆ نموونە کەسێک کە بە پرۆسەی چاکبوونەوەی ئالوودەبووندا تێدەپەڕێت لەوانەیە بە ویستی خۆی یارمەتی کەسانی تر بدات کە بە هەمان پرۆسەدا تێپەڕدەبن وەکوو ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حەزی خۆی بۆ ماددە هۆشبەرەکان.
  • ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەت و دۆخە ناخۆشەکاندا: بۆ نموونە، لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ کەسێکدا دابنیشیت و باسی کێشەکانت بکەیت، لەوانەیە هەروا بە سانایی دەست بکەیت بە پشتگوێخستنی هەمووی بۆ ئەوەی پێویست نەکات خەریکی کێشەکە بیت.
  • زیادەڕەوی کردن لە سەرکەوتن لە بوارێکدا بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست لە بوارێکی تردا: بۆ نموونە، کەسێک لە ڕووی ئەکادیمییەوە نادڵنیایە لە خۆی لەوانەیە بە سەرکەوتن لە بواری وەرزشدا قەرەبووی بکاتەوە.
  • دابڕانی خود لە ئەزموونێک: بۆ نموونە کاتێک تووشی بارودۆخێکی پاڵەپەستۆکەر دەبیت لە ڕووی هەستی و دەروونییەوە خۆت لە بارودۆخەکە دادەبڕێنیت.
  • پشتگوێخستنی کەتوار بە گەڕانەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لەناو مێشکی خۆتدا: کاتێک لە ژیانتدا شتێک دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، لەوانەیە بگەڕێیتەوە بۆناو جیهانی ناوەوەی خۆت کە تێیدا هۆکاری پاڵەپەستۆکە زیانت پێناگەیەنێت.
  • ئاماژەدان بە لایەنێکی پێکەنیناوی بارودۆخەکە: نموونەیەک لەمە بریتییە لەوەی لە بارودۆخێکی تراومایی و پڕ پاڵەپەستۆدا نوکتەیەک بگێڕیتەوە.
  • دەربڕینی تووڕەیی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ: لە جیاتی ئەوەی بە کەسێك بڵێیت کە تووڕەیت لێیان، بۆ نموونە، لەوانەیە سزای بێدەنگبوونیان بدەیت و قسەیان لەگەڵدا نەکەیت.
  • هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بیرکردنەوە، هەست یان ڕەفتارەی تۆ بە نەگونجاوی دادەنێیت: بۆ نموونە، ئەگەر هەستی کەسێک بریندار بکەیت، لەوانەیە پێشنیاری ئەوەیان بۆ بکەیت کە شتێکی باشیان بۆ بکەیت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە تاوانەکەی خۆت.

بنەچە و حاڵەتە پەیوەندیدارەکان

میکانیزمەکانی بەرگری شێوازی دەروونزانین بۆ یارمەتیدانی کەسێک تا مامەڵە لەگەڵ دۆخێک یان هەڵچوونێکی ناخۆش و بێزارکەردا بکات. هەرچەندە، هەندێک کەس دەکەونە ناو شێوازێکی ڕۆتینی کە تێیدا میکانیزمەکانی بەرگری بەکاردەهێنن بۆ خۆلادان لە ناسینەوە و دەستنیشانکردنی هەڵچوونە ناڕەحەتکەرەکان و رەفتاری ناتەندروستانە.

میکانیزمە بەرگرییەکان تایبەتمەندی باوی خەمۆکی و دڵەڕاوکێن. هەندێکجار، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتانەیان هەیە بە تەواوی پشتیان بەم میکانیزمانە بەستووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و تراومادا.

لە کاتێکدا ئەم میکانیزمانە لەوانەیە یارمەتیدەربن و کەمێک ناڕەحەتییەکان سنووردار بکەن بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام ناتوانرێت وەکوو چارەسەری درێژخایەن سوودیان لێوەربگیرێت.

شێواندن و پەرشبوون بەشێوەیەکی دیاریکراو کەناو ئەو کەسانەدا باون کە حاڵەتی دەروونییان هەیە. شێواندن زۆرجار بە تێكچوونی تێڕوانینی جەستەیی کاردەکاتە سەر کەسەکان، وەکوو دەمارگیری نەمانی ئارەزووی خواردن، دەمارگیری تێرنەخۆری و نەخۆشیی ڕازینەبوون بە شێوەی جەستە.

پەرشبوون دەکرێت تایبەتمەندی فشاری پاش زەبری دەروونی، تێکچوونی دوو جەمسەری و شیزۆفرینیا بێت.

بژاردەکانی چارەسەر

پەرەپێدان بە میکانیزمەکانی بەرگری بەشێکن لە گەشەسەندنی ئاسایی، و ئەم میکانیزمانە دەکرێت شێوازی ئەرێنی بن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخە سەختەکان. هەرچەندە، دووبارەکردنەوە لە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی بەرگری لەوانەیە ڕێگری لە توانای کەسەکە بکات بۆ چارەسەرکردنی هەست و هەڵچوونەکانی خۆی.

هەندێک کەس لەناو شێوازێکدا دەچەقن بە شێوەیەک وا بیردەکەنەوە کە تەنها پشت بە میکانیزمەکانی بەرگری دەبەستن. ئەمە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی تردا کاریگەری نەرێنی دەبێت.

بە چارەسەری دروست، کەسەکە دەتوانێت شێواز و ڕێگای ئەرێنی بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەست و سۆزە ناڕەحەتکەرەکان. چارەسەری دروست بۆ کەسێک کە میکانیزمەکانی بەرگری کردووە بە ڕۆتین بەپێی جۆری میکانیزمەکە دەگۆڕێت کە بەکاری دەهێنن. هەندێک لەو  بژاردانە بریتین لە:

چارەسەر بە قسەکردن

ئەمە دەتوانێت یارمەتی کەسێک بدات لەو هەست و بیرکردنەوانە بکۆڵێتەوە کە لە پشتی میکانیزمێکی بەرگری دیاریکراوەوەن. چارەسەرەکە دەکرێت دانیشتنی یەک کەسی بێت یاخوود بە شێوەی کۆمەڵ بێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ پاڵەپەستۆی دەروونی

هەندێک کەس سوود لە گۆڕینی شێوازی ژیانیان دەکەن کە یارمەتیان دەدات چارەسەری ئاستی پاڵەپەستۆکانیان بکەن.

کۆمەڵە مامەڵەکردنێکی تر لەگەڵ پاڵەپەستۆی دەروونی کە دەتوانن پێویستی بە میکانیزمە دەروونییەکان کەم بکەنەوە، بریتین لە:

  • وەرزشکردن و چالاکیی جەستەیی
  • یۆگا
  • تێڕامانی قووڵ
  • چارەسەری ڕەوانەوەی پاڵەپەستۆ
  • دەرمان

لەوانەیە ئەو کەسەی کە حاڵەتێکی دەروونی هەیە پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان بێت. بە پێی حاڵەتەکە، چارەسەرەکان پێکدێن لە:

  • دەرمانی دژەخەمۆکی
  • دەرمانی دژەدڵەڕاوکێ
  • دەرمانی دژەتێکچوونی بیر و ڕەفتار


سەرچاوەکان



167 بینین