گرفتە کۆمەڵاییەتییەکانی ژنانی ئیشکەر

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-02-19-22:39:00 - کۆدی بابەت: 11997
گرفتە کۆمەڵاییەتییەکانی ژنانی ئیشکەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرفتە کۆمەڵاییەتییەکانی ژنانی ئیشکەر (بە عەرەبی: المشكلات الاجتماعية التي تواجه المرأة العاملة، بە ئینگلیزی: Social problems of working women)، زۆرجار باس لە ژنان دەکرێت کە دەوترێت قسەکانیان دەبڕدرێن، بۆ پلەبەرزکردنەوە دەگوازرێنەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بێناوبانگ دەکرێن، ناویان لێدەنرێت، ژێردەستە دەکرێن، بۆ کۆبوونەوە و پڕۆژە گرنگەکان دوور دەخرێنەوە، پشتگوێ دەخرێن و فیدباک و ڕوونکردنەوەیەکی ناڕوون و نایارمەتیدەریان پێدەدرێت. بەڵام باسی ئەو بەربەستانە ناکرێت کە ڕۆژانە ژنان ڕوبەڕوویان دەبێتەوە کە کاتی وا هەبووە بووەتە هۆکاری لەدەست دانی پیشەکەیان و زیان بە دەروونیشیان گەشتووە.

بە شێوەیەکی گشتی ژنان لە شوێنی کارەکانیان ڕووبەڕووی چی دەبنەوە؟

• کێشەی کولتووری لە شوێنی کار کە زیاتر لایەنگری پیاوانن
 • کەسایەتییە شەڕانگێز و باڵادەستەکانی پیاوان
 • لایەنگری جێندەری و جیاوازی مووچەی جێندەری
 • پشتگیری سنووردار بۆ چاودێریکردنی منداڵان
 • دەستدرێژی سێکسی بە ناوی کارەوە
 • زۆربەی کات جیاکاری دەکرێت لە پێدانی پشووەکاندا بە ژنان و پیاوان
 • بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وا گریمان دەکرێت کە ژنان کەمتر پابەند بن لە پیاوان

ئەو ئاستەنگییە سەرەکییانەی کە ڕۆژانە ڕوبەڕووی ژنان دەبێتەوە

یەکەم/ بە جددی وەرنەگیراوە
زۆرجار ژنان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک کەم توانا هەست پێدەکرێن ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، کە ئەمەش لە ئەنجامی ڕەگەز پەرستییەوەیە، هەروەها زۆرێک لە پیاوان بە شێوەیەکی نائاگایی پێیان وایە لە هاوتا مێینەکانیان باشترن. ئەوەش وا لە زۆرێک لە ژنان دەکات هەست بکەن لە کۆبوونەوەکان و لە دامەزراندنی کارمەند بۆ پڕۆژە گرنگەکان و لە دەرفەتەکانی گەشەکردن و پلەبەرزکردنەوەدا هەست بە پشتگوێخستن بکەن.

دووەم/ وەک کەسێکی زۆر سەخت یان کەسێکی زۆر شەڕانگێز سەیر دەکرێن
کاتێک ژنان بە ئاشکرا ناکۆک بن لەبری ئەوەی دان بە دیدگا و بەشدارییە ناوازەکانیاندا بنێن پێیان دەوترێت کە زۆر سەختن یان زۆر شەڕانگێزن. پاشان ژنان هەست بە بێدەنگی دەکەن و پاڵنەرەکانیان نامێنێت یان کەم دەبێتەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی وەک سەرکردەیەکی بوێر سەیر نەکرێن کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری دابەزینی ئەدای کارمەندە ئافرەتەکە.

سێیەم/ بەردەوام پرسیاری لێدەکرێت
زۆرێک لە ژنان هەست دەکەن خەڵک هەمیشە پرسیار لە متمانەپێکراوی خۆیان دەکەن، تەنانەت ئەگەر چەندین جار خۆیان سەلماندبێت، یان تەنانەت ئەگەر پلە باڵاتر بن، ئەزموونی زیاتریان هەبێت، یان بڕوانامەی زیاتریان هەبێت لە کەسانی دیکە. کاتێک ژنێک بە شێوەیەکی ژنانە و کچانەیە و حەزی لە جوان دەرکەوتنە، خەڵک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وا دەزانن کە زیرەک و بەتوانا نین تەنها بەهۆی چۆنیەتی دەرکەوتنیانەوە. ئەم فشارە بەردەوامە بۆ دووبارە و سێبارە سەلماندنی خۆیان ماندووکەر و بێزارکەرن.

چوارەم/ لەگەڵ ڕەگەزی نێردا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت
لەهەموو شوێنی ئیشێکدا نا بەڵام دەتوانین بڵێین لە زۆربەی شوێنی ئیشەلاندا ژنان لە مووچە و دەرفەت و کارلێککردندا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت لەگەڵ پیاواندا. چەندین لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە ئەو ژنانەی کە هەمان ئەزموون و توانایان هەیە، مووچەیەکی بەرچاو کەمتر لە هاوتا پیاوەکانیان وەردەگرن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ژنان کەمتر دەستیان بە دەرفەتە ستراتیژییە گەورەکان دەگات کە دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی خێرا و ئەنجامە گەورەکان و بینینی بەرز کە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی لەبەرچاو بگیرێن بۆ بەرزکردنەوەی پلە. لەسەرووی ئەوەشەوە ژنان کەمتر دەستیان بە بڕیاردەر و سەرکردە باڵاکان دەگات وەک ڕاهێنەر و سپۆنسەر کە ئەمەش دیسانەوە ژنان دەخاتە دۆخێکی خراپەوە بەرانبەر بە پیاوان.

پێنجەم/ بە چاوێکی دیکەوە سەیر دەکرێن
لە هەندێک شوێنی کاردا ئافرەتان بۆ مەبەستێکی لاوەکی و دەرەکی لە کار بەکاردەهێنرێن، هەروەها زۆربەی کات بە ناوی کار و ئیشەوە ڕووبەڕووی گێچەڵی یان دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە و ناوبانگی لەکەدار کراوە و دەروون و ڕۆحیەتی بریندار کراوە، لەبەر ئەم مەبەستە زۆربەی ئافرەتان ترسیان لە کارکردن هەیە.


سەرچاوەکان



134 بینین