بۆچی درەنگ لەخەو هەڵدەستم؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-25-21:36:00 - کۆدی بابەت: 12025
بۆچی درەنگ لەخەو هەڵدەستم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی درەنگ لەخەو هەڵدەستم؟ یان درەنگ ڕابوون لە خەو یان درەنگ بێداربوونەوە (بە عەرەبی: لماذا اقوم من النوم متٲخرا؟، بە ئینگلیزی: Why do I get up late) درەنگ هەستان کێشەی زۆرێک لە مرۆڤەکانە و زۆرکات بەهۆی درەنگ خەوتن یان بەهۆی ناڕێکی خەو و بەدەست نەهێنانی بڕی پێویست لە خەو درەنگ بە ئاگا دێنەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و کار و ڕۆتینی ڕۆژانەیان دادەنێت. خەوی تەندروست لە کاتژمێرە زووەکانی شەودایە بۆیە زووخەوتن یارمەتیدرە بۆ بەدەستهێنانی کوالێتییەکی باشی خەو و یارمەتی زوو بێداربوونەوەش دەدات.

هۆکارەکانی درەنگ لەخەو هەستان

هۆکارە ژینگەییەکان: دەکرێت ژینگەیەکت هەبێت کە بۆ خەوتن گونجاو نەبێت، وەک ڕووناکی بەهێز یان ژاوەژاو و دەنگە دەنگێکی بێزارکەر یان شوێنی خەوتنەکەت ناڕێک و ناتەندروستە، هەموو ئەمانە  ڕێگریت لێدەکات لە ئارامگرتن و خەوتن لەکاتی گونجاودا، ئەمەش وادەکات کاتی خەوت ناڕێک بێت درەنگ بخەویت و بەوهۆیەش درەنگ بێداربیتەوە.

فشاری دەروونی: ئەگەر فشار، دڵەڕاوکێ، ڕاڕایی، شڵەژان و گرژی دەروونی و بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەری زۆرت لە ڕۆتینی ژیان و کارەکانی ڕۆژانەت هەبێت، ئەوە خەو و ڕۆتینی خەوتن و لەخەو هەستانت ڕاستەوخۆ بەم کێشانه کاریگەر دەبن، بەوهۆیەوە بە ئاسانی ناتوانیت خەوێکی قووڵ و تەندروستت هەبێت و کاتەکانی خەوتن و لەخەو هەستانت ڕاستەوحۆ کاریگەر دەبن و ناتوانیت شەوان بە باشی بخەویت، بۆیە بەخەبەرهاتنەوەت لە کاتی خۆی کارێکی قورس دەبێت و هەمیشە دوادەکەوێت.

پشتبەستن بە تەکنەلۆجیا: بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان وەک مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێتەکان و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت پێش خەوتن کاریگەری لەسەر کوالێتی خەوتنت دروست دەکات و ئەمەش وادەکات درەنگ لە خەو هەڵبستیت.

خواردن و بەکارهێنانی ماددەی هاندەر: دەکرێت خووت هەبێت بۆ خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە ماددەی کافایینیان تێدایە وەک قاوە، چا، کۆلا و خواردنەوە وزە بەخشەکان ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای خەوتنت دەبێت لە کاتی گونجاودا.

 شێوازی ژیانی ناڕێک: ئەگەر تۆ شێوازی ژیانێکی ناتەندروست و ناڕێکت هەبێت و کاتی خەوتنت دیاریکراو نەبێت، واتا هەر ڕۆژێک لە کاتێکی جیاواز بخەویت یان کاتی خەوتنت درەنگ بێت، هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر شێوازی خەوتنت دەبێت و بەوهۆیەوە درەنگ لەخەو ڕادێیت و دوای بەئاگاهاتنەوەت ئاڵۆز و بێزار دەردەکەویت، چونکە جەستەت بەشی پێویست خەوی تەندروستی وەرنەگرتووە و مێشک تاڕادەیەک پەرتەوازە و شڵەژاو دەبێت.

چارەسەرکردنی ئەم دۆخە

 بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەتوانیت هەندێک لەمانەی خوارەوە تاقی بکەیتەوە:

  • دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ خەوتن، وەک کوژاندنەوەی گڵۆپەکان و تاریککردنی شوێنی خەو لەگەڵ کەمکردنەوەی ژاوەژاو و دەنگەدەنگ.

  • کەمکردنەوەی فشاری دەروونی پێش خەوتن، بە ئەنجامدانی چالاکییە ئارامکەرەوەکان وەک گوێگرتن لە مۆسیقای ئارامکەرەوە یان خوێندنەوەی کتێب.

  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئینتەرنێت پێش خەوتن.

  • دوورکەوتنەوە لە خواردنی ماددەی هاندەر نموونەی چا و قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان پێش خەوتن.

  • خشتەیەکی ڕێکوپێک بۆ خەوتن و بەخەبەرهاتنت لەهەمان کاتدا دابنێ، بۆ ئەوەی جەستەت بەشێوەیەکی ڕێکوپێکی خەوتن ڕابێت لەو ڕێیەوە کاتژمێری بایۆلۆجی جەستەش تەندروست دەبێت و بە دۆخەکە ڕادێت و دەتوانیت زوو لەخەو هەستیت. 

  • گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی، خوێندنی ویردی شەوان و ئەنجامدانی نوێژی بەیانی و خوێندنەوەی قورئان یارمەتیدەرن لە چارەسەرکردن.

  • ئەگەر کێشەی خەوت بەردەوام بوو و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەت هەبوو، درەنگ لەخەو هەستانت دەبووە هۆی نائارامی وشڵەژان و تێکچوونی دەروونیت و ماندوو و بێزارتی دەکرد و بۆت کۆنتڕۆڵ نەکرا و ڕۆژەکەت بە ئاسانی بۆ بەڕێ نەدەکرا، ئەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و یارمەتی تەندروستی وەربگریت.


سەرچاوەکان



138 بینین