ناوبینی کۆڵۆن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-28-19:46:00 - کۆدی بابەت: 12036
ناوبینی کۆڵۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناوبینی کۆڵۆن (بە ئینگلیزی: Colonoscopy، بە عەرەبی: تنظير القولون) بریتییە لە نەشتەرکارییەکی پزیشکی کە پشکنین بۆ ڕیخۆلە ئەستوورە دەکات. ئامیری ناوبینەکەی کۆڵۆن لە بۆرییەکی پلاستیکی درێژ و بەهێز و نەرم پێکهاتووە لەگەڵ کامێرایەکی دیجیتاڵی بچووک و ڕووناکی لە یەکێک لە کۆتاییەکانییەوە.

ناوبینی کۆڵۆن دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گەڕان بەدوای گۆشتی زیادەی کۆلۆن یان شێرپەنجەی کۆڵۆن و بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی نیشانەکانی وەک سکچوونێکی هۆکار نادیار، ئازاری سک یان بوونی خوێن لە پیسایی. شێرپەنجە و گۆشتی زیادە لە هەمان کاتدا دەتوانرێت لاببرێن.

ناوبینی کۆڵۆن چییە؟

ناوبینی کۆڵۆن بریتییە لە نەشتەرکارییەکی پزیشکی کە ڕیخۆڵە ئەستوورە و کۆڵۆن دەپشکنێت. ئامێری ناوبینی کۆڵۆن (Colonoscope) ئامێرێکە کە لە بۆرییەکی پلاستیکی درێژ و ڕەق و نەرم پێکهاتووە لەگەڵ کامێرایەکی دیجیتاڵی بچووک و ڕووناکی لە یەک کۆتاییەوە. پزیشکی هەرس و گەدە بە وریاییەوە ڕێنمایی ئەم ئامێرە دەکات بە ئاڕاستەی جۆراوجۆر بۆ سەیرکردنی ناوەوەی کۆڵۆن. پاشان وێنەیەک لە کامێراکەوە دەردەکەوێت لەسەر شاشەیەک بۆ پێشکەشکردنی دیمەنێکی ڕوون و گەورەی ڕیخۆڵە ئەستوورە و کۆڵۆن.

کۆلۆن چییە؟

کۆلۆن (ڕیخۆڵەی گەورە) کۆتا بەشی هەرسکردنی ڕێڕەوی هەرسە. بۆرییەکی بەتاڵە نزیکەی ١.٥ مەتر درێژە کە لە ڕێکە و کۆم کۆتایی دێت. ئەرکی سەرەکی کۆلۆن بریتییە لە هەڵگرتنی خۆراکی هەڵنەمژراوە پێش ئەوەی لەناو بچێت لە پیساییەوە. کۆلۆن ئەندامێکی ئاڵۆز و گرنگە لە ڕووی تەندروستی گەدە و ڕیخۆڵەی کەسییەوە. دوو بۆ سێ کیلۆگرام بەکتریا لە کۆڵۆندا هەیە بۆ هەرسکردنی ڕیشاڵ و نیشاستەکان کاردەکەن و بەمەش گازی ڕیخۆڵە بەرهەم دەهێنن. کە زۆربەیان هەڵدەمژرێن و دەردەدرێنەوە لە ڕێگەی هەناسەوە.

کۆلۆن ترشی چەوری زنجیرەی کورت بەرهەم دەهێنێت، کە هەندێکیان لەوانەیە گرنگ بن بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجەی کۆڵۆن. هەروەها شلە هەڵدەمژێتەوە بۆ ئەوەی تەنها ١٠٠ بۆ ٢٠٠ میلی لیتر شلە لە پیساییدا هەبێت.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی ناوبینی کۆڵۆن

ناوبینی کۆڵۆن دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گەڕان بەدوای شێرپەنجەی کۆلۆن (شێرپەنجەی ڕیخۆڵە) یان گۆشتە زیادەی کۆلۆن، کە گەشەکردنێکە لەسەر ناوپۆشی کۆلۆن و هەندێک جار دەکرێت شێرپەنجەیی بێت یان لەوانەیە گەشە بکات بۆ دروستکردنی خانەی شێرپەنجەیی. ناوبینی کۆڵۆن دەکرێت ئەنجام بدرێت بۆ دۆزینەوەی نیشانەکان لەوانە:

  • خوێنبەربوون لە ڕێکە
  • بوونی خوێن لە پیسایی
  • هەوکردن (پەس کە دەکاتە خڕۆکەی سپی مردوو) یان لینجی لە پیسایی
  • ئازاری سکی نەزانراو
  • گۆڕانکاری لە خووی ڕیخۆڵەدا وەک سکچوونێکی درێژخایەن و هۆکار نەزانراو
  • پشکنین و چاودێری کردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن.

بابەتی پزیشکی بۆ ڕەچاوکردنی

پێش نەشتەرکارییەکە، پێویستە چەند بابەتی لەگەڵ پزیشک گفتوگۆی بکرێت، لەوانە:

  • ئەگەر هەر دەرمانێکی تەنککردنەوەی خوێن وەربگریت وەک ئەسپرین، کڵۆپیدۆگرێل، پراداکسا یان وارفارین.
  • لیستێکی هەموو دەرمانەکان (ڕەچەتە و نووسراوی بێ ڕەچەتە)، ڤیتامین و کانزا و تەواوکەرە ڕووەکییەکان بکە کە وەریاندەگریت.
  • ڕیخۆڵەیەکی پاک بۆ ئەوەی پزیشک بتوانێت ناوپۆشی کۆلۆن ببینێت. ئەم پرۆسەی پاککردنەوە جیاوازە، بەڵام لەوانەیە پێت بوترێت کە خۆراکەکەت بگۆڕیت و خۆت بەدووربگریت لە هەندێک خۆراک لە ڕۆژانی پێش نەشتەرکارییەکەدا.

کیتێکی ئامادەکردنی ڕیخۆڵە هەیە، ئەم کیتە ئەو ماددانە لەخۆدەگرێت کە یارمەتی پاککردنەوەی ڕیخۆڵە دەدەن. هەروەها لەوانەیە ئامادەکراوی شلە لەخۆ بگرێت کە دیزاین کراوە بۆ هاندانی جووڵەی ڕیخۆڵە، هەروەها حەبی نەرمکەرەوە و ئامادەکارییەکانی تر. زۆر گرنگە کە بە توندی پابەندی ئەو ڕێنماییانە بیت کە لەلایەن ستافی پزیشکییەوە پێت دەدرێت. ئامۆژگاری دەکرێیت کە هیچ خۆراکێک یان شلەیەک بەکارنەهێنیت، جگە لەو شلەیەی کە لە کەرەستەی ئامادەکراوی ڕیخۆڵەدا دابینکراوە، لە ماوەی شەش کاتژمێر پێش نەشتەرکارییەکە.

پرۆسەی ناوبینی کۆڵۆن

پێش نەشتەرکاری ناوبینی کۆڵۆن، هێڵێکی ناو خوێنهێنەرەکان دەخرێتە ناو پشتەوەی لەپی دەستت بۆ دابینکردنی دەرمانێک کە وادەکات پشوودرێژ بیت و بخەویت (بێهۆشکەر). ئەو دەرمانانەت پێدەدرێت کە بە قووڵی ئارامکەرەوەن بۆ ئەوەی هیچ بیرت لەلای نەشتەرکارییەکە نەبێت یان هەست بە ئازار نەکەیت.

ناوبینی کۆڵۆن لە یەکەیەک ئەنجام دەدرێت کە تەنها بۆ پرۆسەکانی ناوبینی بەکاردێت. نەخۆشەکە لەسەر دەستی چەپ ڕادەکشێت و ئەژنۆکانی لە سنگی نزیکدەکاتەوە واتا ئەژنۆی دەچەمێنێتەوە و خۆی بچووک دەکاتەوە. ئامێری ناوبینی کۆڵۆنەکە بە شێوەیەکی نەرم لە ڕێگەی کۆمەوە دەخرێتە ناو کۆلۆنەکەوە و هەوا یان دوانە ئۆکسیدی کاربۆن پێشکەش دەکرێت بۆ یارمەتیدانی تێپەڕبوونی ئامێری ناوبینی کۆڵۆن.

کاتێک ئامێری ناوبینەکە دەگاتە ئەو خاڵەی کە کۆلۆنەکە دەچێتە پاڵ ڕیخۆڵە باریکە، پزیشک بە هێواشی دەیگەڕێنێتەوە لە کاتێکدا بە وریاییەوە سەیری ڕیخۆڵە ئەستوورە دەکات. پاشانیش وێنەکان دەگیرێن لە ڕێی کامێرای ناوبینەکەوە ئەم نەشتەرکارییە بە گشتی ١٥ بۆ ٣٠ خولەک دەخایەنێت.

ئەگەر گۆشتە زیادەی کۆلۆن لە کاتی کرداری ناوبینی کۆڵۆندا دۆزرایەوە، ئەوا لەم کاتەدا نموونەیەکی شانەکە لادەبرێن و نموونەکە دەنێردرێت بۆ شیکردنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا گۆشتە زیادەکە شێرپەنجەییە یان نا. لابردنی گۆشتی زیادە یان وەرگرتنی نموونەی شانەیی لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون. هەروەها خوێنبەربوون دەکرێت لە کاتی پرۆسەکەدا بوەستێنرێت بە بەکارهێنانی گرە و دوورینەوە یان ڕێگاکانی تر. ئەگەر خوێنبەربوونەکە توند بێت، لەوانەیە پێویستی بە خوێن گواستنەوە یان دووبارە داخڵکردنەوەی ئامێری ناوبینەکە هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی خوێنبەربوونەکە.

ڕاستەوخۆ دوای کرداری ناوبینییەکە

دوای نەشتەرکارییەکە، لەوانەیە ئەمانە ڕووبدەن:

  • هەڵئاوسان
  • غازات
  • پێچی ناو سک

لەوانەیە خواردنەوەیەک و شتێکی سووک پێشکەش بکرێت نزیکەی کاتژمێرێک دوای ئەوەی بە تەواوی بەهۆش هاتیتەوە تا بیانخۆیت و بیانخۆیتەوە. بە گشتی دەتوانیت دوای چوار کاتژمێر بگەڕێیتەوە ماڵەوە.

ئاڵۆزییەکانی ناوبینی کۆڵۆن

ناوبینی کۆڵۆن پرۆسەیەکی سەلامەتە، هەرچەندە ئاڵۆزییەکان بە دەگمەن ڕوودەدەن. کە دەکرێت بریتیبن لە:

  • خوێنبەربوونی زیاد لە پێویست
  • کونبوون یان کونبوونی دیواری کۆڵۆن

ڕێنماییەکانی ماڵەوە

لەلایەن پزیشکەوە ئامۆژگاری دەکرێت، بەڵام پێشنیارە گشتییەکان بریتین لە:

  • نابێت خۆت شۆفێری بکەیت بۆ ماڵەوە دوای نەشتەرکاری ناوبینی کۆڵۆن، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانانەی کە وەرتگرتوون واتا بێهۆشکەرەکە.
  • خواردنەوە کحولییەکان مەخۆوە، چونکە لەوانەیە کارلێک لەگەڵ دەرمانەکاندا بکەن.
  • هەموو پێشنیارە خۆراکییەکان جێبەجێ بکە.

چاودێری درێژخایەنی دوای پرۆسەکە

هەر هەڵئاوسانی سک و ئازارێک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چارەسەر دەبێت. ئەم نیشانانە بەهۆی ئەو گازانەوە دروست دەبن کە لە کاتی نەشتەرکارییەکەدا دەخرێتە ناو کۆلۆنەوە. پێویستە جارێکی دیکە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامەکانی پرۆسەی ناوبینی کۆڵۆن. چارەسەر پشت دەبەستێت بە دەستنیشانکردنی پزیشک بۆ دۆخەکەت.

پشکنینەکان جگە لە ناوبینی کۆڵۆن

پشکنینی جێگرەوە هەن بۆ ناوبینی کۆڵۆن، بەڵام هەمیشە گونجاو نین. هەندێک جار ئەم پشکنینانە بە هاوبەشی لەگەڵ ناوبینی کۆڵۆن ئەنجام دەدرێن، بەهۆی بەدەستخستنی ئەو زانیاریە زیادەی کە پێشکەشی دەکەن.

ئەم پشکنینانە دەکرێت ئەمانەی تێدا بێت:

تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری کۆڵۆن: بریتییە لە سکانێک کە بە تایبەتی دیزاین کراوە بۆ سەیرکردنی کۆلۆن. گاز لە ڕێگەی بۆرییەکی بچووکەوە بۆ ناو ڕیخۆڵە دەنێرێت و پاشان وێنە لە ڕێڕەوی هەرسکردن دەگیرێت. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی بەکاردێت کاتێک پرۆسەی ناوبینی کۆڵۆن ناتەواو بێت.

تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری یان سی تی سکان: ئەم جۆرە تیشکە دەتوانێت سەیری پێکهاتەکانی تری سک بکات هەرچەندە پشکنینێکی زۆر هەستیارە بۆ سەیرکردنی کۆلۆن.

ناوبینی سیگمۆید : ئەمە پرۆسەیەکی هاوشێوەی ناوبینی کۆڵۆنە، جگە لەوەی پرۆسەی ناوبینی سیگمۆید زۆر کورتترە. ئامێرەکە ناتوانێت بچێتە دواوەی بەشی سیگمۆید، کە ئەو بەشەی ڕیخۆڵە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێکە پەیوەست دەبێت.


سەرچاوەکان



136 بینین