سەن زوو

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-11-12:02:00 - کۆدی بابەت: 12084
سەن زوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەن زوو (بە عەرەبی: سون تزو، بە ئینگلیزی: Sun Tzu) ژەنەڕاڵ، پلاندانەری ستراتیجی، فەیلەسووف و نووسەری بە ڕەگەز چینییە. لە سەردەمی (ژاوی ڕۆژهەڵاتی)دا ژیاوە کە دەکەوێتە نێوان ٧٧١-٢٢٦ پێش زایینی. سەن زوو یاخود سون زوو نووسەری گرنگترین کتێبی سەربازی مێژووە کە ناوی (هونەری جەنگ)ـە. ئەم کتێبە لە ٨٢ بەش پێکهاتووە کە تەنها ١٠ بەشی لێ بڵاوکراوەتەوە کە ٨٠٠٠ وشەیە. کە گشت زانیارییەکی تێدایە بۆ سەرکردەیەک پێویستی بێت. ئەم فەیلەسووفە کاریگەر بووە لە نێوان ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو پەڕی ڕۆژاوای جیهان، هیچ سەرکردەیەکی سەربازی لە دونیادا نەبووە بێ خوێندنەوەی هونەری جەنگ بڕواتە گۆڕەپانی شەڕکردن. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو بە چینی 孫子
لەدایکبوون ساڵی ٥٤٤ پێش زایینی (ساڵی کی یان یو)
مردن ساڵی ٤٩٦ پێش زایینی 
شوێنی مردن گوسو - هەرێمی وو 
تەمەن ٤٧-٤٨ ساڵ
پیشەکانی جەنەڕاڵ، پلاندانەری ستراتیجی، فەیلەسووف، نووسەر.
سەردەمی ژیانی بەهار و پایز
دیارترین کاری نووسینی کتێبی هونەری جەنگ

ژیان

کۆنترین سەرچاوەی مێژوویی کە تیایدا باسی لە دایکبوونی سەن زوو و ماوەی ژیانی کردبێت دوو ساڵنامەیە ئەوانیش (بەهار و پایز) لەگەڵ ساڵنامەی (سیما) کە ئاماژە بەوە دەدەن کە سەن زوو لە هەرێمی کی لە دایکبووە، هەردوو سەرچاوەکە کۆکن لەسەر ئەوەی لە کۆتایی ساڵنامەی بەهار و پایز لە دایکبووە. بە پێی نووسراوی (دێرینترین مێژوو) سەن زوو وەکو جەنڕاڵ لە هەرێمی وو خزمەتی (پاشا هێلو)ی کردووە. لە یەکێک لە تۆمارکراوەکان کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵی ٥١٢ پێش زایینی ئەویش پێشکەشکردنی کتێبی (هونەری جەنگ) بە پاشای هەرێمی وو لەلایەن سەن زوو. کە ئەم کتێبە وەکو دەستکەوتێکی گرنگ تەماشاکراوە لەلایەن بنەماڵەی شاهانەوە. 

نووسینی کتێبی هونەری جەنگ

گرنگترین کاری سەن زوو یاخود سون زوو، نووسینی کتێبێکی ستراتیجی و سەربازییە لە ساڵی ٥١٢ پێش زایینی بەناوی (هونەری جەنگ) کە کتێبێکی فەلسەفی و سەربازییە. ئەم کتێبە جێگەی بایەخی هەموو سەرکردە سەربازییەکانی جیهانە، بەتایبەتی وڵاتی چین کە تا ئەم سەردەمە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی کتێبەکە کردووە و ڕێگەی نەداوە هیچ کەسێک دزەی پێ بکات و ناوەڕۆکە گرنگەکەی کە ٧٢ بەشە لە گەنجینەیەکدا حەشاردراوە و هیچ کەسێک نازانێت ئەو ناوەڕۆکەی لە کتێبەکە لابراوە باسی چی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ٨٠٠٠ وشەی لێی بڵاوکراوەتەوە و دەست خەڵکی گشتی کەوتووە هەموو شتێکە.

سەن زوو لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی فەلسەفی گشت ڕێگاکانی بەرگری کردن و شەڕکردنی ڕوونکردووەتەوە. سەن زوو دەڵێت: هەموو شەڕکردنێک بە پلاندانان دەست پێ دەکات بۆیە پلاندانانی کردووە بە کلیلی چوونە ناو کتێبەکە. لە هەر بەشێکدا چەند ئامۆژگارییەکی لە شێوەی کورتە خاڵدا نووسیوە پاشان لەسەر هەر یەکەیان بە درێژتر و وردەکاری زیاتر نووسیویەتی. 

مردن

ساڵی ٤٩٦ پێش زایینی لە تەمەنی ٤٧-٤٨ساڵیدا لە گوسو لە هەرێمی وو کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ نێژراوە. لە سەدەی بیستەمدا سینەمای چین بەتایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ چەندین بەرهەمی سینەمایی لە بارەی ژیان و کتێبی هونەری جەنگ بەرهەمهێنراوە، دیارترینیان Art of war(2000)


سەرچاوەکان



98 بینین