کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-19-23:28:00 - کۆدی بابەت: 12153
کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک (بە ئینگلیزی; Myelodysplastic syndrome, بە عەرەبی: متلازمة ميلوديسبلاستيك) نەخۆشییەکە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ڕێژەی دروستکردنی خانەکانی خوێنەوە دروستدەبێت. خانەکانی خوێن لە مۆخی ئێسکەوە دروستدەبن، ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییەدەبن خانەکانیان بەشێوازێکی ئاسایی گەشەناکەن. سێ جۆر خانەی خوێنمان هەیە، خڕۆکە سپییەکان، خڕۆکە سوورەکان و پەڕەکانی خوێن، نەخۆشانی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک کەمییان لە یەکێک لە جۆرەکانی خانەکانی خوێن یان دووانیان یانیش هەر سێکیان هەیە.

ئەو نەخۆشانەی دووچاری ئەم نەخۆشییە بوون مۆخی ئێسکیان ناتوانێت گەشەی تەواو بە خانەکانی خوێن بدات، هەروەها ناتوانێت بەرهەمهێنانی خانەکانی خوێن زیاد بکات کاتێک جەستە زیاتر پێویستی بە خانەی خوێنی پێگەشتوو هەیە. لەو کاتەدا مۆخی ئێسک پڕ دەبێت لە خانە پێنەگەشتووەکانی خوێن و شوێنی نامێنێت بۆ گەشە و پێگەشتنی خانە ئاساییەکان. 

هۆکارەکانی چین؟

زۆربەی دۆخەکانی ئەم نەخۆشییە نیشانەیەکی ڕوون و دیاریکراویان نییە. لە هەنێک حاڵەتدا تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک دروستدەبێت لەو کەسانەی چارەسەری کیمیایی یان تیشکیان بۆ نەخۆشی شێرپەنجە وەرگرتووە، ئەم جۆرەیان لە نەخۆشییەکە پێی دەوترێت دووەمی یانیش کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک بەستراو بە وەرگرتنی چارەسەرەوە. کە زۆرتر لە کەسانی گەنج و دوای سێ بۆ حەوت ساڵ بەسەر وەرگرتنی چارەسەرییەکانی شێرپەنجە ڕوودەدات.

هۆکارەکانی تری کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک بریتیین لە بەرکەوتنی تیشک، جگەرە کێشان یانیش ماددەی کیمیایی ژەهراوی وەک بەنزین. ئەو منداڵانەی کێشەی کرۆمۆسۆمیان هەیە وەک کۆنیشانەی داون مەترسییەکی زیاتریان هەیە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە.

نیشانەکانی چین؟

نیشانەکانی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک بەپێی جۆری ئەو خانانەی خوێن دەگۆڕێن کە کەمییان هەیە لە کەسەکەدا. نیشانە سەرەتاییەکانیان بەزۆری بریتیین لە نیشانەکانی کەمخوێنی کە بەهۆی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە ڕوودەدات. کەمخوێنی وادەکات هەست بە ماندوویەتی بکەن و هەناسەدانیان ناڕەحەت و زەحمەتتر بێت بەهۆی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە کە ئیشیان گواستنەوەی ئۆکسجینە بە جەستەدا. یەکێکی تر لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خوێنبەربوون و خوێن لێ ڕۆشتن، وەک خوێنداهاتنی لووت، خوێنداهاتنی پووک، بوونی خوێن لە پیساییدا، شینبوونەوە و خوێنتێزانی پێست. کە ئەم نیشانانە بە هۆی کەمی ڕێژەی پەڕەکانی خوێنەوە ڕوودەدەن.

دەستینشانکردنی نەخۆشییەکە

پشکنینەکانی خوێن

ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە سەرەتا بە بوونی نیشانەکانی لاوازی و ماندوویەتی سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی دەکەن لە ناوچەکەیان، لەوێوە دەنێردرێن بۆ لای پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن. دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە پێویستی بە پشکنینی تەواوی خوێن و مۆخی ئێسک هەیە، کە لەلایەن پسپۆری خوێنزانییەوە دەکرێت. پشکنینی گشتی خانەکانی خوێن CBC دەکرێت بۆ دیاریکردنی ژمارە و ڕێژەی سەدی سەرجەم خانەکانی خوێن (خڕۆکەی سوور، خڕۆکەی سپی و پەڕەکانی خوێن). کەمی یەکێک لەم خانانە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ بوونی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک. هەروەها پشکنینی مایکرۆسکۆپی خانەکانی خوێن ئەنجامدەدرێت کە ناتەواوی شێوە و ژمارەی خانەکان دەردەخات. ژمارەیەکی تری کێشە تەندروستییەکانی وەک خوێنبەربوون، کەمی ماددە خۆراکییەکان یان کاریگەرە لاوەکییەکانی هەندێک دەرمان دەکرێت هۆکاری کەمی خانەکانی خوێن بن. پێویستە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن پشکنینی تر بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لە هۆکاری کەمی و ناتەواوی خانەکانی خوێن، ئەوجا نەخۆشییەکە بە کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک دەستنیشانبکات.

وەرگرتنی نموونەی شانەیی لە مۆخی ئێسک

وەرگرتنی نموونەی شانەیی biopsy گرنگە بۆ پشتڕاستکردنەوەی نەخۆشی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک و دیاریکردنی جۆرەکەی. لەم کردارەدا دەرزییەک بەکاردێت بۆ وەرگرتنی نموونە لە مۆخی ئێسک، ئەو بەشەی پێست کە دەرزییەکەی لێوە بەڕێدەکرێت بۆ ناوەوەی ئێسک سڕدەکرێت. نەخۆشەکە لەوانەیە لەکاتی ئەم پشکنینەدا هەست بە نائاسودەیی بکات، بەڵام بە گشتی کردەیەکی سەلامەت و بێ زیانە، هەروەها خێرایە بۆ ئەنجامدان. نموونەی مۆخ بەزۆری لە ئێسکی سێبەندی پشت وەردەگیرێت.

چارەسەرییەکانی چین؟

چارەسەرکردنەکەی دەوەستێتە سەر تەمەنی نەخۆشەکە، تەندروستی گشتی کەسەکە، جۆری دیاریکراوی نەخۆشییەکە هەروەها خاڵبەندی IPSS. چارەسەرییەکان هەمەجۆرن بۆ هەر نەخۆشێک، مەبەستی سەرەکی چارەسەر وەرگرتنەکە چاودێریکردن و نەهێشتنی کاریگەری نیشانەکانیەتی.

یەکێک لە گرنگترین چارەسەرییەکانی بریتییە لە گواستنەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی نیشانەکانی کەمخوێنی. گواستنەوەی خڕۆکە سوورەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و لەژێر چاودێری پزیشکدا سەلامەتە و دوورە لە زیان گەیاندن بە کەسەکە. گواستنەوەی هەر جۆرێکی خانەکانی خوێن تەنها دەتوانێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کاریگەر بێت، هەربۆیە لەوانەیە پێویست بکات چەند جارێک دووبارە بکرێتەوە. 

گواستنەوەی پەڕەکانی خوێن بەهەمان شێوە ڕێگایەکە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو نیشانانەی کەمی پەڕەکانی خوێن دروستیانی کردووە، لەوانە خوێن بەربوون. پزیشکی پسپۆڕ دیاریدەکات لە چ کەسێکە ئەم گواستنەوەیە ئەنجام بدرێت. هەروەها دژە بەکترییەکان بەکاردەهێنرێن لە کاتی کەمبوونەوەی بڕی خڕۆکە سپییەکانی خوێن. 

گواستنەوەی مۆخی ئێسک جۆرێکی تری چارەسەرییە کە دەکرێت بۆ نەخۆشانی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک. زیاتر بۆ ئەو نەخۆشانە دەکرێت کە بە شێوەیەکی گشتی تەندروستییان باشبێت، هەربۆیە زیاتر بۆ گەنجان دەکرێت. گواستنەوەی مۆخی ئێسک بە چارەسەرییەکی سەرکەوتوو دانراوە بۆ ئەم نەخۆشییە لەو نەخۆشانەی لە تەمەنی خوار ٥٠ ساڵن، یانیش سەرووی ٥٠ ساڵن بەڵام تەندروستیەکی باشیان هەیە.

بەداخەوە بەشێکی زۆری نەخۆشان ناتوانن مۆخی ئێسکی گونجاو وەربگرن، بەهۆی زۆری تەمەنیان یان گرفتی تەندروستی یاخودیش نەگونجانی بەخشەر. بەزۆری مۆخی ئێسک لە خوشک و برا وەردەگیرێت لەگەڵ ئەوەش لەوانەیە لەنێو هاونیشتیمانیان مۆخی ئێسکی گونجاو دەستبکەوێت.

چارەسەری کیمیایی بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە نەخۆشانی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک، لەگەڵ ئەوەش بەزۆری نەخۆشییەکە دوای ماوەیەک سەرهەڵدەداتەوە. ئەم جۆرەی چارەسەرکردن دەرمانی کوژەری خانە بەکاردەهێنێت کە دەکرێت لە هەمان کاتدا زیان بە خانە تەندروستەکانی جەستە بگەیەنێت. هەربۆیە زۆربەی چارەسەرە کیمیاییەکان زیانی لاوەکییان لەگەڵدایە. ئەمەش وادەکات چارەسەری کیمیایی کەمتر بەراورد بە چارەسەرییەکانی تر بەکاربهێنرێت.

هۆکارەکانی گەشە پڕۆتینن و جەستە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چاودێریکردنی دروستکردنی خانەکانی خوێن بەکاریاندەهێنێت. ئەم ماددانە هانی مۆخی ئێسکی نەخۆشەکە دەدەن بۆ دروستکردنی خانەی خوێنی تەندروست. هۆکاری گەشەمان هەیە تایبەت بە هاندانی مۆخی ئێسک بۆ دروستکردنی خڕۆکەی سپی کە پێیدەوترێت G-CSF هەروەها هۆکاری گەشەی تایبەتمان هەیە بۆ خڕۆکە سوورەکان کە پێیدەوترێت erythropoietin. ئەم هۆکاری گەشانە لەگەڵ ئەوەی چەند نیشانەیەکی لاوەکییان هەیە بە سەلامەت دانراون و تەنها بە شێوەی دەرزی بەردەستن. پزیشک پێشنیاری بەکارهێنانیان دەکات ئەو کاتەی بە گونجاوی زانی بۆ دۆخی نەخۆشەکە.

هیچ چارەسەرییەکی جێگرەوەمان نییە کە توانیبێتی بە سەرکەوتوویی چارەسەری نەخۆشییەکە بکات. هەندێک لە چارەسەرە جێگرەوە بەردەستەکان دەکرێت زیانی لاوەکییان هەبێت و هەربۆیە دەبێت پزیشکی پسپۆڕ لە بەکارهێنانیان ئاگاداربکرێتەوە.

تەشەنەسەندن

تەشەنەسەندی نەخۆشییەکە دەوەستێتە سەر جۆری دیاریکراوی نەخۆشییەکە و خاڵبەندی IPSS. ئەو نەخۆشانەی خاڵبەندیی IPSSـیان کەمە بەدەگمەن شێرپەنجەی خوێنیان لە ئەنجامی نەخۆشییەکەوە بۆ دروستدەبێت، و دەتوانن بۆماوەی ساڵانێک لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بژین. بەڵام ئەو نەخۆشانەی خاڵبەندییەکەیان بەرزە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە تێیایاندا زۆر خێراترە و پێویستیان بە چارەسەری چڕترە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییەکە.

ڕێگرتنی نەخۆشییەکە

نەخۆشی کۆنیشانەی تێكچوونی گەشەی مۆخی ئێسک زەحمەتە ڕێگەی لێبگیرێت. وریابوون دەربارەی چالاکییە ڕۆژانەییەکان و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئەسپرین کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی خوێن، یارمەتیدەردەبن لە ڕێگرتن لەبەردەم دەرکەوتنی نەخۆشییە دووەمییەکان. هەروەها دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و لەو کەسانەی هەوکردنییان هەیە هۆکارێک دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوێزراوەکان، کە لە کاتی ئەم نەخۆشییەدا دەکرێت کێشەی گەورە بۆ کەسەکە دروست بکەن. هەروەها پێویستە ژەمێکی هاوسەنگی خۆراکی دابنرێت کە لەڕێیەوە کەسەکە ووزەی پێویست وەربگرێت.


سەرچاوەکان



78 بینین