چیای کۆڕەک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-00:06:00 - کۆدی بابەت: 12157
چیای کۆڕەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چیای کۆڕەک یان شاخی کۆڕەک، لوتکەی کوڕەک کە بە کوڕەکیش ناسراوە (بە عەرەبی: جبل كورك، بە ئینگلیزی: Mount korek) چیایەکی بڵندی ناودارە و بە دووری ٩٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەولێرەوە دوورە، هەروەها بە دووری یازدە کیلۆمەتر لە سەیرانگای گەلی عەلی بەگەوە دوورە و لەڕووی کارگێڕییەوە ناوچەیەکی سەر بە قەزای ڕەواندزە. هاوکات بە شوێنێکی سنووری دادەنرێت و بە دووری ٥٣ کیلۆمەتری هەوایی هاوسنووری وڵاتی ئێرانە. بەرزی چیاکە زیاتر لە دوو هەزار مەترە و سەر بە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە، بەهۆی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکەوە، شوێنەکە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ گەشتیارانی ناوە و و دەرەوەی عێراق، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا چونکە ڕێژەیەکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناو چیای کۆڕەک، شاخی کۆڕەک
شوێنی جوگرافی بە دووری ٩٠ کیلۆمەتر لە پارێزگای هەولێرەوە دوورە و سەر بە قەزای ڕەواندزە لە باشووری کوردستانی عێراق
بەرزییەکەی ٢١٢٧ مەتر (٦٩٧٨ پێ).

چیای کۆڕەک لە ڕابردوودا

له سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و لە ماوەی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆماری عێراق لەو کاتەدا، بەهۆی بەرزی چیاکە و لەباری شوێنی جوگرافییەکەی سەرۆک لە ساڵی ١٩٧٣ بڕیاری دا بە دروستکردنی چەند ڕوانینگەیەکی ئاسمانی کە بە گەورەترین ڕوانینگە و تەلیسکۆپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەزەندە دەکرا و لە سێ تەلیسکۆپی گەورە پێکهاتبوو، قۆناغی دروستکردن لەلایەن چەند زانا و لایەنێکی ئەورووپا دەستیپێکرد و نزیکەی ٤٠٠ کەس لە بنیاتنانی پڕۆژەکە بەشدار بوون، هەر لە ساڵانی حەفتاکان ڕێگاوبانی گواستنەوەی وشکانی بۆ ناوچەکە دروستکرا، بەڵام دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لەلایەن سەدام حسێنەوە ڕاپەڕاندنی کارەکانی پڕۆژەکە تا ساڵی ١٩٨٣ بەردەوامی هەبوو و یەکەم تەلیسکۆپی بچووک دروستکرا و تاقیکرایەوە، بەڵام بەهۆی جەنگی ئێران و عێراقەوە کارەکان سست بوون و تاکوو ئەوەی پڕۆژەکە بە تەواوی ڕاگیرا و ناوچەکە بووە شوێنێکی قەدەغەکراو چونکە شوێنێکی سنووری بوو لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە جەنگی ئێران و عێراق بەشێک لە پڕۆژەکە بۆردوومان کرا و زیانی زۆری بەرکەوت، هەروەها لە جەنگی کەنداو پڕۆژەکە بە تەواوی خاپوور بوو و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردوومان کرا و بە تەواوی خاپوور بوو.

کەرتی گەشتیاری ناوچەکە

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شوێنەکەوە و لەباری کەشوهەوای، ناوچەکە بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و دڵگیر بۆ گەشتیاران، بە تایبەتی لە وەرزی زستان بەهۆی بەفربارینەوە شوێنەکە لەلایەن زۆرێک لە گەشتیارانەوە بە تایبەتی گەشتیارانی نەتەوەی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی دەکرێت. 

کابینەی گەشتیاری چیای کۆڕەک نزیکەی ١٣٢ ڤێلا و خانووی گەشتیاری لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بوونی کافێ و خواردنگە و شوێنی یاریکردن و خلیسکێنەی سەر بەفر. تەلەفریکێک کە درێژییەکەی چوار کیلۆمەترە و بەرزییەکەی ٧٥ مەترە گەشتیاران دەگوازێتەوە بۆ سەر لووتکەی شاخەکە کە باخ و خواردنگە و شوێنی حەوانەوە و یاریکردنی تێدا دروستکراوە. زۆرێک لە گەشتیارانی بیانی ئەگەر لە دەرەوەی عێراق سەردانی پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان بکەن سەردانی چیای کۆڕەک دەکەن.

کەشوهەوای چیای کۆڕەک

بەهۆی ئەوەی چیای کۆڕەک ناوچەیەکی شاخاوییە کەشوهەواکەی زۆر سارد و ناجێگیرە زستانی سارد و باراناوییە و بەفری زۆر لێدەبارێت، هاوکات وەرزی هاوینیشی فێنکە و زۆر گەرم نییە. بە گشتی مەودای پلەی گەرمی لە پلەی ٢ بۆ ٣٣ پلەی سیلیزیدایە، نزمترین پلەی گەرمی کە لەو ناوچەیەدا تۆمارکراوە پلەی -١٤ـی ژێر سفری سیلیزی بووە. ڕێژەی باران بارینی ساڵانەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٧٥ ملیمەتر تۆمار کراوە، هاوکات ساڵانە ڕێژەیەکی بەرزی بەفربارین لە ناوچەکەدا تۆمار دەکرێت.


سەرچاوەکان



238 بینین