مۆنتگۆمێری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-21-21:50:00 - کۆدی بابەت: 12195
مۆنتگۆمێری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆنتگۆمێری (بە ئینگلیزی: Montgomery، بە عەرەبی: مونتغمري)، پایتەختی ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا و ناوەندی بەڕێوبەرایەتی مۆنتگۆمێری کاونتییە. ناوی شارەکە لە ناوی سەربازی ئێرلەندی ڕیچارد مۆنتگۆمێرییەوە سەرچاوەی گرتووە و دەکەوێتە تەنیشت ڕووباری ئەلاباما، لە کەنارە دەشتی کەنداوی مەکسیک. ژمارەی دانیشتووانی مۆنتگۆمێری لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 200,603 کەس بوو. لە دوای هەنتسڤیلەوە دووەم قەرەباڵغترین شارە لە ئەلاباما و 119ـهەمین قەرەباڵغترین شاری ئەمریکایە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی مۆنتگۆمێری لە ساڵی 2020ـدا 386,047 کەس بوو، کە چوارەم گەورەترین گەورە ناوچەی ویلایەتەکەی و 142ـەم گەورەترین گەورەناوچەی وڵاتەکەیەتی.

مێژووی شارەکە

مۆنتگۆمێری لە ساڵی 1819 لە یەکگرتنی دوو شارۆچکەوە دروست بوو کە هەڵکەوتبوونە سەر ڕووباری ئەلاباما. شارەکە لە ساڵی 1846ـدا بوو بە پایتەختی ویلایەتەکە، بە گەشەکردنی بەرهەمی لۆکە و گەشەکردنی بەندەرێکی بازرگانی لە کەنارەکانی کەنداو ڕەوتی دەسەڵات بۆ ناوچەی باشووری ناوەڕاستی ئەلاباما گۆڕا. لە شوباتی ساڵی 1861، مۆنتگۆمێری بە یەکەم پایتەختی ویلایەتی کۆنفیدڕاڵی ئەمریکا هەڵبژێردرا و تا مانگی ئایاری هەمان ساڵ وەک پایتەختی ویلایەتی کۆنفیدڕاڵی ئەمریکا مایەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، مۆنتگۆمێری ناوەندێکی سەرەکی ڕووداو و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی مافە شارستانییەکان بوو. دوو کەشتی هێزی دەریایی ئەمریکا بە ناوی ئەم شارەوە ناونراون، لەنێویاندا کەشتیی یو ئێس ئێس مۆنتگۆمێری (USS Montgomery).

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ڕووبەری گشتی شارەکە 420.28 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 414.03 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 6.25 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 484.52 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، مۆنتگۆمێری کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی کورت و مامناوەند، بەهار و پاییزی گەرم و هاوینی درێژ، زۆر گەرم و شێدارە. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 8.1 پلەی سەدیە و 3.4 ڕۆژ پلەکانی گەرما بۆ خوار 7- و 12- پلەی سەدی دادەبەزن، بەڵام بەدەگمەن بۆ خوارتر لەو پلانە دادەبەزن. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگی تەممووزدا 27.7 پلەی سەدیە، لە ساڵێکدا 86 ڕۆژ پلەکانی گەرما بۆ 32.2 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە و 3.9 ڕۆژیش پلەکانی گەرما دەگەنە 37.8 پلەی سەدی. پێوانەکانی گەرمی نیوەڕۆی هاوین، زۆر زیاترە لە پلەی گەرمی ڕاستەقینەی هەوا، زۆرجار یان 37.8 پلەی سەدیە یان لەسەرووی 37.8 پلەی سەدیەوەیە. سەرەڕای ئەوانەش، پلەی گەرمی ڕۆژانە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت.

هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەش تاڕادەیەکی زۆر بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا یەکسانە، بەڵام مانگەکانی شوبات، ئازار و تەممووز باراناویترین مانگی ساڵن، لە کاتێکدا مانگی تشرینی یەکەم وشکترین مانگی ساڵە. بەفریش تەنها لە هەندێک زستاندا دەبارێت و تەنانەت لەو زستانانەشدا بەزۆری بەفرێکی کەم دەبارێت. تۆفانی بەفریش شتێکی دەگمەنە و لە هەر 10 ساڵێکدا یەک جار ڕوودەدات. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 21- پلەی سەدیە کە لە 13ـی شوباتی 1899ـدا تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 42 پلەی سەدیە کە لە 7ـی تەممووزی 1881ـدا تۆمارکرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی 2020ـی ئەمریکادا، ژمارەی دانیشتووانی شاری مۆنتگۆمێری 200,603 کەس بوو، کە لە 78,225 خێزان و 45,031 خانەوادە پێکهاتبوو. لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 205,764 کەس بوو، کە لە 81,486 خێزان پێکهاتبوو کە 29%ـیان منداڵی خوار 18 ساڵیان هەبوو و لەگەڵیان دەژیان. پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێست: 37.3%
  • ڕەش پێست: 56.6%
  • ئاسیایی: 2.2%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.2%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
  • ڕەگەزەکانی تر: 2.2%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 1.3%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 3.9%

سپی پێستە ناهیسپانییەکان لە ساڵی 2010ـدا 36.1%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا، ئەم ڕێژەیەش بە بەراورد بە ساڵی 1970 کە 66%ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو دابەزیوە. چڕی دانیشتووان لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا دەگۆڕێت؛ لە ڕۆژهەڵاتی مۆنتگۆمێری، دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی 74.5%ـی دانیشتووان، ئەمریکییە ئەفریقییەکان 8.3%ـی دانیشتووان، لاتینی 3.2% و ڕەگەزە غەیرە سپی پێستەکانی تر 2.7%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

تەمەن

تەمەنی 24.9%ـی دانیشتووانی مۆنتگۆمێری لە خوار 18 ساڵ، تەمەنی 11.7%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵ، تەمەنی 27.3%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵ، تەمەنی 24.2%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵ و تەمەنی 11.8%ـی دانیشتووان 65 ساڵ یان زیاتر بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانەکەی 34 ساڵ بوو. هەروەها لە هەر 100 مێیەکە 88.6 نێر و لە هەر 100 مێیەکی تەمەن 18 ساڵ و سەرووتر 84.5 نێر هەبوون.

ئایین

70.2%ـی دانیشتووانی شاری مۆنتگۆمێری ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 33.4%
  • ئەسقەف: 1.2%
  • کاسۆلیک: 4.2%
  • لۆسەری: 0.3%
  • میتۆدیست: 12.9%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 4.9%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 1.9%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 0.9%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 9.5%
  • ئایینی جوولەکه: 0.4%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.0%
  • ئایینی ئیسلام: 0.4%

داهات

داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لەم شارەکەدا 41,380 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 53,125 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 40,255 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 33,552 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 23,139 دۆلار بوو. نزیکەی 18.2%ـی خانەوادەکان و 21.6%ـی دانیشتووانی مۆنتگۆمێری لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 34.8%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 8.4%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون.

ئابووری

شوێنی ناوەندی مۆنتگۆمێری لە پشتێنەی ڕەشی ئەلاباما لە مێژە وایکردووە ببێتە ناوەندێکی پرۆسێسکردنی بەرهەمەکانی وەک لۆکە، پاقلەی سودانی و پاقلەی سۆیا. لە ساڵی 1840ـدا مۆنتگۆمێری کاونتی لە بەرهەمهێنانی لۆکەدا پێشەنگی ویلایەتەکە بوو و تا ساڵی 1911 ساڵانە 160,000 تا 200,000 گورز لۆکە لە شارەکەدا پرۆسێس دەکرا. هەروەها مۆنتگۆمێری خاوەنی چەند کەرتێکی دروستکردنی کانزا و بەرهەمهێنانی تەختەی خاو بوو. بەهۆی شوێنی شارەکەوە کە دەکەوێتە درێژایی ڕووباری ئەلاباما و هێڵە شەمەندەفەرە بەرفراوانەکەیەوە، مۆنتگۆمێری بەبەردەوامی ناوەندێکی دابەشکردنی ناوچەیی بووە بۆ کۆمەڵێک پیشەسازی هەمەجۆر. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، ئابوورییەکەی هەمەچەشن کرد و دامەزراندنی لە کەرتەکانی وەک چاودێری تەندروستی، بازرگانی، حکوومەت و بەرهەمهێناندا زیادکرد. لە ئێستادا، بەرهەمی گشتی شارەکە 12.15 ملیار دۆلارە کە 8.7%ـی بەرهەمی گشتی ویلایەتی ئەلابامایە.


سەرچاوەکان



200 بینین