هێزی کڕین چییە؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-19:26:00 - کۆدی بابەت: 12265
هێزی کڕین چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توانای کڕین (بە ئینگلیزی: Purchasing Power، بە عەرەبی: القدرة الشرائية یان القوة الشرائية) بریتییە لە بەهای دراوێک کە بە ژمارەی ئەو کاڵا یان خزمەتگوزارییانەی کە یەک یەکەی پارە دەتوانێت بیکڕێت دەربڕدراوە. هێزی کڕین بەهۆی هەڵاوسانەوە دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات دابەزێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی نرخەکان بە شێوەیەکی کاریگەر ژمارەی ئەو کاڵا یان خزمەتگوزارییانە کەمدەکاتەوە کە دەتوانیت بیکڕیت. هەروەها توانای کڕین بە هێزی کڕینی دراوێک ناسراوە.

بۆ نموونە ئەگەر کڕیار لە ساڵانی ١٩٥٠ـدا یەک یەکە لە دراوێکی ببردایەتە فرۆشگایەک، دەکرا ژمارەیەکی زیاتر لە شتومەک بکڕێت لەوەی کە ئەمڕۆ هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دراوەکە لە ساڵانی ١٩٥٠ـدا توانای کڕینی زیاتری هەبووە.

تێگەیشتن لە هێزی کڕین

هەڵاوسان توانای کڕینی دراوێک کەمدەکاتەوە و گۆڕانکاری لەوە دەکات کە ئەو دراوە دەتوانێت چی بکڕێت. لەدەستدانی هێزی کڕین کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخەکانی هەیە. بۆ پێوانەکردنی هێزی کڕین بە واتا ئابوورییە نەریتییەکەی، دەتوانیت نرخی کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک بە پێوەرەکانی نرخ وەکوو پێوەرەکانی نرخی بەکارهێنەر (CPI) بەراورد بکرێت.

هێزی کڕین کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ئابووری هەیە، لە بەکارهێنەرانەوە کە کاڵا دەکڕن تا وەبەرهێنەران کە پشک دەکڕن تا خۆشگوزەرانی ئابووری وڵاتێک.

کاتێک هێزی کڕینی دراوێک کەم دەبێتەوە بەهۆی هەڵاوسانی زۆرەوە، دەکرێت دەرئەنجامە ئابوورییە نەرێنییە جدییەکان سەرهەڵبدەن. ئەمانە دەتوانن بریتی بن لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود کە کاریگەری لەسەر بازاڕی جیهانی و چەندین لایەنی تر هەیە. هەموو ئەم هۆکارانە دەتوانن لە قەیرانی ئابووریدا بەشداربن.

هێزی کڕینی بەکارهێنەر چییە؟

هێزی کڕینی بەکارهێنەر ئەوەیە کە تۆ (بەکارهێنەر) چۆن بڕیار دەدەیت پارە خەرج بکەیت، هەمووی پەیوەستە بە ڕەفتارەکانتەوە. ئەگەر مانگانە ٥٠٠ دۆلارت هەیە بۆ خەرجکردنی شتومەک، ئەوە هێزی کڕینی بەکارهێنانەکەتە، واتە ٥٠٠ دۆلار ئەو پارەیەیە کە دەخەیتەوە ناو ئابوورییەوە کاتێک شتەکان دەکڕیت.

هێزی کڕین و هێزی کڕینی بەکارهێنەر جیاوازن، هەرچەندە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. هێزی کڕینی بەکارهێنەر ئەوەیە کە چەند پارەیەک دەتوانیت بە شێوەیەکی کەسی لە جزدانەکەتەوە خەرجی بکەیت، بەڵام هێزی کڕین ئەوەیە کە ئەو پارە نەختینەیە تا چەند دەڕوات و چەندە شتی پێ بەدەست دەهێنرێت.

چۆن هێزی کڕین کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت؟

هێزی کڕین کاریگەری لەسەر تێچووی ژیان، نرخی کاڵا، پشکەکان، هەڵاوسان، داکشانەوە و ئابووری بە گشتی هەیە. هێزی کڕین دەستی لە هەموو بەشەکانی ئابووریدا هەیە.

هەڵاوسان

هەڵاوسان لە بنەڕەتدا کاتێکە کە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرز دەبێتەوە. بەو پێوانەیە دەکرێت کە نرخەکان چەندە بە تێپەڕبوونی کات بەرز دەبنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکات کە بەهای پارە چۆن دادەبەزێت بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەی نرخانە. هەڵاوسان وا دەکات توانای کڕینت دابەزێت، بە کەمکردنەوەی بەهای پارەکەت وا دەکات یەکەی دراوەکەت دابەزێت.

داکشانەوە

داکشانەوە کاتێکە کە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە تێپەڕبوونی کات دادەبەزێت. ئەمەش واتە توانای کڕینی دراوەکەت زیاد دەکات و کاریگەری لەسەر هێزی دراو دەبێت.

ڕەنگە نرخە هەرزانەکان لە سەرەتادا باش دەربکەون، بەڵام داکشانەوە شتێکی باش نییە. کۆمەڵێک کێشەی نوێ بۆ مامەڵەکردن دروست دەکات. داکشانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، مووچە و مووچەی کاتژمێری کارکردن دابەزێت، سەروەت و سامانە گەورەکانی وەک ماڵەکان دەکرێت بەهای خۆیان لەدەست بدەن.

یەکسانی هێزی کڕین چییە؟

یەکسانی هێزی کڕین (PPP) تیۆرێکی ئابوورییە کە گریمانە دەکات کە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەبێ لە هەموو شوێنێکدا هەمان نرخیان هەبێت کاتێک دراوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن. بە واتایەکی تر، یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێت بتوانێت هەمان بڕی کاڵا لە هەر شوێنێک بکڕێت کاتێک بۆ دراوێکی ناوخۆیی گۆڕدرا.

توانای کڕین چۆن کاریگەری لەسەر پارەکەت دەبێت؟

هەست بە هێزی کڕین دەکەیت لە ژیانی ڕۆژانەتدا کاتێک نرخ و تێچووی ژیان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوە تەنها بەوەوە ناوەستێت. هێزی کڕین پەیوەندی بە داهاتووی تۆشەوە هەیە. شتەکانی وەک تێچووی ژیان، خەرجکردن، پاشەکەوت و وەبەرهێنان هەموویان کاریگەری هێزی کڕینیان لەسەرە.

کاریگەری لەسەر خەرجکردن: یەکێک لە گەورەترین ڕێگاکانی هێزی کڕین کاریگەری لەسەرت دەبێت کاتێکە کە کەلوپەلی ڕۆژانەی وەک هێلکە و شیر و نان و هەویری ددان و جلوبەرگ دەکڕیت. زۆرجار هەمان شت کە پێشتر کڕیوتە بە یەکەیەکی دراو نرخەکەی دەگۆڕێت و بەرز دەبێتەوە، ناتوانیت بەو نرخەی پێشتر بیکڕیت و نرخەکان بەرز بوونەتەوە.

کاریگەری لەسەر پاشەکەوتکردن: ئەگەر توانای کڕینی دراوەکەت دابەزێت، ئەوە واتای ئەوەیە کە بەهای ئەو پارەیەی کە بۆ داهاتوو پاشەکەوتی دەکەیت دادەبەزێت. دەیەیەک لەمەوبەر ئەگەر بڕی ٥٠٠ دۆلار لە هەژماری بانکیتدا بوایە گرنگی زیاتر بوو وەک لەوەی لە ئێستادا هەیە، چونکە هێزی کڕین دابەزیوە لە چاو پێشتر. ئەوەی پاشەکەوتت کردبوو لە پێشتردا هێزی کڕینی زیاتر بوو دوورتر دەڕۆیشت بۆ ئەوەی بۆ بارێکی فریاگوزاری بەکاری بهێنیت. لە ئێستادا هەمان ئەو ٥٠٠ دۆلارە هێزی کڕینی هەیە بەڵام وەکوو پێشتر نییە.

ئەگەر توانای کڕین بە تێپەڕبوونی کات دابەزێت، ئەوە واتای ئەوەیە ئەو پارەیەی ئێستا پاشەکەوتی دەکەیت لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا بەو دوورییەی ئێستا ناڕوات.

دابەزین و بەرزبوونەوەی هێزی کڕین

دابەزین و بەرزبوونەوەی هێزی کڕین ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوە یان زیادبوونی ئەو چەندێتییەی کە بەکارهێنەران دەتوانن بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو بکڕن. بەکارهێنەران توانای کڕینیان دادەبەزێت کاتێک نرخەکان بەرز دەبنەوە. توانای کڕینان بەرزدەبێتەوە کاتێک نرخەکان کەم دەبنەوە.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی هێزی کڕین دەتوانن بریتی بن لە ڕێساکانی حکوومەت، هەڵاوسان و کارەساتی سروشتی و دروستکراوی مرۆڤ. هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی هێزی کڕین بریتین لە داشکانی نرخ و داهێنانی تەکنەلۆجی.

نموونەیەک لە بەرزبوونەوەی هێزی کڕین ئەوەیە ئەگەر کۆمپیوتەرێک کە دوو ساڵ لەمەوبەر نرخی ١٠٠٠ دۆلار بووبێت، دەکرێت ئەمڕۆ بە نرخی ٥٠٠ دۆلار بەدەستبهێنرێت.

نموونەیەک لە هێزی کڕین

ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم: نموونەی مێژوویی هەڵاوسانی توند و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر (کە دەتوانێت هێزی کڕینی دراوێک لەناو ببات) دەتوانن هۆکار و کاریگەرییە جیاوازەکانی ئەم جۆرە دیاردانانەمان پیشان بدەن. هەندێک جار، شەڕی تێچوو زۆر و ماڵوێرانکەر دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری، بەتایبەتی بۆ وڵاتی دۆڕاو. ئەمەش دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بەسەر ئەڵمانیادا هات.

لە دوای جەنگ لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ـدا، ئەڵمانیا تووشی سەختییەکی ئابووری زۆر و هەڵاوسانی زۆر بوو، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕە زۆرەی قەرەبووکردنەوە کە ئەڵمانیا دەبوو بیدات.

ئەڵمانیا نەیتوانی ئەم قەرەبووکردنەوانە بە دراوی ئەڵمانی بدات، لەبەر ئەوە دراوی کاغەزی چاپکرد بۆ کڕینی دراوی بیانی، لە ئەنجامدا ڕێژەی هەڵاوسانی بەرز بوو کە دراوی ئەڵمانی بێ بەها کرد، هێزی کڕینی لەدەستدا.


سەرچاوەکان



76 بینین