هیشام هاشمی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-27-20:14:00 - کۆدی بابەت: 12338
هیشام هاشمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هیشام ئەلهاشمی یان هیشام هاشمی (بە عەرەبی: هشام الهاشمي، بە ئینگلیزی: Hisham al-Hashimi) مێژووناس و ڕەخنەگری سیاسی عێراقی بوو، هاوکات توێژەی بواری کاروباری ئەمنی گرووپە توندڕەوەکان بوو و بە تایبەتی پسپۆڕی فایلەکانی داعش و لایەنگرانی بووە.

کەسایەتییەکی شیعەی تاڕادەیەک بێ لایەن بوو و ڕەخنەی تووند و ڕاستەوخۆی لە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراقی و چەند کەسایەتییەکی دیاری نێو شیعەکان گرتووە. بەهۆی پێگەی سیاسی و بێ لایەنی و ڕەخنە توندەکانی چەند جارێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەلایەن چەن لایەنێکی دیارەوە لێکرا، دواجار لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەغداد تیرۆرکرا و لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی زەیونە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە.

لە ١٦ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٢١ هێزە عێراقییەکان توانیان تۆمەتبارێک بە کوژرانی هیشام هاشمی بە ناوی "ئەحمەد کینانی" دەستگیر کرد کە لە وەزارەتی بەرگری عێراقی پلەی مولازمی هەیە و ئەفسەرێکی باڵایە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی چەند لایەنێکی سیاسی دەستڕۆیشتوو لە حکوومەت بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە، لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ تاوانباری سەرەکی بە تیرۆرکردنی هاشمی لە دادگای عێراقی بڕیاری بێ تاوانی و ئازادکردنی بۆ دەرچوو.

زانیاری گشتی

ناو   هیشام هاشمی
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون ٩ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٣، بەغداد، عێراق
پیشە  چالاکوانی سیاسی، ڕۆژنامەنووس، مێژووناس، ڕەخنەگری سیاسی، نووسەر، ڕاوێژکار، وانەبیژ
کۆچی دوایی ٦ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٠ هۆکاری مردن تیرۆرکرا، درایە بەردەستڕێژی گوللـە

ژیاننامە 

لە ٩ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٣ لە شاری بەغداد لەدایکبووە و لە تەمەنی لاوی ژیانی هاوسەری پێکهێناوه. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کارگێڕی و ئابووری لە بەشی ئامار لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی موستەنسرییە لە ساڵی ١٩٩٤ بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماستەری لە ساڵی ٢٠١٥ و دکتۆرای لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغداد وەرگرتووە.

لە بواری فەرموودەناسی ئیجازەی زانستی وەرگرتووه، گرنگییەکی زۆری بە مێژووی ئیسلامی داوه. لە سەردەمی حکوومەتی بەعس شەش جار زیندانی کراوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ ئازادکراوە. لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری کاری کردووە، بەشدار بووە لە نووسینەوەی چەندان ڕاپۆرت و بەیاننامە و پرۆگرامی دۆکۆمێنتاری بۆ کەناڵ و ڕۆژنامە جیهانییەکان. لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و دەرکەوتنی ڕێکخراوی داعش لەو کەسانە بوو کە ناو و چەندین زانیاری گرنگی لەسەر کەسایەتییە دیارەکانی ناو داعش بڵاوکردەوە.

کتێبەکان  ئەزموونی نووسینی

نووسراوەکانی بە زمانی عەرەبی بەردەستن و زیاتر لەسەر ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکانی نموونەی داعش و میلیشیا سەربازییە نافەرمییەکان نووسییەتی. خاوەنی زیاتر لە ٥۰۰ بابەت و لێکۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی عێراقی و عەرەبی و بیانییەکان بابەتەکانی بڵاوکردووەتەوە.
گرنگترین کتێبەکانی بریتین لە:

  • كتێبی (عالم داعش)
  • کتێبی (نبذة عن تاريخ القاعدة في العراق)
  • کتێبی (تنظيم داعش من الداخل)

ئەزموونی کارکردن و پلە و پۆستەکانی

  • بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە (ناوەندی ئەکەد) بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ستراتیژییەکان.
  • ڕاوێژکاری ئەمنی لە ڕوانگەی ئازادی ڕۆژنامەگەری عێراقی.
  • ڕاوێژکاری ئەمنی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقی.
  • ئەندامی تیمی ڕاوێژکارانی لیژنەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ئاشتەوایی نیشتمانی لە ئۆفیسی سەروەزیرانی عێراقی.
  • ئەندامی لیژنەی زانستی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بەغداد.
  • وانەبێژی وانەی دژەتیرۆر لە ئەکادیمیا ئەمنییەکانی بەغداد.
  • توێژەری سەردانکەر لە (ناوەندی نەهرەین) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی.

تیرۆرکردنی

له ئێوارەی ڕۆژی شەشی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەردەم ماڵەکەی لە ناوچەی زەیونە لە بەغدادی پایتەخت، سێ چەکدار بە ماتۆڕەوە هیشام هاشمی تیرۆر دەکەن کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە پێش ماڵەکەی خۆی بووە و دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە. بەپێی سەرەچاوەکان هیشام هاشمی چەندین جار هەڕەشەی لەلایەن ئەندامێکی لیواکانی حزبوڵڵای لوبنان بە ناوی (ئەبو عەلی ئەلعەسکەری) پێگەیشتووە و هەڕەشەی لێکردووە و پێی وتووە: "لە ماڵەکەتدا دەتکوژم". 

هاشمی ڕەخنەی توندی لە گرووپە توندەڕەوە شیعەکان گرتووە و بە تایبەت لە ئەبو عەلی ئەلعەسکەری کە ناوی ڕاستەقینەی "حسێن موعنیسە" و هاشمی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەوی بە هۆکاری بەشێک لە قەیرانەکانی عێراق داناوە.

دوای تیرۆرکردنی لە حەوتی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٠ تەرمەکەی لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغداد بە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێخرا، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر تەرمەکەی لە نێو خۆپیشاندانەکان مایەوە، پاشان لە گۆڕستانی سەلام لە نەجەف نێژرا.
 تیرۆرکردنی هیشام هاشمی کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیداهێنا و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.

دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بکوژی هاشمی

لە ١٦ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٢١ هێزە عێراقییەکان توانیان تۆمەتبارێک بە کوژرانی هیشام هاشمی بە ناوی "ئەحمەد کینانی" دەستگیر بکەن کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی پلەی مولازمی هەیە و ئەفسەری باڵا بوو. لە حەوتی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ بڕیاری لەسێدارەدان لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕەسافە لە بەغداد بۆ بکوژی تۆمەتباری هیشام هاشمی دەرکرا.

تۆمەتبارەکە ناوی  ئەحمەد حەمداوی کینانییه و ئەفسەری پلەدازە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و تەمەنی ٣٦ ساڵە. بەڵام بەهۆی ئەوەی دوسییەکە دۆسییەکی سیاسییە و چەند لایەنێک لێوەی تێوەگلاون لە ٣١ـی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٣ بڕیاری لەسێدارەدانی دادگا تانەی لێدرا و دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە کرایەوە.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ سەرباری دانپیدانانەکانی سەرەتای تۆمەتبار و ساغبوونەوەی تاوانەکە لەسەر تۆمەتبار و بوونی بەڵگەی پێویست لەسەر ڕووداوەکە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی باڵای چەند لایەنێکی شیعی و ئێرانی و عێراقی دادگا تاوانباری بە بێتاوان دەرخست، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد. ئەم ڕووداوەش کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە.


سەرچاوەکان



69 بینین