لە شۆڕشی ڕووسیاوە بۆ ڕووسیای نوێ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-21:06:00 - کۆدی بابەت: 12396
لە شۆڕشی ڕووسیاوە بۆ ڕووسیای نوێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە شۆڕشی ڕووسیاوە بۆ ڕووسیای نوێ (بە عەرەبی؛ من ثورة روسیا الی روسیا جدید، بە ئینگلیزی؛ From Russian revolution to new Russia) لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕابەرایەتی ڤلادمیر لینین و هاوڕێکانی و لایەنگرانی بیروباوەڕی مارکسیزم شۆڕشێکیان بەرپاکرد کە بە شۆڕشی بەلشەڤیک یان شۆڕشی ئۆکتۆبەر ناسراوە کە بووە هۆی کۆتایی هاتن بە حوکمی بنەماڵەی پاشایەتی ڕووسیا (ڕۆمانۆڤەکان). ئەم شۆڕشە دەروازەیەکی نوێی کردەوە بە ڕووی بیروباوەڕی سیاسی و چەندین گۆڕانکاری نوێی هێنایە کایەوە. 

لە شۆڕشی ڕووسیاوە تا ڕووسیای نوێ

شۆڕشی ڕووسیا گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لە بارەی بیروباوەڕی سیاسی و پەیامی شۆڕش. شۆڕشەکە بەتەنها ڕووسیای نەگرتەوە، پەیامی شۆڕش لە ڕووسیاوە گەیشتە چەندین وڵات و ناوچەی تر. شۆڕشەکە بەتەنها هەڵگری پەیامی سیاسی نەبوو بەڵکو هەڵگری پەیامی کۆمەڵایەتی بوو. شۆڕشگێڕان دەیانویست پەیامی سۆشیالیزم بگەیەنن به زۆرترین وڵات، دەیانویست ئەم شۆڕشە دەسپێکی قۆناغێکی نوێی مێژوویی بێت لە جیهاندا و پەیامەکەی بە گەردوونی بکەن. 

شۆڕشی بەلشەڤیک یان ئۆکتۆبەری ڕووسیا سێ خەسڵەتی تێدا ئاوێتە ببوو کە ئەمانە بوون (سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی). لە سەدەی بیستەم لە نێو زۆرێک لە نەتەوەکان شۆڕش و چالاکی سەربازی ئەنجامدراوە، بەڵام کەمیان وەک بەلشەڤیک وەک بۆمبێک تەقینەوە. 

گرنگی شۆڕشی بەلشەڤیک

زۆرێک لە مێژوونووسان و بەتایبەتیش (فیلێکس گیلبێرت) نووسەر لە ئنسایکلۆپیدیای بریتانکا ئەم ڕاستییەی خستۆتەڕوو کە دەڵێت: "ئەگەر چی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەموو جیهانی نەگرتەوە بەڵام ‌بەشێکی زۆری وڵاتان توانیان خۆیان لە سیستمی سەرمایەداری ڕزگار بکەن و پەیڕەوی سۆشیالیزم بکەن". 

شۆڕشی بەلشەڤیک لای یار و نەیارانی شۆڕشەکە بووە گەورەترین گۆڕانکاری کە مرۆڤ بەدەستی هێنابێت بە بڕوای شرۆڤەکاران. شۆڕشەکە بوو بە مۆدێلی زاڵ و باڵادەستی شۆڕش کە پێمان دەڵێت "شۆڕش دەکرێت لەلایەن چینێکی وەک کرێکاران گەورەترین دەرئەنجام بهێنێتە کایەوە". بەڵام لەلایەکی تریشەوە شۆڕشی ڕووسیا ڕوون و ئاشکرا بوو کە ئەم گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەردوونییەی دەیهێنێتە ئاراوە هەر وا بە ئاسانی نایەتە کایەوە بەڵکو سەردەمێکی ترس و تۆقاندن و خوێن ڕێژی بە دوادا دێت. 

گۆڕانکارییەکانی جیهان پاش ڕوودانی شۆڕشی ڕووسیا

دیارترین نموونە کە ڕاستەوخۆ دوای شۆڕش ڕوویدا، گۆڕانی سیستمی حوکمڕانی بۆ رووسیا ئەڵمانیا بوو لە پاشایەتی بۆ کۆماری. هەر چەندە ئەم سیستم گۆڕینە هێندەی گۆڕانی حوکمڕانی ڕووسیا گرنگ نەبوو، چونکە لە ئەڵمانیادا گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوتەوە، وێڕای ئەمەش نەبووە هۆی گۆڕینی لیبڕالیزاسیۆن و دیموکراتیزاسیۆن. بەڵام وەک شۆکێک توانی ئیمپڕاتۆریەتی بۆرووسیا یان پرووسیا هەڵوەشێنێتەوە و سیستمی کۆماری بێتە کایەوە. 

لە دوابەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا، وڵاتان بە دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازدا تێپەڕبوون، هێزێک لە بەرانبەر "کاپیتاڵیزم" یان سەرمایەداری وەستایەوە، هێزێک کە بڕوای وابوو هەمووان لە ئەرک و ماف یەکسانن لە بەرانبەردا سەرمایەداری باوەڕی پتەوی بە جیاوازی چینایەتی هەبوو، کە پێیان وابوو پارە دەتوانێت جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا بکات، ئەوەی پارەی هەبێت لە ئاستێکی تردا وێنا دەکرێت و ئەوەی پارەشی نەبێت کۆمەڵگە لەبیری کردووە. 

بەلشەڤیک کە حوکمڕانی سۆشیالیزم "کۆمۆنیزم"ـی هێنایە کایەوە وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی دژی دیموکراتیزم و سەرمایەداری وەستایەوە کە ئەم دوو جۆرە لە حوکمڕانی "سۆشیالیزم و دیموکراتیزم" جیهانی کرد بە دوو بەشەوە گەرچی بیروباوەڕی تریش هەبوون وەک فاشیزم، نازیزم، ئۆرگاریزم و چەندان بیروباوەڕی تر بەڵام جیهان تەنها چاوی لەو دوو بیروباوەڕە بوو (سۆشیالیزم و دیموکراتیزم)، چونکە زۆرێک لە وڵاتان خۆیان لە نێو ئەم دوو بیروباوەڕەدا دابەشکرد ئەمەش ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بوو لە نەخشەی سیاسی و بیروباوەڕی سیاسیدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر هێنایە کایەوە.

بەشێکیش لەو بیروباوەڕانەی تر وەک فاشیزم و نازیزم دیوە کۆمەڵایەتییەکەی شۆڕشی ئۆکتۆبەریان وەک بنەمای شۆڕشەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا وەرگرت، دواتر وڵاتانی تری وەک (فەڕەنسا و ئیسپانیا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا) هەمووان لە ژێر کاریگەری لایەنی کۆمەڵایەتی شۆڕشدا گۆڕانکارییان لەلایەنی حووکمڕانی کرد. 

لە سییەکانی سەدەی بیستەمیشدا (١٩٣٠)ـکاندا، پەیامی شۆڕشی بەلشەڤیک گەیشتە قۆناغێکی تر. بەرگێکی نوێی بەبەر حوکمڕانیدا کرد. پێگەیەکی وەهای بە دەست هێنابوو، کە تەنانەت مێژوونووسانی پاڵپشتیکار لە دیموکراسی خۆیان بە بەشێک لە شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی شۆڕش دەزانی بەنموونە دیارترین کتێب کە لەم سەردەمەدا لەلایەن کۆمەڵێک نووسەر بڵاوکرایەوە بەناوی "سۆشیالیزم حوکمڕانی دەکات" ئەم کتێبە لە ئەمریکا ناوبانگی زۆری بە دەست هێنا و ملیۆنان دانەی لێ فرۆشراوە لە ڕۆژنامەکانیشدا سەدان و هەزاران وتار و خوێندنەوەی لە بارەوە نووسراوە، کاتێک ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتان تووشی داڕمانی گەورەی ئابووری هاتن لە ساڵی ١٩٣٠ ئەم کتێبە دەنگی دایەوه. 

لە بەشێکی کتێبەکەدا هاتووە "بۆ ئەوەی چاکسازی بکەیت و لە قەیران دەرباز بیت، دەبێت سۆشیالیزم حوکم بکات " بە بڕوای ئەم نووسەرانە سۆڤێت کە ئەو کات ناوی ڕووسیای دوای شۆڕش بوو لەبەر ئەوەی پەیڕەی سۆشیالیزمی دەکرد سەرکەوتوو بوو و هەستی بە قەیران نەکرد یان قەیران کاری تێ نەکرد. لەم سەردەمەشدا لە زۆرێک لە وڵاتان شۆڕشی چاکسازی لەسەر ئاوازی شۆڕشی ڕووسیادا سەری هەڵدا کە بەناوی شۆڕشی جاکسۆنی یان ڕۆزڤڵتی ناسراوە لە بەرگێکی تری پەیامی بەلشەڤیکیدا. دواتریش ئەم شۆڕشی چاکسازییە بە شۆڕشی چاکسازی ئەمریکی ناسرا چونکە کۆمەڵێک پڕۆژە یاسا دەرچوون کە سەرەتا لە ئەمریکا جێبەجێ کراون. 

بەلشەڤیکەکان بۆچوونێکی قوڵیان هەبوو لە بارەی پرسە ئابوورییەکان و گشتییەکاندا. لە ئەمریکادا پارە خەرج دەکرا لە بابەتی بێ سوود، کۆمپانیاکان بازاڕگەری بە کاڵاکان نەدەکرد بەڵکو بە بەکاربەر دەکرا. لێرەدا بەکاربەر کاڵایەکی دەکڕی کە هیچ پێویستی نەبوو بەڵام لە حکوومەتە کۆمۆنیستەکاندا بە تایبەتی کە سۆڤێت و کۆماری چینی میلی دوو نموونەی دیاری پەیڕەوانی بیروباوەڕی مارکسیزم بوون سنووریان دانابوو بۆ دەزگاکان و کۆمپانیاکان کە چۆن کاڵاکان ساغ بکەنەوە، بەڵام لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا ئازادی درابوو بە کۆمپانیاکان بە تایبەتی ئەمەش دوای شۆڕشی دووەمی چاکسازی کە لەسەر دەستی "فیلیپ کۆتلەر" هاتە کایەوە، کە ڕێسایەکی نوێی دانا بۆ کڕین و فرۆشتن. بەڵام لە کۆمارەکانی سۆڤێتدا حکوومەت یاسادانەر بوو، حکوومەت چاودێر بوو. 

بەلشەڤیکەکان و پەیڕەوانی بیروباوەڕی کاڕڵ مارکس پشتیوانیان لە بزوتنەوەیەکی ڕزگاری خوازی و شۆڕشگێڕانەی نێو هەموو جیهان بوون تاوەکو لە کۆت و بەندی سەرمایەداری ڕزگاریان بێت. دەروونزانێکی ڕووس لە ساڵی ١٩٥٠ وتارێکی بڵاوکردەوە لە گۆڤاری زانکۆی مۆسکۆ دەڵێت: " پێویستە هەمووان درک بەوە بکەن، کەوا سۆشیالیزم پێویستە بۆ ئەوەی پێش بە ئازادی بگیرێت، چونکە ئازادی بەردەوام دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە " 

دەکرێت ئەمەش لایەنە ڕاستەقینەکەی شۆڕش بێت، زۆرێک لە خەڵکی ئەم سەردەمە پێیان وایە کە سۆشیالیزم شۆڕشێکی شکست خواردووە بەوەی بیرۆکەی ئاتیسیزم (بێ باوەڕی) و خوێن ڕێژی هێنایە کایە. بەڵام لە سۆنگی هەندێک مێژوونووسەوە بەتایبەتی نووسەرانی کتێبی "سۆشیالیزم حوکم دەکات" و نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای بریتانکا و نووسەرانی دادگای سۆشیالیزم و دیموکراتیسیزم" هەموو ئەم مێژوونووسانە بە بەڵگەوە دەڵێن "شۆڕشی ڕووسیا بەتەنها دژی هەموو دەسەڵاتە هەلپەرست و تێکدەرەکان وەستایەوە" مەبەست لەم ڕستەیە ئەوەیە دیموکراتخوازەکان ئەوەی لایان گرنگ بوو بەدەستهێنانی پارە بوو و خستە بازاڕی کاڵای زۆر بوو. 

ڕوونکردنەوە بە نموونە

کۆمپانیای Ford و مۆسکۆڤیچی ڕووسیی

کۆمپانیای Ford بە خستنەڕووی ئۆتۆمبیلی سادە لە جۆری T و بە یەک ڕەنگ کە ڕەش بوو، بە نرخی ٣٥٠ دۆلار، هەر چەندە ئەم نرخە بۆ ساڵانی ١٩٣٠ـکان زۆر بوو بەهۆی داڕمانی ئابووری. بەڵام ئەم بۆچوونەی فۆرد بۆ ئەوە بوو هەموو کەس ئۆتۆمبیلی هەبێت بێ گوێدانە ئەوەی تایبەتمەندی هەبێت لە ئۆتۆمبیلەکان وەک مەرجی توندوتۆڵی. بەڵام لەو سەردەمەشدا تەنها دەست ڕۆیشتووەکان ئۆتۆمبیلیان پێ دەکڕدا چونکە نرخی سووتەمەنی زۆر گران بوو. 

بەڵام مۆسکۆڤیچ کۆمپانیایەکی ڕووسی بوو کە ئەمیش چەندین مۆدێلی ئۆتۆمبیلی خستە ڕوو بەڵام هەموو تاکێکی ڕووسیا بە هەمان نرخ دەیان توانی بیکڕن کە نرخی ٤٠٠ دۆلار بوو. واتا جیاوازی نرخیان ٥٠ دۆلار بوو. بەڵام لە ڕووسیا نرخی سوتەمەنی هەرزان بوو. فۆرد دەیویست ڕکابەری ڕووسییەکان بکات بۆ ئەوەی تێچوو لەسەر کۆمپانیاکەی کەم بێت تەنها بە یەک ڕەنگ ئۆتۆمبیلی دروست دەکرد. 

دەرئەنجامی شۆڕشی ڕووسیا

دەکرێت بڵێین هەڵەی شۆڕشی ڕووسیا ئەوەبوو سەرەڕای ئەوەی توانی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بخاتە نێوان دوو بەرە سۆشیالیزم و کاپیتاڵیزم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شکستی هێنا، هۆکارەکان بریتی بوون لە:
یەکەم: جەنگی ئەفغانستان تێچوویەکی زۆری لەسەر سۆڤێت دروست کرد کە بە شکست هاتەدەرەوە لەم جەنگەدا. 
دووەم: جەنگی سارد هۆکارێکی تر بوو، لە جەنگی سارد ئەمریکا کە پەیڕەوی کاپیتاڵیزم (سەرمایەداری) بوو. لە سەرمایەدایدا دەتوانیت لە خاڵی سفر ببیت بە ملیۆنەر و ملیاردێر. بەڵام تا ئەو ساتەی سۆڤێتیش ڕوخا، هیچ سەرمایەدارێک نەبوو هەموو شتێک موڵکی دەوڵەت بوو. 
سێیەم: چەق بەستوویی سۆڤێت هۆکارێکی تر بوو، ئەمریکا توانی پێشی سۆڤێت بداتەوە لە هەموو کایەکانی ژیاندا بەهۆی شۆڕش و پێشنیازەکانی چاکسازی. قسەیەک هەیە دەڵێت "پارەت هەبوو خاوەنی هەموو شتێکیت، پارەت نەبوو کەس گوێت پێنادات ".

دەکرێت ئەوەش بڵێین شۆڕشەکانی مێژوو کە شکستیان هێنا دوای ماوەیەک لە ڕوودان و گۆڕانی حکوومەتەکان ئەوەبوو بە چەق بەستوویی مانەوە. بەڵام ڕووسیای نوێ کە ئەمیش بەرهەمی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان بەلشەڤیکە هەڵگری پەیامێکی ترە ئەویش ئەوەیە جەمسەری هێز بوونی هەیە و فەرمان ڕەوای تاک لایەن بوونی نییە. ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە بڕوای من ئەوەی سەلماندووە کەوا تاک جەمسەری هێز بوونی نییە. 

ئەگەر لایەنێک بووە هۆی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر خاکەکەت ئەوا پێویستە ڕووبەڕووی بیتەوە هەروەک لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات کە بەتەنها دژی ڕێکخراوی ناتۆ وەستاوەتەوە تەنها بۆ ئەوەی سەروەری خاکەکەی بپارێزێت. 

سۆڤێت کە شکستی هێنا تاک جەمسەری هێز دروست بوو کە ئەمریکا شانازی دەکرد بە ڕوانگەی هەندێک نووسەر کە خۆی حوکمداری جیهانە و شۆڕشی ڕووسیای کۆتایی پێ هێنا. بەڵام وەک ماکیاڤێلی لە کتێبی  میرنشین لاپەڕە ٨٨ دەڵێت " شۆڕش هەرگیز لەناو ناچێت بەڵکو خۆی دەگۆڕێت بەپێی دۆخەکان و نەتەوەکان و حکوومەتەکان".


سەرچاوەکان



81 بینین