ئاپیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-30-23:35:00 - کۆدی بابەت: 12413
ئاپیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاپیا (بە ئینگلیزی: Apia، بە عەرەبی: أبيا) پایتەخت و گەورەترین شاری ساموایە، هەروەها تاکە شاری وڵاتیشە. ئەم شارە دەکەوێتە بەشی باکووری دوورگەی ئۆپۆلووەوە کە دووەم گەورەترین دوورگەی ساموایە. ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی ئاپیا، کە بە شێوەیەکی گشتی بە شاری ئاپیا ناسراوە، لە سەرژمێری ساڵی 2021ـدا 35,974 کەس بوو.

 ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ئاپیا ١٢٣.٨١ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٢٩٠ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

 مێژووی شارەکە

ئاپیا لە بنەڕەتدا گوندێکی بچووک بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ١٨٠٠ـدا تەنها ٣٠٤ کەس بوو، پاشان وەک هەموو جێگیرگەیەکی تری وڵاتەکەی گەشەی سەند و بوو بە ناوچەیەکی شارستانی. شاری مۆدێرنی ئاپیا لە ساڵانی ١٨٥٠ دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٥٩ـەوە پایتەختی فەرمی وڵاتی ساموایە. ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩١٤ حکوومڕانی ساموای ڕۆژئاوای کرد و ئاپیاش پایتەختی بوو. لە مانگی ئابی ساڵی ١٩١٤ـدا، هێزی نیوزلەندا دەستی بەسەر ساموای ڕۆژئاوادا گرت، پاشان نیوزلەندا لە ساڵی ١٩٢٠ تا سەربەخۆییبوونی سامۆئا لە ساڵی ١٩٦٢، دوورگەکانی بەڕێوەبرد. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ـدا خەبات بۆ سەربەخۆیی وڵات ئەنجامدرا و بەدرێژایی ئەو ماوەیە شەقامەکانی ئاپیا جێی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان بوون، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ساموای دەستگیرکران و ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ١٩٢٩ بە "شەممەی ڕەش" ناسرا.

 کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری ئاپیا گەرم، شێدار و باراناوییە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمی شارەکە بە درێژایی ساڵ وەک یەکە. وشکترین مانگەکانی ئاپیا مانگەکانی تەممووز و ئابە کە بە تێکڕایی نزیکەی ٨٠ مللیمەتر باران دەبارێت و باراناویترین مانگیش مانگەکانی کانوونی یەکەم تا ئازارە کە تێکڕای بارانبارینی مانگانە لە ٣٠٠ مللیمەتر زیاترە. هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانه ٢٦ پلەی سیلیزییە و ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی ٣٠٠٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.


سەرچاوەکان



72 بینین