بازاڕکاری مۆدێل

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-07-23:15:00 - کۆدی بابەت: 12469
بازاڕکاری مۆدێل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بازاڕکاری مۆدێل (بە عەرەبی: مسوق المشاهير، بە ئینگلیزی: Celebrity Marketer) پێشی دەگوترێت بازاڕکاری بە ناوبانگ. بریتییە لە کەسایەتییەکی ناوبانگ لە بواری بازرگانیدا کە لە ڕێگەی گرێبەستێکی درێژخایەنەوە دەبێتە ڕوخساری براندێکی دیاریکراو و لە بانگەشە و ڕیکلامەکانی ئەو براندەدا دەردەکەوێت و ئەو بەرهەمە بەکاردەهێنێت، تاوەکو تێگەیشتنێک بداتە جەماوەر کە خودی خۆی ئەم بەرهەمە بەکاردەهێنێت. 

کێ دەبێتە بازاڕکاری مۆدێل یان بازاڕکاری بەناوبانگ

هەر کەسێک بیەوێت ببێتە بازاڕکاری ناوبانگ یان بازاڕکاری مۆدێل مەرجێک هەیە دەبێت تێیدا ڕەنگ بداتەوە، بەر لەوەی ڕیکلام بکات دەبێت ناوبانگی لە بوارێکدا هەبێت و جەماوەر بەوە بیناسنەوە، بۆ نموونە وەرزشوان بێت، یاخود میدیاکار، نواندنکار، نمایشکار، قسەکەری کاریگەر و چەندان بواری تر. 

ئەگەر ئەو کەسە پێشتر بەهۆی بوارێکەوە نەناسرابێت ئەوا ناشبێتە بازاڕکاری بە ناوبانگ، بەڵکو تەنها مۆدێلێکە و هیچی تر. 

جیاوازی مۆدێلی ڕیکلام و بازاڕکاری مۆدێل چییە؟ 

مۆدێل هیچ پابەندبوونێکی بە گرێبەستەوە نییە، بەڵکو لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا ڕیکلامێک بۆ شوێنێکی بازرگانی دەکات و بەرهەمەکە دەناسێنێت، بەڵام بازاڕکاری مۆدێل لە پاڵ ناساندنی بەرهەمەکە وێنای ئەوە لای جەماوەر دروست دەکات کە خودی خۆی بەکاری دەهێنێت، ئەمەش وا دەکات خەڵکی لە پای خۆشەویستیان بۆ ئەو کەسایەتییە بەرهەمەکە بەکاربهێنن. 

ڕێکارەکانی بوونە بازاڕکاری مۆدێل

ئەو کەسەی دەبێتە بازاڕکاری مۆدێل هەندێک ڕێکاری هەیە، بۆ نموونە وەرزشوانەکان جەستە و ڕوخساریان بۆ هەندێک لایەنی تایبەت گونجاوە وەکو بوونە ڕوخساری براندەکانی شامپۆ و بۆن و جلوبەرگی فەرمی و کاتژمێری دەستی و هەندێک جار ئۆتۆمبیل و خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان.

نموونەی بازاڕکاری بەناوبانگ

لە دونیادا بازاڕکاری ناوبانگی ئێجگار زۆر هەیە بەڵام ئەوەی زۆر دیارە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و براندەکان "کرستیانۆ ڕۆناڵدۆ"ی یاریزانی تۆپی پێیە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بڕیاردانی بەکاربەران هەیە لەسەر کڕینی بەرهەمەکان. بۆ نموونە براندی شامپۆی Clear فرۆشی ڕووی لە کەمی کردبوو بەڵام کاتێک ڕۆناڵدۆ بووە ڕوخساری بڕاندەکە بۆ ساڵانێک کە دەیگوت لە کاتی گەرماودا ئەم شامپۆیە بەکاردەهێنم و یارمەتیدەرە بۆ خاو بوونەوە و بەهێزبوونی تاڵەکانی قژم، فرۆشی شامپۆیەکە بەخێرایی ڕووی لە زیادبوون کردەوە و هاتەوە بازنەی ڕکابەری کردن. 

هەندێک جار بەرهەمەکان لە چوارچێوەی ساغکردنەوەدا نیین بەڵکو لە چوارچێوەی بەرهەمێکی سینەمایی لەلایەن نواندنکارانەوە ڕیکلام بۆ بەرهەمەکان دەکرێت

بۆ نموونە لە زنجیرە فیلمی Taxi کە بەرهەمێکی وڵاتی فەڕەنسایە لەلایەن ئەکتەری سەرەکی ڕیکلام بۆ ئۆتۆمبیلی "پیجۆ"ی فەڕەنسی دەکرێت کە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی خراوەتە ڕوو، لەوانە توندوتۆڵی لە کاتی برێک گرتن و ڕۆیشتندا کە لەو پەڕی خێراییدا لە دەست وەریناگرێت.

یاخود زۆرجار لە بەرهەمە سینەماییەکاندا بە شێوەیەکی کورت براندی بۆن و مۆبایلی زیرەک و جلوبەرگ تیشکیان دەخرێتە سەر کە ئەو وێناکردنە دروست دەکات کە ئەم ئەکتەرە ئەو بەرهەمە بەکاردەهێنێت. 

ئایا بازاڕکاری بەناوبانگ یان مۆدێل دەتوانێت ڕیکلام بۆ هەموو کاڵایەک بکات؟

بێگومان نەخێر، ئەو کەسە دەبێت جەستە و ڕوخساری شیاو بێت و لە هەمان کاتیشدا لە بوارەکەی خۆیەوە کە پێی ناسراوە نزیک بێت. بۆ نموونە کەسێک قسەکەری کاریگەرە ناکرێت ڕیکلام بۆ ئۆتۆمبیل بکات و پێداچوونەوەی بۆ بکات، بەڵکو دەبێت ڕیکلام بۆ ئەکادیمیاکان بکات یان دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب کە هاوکاری بوون لە پێگەیشتندا، یاخود ئەگەر کەسەکە بۆ نموونە یاریکەری ڤیدیۆیی بێت کە پێی دەڵێن کەسایەتی بەناوبانگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار بۆ یارییەکی تایبەت پۆشاکێکی جیاواز لەبەردەکات لەم حاڵەتەدا دەچێتە خانەی بازاڕکاری مۆدێلەوە کە وا دەکات بینەرەکانیشی بڕۆن هەمان پۆشاک بکڕن، یان کۆدی یارییەکانی پێدەگات بەر لە بڵاوبوونەوەی یارییەکە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات بینەرەکانیش لەسەر قسەی ئەو دەچن یارییەکە دەکەن. 

کەواتە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئەو کەسایەتییە لە سنووری بوارەکەی خۆیدا دەتوانێت ڕیکلام بکات نەوەکو دوو بواری لێک دوور بن.


سەرچاوەکان



99 بینین