پۆلێنکردنی گروپەکانی دەرمان لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-04-14-20:47:00 - کۆدی بابەت: 12518
پۆلێنکردنی گروپەکانی دەرمان لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاتەگۆرییەکانی دووگیانی (بە ئینگلیزی: Pregnancy category، بە عەرەبی: فئة الحمل) بریتییە لە هەڵسەنگاندنی مەترسی زیانی کۆرپەلە بەهۆی دەرمانەوە، ئەگەر بەو شێوەیە بەکاربهێنرێت کە دایکەکە لە ماوەی دووگیانیدا ڕێنمایی دەکرێت. ئەمە هیچ مەترسییەک لەخۆ ناگرێت کە لەلایەن بریکارانی دەرمانسازی یان میتابۆلیتەکانیان لە شیری دایکدا پێشکەش دەکرێت.

گروپەکانی دووگیانی دابەش کردن و دیاریکردنی جۆرەکانی دەرمانە بۆ ئافرەتی دووگیان ئاخۆ ئەم دەرمانە سەلامەتە بۆ ئافرەتی دووگیان یاخود نا، ئایە چی کاتێک بەکاری بهێنێت سەلامەتە. چونکە هەندێ دەرمان کاریگەری لاوەکی زۆر لەسەر ئافرەتی دووگیان جێ دەهێلێت و دەبێتە هۆی لە بار بردنی کۆرپەلە یان شێواندنی فسیۆلۆجی منداڵەکە.

دووگیانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر کاریگەری دەرمان هەبێت. کاتێک دووگیانیت، قەبارەی خوێنت زیاد دەکات و دڵ و گورچیلەکانت هەردووکیان قورستر کار دەکەن. ئەمەش بەو مانایە دێت کە دەرمانەکان توانای ئەوەیان هەیە خێراتر لە جاران بەناو جەستەتدا تێبپەڕێت. لەوانەیە ئەمە مانای ئەوە بێت کە پێویستە دەرمانی زیاتر وەربگریت یان بە شێوەیەکی جیاواز بەکاری بهێنیت.

کاتەگۆرییەکانی دووگیانی پێنج گرووپن

گرووپی A

وەرگرتنی دەرمانی ئەم گرووپە پێویستە لە ماوەی سکپڕی و بەباشی کۆنتڕۆڵ کراوە و لە دوای تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر ئافرەتی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی و لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانی  سەلمێنراوە کە هیچ زیانێکی نییە بۆ ئافرەتی دووگیان.

نمونەی دەرمانی گروپی A:

  • Thiamine, Pyridoxine, Folic acid
  • Docusate, Senna, Bisacodyl
  • Dextromethorphan
  • Doxylamine
  • Levothyroxine
  • Isoniazid

گروپی B

ئەم گرووپە تاقیکراوەتەوە لەسەر ئەو ئاژەڵانەی کە پێکهاتەیان لە مرۆڤەكان نزیکە و زانراوە کە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئافرەتی سکپڕ بەڵام لەگەل ئەوەشدا هیچ مەترسییەک نەبینراوە بەڵام دەبێت هەر وریابین بە پێدانی ئەم دەرمانە بە ئافرەتی سکپڕ.

نمونەی دەرمانی گرووپی B:

  • Metformin
  • Hydrochlorothiazide
  • Cyclobenzaprine
  • Amoxicillin
  • Pantoprazole

گروپی C

ئەم گرووپە زیانەکانی بینراوە لەسەر ئاژەڵ لە بوونی زیان لەسەر کۆرپەلە لە ئەگەری لە باربردنی کۆرپەلە بەڵام بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەسەر مرۆڤ نەسەلمێنراوە. سەڕەڕای ئەمەش سوودەکانی وا دەکات لە کاتی دووگیانیدا سەرەڕای زیانە شاراوەکانی بەکاربهێنرێت.

نمونەی دەرمانی گرووپی C:

  • Tramadol
  • Gabapentin
  • Amlodipine
  • Tarzodone

گروپی D

بەلگەی ئاشکرا هەیە لەسەر زیانەکانی دەرمانەکە لەسەر دایک و کۆرپەلە و دەبێتە هۆی مردن و لەبارچوون. بەڵام سوودە شاراوەکانی وادەکات سەڕەرای زیانەکانی لە کاتی زۆر پێویستدا بەکاربهێنرێت.

نمونەی دەرمانی گرووپی D:

  • Gentamicin, Neomycin, Amikacin, Streptomycin, Kanamycin
  • Trimethoprim-sulfamethoxazole
  • Doxycycline, Minocycline, Tetracycline, Tigecycline
  • Fluconazole, Voriconazole
  • Primaquine, Hydroxychloroquine

گروپی X

دەرمانەکانی ئەم گرووپە بە مەترسیدارترین دەرمان دادەنرێت لەسەر ئافرەتی دووگیان، کە سەڕەڕای سوودەکانیشی نابێت بە هیچ شێوەیەک لە کاتی سکپڕیدا بەکاربهێنرێت.

نمونەی دەرمانی گرووپی X:

  • Valproate
  • Methotrexate
  • Ribavirin
  • Triazolam
  • Bosentan
  • Aliskiren
  • Emergency contraception: Levonorgestrel, Ulipristal
  • Griseofulvin


سەرچاوەکان



73 بینین