هەشت خۆراک بۆ هەستکردن بە دڵخۆشییەکی زیاتر

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-18-16:03:00 - کۆدی بابەت: 12567
هەشت خۆراک بۆ هەستکردن بە دڵخۆشییەکی زیاتر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەشت خۆراک بۆ هەستکردن بە دڵخۆشییەکی زیاتر (بە ئینگلیزی; eight foods to make you feel happier، بە عەرەبی; ثمانیة أطعمة تجعلك تشعر بالسعادة) ئەو شتانەی ئێمە بۆ دڵخۆشی دەگەڕێین تیایاندا زیاتر خۆیان لە چارەسەر و ڕاهێنان و دەرمانەکان دەبیننەوە لەوانەیە خۆراک و گرنگیدان بە ژەمەکان لە لیستی خوارەوەی ئەو شتانەدان.

لەکاتێکدا خۆراک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەوەی هەست بە چی دەکەین. پەیوەندییەکی زۆر هەیە لە نێوان ماددە خۆراکییەکان و دەروونی مرۆڤەکان و دەردانی دەمارە گوێزەرەوەکان. کۆمەڵە خۆراکێکی دیاریکراو هەن بەستراون بە دەردانی بڕێکی زیاتری هۆرمۆنی سیراتۆنین لەلایەن مێشکی ئێمەوە. سیراتۆنین ناسراوە بە هۆرمۆنی بەختەوەری و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی شێواز و ڕەفتار و میزاجی ئێمە، بڕێکی کەمی سیراتۆنین دەتوانێت ببێت بە هۆکاری ناجێگیری لە ڕەفتارمان.

هەشت خۆراک بۆ هەستکردن بە دڵخۆشی

چۆکۆلەیتی تاریک

پێداچوونەوە گشگیرەکان دەریانخستووە کە قاوەی تاریک دەتوانێت کاریگەری ئەرێنییانەی هەبێت لەسەر ڕەفتار و میزاجی کەسەکان. سێ پێکهاتەی سەرەکی لە چۆکۆلەیتدا هەن پەیوەندیدارن بە هەستکردن بە بەختەوەرییەکی زیاتر کە بریتین لە تریپتۆفان، ثیۆبرۆماین هەروەها ڤێنیل ئەسیل ئەلانین. تریپتۆفان ترشە ئەمینییەکە لە دروستکردنی سیراتۆنیندا دەماخ بەکاریدەهێنێت. ثیۆبرۆماین هاندەرێکی لاوازە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەشت و ڕەفتار دروستبکات. هەروەها فێنیل ئەسیل ئەلانین ترشە ئەمینییەکی ترە کە جەستە بۆ دروستکردنی دۆپامین سوودی لێوەردەگرێت و وەک دژە خەمۆکی ڕۆڵ دەبینێت.

مۆز

ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی خۆراکی ڕەفتار باشی ئەوە مۆزە، لەگەڵ ئەوەی مۆز لە سیرۆتۆنین پێکدێت بەڵام ناتوانێت بەربەستی نێوان خوێن و مێشک ببڕێت (بەربەستی نێوان دڵ و مێشک بەربەستێکە ڕێگە بە پیاڕۆشتن و پیانەڕۆشتنی کۆمەڵە ماددەیەک دەدات و دیاریدەکات لە خوێندا بمێننەوە یان بگەنە مێشک). بەڵام مۆز ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە ڕێکخستنی ڕەفتارەکان بە چەند ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ. جەستە پێویستی بە ڤیتامین B6 بۆ دروستکردنی سیرۆتۆنین و مۆزیش بە تایبەتی بەم ماددە خۆراکییە دەوڵەمەندە، مۆزێکی قەبارە مامناوەند ٠.٤ میلگرام لە ڤیتامین B6 تێدایە کە ڕێژەی لەسەدا ٢٥ی ڕۆژانەیە.

گوێزی هندی

گویزی هندی دەتوانێت چەژە گۆپکەکان و میزاج بۆ ئەو شێوەیەی بیری لێدەکەیتەوە بگوازێتەوە. گویزی هندی لە زنجیرەی ناوەندی گلایسیرایدی سیانی پێکدێت و ئەمەش یارمەتی وەرگرتنی وزە دەدات. ڕێگایەکی تریش کە وایکردووە گوێزی هندی لەو خۆراکانە دابنرێت کە کاریگەرییان لەسەر هەستی بەختەوەری و دڵخۆشی هەیە ئەوەیە کە شیری گوێزی هندی یارمەتیدەرە لەکەمکردنەوەی هەستی دوودڵی و نیگەرانی.

قاوە

نزیکەی یەک بلیۆن کەس هەن لە جیهانداندا کە قاوە دەخۆنەوە، بەردەوام بوون لە خواردنەوەی قاوە بێگومان بە بڕێکی مامناوەند، هۆکاری دڵخۆشترکردنی جیهانە. خواردنەوەی قاوە بە هاوپەیوەند لەگەڵ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی خەمۆکی دادەنرێت. بەشێک لە توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە خواردنەوەی قاوە، کافایینی و بێ کافایین، هۆکارێکە بۆ باشتر کردنی میزاج بە بەراورد بە وەرگرتنی دەرمان.

ئاڤۆگادۆ

جەخت لەوە کراوەتە کە ئاڤۆگادۆ لەتوانایدا هەیە هەستی دڵخۆشییەکی زیاترمان پێ ببەخشێت. ئەم میوە نەرم و شل و کرێمییە پڕە لە خۆراکە ماددەی وەک کۆلاین، کە جەستە بۆ ڕێکخستنی دەمارە کۆئەندام و ڕەفتارەکان بەکاریەهێنێت. توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دەریانخستووە کە چەورییە تەندروستەکانی ناو ئاڤۆگادۆ هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی هەستی نیگەرانی و خەمۆکی لە ئافرەتاندا. هۆکارێکی تر بۆ وەرگرتنێکی بڕێکی زۆری ئاڤۆگادۆ بریتییە لەوەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B، کە پەیەوەستە بە کەمکردنەوەی هەستی دوودڵی لە مرۆڤ.

توو

وەرگرتن و خواردنی بڕێکی زۆرتری میوە هۆکارە بۆ باشترکردنی دەرووندروستی. لە ساڵی ٢٠١٦ لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە چۆن خواردنی سەوزە و میوە ڕۆڵی هەیە لە باشترکردنی دەرووندروستی. توو دەوڵەمەندە لە دژە ئۆکسانەکان و ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی. توێژینەوەیەکی تر دەریخستووە کە ئەو ماددانەی شەربەتی تووی شینیان تێدایە، وەرگرتنی تووە شینەکە لەلایەن جەستەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لەبیرچوونەوەی شتەکان.

خواردنە  خۆشکراوەکان 

ئەو خواردنانەی وەک کەلەرمی خۆشکراو و کێمچی یان ماست، یارمەتیدەر دەبن لە مانەوەی تەندروستی گەدە و ڕیخۆڵەکان هەروەها کاردەکەنە سەر شێوازی ڕەفتارەکان. کرداری ترشاندن دەبێتە هۆی پاراستن و مانەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە. بێگومان زۆر جار کاتێک نائاسوودەییەک لە گەدەدا هەبێت وادەکات ڕەفتارەکان تێکبچن و کاریگەری لەسەر میزاج دروست دەکەن، بەهەمان شێوەش مانەوەی گەدە بە تەندورستی وادەکات میزاجێکی ڕێک و دروستت هەبێت. لە سەدا ٩٠ی ئەو سیراتۆنینەی جەستە دروستی دەکات لەلایەن خانەکانی گەدە دەبێت. هەربۆیە خواردنی خواردنە ترشکراوەکان یارمەتی باشتر بەرهەم هێنانی سیراتۆنین دەدات.

قارچک

قارچک ڤیتامین D تێدایە، کە  دژە خەمۆکیەکە و یارمەتی دەستخستنی میزاجێکی باش دەدات. چونکە تاکە سەرچاوەی ڕووەکییە بۆ ڤیتامین D و بڕێکی باشی تێدایە. بۆ وەرگرتنی باشترین بڕی ڤیتامین D لە قارچکە چەند کاتژمێرێک پێش کوڵاندنی بیخەرە پێش خۆر و دواتر بیکوڵێنە.

هەندێک جار کاتێک کەسێک نیگەرانە پەنا دەبات بۆ خواردنی شیرینی و خواردنە لە قوتو نراوەکان، کە دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی هەستی دڵخۆشیت بۆ دروست بکەن و دڵخۆشکەر بن بەڵام دواتر دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیت و هەروەها ناتوانن هیچ سوودێکیان بۆ دەرووندروستیت و باشتر کردنی شێوازی ڕەفتارەکانت هەبێت بۆیە وریابە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە خۆراکانە.


سەرچاوەکان



51 بینین