کەی ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوی کۆرپە دەردەکەوێت؟

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-18-23:07:00 - کۆدی بابەت: 12570
کەی ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوی کۆرپە دەردەکەوێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەی ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوی کۆرپە دەردەکەوێت؟ (بە ئینگلیزی: When does the true color of the baby's eyes appear?، بە عەرەبی: متى يظهر اللون الحقيقي لعيون الطفل؟) ڕەنگی چاو جۆرە تایبەتمەندییەکی دیاریکراوە لە مرۆڤەکاندا و یەکێکە لەو هۆکارانەی کە مرۆڤەکان لەیەک جیادەکاتەوە، دوو هۆکار هەیە کە ڕەنگی چاو دیاری دەکات: یەکەم بریتییە لەو شلەیەی کە لە بەشی گلێنەی چاودا هەیە، دووەم بریتییە لە بۆهێڵی هەردوو باوان کە بەیەکەوە بەژدارن لە دیاریکردنی ڕەنگی چاوی منداڵەکەیان. زۆربەی منداڵان چاویان شین، خۆڵەمێشی یان قاوەیی کاڵە لە کاتی لەدایک بوون، دواتر لەگەڵ تەمەندا دەگۆڕێت بۆ قاوەیی یان سەوز.

کەی ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوی کۆرپە دەردەکەوێت؟

زۆربەی کات ڕەنگی ڕاستەقینەی چاوی منداڵ لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە دەگاتە تەمەنی یەک بۆ سێ ساڵ. ڕەنگی چاوی منداڵ لە تەمەنی سێ بۆ شەش مانگی دەگۆڕێت و لەم تەمەنەدا بەرهەمهێنانی ڕەنگی چاو لە بەشی گلێنەدا تەواو دەبێت. بە جۆرێک چاوە سەوزەکان دەگۆڕێن بۆ قاوەیی و چاوە قاوەییە تۆخەکان وەک خۆیان دەمیننەوە.

چی دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی چاوی منداڵ؟

ڕەنگی چاو پەیوەستە بە ڕێژەی ڕەنگی میلانین کە لە ناوەوەی چاودا هەیە، کە بە هۆی ئەو بۆهێڵانەوە دیاری دەکرێت کە منداڵ لە هەردوو دایک و باوکیەوە بە میرات وەریدەگرێت، چاوە ڕەنگاوڕەنگەکان بڕێکی کەم لە ڕەنگی میلانین لەخۆدەگرن لە کاتێکدا چاوە ڕەشەکان بڕێکی زۆر ڕەنگی میلانینیان تێدایە.

ئەمانەی خوارەوە تێکچوونی ئەم هۆکارانەن: 

بۆهێڵەکان

ئەو بۆهێڵانەی کە منداڵان لە دایک و باوکیانەوە بە میرات وەریدەگرن ڕۆڵێک لە دیاریکردنی ڕەنگی چاوەکانیان دەبینن، بەو پێیەی نزیکەی ١٥ بۆهێڵ هەن کە بەرپرسن لە دیاریکردنی ڕەنگی چاوی منداڵان، باوترینیان بریتین لە بۆهێڵی OCA2 کە چاوی سەوز یان قاوەیی دیاریدەکات و بۆهێڵی HERC2 چاوی شین دیاریدەکات.

بڕی میلانین

بەرهەمهێنانی ڕەنگی میلانین لە یەکەم ساتەوە دەست پێدەکات کە چاوەکانی منداڵەکە ڕووناکی دەبینن دوای لەدایکبوون، ئەم ڕەنگەش ئەوەیە کە ڕەنگی جیاواز بە پێست و قژ دەبەخشێت. 

کەی منداڵ دەتوانێت ڕەنگەکان جیا بکاتەوە؟ 

منداڵی تازە لەدایکبوو ناتوانێت وەک گەورەکان سێبەری ڕەنگەکان جیا بکاتەوە، بەڵام لە تەمەنی ٥-٨ مانگیدا کۆرپەکە دەتوانێت هەموو سێبەرەکانی ڕەنگ شی بکاتەوە و جیایان بکاتەوە.

ڕۆڵی بۆهێڵەکان لە ڕەنگی چاوی منداڵدا چییە؟ 

ڕەنگی کۆتایی چاوی منداڵ بەندە بە بۆهێڵەکانی هەردوو باوک و دایکییەوە، بەو پێیەی هێشتا ڕۆڵی بۆهێڵەکان بە تەواوی لە چۆنیەتی دیاریکردنی ڕەنگی چاوی منداڵدا تێنەگەیشتوون، ئەستەمە بە تەواوی ڕەنگی چاوی منداڵەکە پشتڕاست بکرێتەوە پێش لەدایکبوون، بەڵام دەتوانرێت پێشبینی بکرێت سەبارەت بە ئەگەری ڕەنگ، وەک ئەمانەی خوارەوە: 

  • ئەگەر هەردوو دایک و باوک چاوی قاوەیی هەبێت، بەڵام باوکی یەکێک لە دایک و باوکەکە واتا (باپیری منداڵەکە) چاوی شین بووبێت، ئەوا چانسی کەمی منداڵبوون بە چاوی شین هەیە. 
  • ئەگەر دایک و باوکێک چاویان شین بێت و باپیری منداڵەکەش چاوی قاوەیی هەبێت، ئەوا ئەگەری بوونی منداڵەکە کە چاوی شین بێت ٥٠٪ دەبێت. 
  • ئەگەر هەردوو دایک و باوک و باوانی ئەوانیش چاویان شین بێت ئەگەری زۆرە منداڵەکە چاوی شین بێت.

چاوی دەگمەن چ ڕەنگێکە؟

چاوی سەوز دەگمەنترین ڕەنگی چاوە.

ئایا هەموو کۆرپەیەک بە چاوی شینەوە لەدایک دەبێت؟

نەخێر، زۆربەی منداڵان چاویان شین یان ڕەشە لە کاتی لەدایک بوون و ئەمەش بەپێی ڕەگەز و لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر دەگۆڕێت.


سەرچاوەکان



114 بینین