کێوی عەرەفە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-20-17:25:00 - کۆدی بابەت: 12594
کێوی عەرەفە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

کێوی عەرەفە یان شاخی عەرەفە یان کێوی عەرەفات (بە عەرەبی: جبل عرفة یان جبل عرفات، بە ئینگلیزی: Mount Arafat) کێوێکە دەکەوێتە شاری مەککەی وڵاتی سعودییەوە بە دیاریکراوی دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان شاری مەککە و شاری تائیف، بە دووریی ٢٢ کیلۆمەتر لە شاری مەککەوە دوورە و دە کیلۆمەتر لە موونا و شەش کیلۆمەتر لە موزدەلیفە دوورە.

وەستان لەسەر کێوی عەرەفە بە گرنگترین ڕوکنی پرۆسەی حەجکردنی موسڵمانان دادەنرێت، هاوکات تاکە ڕووکنی حەج کردنە کە لە دەرەوەی ناوچەی حەڕەم بێت. کۆی گشی درێژی شاخەکە نزیکەی ٣٠٠ مەترە و بەرزی لوتکەکەی دەگاتە حەوت مەتر بۆیە لەنێو شاخەکانی تری ناوچەکە دیارتر و بەرزترە.

واتای ناوەکەی

وشەی (عَرفة) لە زمانی عەرەبیدا لە وشەی (تعارف) وەرگیراوە کە واتای یەکترناسین یان ناساندن دەبەخشێت هەروەها واتای دانپێدانانیش دەبەخشێت. بەپێی سەرچاوەکان ئەم کێوە بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە چونکە لە ڕابردوودا خەڵکی خێڵ و هۆزەکانی تر لەسەر ئەم کێوە یەکتریان ناسیوە.

لە سەرچاوەی تری مێژوویی و ئایینی ئاماژە بەوە کراوە کاتێک پێغەمبەر ئادەم و حەوا دروستکراوان و لە بەهەشت دەرکرانە دەرەوە لەسەر ئەو کێوە یەکتریان ناسیوەتەوە و بە یەک گەیشتوون. بۆچوونێکی تر لەسەر ناوی عەرەفە ئەوەیە کە حاجیان و موسڵمانان لەسەر ئەو شاخە دان بەتاوان و گوناهەکانیان دەنێن بۆیە بەو ناوەوە ناونراوە.

زۆرجار کێوەکە بە وشەی (عَرفات) ناوی دەهێنرێت و ئەم دقە لە قورئانی پیرۆز لە سوورەتی (البقرة) ئایەتی ١٩٨ دەفەرموێت: (لَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَن تَبْتَغُوا۟ فَضْلًا مِّن رَّبِّكُمْ  فَإِذَآ أَفَضْتُم مِّنْ عَرَفَـٰتٍ فَٱذْكُرُوا۟ ٱللَّهَ عِندَ ٱلْمَشْعَرِ ٱلْحَرَامِ  وَٱذْكُرُوهُ كَمَا هَدَىٰكُمْ وَإِن كُنتُم مِّن قَبْلِهِۦ لَمِنَ ٱلضَّآلِّينَ)، واتا: گوناهتان له‌سه‌ر نییه‌ که‌ دوای ڕۆزی په‌روه‌ردگارتان بکه‌ون، کاتێک لە عه‌ره‌فات گه‌ڕانه‌وه و له‌لای (مشعر الحرام) ناوی خودا بێنن و یادی خودا بکه‌ن  که‌ ڕێنموونی کردوون چونکە له‌ پێش ئه‌وه‌ ئێوه‌ له‌ گومڕایان بوون. زۆرجار کێوی عەرەفە بە ناوی کێوی ڕەحمەش ناودەهێنرێت.

وەستان لەسەر کێوی عەرەفە

حاجیان و سەردانیکەرانی ماڵی خوا بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ڕوکن و ئەرکێکی سەرەکی حەجکردن سەردانی کێوی عەرەفە دەکەن، وەستان و مانەوە لەسەر کێوی عەرەفە ڕوکن و مەرجی سەرەکی کامڵبوونی حەجە. چونکە پێغەمبەرفەرموویەتی: (الحج عرفة) واتا: "حەج عەرەفەیە"، بۆیە مەرجی کامڵبوونی حەج وەستانە لەسەر ئەو کێوە. کێوی عەرەفە تاکە ڕوکنی حەجە کە لە دەرەوەی مزگەوتی حەڕامە. لە ڕۆژی نۆی ذولحیجە حاجیان دەچنە سەر کێوەکە و نوێژی نیوەڕۆ و نوێژی عەسر بە (قەسر و جەمع) دەکەن، تا ئێوارە لەسەر کێوەکە دەمێننەوە بەردەوام دەبن لە پاڕانەوە و دوعاکردن.

سنووری کێوی عەرەفە

زانایانی ئیسلام سنووری کێوەکەیان دیاری کردووە، لە کێوی بەرزی عەرنەوە کە لە بەشی باشووری کێوی عەرەفاتە دەست پێدەکات تا دەگاتە شاخەکانی باشووری بەرانبەری و دیوار و بێستانەکانی بەنی عامریش لەخۆدەگرێت و کۆتایی سنوورەکە مزگەوتێکە بە ناوی مزگەوتی ئیبراهیم، ئەو مزگەوتە لە دەرەوەی سنووری عەرەفە هەژمار کراوە.

چەند شوێنێکی گرنگی کێوی عەرەفە

مزگەوتی نەمیرە

مزگەوتی نەمیرە ئەو شوێنە بوو کە پێغەمبەر تێیدا لە حەجی ماڵئاوایی وتاری ماڵئاوایی پێشکەش بە هاوەڵان کرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان ئەم شوێنە مزگەوتێکی لێ دروست کرا، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان گرنگی زۆری پێدرا و نوێ کرایەوە. ڕووبەری ئەم مزگەوتە نزیکەی ١٢٤ هەزار مەتر دووجایە و جێگەی نزیکەی ٣٠٠ هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە. لە ڕۆژی عەرەفەدا حاجیان نوێژی نیوەڕۆ و نوێژی عەسر لەم مزگەوتە بە کۆمەڵ بە قەسر و جەمع ئەنجام دەدەدن.

مزگەوتی سەخەرات

ئەم مزگەوتە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی لای ڕاستی کێوەکە، چەندان جۆرە بەردی گەورە لێوەی نزیکە و پێغەمبەر ﷺ لە حەجی ماڵئاوایی لە ئێوارەکەی لەو شوێنەدا وەستاوە.


سەرچاوەکان



51 بینین