موهوالی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-25-14:25:00 - کۆدی بابەت: 12684
موهوالی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

موهوالی (بە عەرەبی؛ موخالي، بە ئینگلیزی؛ Muqali) فەرماندەیەکی باڵای ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل بووە، بە دڵسۆزترین جنڕاڵی جەنگیزخان دادەنرێت، جەنگیزخان لەبەر ئەوەی متمانەی زۆری پێ بووە پلەیەکی بەرزی پێ بەخشیبوو کە هاوشانی پلەی خان یان فەرمانڕەوا بوو. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو موخالی یان موهوالی 
لەدایکبوون ساڵی ١١٧٠ بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە. 
مردن ساڵی ١٢٢٣ بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە. 
تەمەن ٥٢-٥٣ ساڵ
ماوەی خزمەت ١٢٠٦-١٢٢٣ 
ئەو جەنگەی تێیدا بەشداربووە هەڵمەتی داگیرکاری مەغۆلەکان لە چین.

موهوالی لە هێرشەکانی مەغۆل بۆ سەر چین ڕۆڵی فەرماندەی دووەمی مەغۆلی دەبینی بە واتایەکی تر فەرمانی لە جەنگیزخان وەرنەدەگرت بەڵکو خۆی ڕۆڵی سەرکردە و فەرماندەی دەبینی، ئەمەش لەبەر دڵسۆزی بوو کە جەنگیزخان لە کوڕەکانی خۆی زیاتر متمانەی بە موهوالی هەبوو. سەرچاوەیەک دەڵێت: موهوالی و سۆبۆتای تاکە دوو فەرماندەی مەغۆلن کە هیچ جەنگێکیان نەدۆڕاندووە! جگە لەوە بە کەمترین زیانیش لە جەنگەکاندا براوە بوون. 

لەدایکبوون و سەرەتای ژیان

سەبارەت بە سەرەتای ژیانی موهوالی سەرچاوەی زۆر لەبەردەستدا نین بەڵام ئەوەی لە مێژووی نهێنی مەغۆلەکان و مێژووی داگیرکاری مەغۆلدا باسکراوە بەم جۆرەیە: موهوالی سێیەم کوڕی گونوا لە هۆزی سپی جەلائیر لەدایکبووە کە هۆزێکە لە هۆزەکانی مەغۆل. لە ڕووی پەیوەندی هۆزی جەلائیر و هۆزی کیان (هۆزەکەی جەنگیزخان) پەیوەندییەکی باشیان نەبوو و چەندین جار لەسەر لەوەڕگا بەشەڕ هاتوون. کاتێک لە ساڵی ١١٩٧ هۆزی سپی لەناوچوو گونوا پێشنیاری کرد بۆ موهوالی ببێتە کۆیلەی تایبەتی تیمۆجین. بەڵام تیمۆجین کە پێشتر ئاشنای بوێری و هونەری شەڕکردنی موهوالی ببوو کردی بە فەرماندەی خۆی لە پاڵ زیلمی کە ئەویش یەکێک بوو لە فەرماندە دڵسۆزەکانی خۆی. 

جەنگەکانی موهوالی

موهوالی سوپایەکی پێدرا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکخستنی هۆزەکانی مەغۆل لە ١٢٠٦ دا وەک فەرماندەی پشتیوانی ناسێنرا بەڵام زۆر لەو پلەیەدا نەمایەوە چونکە ئاستی توانای سوپاکەی لەوە زیاتر بوو تەنها وەک پشیوان سەیر بکرێت. یەکەم جەنگی موهوالی لە ساڵی ١٢٠٦ بوو کە ڕووبەڕووی مینگەکان بووەوە و تێکی شکاندن، دواتر جەنگیزخان پلەی بەرزکردەوە بۆ فەرماندەی دووەم و ڕایسپارد لەگەڵ چین شەڕ بکات. لە ساڵی ١٢١١ لە شەڕی یولینگ زیانێکی زۆری لە چیندا. 

کاتێک جەنگیزخان کەوتە ڕێ بۆ شەڕکردن لەگەڵ خوارزمییەکان، موهوالی وەک فەرماندەی باکووری چین هێشتەوە، موهوالی لەلایەن جەنگیزخان ناسناوی "تایشی، گیو ئۆنگ، کیو وانگ" پێبەخشی بوو ئەم سێ ناسناوە تەنها دراون بە موهوالی لە سەردەمی جەنگیزخاندا ئەمیش بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی لە جین بە دەستی هێنابوون، کاتێکیش جەنگیزخان خاکی مەغۆلی لە نێو کوڕ و فەرماندەکانی دابەشکرد بەشی زۆری خاکەکەی بەخشی بە موهوالی لەگەڵ نزیکەی ٤٠-٧٠ هەزار سەربازدا. 

ساڵی ١٢١٧ موهوالی هێرشی کردە سەر شاندۆنگ (هێیبی) لە باکووری (شانجی) کە لەلایەن چین کۆنتڕۆڵ کرابوو، ئەم شوێنە زەوییەکی بەپیت و گرنگی کشتوکاڵی بوو، توانی ئەم شوێنە داگیربکات و لە نێوان ١٢١٩-١٢٢٠ توانی شاندونگ دابڕێنێت لە خاکی چین. ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگ بوو چونکە مەغۆلەکان بۆ یەکەم جار بوو ببنە خاوەنی زەوی کشتوکاڵی چونکە خاکی مەغۆل بە هۆی گەرمی و وشکی بە کەڵکی کشتوکاڵ نەدەهات. 

کۆتا جەنگەکانی موهوالی

موهوالی سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک یارمەتی هێزەکانی مەغۆلیدا لەو کاتەی لەگەڵ خوارزمییەکان لە جەنگدابوون بەڵام زۆرینەی جەنگەکانی لە چین بوو. لە ساڵی ١٢٢٠-١٢٢١ دا توانی خاکی ئۆردۆس ببڕێت و بگاتە شێنسی لە هەمان کاتدا توانی ڕووباری زەرد کە پێگەیەکی گرنگی ستراتیجی هەبوو بۆ مەغۆلەکان کۆنتڕۆڵ بکات و لە شێنسی داببڕێنێت و ئاڕاستەکەی بگۆڕێت تاوەکو خەڵکی شارەکە بێ ئاو بکات. 

لە مانگی تشرینی دووەمی ١٢٢١ دا لە (چاو) شەڕی لەگەڵ چیندا کرد کە جەنگێکی پڕ ستراتیجی بوو شوێنی جەنگەکە باکووری ڕۆژاوای شێنسی بوو. توانی لەشکری چین تا نزیکی ڕووباری (لاو) دوور خستەوە. لە بەهاری ١٢٢٢ چەندین گوندی شێنسی داگیرکرد، لەوانە گوندی (هیسی چاو) و (تایچوو) دواتر هێزی سەرەکی خۆی برد بۆ (یو چاو) تا لەگەڵ چین بجەنگێت، تا کۆتایی ١٢٢٢ چەندین هەرێم و شار و گوندی گرنگی داگیرکرد لە خاکی "چینگ چاو" لە نێوان هەردوو بەشی ڕووباری زەرد. توانی چین زۆر لاواز بکات، بەڵام چین تا ساڵی ١٢٣٣-١٢٣٤ نەڕووخا لەو ساڵەدا ئۆگۆدای خانی کوڕی جەنگیزخان کۆتایی پێ هێنان. 

مردن

کتێبی Secret history of mongols "کتێبی نهێنی مەغۆلەکان" دەڵێت ماندوو بوونی زۆری موهوالی لە جەنگدا تووشی نەخۆشی کرد و لە ساڵی ١٢٢٣ دا لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا گیانی لە دەستدا.

بە مردنی موهوالی بۆشاییەکی گەورە لە نێو سوپای مەغۆلدا دروستبوو کە بە بۆچوونی مێژوو نووسان دەوترێت هیچ کام لە مردنی فەرماندەکانی مەغۆل هێندەی مردنی موهوالی کاریگەری لەسەر جەنگیزخان دروست نەکردووە کە بە جۆرێک نەخۆشی کرد و هێز و توانای لێ بڕی.


سەرچاوەکان



74 بینین