بۆیەی زەیتی

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-05-07-17:57:00 - کۆدی بابەت: 12800
بۆیەی زەیتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆیەی ڕۆنی یان بۆیەی زەیتی (بە ئینگلیزی: Oil Paint، بە عەرەبی: الطلاء الزيتي) یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی بۆیە، کە زۆر بە هێواشی وشک دەبێتەوە و پێکهاتووە لە ماددەی ڕەنگ کە لە ڕۆندا تێکەڵ کراوە، لە بەناوبانگترین ڕۆنەکانیش کە بۆی بەکاردێن: ڕۆنی گوێز و کەتان و زەعفەرانن. خەستیی بۆیەکە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بە زیادکردنی توێنەرێک وەک تورپێنتین یان گیراوەی ڕۆحی سپی (لە نەوتەوە وەردەگیرێت) و دەتوانرێت ڤارنیش زیاد بکرێت بۆ زیادکردنی درەوشاوەیی چینە بۆیەکە دوای وشکبوونەوەی تابلۆکە. هەروەها بۆ گۆڕانکاری لە خەستی و کاتی وشکبوونەوەی، زیادکردنی ڕۆن یان میدیای ئەلکید دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

بۆیەی ڕۆنی مێژوویەکی کۆنی هەیە و بۆ یەکەم جار لە سەدەی حەوتەمی زایینی لە ئاسیا بەکارهێنراوە، مێژوونووسان کۆنترین نموونەکانی تابلۆی ڕۆنیان لە ئەفغانستان دۆزیوەتەوە. لە سەدەی دوانزەیەمدا لە ئەوروپا، بۆیەی زەیتی بۆ ڕازاندنەوەی سادە بەکاردەهێنران، تا سەدەی ١٥ وەکوو میدیایەکی هونەری بەکارنەهێنراوە. یەکێک لە بەکارهێنانە باوەکانی بۆیەی ڕۆنی جگە لە وێنەکێشان، بریتییە لە پاراستنی ڕووی داری بیناکان و پێکهاتە کانزاییەکانی کەشتی و پردەکان. تایبەتمەندییەکانی و ڕەنگە ڕووناکەکەی وا دەکەن کە بۆ هەردوو ناوەوە و دەرەوەی دار و کانزا بەکاربهێنرێت.  

هەندێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی بۆیەی ڕۆنیی: (میکانیلۆ بوونارۆتی، لیۆناردۆ داڤینچی، سالڤادۆر داڵی، ئێدوارد مونک، ڕێمبراندت ڤان ڕین، جۆھانس ڤێرمێر، پابلۆ پیکاسۆ، ڤینسنت ڤان کوخ، کلۆد مۆنێت، جان ڤان ئیک، گوستاڤ کلیمت، واسیلی کاندینسکی، ڕۆزا بۆنهیر).

مێژوو

کۆنترین تابلۆی بۆیەی زەیتیی ناسراو، بە بەکارهێنانی ڕۆنی  گوێز و تۆوی گوڵی خاشخاش(پۆپی)، تابلۆی دیواری بودییەکان بوون، کە لە ساڵی ٦٥٠ی زایینی دروستکراون. کارەکان دەکەونە ژوورێکی وەک ئەشکەوتەوە کە لە بەردەکانی دۆڵی بامیانی ئەفغانستان هەڵکەوتوون. جگە لەوە چەند بەڵگەیەکی کەم هەیە کە شارستانییەتە کۆنەکانی دەریای ناوەڕاستی وەک یۆنان و ڕۆما و میسر، ڕۆنی سەوزەیان بەکارهێناوە لە وێنەکێشاندا. نووسەرانی یۆنانی وەک ئەیتیوس ئەمیدێنۆس چەند تۆمارێکیان هەیە کە بەکارهێنانی ڕۆن بۆ وشککردنەوە لەخۆ دەگرێت، وەک ڕۆنی گوێز، پۆپی، هەنگوین، هەنجیر، تۆوی کەتان. ڕەبەنە مەسیحییەکان ئەم تۆمارانەیان پاراست و تەکنیکەکانیان لە کارە هونەرییەکانی خۆیاندا بەکارهێناوە. لە سەدەی سێزدەهەمدا، ڕۆن بەکارهێنرا بۆ وردەکاریکردن لە تابلۆ تێمپێرەکاندا (جۆرێکی بۆیەیە). لە سەدەی چواردەیەمدا، سێنینۆ سێنینی بەکارهێنانی ڕۆنی لە داپۆشیتی تابلۆی تێمپێرا بە چینێک ڕۆن وەکوو تەکنیکێکی وێنەکێشان باسکرد. هەندێک لە هونەرمەندەکانی ئەو کاتە بە بەکارهێنانی ڕۆن لە وێنەکێشاندا ئاشنابوون، بەڵام بەهۆی درەنگ وشکبوونەوەیەوە زۆر کەم بەکاردەهێنرا. 

لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە

لەگەڵ زیادبوونی خواستی خەڵک بۆ سرووشتگەری، ڕەنگەکانی وەک تێمپێرا، کە وشکبوونەوەیان خێرا بوون بەس نەبوون بۆ بەدەستهێنانی کاریگەرییەکی زۆر ورد، کە لە ڕۆندا دەتوانی بەدەستی بهێنێت. تابلۆ سەرەتاییەکانی سەدەی پانزەیەمی هۆڵەندا، کە لەسەر پانێڵی دار دەکران بەزۆری بە ڕۆن یان تێکەڵکردنی تێمپێر. بانگەشەیەکی ڤاساری زۆر بڵاوبۆتەوە، کە دەڵێت جان ڤان ئیک داهێنەری تابلۆی ڕۆنییە، بەڵام بەتەواوی ڕاست نییە، بەکارهێنانی بۆیەی ڕۆنی لەلایەن ڤان ئیک ئەنجامێکی نوێی بەدەست هێنا لە ڕووی وردەکاری و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان و تەکنیکی تەڕ لەسەر تەڕ، بەڵام ناتوانین بەتەواوی بڵێین داهێنانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو. تێکەڵەکەی ڤان ئیک لەوانەیە پێکهاتبێت لە شوشەی کۆکراوە و ئێسکی بەگەچکراو و ڕەنگی کانزایی کوڵێندراو لەگەڵ ڕۆنی تۆوی کەتان هەتا ئەو کاتەی دەگەنە دۆخێکی لینجی تەواو. 

کەرەستەکانی

بۆیەی ڕۆنی: بۆیەی ڕۆنی ئامادەکراو دوو پێکهاتەی سەرەکی تێدایە: ڕەنگەکە و ڕۆنی وشککەرەوە. بە شێوەیەکی گشتی لە تیوبێکی کانزادان، قەبارەی ستانداردی تیوبێک ٣٧ ملم یان ٤٠ ملمە. وەکوو هەموو جۆرێکی تری بۆیە کوالێتی هونەرمەند و قوتابی هەیە، بۆیەی ڕۆنیی هونەرمەند ڕەنگی زیاتر تێدایە و خەستترە و جوانتر دەردەکەوێت. پێویست ناکات هەموو ڕەنگێک و تۆنێکی جیاوازت هەبێت، چونکە تێکەڵکردنی ڕەنگەکانی زۆر ئاسانە و دەتوانی خۆت ڕەنگی جیاواز دروست بکەیت.

ڕووی وێنەکێشان: بەناوبانگترین ڕووی وێنەکێشانی بۆیەی زەیتی کانڤاسە، لەدوای ئەویش پانێڵی دار و بۆرد و کاغەزی تایبەت بە بۆیەکە. کانڤاسی ئەکریلیک نەرمی کەمترە و بۆیەکە زیاتر هەڵەمژێت لە کانڤاسی بۆیەی ڕۆنی، بەهۆی ئەوەی کانڤاس لەگەڵ ڕۆن کارلێک دەکات ئەگەر زۆر بۆیەکە هەڵبمژێت، ئەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە سرووشتییەکانی تابلۆکە زووتر تێکبچێت.

پالێت: پالێتی بۆیەی ڕۆن بەزۆری لە شوشە یان دار یان پلاستیک دروست دەکرێت (هەرچەندە هەموو پالێتە پلاستیکییەکان گونجاو نین بۆ وێنەکێشانی ڕۆنی). پالێتی سپی بێت باشترە، بۆ ئەوەی جوانتر تێکەڵکردنی ڕەنگەکان ببینی، بۆیە زۆرجار کاغەزێکی سپی دادەنرێت لەژێر پاڵێتی شوشەدا. هەروەها لە پالێتی داردا، بۆ ئەوەی ڕەنگ هەڵنەمژێت، وا باشترە ڕۆنی تۆوی کەتان بدەی لە پالێتەکەت پێش بەکارهێنانی ڕەنگەکان.

فڵچە: لە ڕووی شێوەوە چەندین جۆر و قەبارەی جیاوازی فڵچە هەیە کە دەتوانیت بەپێی کارەکەت هەڵیانبژێریت، بە گشتی فڵچەی بۆیەی ڕۆنی زیاتر شێوەی خڕ و تەختن یان شێوە بوندوقین و دەسکەکەیان درێژترە. بۆ بۆیەی ڕۆنی فڵچەی سرووشتی باشترە لە دەستکرد، فڵچە سرووشتییەکانیش لە ڕیشاڵی ئاژەڵی جۆراوجۆر دروست دەکرێن بۆ دروستکردنی کاریگەری جیاواز. بۆ نموونە، فڵچەکانی بە تووکی بەراز دروستکراون لەوانەیە بەکاربهێنرێن بۆ هێڵی تۆختر و شێوەی ئیمپاستۆ. فڵچەی قژی فیچ و فڵچەی قژی مۆنگۆس نەرمن، کە بۆ پۆرترەیت و وردەکاری گونجاوترن. باشترین جۆری فڵچەکان پێیان دەوترێت "کۆلینسکی سابڵ"؛ ئەم فڵچەیە لە کلکی سیبریا وەردەگیرێت. فڵچەی قژی سمۆرە یەکێکە لەو فڵچانەی زۆر لەلایەن هونەرمەندانی بۆیەی ڕۆنی بەکارنایەت.

ڕۆنی تۆوی کەتان: هەروەک چۆن لە بۆیەی ئاویی و ئەکریلیکدا ئاو بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی بۆیەکە، لە بۆیەی ڕۆنیدا ڕۆنی تۆوی کەتان بەکاردێت بۆ تەنککردنەوە و گۆڕینی خەستییەکەی بەبێ ئەوەی بۆیەکە تێکبدات. هەروەها دەتوانیت لەکاتی تێکەڵکردنی ڕەنگەکانیش بەکاریبهێنیت.

کەرەستەکانی تر: قەڵەم بۆ سکێچکردن، ستاندی کانڤاس، بەروانکە، چەقۆی پالێت، ئیسفنج، ڤارنیش (لەدوای وێنەکێشان بەکاردێت، بۆ نوێ مانەوەی تابلۆکە)، جێسۆ (پێش دەستپێکردن بەکاردێت)، پەڕۆ و ڕۆژنامە (بۆ پاککردنەوە)، تەرپەنتين (زەيتێکی تێكەڵاوە لە هەندێ درەختي وەك سنەوبەر دەست دەكەوێت، بەکاردێت بۆ پاککردنەوەی فڵچەکان، چونکە بۆیەی ڕۆنی بە ئاو پاک ناکرێتەوە).

لایەنە باشەکانی

  • بەهۆی هێواشی وشکبوونەوەی ڕەنگەکانی بۆیەی ڕۆنی، سوودی هەیە بۆ دەستکاریکردن و گۆڕینی کارە هونەریەکانت، ڕاستکردنەوەی هەڵەکانت یان زیادکردن بۆ تابلۆکە.
  • بۆیەی ڕۆنی دەتوانرێت و تەنک بکرێتەوە بۆ دروستکردنی تابلۆیەکی فرە چین.
  • بۆیەی ڕۆن بەهێز و ڕەقە و کەمتر ئەگەری ونبوونی ڕەنگەکە و کاڵبوونەوەی هەیە بە بەرکەوتنی ڕووناکی.
  • بە بەکارهێنانی بۆیەی ڕۆن دەتوانیت چەندین تەکنیک و ئامێری جۆراوجۆر بەکاربهێنیت بۆ کارە هونەرییەکەت.
  • ڕەنگەکان دەوڵەمەند و قووڵ و زیندوون، بە جوانی و ئاسانی تێکەڵ دەبن.
  • لە ڕووی ئەوەی دوای وشکبوونەوە چۆن دەردەکەوێت، ئەنجامی تابلۆکەت پێشبینیکراوترە.
  • تیوبی بۆیەی ڕۆنی درەنگتر وشکدەبێتەوە و زیاتر دەمێنێتەوە.

لایەنە خراپەکانی

  • ئەگەر بەپەلە بیت بۆ تەواوکردنی کارەکەت، بۆیەی ڕۆنی هەڵبژاردەیەکی باش نییە چونکە کاتێکی زۆری دەوێت تا وشک دەبێتەوە.
  • ئامادەکاری پێش وێنەکێشان کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ هەڵبژاردنی شوێن و ڕوو و تەکنیک و ئامێرەکانت.
  • بەهۆی ئاسانی تێکەڵکردنی ڕەنگەکان، لەوانەیە بتەوێت زۆر ڕەنگەکان تێکەڵ بکەیت بەڵام دوای تێکەڵکردن چاککردنەوەی ڕەنگەکان زەحمەتە.
  • فڵچە و کەرەستەکانی تر زەحمەتترن بۆ پاککردنەوە لەچاو ئەو بۆیانەی لەسەر بنەمای ئاون و لەوانەیە جلوبەرگەکانیشت پیس بکەن.
  • بۆنێکی ناخۆشی هەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی بێزاربوونت.

هەندێک تابلۆی بۆیەی ڕۆنیی بەناوبانگ

  • مۆنالیزا لەلایەن لیۆناردۆ داڤینجی، ساڵی ١٥٠٣
  • شەوی پڕ ئەستێرە لەلایەن ڤینسنت ڤان کوخ، ١٨٨٩
  • کچی گوارە مروارییەکە لەلایەن جۆھانس ڤێرمێر، ساڵی ١٦٦٥
  • گێرنیکا لەلایەن پابلۆ پیکاسۆ، ساڵی ١٩٣٧
  • ماچەکە لەلایەن گۆستاف کلیمت، ساڵی ١٩٠٨
  • گیتارژەنە پیرەکە لەلایەن پابلۆ پیکاسۆ، ساڵی ١٩٠٤
  • خۆرهەڵاتن لەلایەن کلۆد مۆنێت، ساڵی ١٨٧٢
  • گۆتیکی ئەمریکی لەلایەن گرانت وود، ساڵی ١٩٣٠
  • کانای سوور لەلایەن جۆرجیا ئۆکیف، ساڵی ١٩٢٣
  • کارناشن لیلی لیلی ڕۆز لەلایەن جۆن سینگەر سارجێنت، ساڵی ١٨٨٦
  • ئاهەنگی بەلەمەکە لەلایەن ماری کاسات، ساڵی ١٨٩٣
  • ئایرس لەلایەن ڤینسنت ڤان کوخ، ساڵی ١٨٨٩
  • پۆرترەیتی ئارنۆلفینی لەلایەن جان ڤان ئیک، ساڵی ١٤٣٤
  • ناپلیۆن لە چۆڵەوانی لەلایەن ماکس ئێرنست، ساڵی ق١٩٤١
  • ژنێک لەگەڵ ئێرمین لەلایەن لیۆناردۆ داڤینچی، ساڵی ١٤٨٩
  • دایکی ویستلەر لەلایەن جەیمس ئابۆت ماکنیل ویستلەر، ساڵی ١٨٧١
  • بەردەوامی یادەوەری لەلایەن سالڤادۆر دالی، ساڵی ١٩٣١
  • کاسکێتی کراوە لەلایەن دانا شوتز، ساڵی ٢٠١٦
  • پیاسەی شەوان لەلایەن ئێدوارد هۆپەر ١٩٤٢


سەرچاوەکان



1410 بینین