باشترین چوار ڤیتامینەکان بۆ پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-05-13-21:22:00 - کۆدی بابەت: 12898
باشترین چوار ڤیتامینەکان بۆ پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین چوار ڤیتامینەکان بۆ پێست (بە ئینگلیزی: The 4 Best Vitamins for Your Skin، بە عەرەبی: أفضل 4 فيتامينات لبشرتك) گرنگیدان بە پێست دەبێت یەکێک بێت لە بەشە گرنگەکانی ڕۆتینی تەندروست، چونکە گەورەترین ئەندامی لەش پێستە. گرنگترین شتێک کە شارەزایانی بواری پێست دەربارە پاراستنی پێست باسی لێوە بکەن ئەوەیە کە بەرکەوتن بە تیشکی زیانبەخشی خۆر سنووردار بکرێت، هەروەها لە کاتی بەرکەوتن بە تیشکی خۆردا دژەخۆر بەکاربهێنرێت.

بەڵام تیشکی خۆر بە تەواویش زیانبەخش نییە و بەرکەوتنی ڕۆژانەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک یارمەرتی بەرهەمهێنانی ڤیتامین D دەدات. ڤیتامین D لەگەڵ ڤیتامین C,E,K یەکێکن لە باشترین ڤیتامینەکان بۆ پێست. دڵنیابە لەوەی کە بەشی پێویست لەو ڤیتامینانە بەدەست بهێنیت بۆ ئەوەی پێستت بە تەندروست و گەنجی بهێڵیتەوە، ئەمەش واتە دوور دەبیت لە:

  • خاڵی ڕەش.
  • سووربوونەوە.
  • چرچ و لۆچی.
  • ڕەشبوون و چرچبوونی ئەژنۆ و ئانیشک.
  • وشکبوونەوەی زۆری پێست.

ڤیتامینە سەرەتاییەکان بۆ پێست بە شێوەی تەواوکەری خۆراکی بوونیان هەیە، هەروەها لە بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستیشدا بوونی هەیە. لێرەدا باس لە ڤیتامینە سەرەتاییەکان و چۆنیەتی یارمەتیدانیان بۆ پاراستنی تەندروستی پێست دەکرێت.

ڤیتامین D

زۆربەی ڤیتامین D کاتێک  دروست دەبێت کە تیشکی خۆر لەلایەن پێستەوە هەڵدەمژرێت. کۆلیسترۆڵ دەگۆڕدرێت بۆ ڤیتامین D. دواتر ڤیتامین D لە جگەر و گورچیلەوە بە تەواوی لەشدا دەگوازرێتەوە بۆ یارمەتیدانی خانە تەندروستەکان، کە خانەکانی پێست دەگرێتەوە، کە ڤیتامین D ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تۆنی پێستدا.

کالسیتریۆڵ جۆرێکی ڤیتامین D دەستکردە، بەشێوەی کرێم بەکاردێت کە کاریگەرە لە چارەسەری نەخۆشیی سەدەف. لە توێژینەوەیەکدا ئەوە سەلماوە کە بەکارهێنانی کالسیتریۆڵ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی پێست و کزانەوە لەو کەسانەی کە تووشبووی سەدەفن. شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە مرۆڤ ڕۆژانە پێویستی بە 600 IU لە ڤیتامین D هەیە. خانمانی دووگیان و کەسانی سەروو تەمەن ٧٠ ساڵ پێویستیان بە زیاترە. دەتوانیت بەم ڕێگایانە ڕێژەی وەرگرتنی  ڤیتامین D زیاد بکەیت:

  • ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەرکەوتنی تیشکی خۆر.
  • خواردنە بەپێزکراوەکانی وەک شەربەتی پرتەقاڵ و ماست.
  • خواردنی ئەو خواردنانەی کە بە شێوەیەکی سروشتی ڤیتامین D یان تێدایە وەک، ماسی تونا و سەلەمون.

ڤیتامین C

ڤیتامین C بە ئاستێکی بەرز لە چینی دەرەوەی پێستدا بوونی هەیە، دژەئۆسانێکە کە دژی شێرپەنجە دەجەنگێت، هەروەها ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی کۆلاجیندا یارمەریدەرە بۆ ئەوەی پێست بە تەندروست بمێنێتەوە. لەبەر ئەمەیە کە ڤیتامین C یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی زۆربەی بەرهەمەکانی تایبەت بە پاراستن و گرنگیدان بە پێست.

وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە لە ڕێگای دەمەوە، بە شێوەیەکی کاریگەر دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ زیادکردنی کاریگەری دژەخۆر بۆ پاراستنی پێست دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر، ئەم سوودەشی لەڕێگای کەمکردنەوەی زیانگەیشتن بە خانەکان و یارمەتیدانی زوو چاکبوونەوەی برین دەبێت. ڤیتامین C دەشتوانێت نیشانەکانی پیریی وەک چرچبوونی ڕووخسار دوابخات، چونکە ڕۆڵی هەیە لە بەرهەمهێنانی کۆلاجین بەشێوەیەکی سروشتی. وەرگرتنی بڕی گونجاوی ئەن ڤیتامینە دەشتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی پێست. لەبەر ئەوەی بڕی باشی ڤیتامین C لە ئەو خۆراکانەدا هەیە کە ڕۆژانە دەخورێت، بۆیە تووشبوون بە کەمیی ئەم ڤیتامینە دەگمەنە.

ڤیتامین E

ڤیتامین E هەروەک ڤیتامین C دژەئۆکسانە. کاری سەرەکیی ئەم ڤیتامینە لە پاراستنی پێستدا بریتییە لە پاراستنی پێست دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر. ڤیتامین E کاتێک تیشکی زیانبەخشی سەرووبنەوشەیی لە خۆرەوە دەگاتە پێست هەڵیدەمژێت. ڕووناکییە پارێزەر بە توانای پێست دەوترێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانەی بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەییەوە بە لەش دەگات، ئەمەش دەتوانێت ڕێگری بکات لە دروستبوونی پەڵە و چرچی ڕووخسار.

ئاساییانە لەش لەڕێگای چەوریی پێستەوە ڤیتامین E بەرهەم دەهێنێت، چەوری پێست ئەو ماددە چەورەیە کە لەلایەن کونیلەکانی پێستەوە دەردەدرێت. کاتێک پێست هاوسەنگە، چەوریی پێست یارمەتیدەرە بۆ بە توندی هێشتنەوەی پێست و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی. ئەگەر کەسێکیت کە سروشتییانە پێستت وشکە ئەوا ڤیتامین E یارمەتیدەرە بۆ ڕێککردنەوەی چەوریی پێستت، هەروەها ئەم ڤیتامینە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە چارەسەری هەوکردنی پێست.

لە کاتێکدا کە ڤیتامین E لە زۆربەی بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێستتدا بوونی هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەی بە بەرکەوتنی تیشکیی خۆر کاریگەری ئەم ڤیتامینە کەم دەبێتەوە. بۆیە باشترە کە بڕی پێویستی ئەم ڤیتامینە لەڕێگەی ژەمەکانەوە بەدەست بهێنرێت. زۆربەی کەسە پێگەیشتووەکان ڕۆژانە پێویستیان بە ١٥ میلیگرام لە ڤیتامین E هەیە. دەتوانیت ڕێژەی وەرگیراو لەم ڤیتامینە بەم ڕێگایانە زیاد بکەیت:

  • خواردنی زۆری چەرەسات و دانەوێڵە، وەک بادەم، گوڵەبەڕۆژە و بندوق.
  • وەرگرتنی مەڵتی ڤیتامین یان تەواوکەریی خۆراکیی ڤیتامین E.
  • بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە ڤیتامین E و ڤیتامین Cیان تێدایە، چونکە ئەم بەرهەمانە وەک پارێزەرێکی ڕووناکی بەبەراورد بەوانەی کە تەنها یەک جۆر لەم دوو ڤیتامینەی تێدایە زیاتر کاریگەرن.

ڤیتامین K

ڤیتامین K لە پڕۆسەی مەیینی خوێندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، کە ئەمەش یارمەتی لەش دەدات بۆ چاکبوونەوەی برین. ڕۆڵە سەرەکییەکانی تری ڤیتامین K یارمەتیدانی پێستە بۆ چاکبوونەوەی لە حاڵەتی تری وەک:

  • خەتی کشانی پێست.
  • شینبوونەوە.
  • برین.
  • خاڵی ڕەش.
  • ڕەشیی ژێرچاو.

ڤیتامین K لە زۆربەی کرێمەکانی تایبەت بە پێستدا بوونی هەیە، یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری زۆربەی کێشەکانی پێست. پزیشکان زۆرجار دوای نەشتەرگەری بۆ کەمکردنەوەی ئازار و کزانەوە کرێمێک بۆ نەخۆش بەکاردێنن کە ئەم ڤیتامینەی تێدابێت، ئەمەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ خێراتر کردنی چاکبوونەوە. هەرچەند توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڤیتامین K بە بەراورد بە ڤیتامین E و C کەمتر کاریگەری هەیە لەسەر پێست. کەمیی ڤیتامین K حاڵەتێکی دەگمەنە. کەسانی پێگەیشتوو ڕۆژانە پێویستیان بە ٩٠ بۆ ١٢٠ مایکرۆگرام هەیە. دەتوانرێت لەڕێگەی خواردنی ئەم خۆراکانەوە وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە زیاد بکرێت:

  • سپێناخ.
  • کاهوو.
  • کەلەرم.
  • فاسۆلیای سەوز (تەڕ).

ڤیتامینەکان بۆ تەندروستی پێست گرنگن

وەک چۆن ڤیتامینەکان پێکهاتەی سەرەکین بۆ تەندروستی و کرداری لەش، بەهەمان شێوە کەمیی ئەم ڤیتامینانە کاردەکاتە سەر تەندروستی پێست. ڤیتامین C و E ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی پێست دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر، کەمی ئەم دوو ڤیتامینە دەکرێت مەترسی زیانگەیاندنی تیشکی خۆر بە پێست زیاد بکات، وەک تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.

گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکە

بەدەستهێنانی تەواوکەری خۆراکی ڤیتامینەکان کارێکی ئاسانە، بۆیە باشترە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی ڤیتامینەکان قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت. لە کاتێکدا کە ڤیتامینەکان گرنگن بۆ تەندروستی پێست، بەڵام دەکرێت زۆربەی ئەم ڤیتامینانە تەنها لەڕێگەی ژەمەکانەوە بەدەست بهێنیت. پشکنینی خوێن دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا تووشی کەمی هیچ یەکێک لە ئەم ڤیتامینانە بوویت یان نا. وەرگرتنی ڕێژەی زیاد لە پێویستی ئەم ڤیتامینانە دەکرێت زیانبەخش بێت بۆ تەندروستی، بۆیە باشترە بەبێ پشکنین و پرسی پزیشک، هیچ تەواوکەرێکی خۆراکی بەکارنەهێنیت.


سەرچاوەکان



2873 بینین