زیمبابۆی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-22-18:32:00 - کۆدی بابەت: 12958
زیمبابۆی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیمبابۆی (بە ئینگلیزی: Zimbabwe، بە عەرەبی: زيمبابوي)، بە فەرمی کۆماری زیمبابۆی، وڵاتێکی بەزەوی دەورەدراوە لە ئەفریقای باشوور، لە نێوان ڕووبارەکانی زامبێزی و لیمپۆپۆ. ئەم وڵاتە لە باشوورەوە لەگەڵ ئەفریقای باشوور، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ بۆتسوانا، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ زامبیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ مۆزەمبیقدا هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی وڵات نزیکەی 15 ملیۆن کەسە و پایتەخت و گەورەترین شاری کۆمارەکە هاراریە، شۆنا گەورەترین نەتەوەی زیمبابۆیە و 82%ـی دانیشتووانەکەی پێک دەهێنێت. لە وڵاتەکەدا 16 زمانی فەرمی هەیە و باوترینیان ئینگلیزی، شۆنا و ئندبێلێ.

زانیاری گشتی

ناو زیمبابۆی، بە فەرمی کۆماری زیمبابۆی
پایتەخت و گەورەترین شار هاراری
سەربەخۆیی فەرمی 18ـی نیسانی 1980
ئەنجومەنی یاسادانان پەڕلەمان
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتووی حزبی باڵادەست
سەرۆکی وڵات ئیمێرسۆن منانگاگو
زمانی فەرمی 16 زمان (باوترینیان زمانەکانی ئینگلیزی، شۆنا و ئندبێلێن)
ڕووبەری گشتی 390,757 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 15,418,674
چڕیی دانیشتووان 39/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
کۆدی تەلەفۆن +263
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو دۆلاری زیمبابۆیی، دۆلاری ئەمریکی، ڕەندی ئەفریقای باشوور و دراوەکانی تر
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2023 42.4 ملیار دۆلار

ناوی وڵاتەکە

لەڕووی وشەزانییەوە وشەی زیمبابۆی "Zimbabwe" لە زاراوەیەکی شۆنا بۆ زیمبابۆی گەورە (Great Zimbabwe) سەرچاوە دەگرێت کە شارێکی سەر بە سەدەکانی ناوەڕاستە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە. دوو تیۆری جیاواز باس لە سەرچاوەی وشەکە دەکەن. زۆرێک لە سەرچاوەکان پێیان وایە وشەی زیمبابۆی "Zimbabwe" لە (dzimba-dza-mabwe)ـەوە وەرگیراوە، کە لە زاراوەی کارانگای زمانی شۆناوە وەرگێڕدراوە و بە واتای "خانووەکانی بەردەکان" دێت. ئەمە لە کاتێکدا (پیتەر گارلەیک)ـی شوێنەوارناس دەڵێت وشەی "Zimbabwe" لە "dzimba-hwe"ـەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە زاراوەی زێزوری شۆنادا بە واتای "خانووە ڕێزلێگیراوەکان" دێت و بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بە خانوو یان گۆڕەکانی سەرۆکەکان دەکات.

مێژووی وڵاتەکە

تا نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر باوباپیرانی خەڵکی سان لەم ناوچەیەی کە ئێستا زیمبابۆیە نیشتەجێبوون و ئەو دانیشتووە بانتوانەی کە گەشتبوونە ناوچەکە پەرەیان بە بەرهەمهێنانی سیرامیک دا. زنجیرەیەک ئیمپراتۆریەتی بازرگانی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدا، لەوانە شانشینی ماپنگبوەی و شانشینی زیمبابۆی. لە ساڵانی 1880ـدا کۆمپانیای ئەفریقای باشووری بەریتانیا (BSACO) دەستی بە چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەردەمی کۆلۆنیالیزم لە ڕۆدێسیای باشوور دەست پێ بکات. حکوومڕانی کۆمپانیاکان لە ساڵی 1923 بە دامەزراندنی ڕۆدێسیای باشوور وەک کۆلۆنییەکی خۆبەڕێوەبەری بەریتانی کۆتایی هات. پاشان لە ساڵی 1964، حکوومەتی کۆلۆنیالیزم سەربەخۆیی خۆی وەک ڕۆدێسیا ڕاگەیاند، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر نەیتوانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکات و ڕووبەڕووی دژایەتی ناوخۆیی بەردەوام بووەوە.

دوای چەند ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و وڵاتەکە لە 18ـی نیسانی 1980ـدا وەک زیمبابۆی سەربەخۆیی فەرمی بەدەستهێنا. لە ساڵی 2000ـەکاندا ئابووریی زیمبابۆی بەهۆی هۆکارە جیاوازەکانەوە دەستی بە دابەزین کرد، یەکێک لەو هۆکارانەش سەپاندنی سزای ئابووریی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو. ناسەقامگیری ئابووری بووە هۆی کۆچکردنی زۆرێک لە دانیشتووانی وڵاتەکە. ئەم وڵاتە بە چەند ناوێک ناسرابوو، لەوانە ڕۆدێسیا، ڕۆدێسیای باشوور و زیمبابۆی ڕۆدێسیا. هەروەها، زیمبابۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی گەشەپێدانی ئەفریقای باشوور، یەکێتی ئەفریقا و بازاڕی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵات و ئەفریقای باشوور.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی کۆماری زیمبابۆی لە ئێستادا (2023) 16,682,882 کەسە. بەپێی پێشبینییەکانی ئێستا، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی زیمبابۆی بەدرێژایی تەواوی سەدەکە بەردەوام بێت لە گەشەکردن. لە کۆتایی ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە بە 14.86 ملیۆن کەس مەزەندە کرا و پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی 2099 بگاتە 30.96 ملیۆن کەس، واتە زیاتر لە دوو هێندەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو کاتەی.

هەروەها، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی زیمبابۆی 1.48%ـیە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی سەدەدا بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بێتەوە. ڕێژەی منداڵبوون لەم وڵاتەدا تاڕادەیەک بەرزە و هەر ژنێک 3.63 منداڵی دەبێت. لە هەر 1.48 خولەکێکدا کەسێک زیاد دەکات، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کۆچکردن بۆ ناو وڵات کەمترە لە ڕێژەی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام بەرزی ڕێژەی منداڵبوون یارمەتی گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتووان دەدات و ساڵانە 200 هەزار کەس دەچێتە سەر ژمارەی دانیشتووان. هەروەها بەرزی ڕێژەی منداڵبوون ڕۆڵێکی گەورە لە گەنجێتی دانیشتووانی زیمبابۆی دەگێڕێت و تەمەنی مامناوەندی نیشتەجێبووەکانی 18.7 ساڵە.

لەڕووی نەتەوەییەوە

بەپێی راپۆرتی سەرژمێری ساڵی 2012، زۆرینەی دانیشتووانی زیمبابۆی کە بە ڕێژە 99.7%ـی دانیشتووانە بە ڕەچەڵەك ئەفریقین، خەڵکی شۆنا 82%ـی کۆی دانیشتووان و ئندبێلێکانیش 14%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها، گرووپە نەتەوەییە کەمینەکانی دانیشتووانی وڵاتەکە سپی پێستەکانن، کە کەمتر لە 1%ـی کۆی دانیشتووان پێک دەهێنن. ڕەچەڵەکی زۆرینەی سپی پێستەکانی زیمبابۆی بەریتانییە، بەڵام کۆمەڵگەی ئەفریقی بە ڕەچەڵەک ئەورووپی، یۆنانی، پورتوگالی، فەڕەنسی و هۆڵەندیش لە ناوچەکە هەن. ژمارەی دانیشتووانی نیشتەجێبووە سپی پێستەکانی وڵاتەکە لە ساڵی 1975ـدا لە لوتکە و نزیکەی 28,782 هەزار کەس بوو، کە 4.3%ـی دانیشتووانی ئەو ساڵە بوو، ئەم ژمارەیە لە سەرژمێری ساڵی 2012ـدا بۆ 28,782 کەس واتە بۆ نزیکەیی 0.22%ـی دانیشتووان دابەزی. دووڕەگەکانی زیمبابۆی 0.5%ـی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن و گرووپە نەتەوەییە جۆراوجۆرەکانی ئاسیا، کە ڕەچەڵەکی زۆربەیان هیندی و چینییە و 0.5%ـی دانیشتووانی وڵاتەکەکە پێک دەهێنن.

زمانەکان

دانیشتووانی کۆماری زیمبابۆی 16 زمانی فەرمییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکیی دانیشتووانە و لە سیستمەکانی پەروەردە و دادوەریدا بەکار دەهێنرێت. زمانە بانتوییەکانی شۆنا و ئندبێلێ زمانە ڕەسەنە سەرەکییەکانی وڵاتن، کە یەکەمیان لەلایەن 78%ـی دانیشتووان و دووەمیان لەلایەن 20%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت. هەروەها، چەند زمانێکی تری بانتویی لەلایەن کەمینەیەکی وڵاتەوە بەکار دەهێنرێت، وەک زمانەکانی ڤێندا، تسۆنگا و شانگان. کەمتر لە 2.5%ـی دانیشتووانی زیمبابۆی بە شێوەیەکی سەرەکی کەمینە سپی پێست و دووڕەگەکانی وڵات ئینگلیزی بە زمانی ڕەسەنی خۆیان دەزانن. جگە لەوانەش، کۆمەڵگەیەکی گەورەی قسەپێکەرانی زمانی پورتوگالی لە زیمبابۆیدا نیشتەجێن.

ئایین

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی 2017 کە لەلایەن نوسینگەی ئامارزانی نیشتیمانی زیمبابۆییەوە ئەنجامدرا، 84%ـی دانیشتووانی زیمبابۆی پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، 10%ـی دانیشتووان سەر بە هیچ ئایینێک نین و 0.7%ـی دانیشتووان مسوڵمانن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەزەندە 62%ـی دانیشتووانی وڵات بە بەردەوامی بەشداری لە بۆنە ئاینییەکان دەکەن. هەروەها، لەنێو ئایینی مەسیحیشدا، نزیکەی 69%ـیان پرۆتستانتن، لە کاتێکدا 8%ـیان کاسۆلیکی ڕۆمانین.

لەڕووی ئابوورییەوە

ئابووریی وڵاتی زیمبابۆی پشت بە کەرتی سێیەمی ئابووری دەبەستێت و لە ساڵی 2017ـدا تا 60%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ـی وڵات پێک دەهێنێت. زیمبابۆی خاوەنی دووەم گەورەترین ئابووریی نافەرمییە لە جیهاندا بە رێژەی 60.6%. هەروەها، بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی وڵات تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و کانسازی دەبەسترێت. دوای ئەوەی گەشەی ئابووریی زیمبابۆی لە نێوان ساڵانی 1999 و 2008ـدا بە بەردەوامی نەرێنی بوو، بەڵام لە ساڵی 2008 تا 2013 ئابووری وڵات ساڵانە بە ڕێژەی 34% گەشەی کرد، ئەمەش وایکرد خێرا گەشەسەندوترین ئابووری بێت. جگە لەوانەش، گەشتیاری، ئاوی هەڵگیراو و پاک‌پارێزی، زانست و تەکنەلۆجیا بەشداری لە ئابووری وڵاتەکەدا دەکەن. لە ساڵی 2018ـدا 2.6 ملیۆن گەشتیار ڕووی لە وڵاتەکە کرد و لە ساڵی 2016ـدا گەشتیاری 8.1%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیمبابۆی پێکهێنا. لە ساڵی 2017ـدا 67.5%ـی هێزی کار لە کەرتی کشتوکاڵی، 7.3% لە کەرتی پیشەسازی و 25.2% لە خزمەتگوزارییەکاندا کاریان دەکرد. لە ساڵی 2019ـدا هێزی کاری وڵات لە 7,088,014 کەس پێکهاتبوو.

کەشوهەوا

بە شێوەیەکی گشتی کۆماری زیمبابۆی کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی هەیە، لەگەڵ وەرزێکی گەرم، شێدار و باراناوی و وەرزێکی وشک، کە یەکەمیان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئازار دەخایەنێت و دووەمیان لە مانگی نیسانەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. لەناو وەرزە وشکەکەدا و لە نێوان ناوەڕاستی ئایار تا ناوەڕاستی ئاب ماوەیەک هەیە کە تێیدا کەش فێنکە و لە مانگی ئەیلوول تا ناوەڕاستی تشرینی دووەم، پێش ئەوەی بارانبارین دەست پێ بکات، کەش وردەوردە گەرمتر دەبێت و گەرمترین کاتی ساڵە.

زیمبابۆی تاڕادەیەکی زۆر لە بەرزاییەکی تەخت و لە بەرزی 1,000 بۆ 1,500 مەتردایە، ئەم بەرزاییەش کاریگەری لەسەر مامناوەندی کەشی وڵاتەکە هەیە. لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا، ڕێژەی دابارینی باران نزم بۆ مامناوەندە و ساڵانە لە نێوان 550 بۆ 900 مللیمەتردا دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەوهشدا، باراناویترین ناوچەکانی وڵات بەشی باکوور و خۆرهەڵان. هەروەها، وشکرین ناوچەش بەشی باشوورە کە ساڵانە کەمتر لە 400 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

لە بانەکە، لە مانگی ئایار تا ئاب، پلەی گەرمی لە کاتەکانی شەودا دادەبەزێت و کەش فێنک و هەندێک جار سارد دەکات. لە شاری هاراریی پایتەخت، کە دەەوێت باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە، لە بەرزی 1,500 مەتر لە ئاستی دەریا، کەشوهەوایەکی مامناوەندی هەیە. کەشی شارەکە لە مانگی ئەیلوول تا ئازار گەرمە پلەی گەرمی بەرز 27 بۆ 29 پلەی سەدییە. وەرزی وشک، لە مانگی ئایار تا ئاب، کەش فێنکترە، پلەی گەرمی بەرز نزیکەی 21 بۆ 24 پلەی سەدیە و پلەی گەرمی نزم نزیکەی 8 بۆ 10 پلەی سەدیە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا دەشێت پلەی گەرمی بۆ سفر پلەی سەدی داببەزێت، هەروەها فێنکترین کاتی ساڵ خۆرەتاوترین کاتی ساڵیشە. لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا، دەشێت بەدرێژایی ڕۆژ کەش گەرم بێت، بەڵام ناگات بە گەرمی ناوچە نزمەکانی خوار 1,000 مەتر. ساڵانە بە تێکڕایی 840 مللیمەتر باران دەبارێت.

گێژه‌لووکەی خولگەیی

هەندێک جار، دەشێت زیمبابۆی بکەوێتە ژێر کاریگەری گێژه‌لووکە خولگەییەکانەوە، کە لە ئۆقیانوسی هیندییەوە سەرچاوە دەگرن و دوای تێپاڕینیان بەسەر مۆزەمبیقدا دەگەنە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کۆمارەکە. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم گێژەلووکانە هەر کە گەشتنە ناوچە نشیو یان نزمەکان لاواز دەبن، بەڵام هێشتاش دەتوانن با و بڕێکی باش باران لەگەڵ خۆیان بهێنن. وەرزی گێژەلووکە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم بۆ ئایارە، بەڵام بە ئەگەرێکی زیاترەوە لە کۆتایی کانوونی یەکەم بۆ ناوەڕاستی نیسان هەڵ دەکەن.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی زیمبابۆی لە ناوەڕاستی مانگی ئایار بۆ مانگی ئابە، چونکە فێنکترین و خۆرەتاوترین کاتی ساڵە و بە نزیکەیی بارانی لێ نابارێت، بەڵام دەشێت کەش بە شەودا سارد بکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەکەونە بەرزی 1,500 مەترەوە. بەگشتی، لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، پلەی گەرمی دەست بە بەرزبوونەوە دەکات و کەم شەو کەش ساردە. لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، دەکرێت گەرمی ڕۆژ توند بێت، بەڵام لە ناوچە بەرزەکاندا شەوان بە فێنکی دەمێنیتەوە. باراناویترین، گەرمترین و شێدارترین کات لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت.


سەرچاوەکان



4819 بینین