ناوهڕۆك
سەرەتا
پشکنینی دژەتەنەکانی U1-nRNP (بە ئینگلیزی; U1-nRNP Antibodies Examination، بە عەرەبی; فحص الأجسام المضادة U1-nRNP) ئەم پشکنینە ئەنجامدەدرێت بۆ دۆزینەوەی دژەتەنەکانی ڕایبۆنیوکلیۆپرۆتین (RNP)، کە زۆرجار ئەم دژەتەنانە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەدۆزرێنەوە لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی جۆراوجۆری ڕۆماتیزمەیان هەیە، هەروەها گورگە سوورە SLE، ڕەقبوونی پەرەسەندووی کۆئەندامەکان، نەخۆشی بەستەرەشانەی تێکەڵ (Mixed connective tissue disease) ڕەقبوونی پێست، هەوکردنی فرە ماسولکەیی و هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی.
سیستمی بەرگری لەش بە یەکێک لە گرنگترین سیستمەکانی لەش دادەنرێت کە جەستە دەپارێزێت لە بەکتریا و ڤایرۆس و زیندەوەورە نەخۆشخەرەکانە کە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆمان هەیە لەگەڵیان، هەندێک جار تێکچونی سیستمەکە ئەکرێت ببێتە هۆی پەیدابوونی نەخۆشی و خانە و شانە تەندروستەکانی لاشە بکاتە ئامانج و گرفتی تەندروستی بۆ دروست بکات کە پێی دەوترێت نەخۆشی خۆییەبەرگری.
جۆری ئەم نەخۆشیانەش زۆرن و بەپێی ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج نیشانە و ناوی زانستی تایبەت بە خۆی هەیە، یەکێکیش لەوانە نەخۆشی بەستەرەشانەی تێکەڵ (MCTD) کە سیستەمی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر بەستەرەشانە و ڕیشاڵەکانی لەش و چەندین گرفتی تەندروستی دروست دەکات، لەم کاتەشدا دژە تەنەکان دروست دەبن و دەکرێت دەستنیشانکردنیان بکرێتە نیشانەیەک بۆ بوونی نەخۆشییەکە. ئەم نەخۆشییە ئەکرێت بناسرێتەوە بە کۆمەڵێک نیشانەی وەک:
- ئازاری ماسولکە و جومگەکان.
- ئاوسانی دەست و پەنجەکان.
- حاڵەتی Raynaud phenomenon (کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ پەنجەکانی دەست و قاچ ، گوێ و لووت، دەبێتە هۆی هەستیاری و بێزاری و لەدەستدانی ڕەنگ لەم ناوچانەدا)
- دەرکەوتنی پەڵەی سور یاخود قاوەیی سورباو لەسەر جومگەکان.
دژەتەنەکانی U1-nRNP
دژەتەنەکان بۆ پرۆتینی ناوکی ڕایبۆزی یاخود ڕایبۆنیکلیۆپڕۆتین (Ribonucleoprotein) لە نزیکەی ٥٠٪ی ئەو نەخۆشانەدا دروست دەبن کە نەخۆشی گورگە سوورەیان هەیە و لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکانی تری بەستەرە شانەیان هەیە، بەتایبەتی نەخۆشی بەستەرە شانەی تێکەڵ (MCTD). لەم نەخۆشییەدا ئاستێکی بەرزی دژەتەنەکانی RNP دروست دەبێت، بەبێ دۆزینەوەی دژە تەنی Sm یان دژەتەنی دی ئێن ئەی دەبڵ ستراند (anti-dsDNA). پشکنین بۆ دژەتەنەکانی RNP سوودبەخش نابێت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە دژەتەنی دژەناوکییان لێ نەدۆزراوەتەوە. هەربۆیە بۆ ئەو کەسانە ئەم پشکنینە ئەنجام نەدرێت باشترە، چونکە ئەگەری ئەوەی پشکنینەکە ئەرێنی بێت لەو کەسانی پشکنینی دژەتەنی دژە ناوکییان کردووە و نەرێنی بووە لە ئاستێکی زۆر کەم دایە.
ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینەکە
هیچ ئامادەکارییەکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەم شیکارییە واتا پشکنینی دژەتەنەکانی U1-nRNP پێویست نییە. تەنها ئەوەی پزیشک ئاگادار بکرێتەوە لەوەی هەر دەرمانێک بەکاردەهێنرێت یان هەر نەخۆشییەکی پزیشکی یان هەستیاری هەبێت پێش ئەوەی پشکنینی دژەتەنی دژە ناوکی بکرێت. پزیشکیش بەپێی بارودۆخ ڕێنمایی تایبەت دەدات لەسەر ئەنجامدانی پشکنینەکە. لە کاتێکدا دۆزینەوەی دژەتەنەکانی دژە-RNP زۆرکات پەیوەندی هەیە لەگەڵ نەخۆشی بەستەرە شانەی تێکەڵ (MCTD)، بەڵام ئەمە نابێتە دەستنیشانکردن چونکە نەخۆشێک لەوانەیە ئاستێکی بەرزی دژە-RNPی هەبێت و هیچ نیشانەیەکی کلینیکی نەخۆشییەکەشی نەبێت.
چ کاتێک ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت؟
پشکنینی دژەتەنەکانی U1-nRNP پشکنینێکی خوێنە بە زۆری بەسوودە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی گومانلێکراوی هەندێک نەخۆشی و چاودێریکردنی چالاکی نەخۆشییەکە. پشکنینی دژەتەنی ڕایبۆنیوکلیۆپرۆتین بەکاردێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانی نەخۆشی بەستەرە شانەیان هەیە و پشکنینی دژەتەنی دژە ناوکییان ئەرێنی بووە. ئەنجامی ئەرێنی پشکنینەکە لەگەڵ ئەگەری پێشوەختەی بەرز یارمەتی دەستنیشانکردنی دەدات و ئەنجامی تاقیکردنەوەی نەرێنی لەگەڵ ئەگەری پێشوەختەی کەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی دەستنیشانکردنەکە.
چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی U1-nRNP
شیکارییەکە لە ئەنجامی وەرگرتنی خوێنەوە ئەنجامدەدرێت، دواتر بە ئامێری تایبەت و بە پێی چەند هۆکارێکی تایبەت ئەنجامی پشکنینەکە دەخوێنرێتەوە، کە پشت بە بوونی دژەتەنەکان دەبەستێت لە سێڕەمی خوێنی کەسەکەدا. ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ دژەتەنەکانی ڕایبۆنیوکلیۆپرۆتین هاوتایە لەگەڵ نەخۆشییەکانی بەستەرە شانە. هەرچەندە بە توندی پەیوەندی هەیە بە نەخۆشییەکانی بەستەرە شانەوە، بەڵام دژەتەنەکانی RNP بە "نیشانە" ڕەچاو ناکرێن بۆ هیچ نەخۆشییەکی دیاریکراو جگە لەم بارودۆخەی خوارەوە: کاتێک لە نموونەی شیکاریدا دەدۆزرێتەوە، ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ دژەتەنەکانی RNP هاوتایە لەگەڵ دەستنیشانکردنی نیشانەکانی نەخۆشی بەستەرە شانەی تێکەڵ، هەروەها ڕێژەی ئەرێنی یان هەژماری دژەتەنی دژە-RNP ئاماژە نییە بۆ توندی نەخۆشییەکە یان ماوەی نەخۆشییەکە.