ماسی ڕاوکەر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-16:48:00 - کۆدی بابەت: 13085
ماسی ڕاوکەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی ڕاوکەر (بە ئینگلیزی: Anglerfish، بە عەرەبی: سمکة الصیاد)، بوونەوەرێکی کۆمەڵەی ماسییەکانە و نشینگەکەی دەکەوێتە قوڵایی ئاو و زەریاکانەوە، هەرچەندە ژمارەی تاکەکانی دیاریکراو و زانراو نییە، بەڵام بە گشتی مەترسی لەناوچوونی لەسەر نییە، ئەم ماسییە لە کۆمەڵەی ئەوانەدایە کە پێیان دەوترێت ڕاوکەرەکانی قوڵایی دەریا، هەندێک لە جۆرەکانی لە جێگەیەکدا دەژین قوڵایی ئاوەکەی نزیکەی ٢٠٠٠ مەترە، لەو جێگانەشدا ڕووناکی خۆر بەهیچ جۆرێک بوونی نییە.

بە گوێرەی پشکنینە بۆماوەییەکان ماسی ڕاوکەر لە چەرخی تەباشیریدا بۆ یەکەمین جار پەرەیسەندووە، کە دەکاتە ١٠٠-١٣٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، لەوکاتەدا ئەو ڕووناکییە فریودەرەی کە تایبەتمەندییەکی گرنگێتی، لە بڕبڕەیەکی پشتییەوە دروستبووە کە خۆی تایبەت بووە بە پەڕەکەی پشتی، جگە لە ئەمانەش هەندێک لە جۆرەکانی لەبری ئەو ڕووناکییە فریودەرە ئەندامێکی جەستەیان ڕووناکی دەبەخشێت، لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین تایبەتمەندی تری پەرەپێداوە و خۆیگونجاندووە.

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی ماسی ڕاوکەر هەبوونی ڕووناکییەکی فریودەر و چەشەکارە لەسەر سەری، بەهۆیەوە سەرنجی نێچیرەکانی ڕادەکێشێت، لەگەڵ هەبوونی کەڵبەی تیژ و دەرکەوتنێکی سەیر و نائاسایی، جەستەی بە پێستێک دەورەدراوە کە چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک، ڕەش، قاوەیی، ڕەساسی، سەوز، سوور یان زەرد، مێینەی ئەم ماسییە قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە درێژییەکەی دەکرێت بگاتە سەروو ١.٢ مەتر و قەبارەکەشی بگاتە نزیکەی ٥٠ کیلۆگرام، بەڵام نێرینەکەی بچووکترە. 

هەبوونی ئەو ڕووناکییە فریودەرە لەوانەیە گرنگترین هۆکاری خۆگونجاندنی ماسییەکەبێت لە قوڵاییدا، ئەو ڕووناکییە لە ئەنجامی ئەو بەکتریایانەوە دروستدەبێت کە ڕووناکی دەردەکەن، ئەو ڕووناکییەش وەک تەڵەیەک ڕۆڵدەبینێت بۆ ڕاوکردنی بوونەوەرە ئاوییەکان و ڕاکێشانی سەرنجیان.  

چەندین شێوەی جیاوازی هەیە بەڵام لە هەمووی ناسراوتر شێوە بازنەییەکەیە، هەرچەندە هەندێکیان شێوەیان درێژ و گۆشەییە، دەمی ژمارەیەک کەڵبەی تیژی تیدایە کە بۆ ناوەوە ئاڕاستەکراوە و نێچیرەکانی پێدەگرێت، هەندێک لە جۆرەکانیش پێستێکی ماسولکەییان هەیە لەسەر سەریاندا کە دەکرێت ڕووناکییەکەی پێ دابپۆشرێت، هیچ جۆرێکیان بەتەواوەتی نابینا نین بەڵام هەستی بینینیان لاوازە و تایبەتە بە نشینگە تاریک و قوڵەکەی خۆی.

ماسی ڕاوکەر گەورەترین جیاوازی هەیە لە نێوان دوو ڕەگەزەکەیدا بە بەراورد بە هەموو بوونەوەرەکانی شانشینی ئاژەڵان، نێرینەکان ڕووناکی فریودەریان نییە و تەنها مێینەکان هەیانە، هەروەها درێژی نێرینەکان تەنها چەند سانتیمەترێکە لە کاتێکدا مێینەکان دەگەنە نزیکەی مەتر و زیاتریش.  

خۆراک

هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتین لە ماسییەکان و توێکڵدارەکان بەتایبەت ڕۆبیانەکان، بۆ ڕاوکردن ڕووناکییەکەی سەر سەری لە ئاودا دەهێنێتە پێش و دەیباتە دواوە، هەندێک لە جۆرەکانی ماسی ڕاوکەر بەڕادەیەک دڕندەن کە نێچیرێک دەخۆن هەمان قەبارەی ماسییەکە خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە ماسییە لە قوڵاییەکی زۆردا دەژی ئەوا ڕاوکەری زۆر کەمی هەیە، جگە لە مرۆڤەکان تەنها ماسییە گەورەکان دەتوانن ڕاویان بکەن وەک ماسی قرش، مرۆڤەکانیش زۆر بە دەگمەن دەتوانن بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵیاندا چونکە لەقوڵاییەکی  زۆردان.

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی ژیانکردنی بەتەنهایە واتە لەگەڵ یەکتریدا پۆل و کۆمەڵە دروستناکەن، ماسی ڕاوکەر بۆ یەکگرتن و زۆربوون دوو ڕێگای هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە هەرچەندە لەیەکتری نزیکدەبنەوە بەڵام یەکگرتنەکەیان لە دەرەوەی جەستەدایە، واتە مێینەکە هێلکە دەکات و نێرینەکەش سپێرم دەڕژێنێت بە سەریاندا، دواتر نێرینەکە ئازاد دەبێت لەوەی لەگەڵ مێینەی تریشدا یەکگرتن بکات.

ڕێگای دووەمیان لە ئەنجامی خۆگونجاندنەوە دروستبووە و لە هەموو شانشینی ئاژەڵاندا تاک و جیاوازە، لەم ڕێگەیەدا جووتەکە کە دەبنە هاوبەشی یەکتری دەکەونە پەیوەندییەکی بە تەواوەتی سوودگۆڕکێ، لە بەرانبەر ئەوەی کە نێرینەکە سپێرم بڕژێنێت بۆ مێینەکە، ئەوا گازدەگرێت لە جەستەی مێینەکە و ماددەی خۆراکی لە لوولە خوێنەکانی مێینەکەوە بەدەستدەگات، ئەمە بەهۆی ئەوەوە ڕوودەدات کە ئەو جۆرە نێرینانە خۆراکیان دەستناکەوێت، لەئەنجامدا گەشەی تەواوەتی ناکەن و پێویستییان بە ماددەی خۆراکییە، چەندین بیردۆز هەیە کە بۆچی ئەم شێوازە بەکاردەهێنرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە ماسی ڕاوکەر بەئاسانی هاوبەشێکی دەستناکەوێت و ناچارە لە ئەم جۆرە سوودگۆڕکێیە بەردەوامبێت.

دوای یەکگرتن مێینەکە ملیۆنان هێلکە دەکات و بە ماددەیەکی لینج دەورەدراون، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان لە چەندین ڕۆژەوە بۆ چەندین هەفتە دەگۆڕێت، هەروەها زانیاری زۆر ورد دەربارەی شێوازی گەورەبوونی بێچووەکان نییە، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانیان بە تەواوەتی دیاریکراو نییە، بەڵام هەندێک جۆری مێینەکان تەمەنێکی درێژییان هەیە و لە ژینگەی خۆیاندا سەرو ٢٥ ساڵ دەژین.

جۆرە سەرەکییەکان

لە ئێستادا ٢٠٠ جۆری جیاواز لە ماسی ڕاوکەر ناسراون و لە ١٠ خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون، نموونەی هەندێک لە جۆرەکانیش بریتین لە ئەمانە:

  • ماسی ڕاوکەری پشت کۆم
  • ماسی ڕاوکەری هێڵدار
  • بۆقی دەریا
  • ماسی شەمشەمەکوێرەی لێو سوور.


سەرچاوەکان



58 بینین