پشکنینی گشتی چەوری

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-05-15:18:00 - کۆدی بابەت: 13120
پشکنینی گشتی چەوری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی گشتی چەوری یان لپد پڕۆفایل یان پانێڵی چەوری (بە ئینگلیزی; Lipid profile or Lipid panel، عەرەبی; فحص الدهنيات) پشکنینێکی خوێنی باوە کە ستافی تەندروستی بەکاری دەهێنن بۆ چاودێریکردن و پشکنینی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.

پشکنینی گشتی چەوری چییە؟

پانێڵی چەوری یاخود پشکنینی گشتی چەوری بریتییە لە پشکنینی خوێن کە بڕی ئەو گەردە چەورییە دیاریکراوانە دەپێوێت کە پێیان دەوترێت چەوری لە خوێندا. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پانێڵەکە چوار پێوانەی کۆلیسترۆڵی جیاواز و پێوانەیەکی ترایگلیسیراید لەخۆ دەگرێت.

هەبوونی چەوری زۆر (کۆلیسترۆڵ و ترایگلیسیراید) لە خوێندا دەکرێت ببێتە هۆی کۆبوونەوەیان لە لوولەکانی خوێن و خوێنبەرەکان، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن و مەترسی تووشبوون بە کێشەکانی دڵ زیاد بکات. بەهۆی ئەمەوە، کارمەندانی چاودێری تەندروستی پانێڵی چەوری بەکاردەهێنن بۆ منداڵان و گەورەکان بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵە لوولە ماسولکە وەک نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ و جەڵتە بەگشتی.

ناوە باوەکانی تر بۆ پشکنینی گشتی چەوری

بریتین لە:

  • لپد پڕۆفایل
  • لپد پانێڵ
  • پانێڵی چەوری
  • پشکنینی گشتی کۆلیسترۆڵ
  • پشکنینی مەترسی کۆرۆنەری

ئەو پێنج پشکنینە چین کە لە پشکنینی گشتی چەوریدا هەن؟

پشکنینەکە پێنج جۆری جیاواز لە چەوری لە نموونەی خوێن پێوانە دەکات، لەوانە:

کۆی کۆلیسترۆڵ: ئەمە ئاستی کۆلیسترۆڵی گشتییە - تێکەڵەی LDL-C، VLDL-C و HDL-C

کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم (LDL): ئەمە جۆرێکە لە کۆلیسترۆڵ کە بە کۆلیسترۆڵی خراپ ناسراوە. لەوانەیە لە بۆرییەکانی خوێن کۆبکەنەوە و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکەن.

کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی زۆر نزم (VLDL): ئەمە جۆرێکی ترە لە کۆلیسترۆڵ کە زۆرجار بە بڕێکی زۆر کەم دەردەکەوێت لە نموونەی خوێنی کەسێک کە لەسەر برسیەتی پشکنینەکەی کردووە، چونکە بەزۆری لەو خواردنانەوە دێت کە لە ماوەیەکەی کەمی پێشتردا خوراون. زیادبوونی ئەم جۆرە کۆلیسترۆڵە لە خوێندا لە کاتی برسیەتیدا لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ ناتەواوی زیندەچالاکی و مێتابۆڵیزمی چەوری.

کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL): ئەمەش جۆرێکی ترە لە کۆلیسترۆڵ کە بە کۆلیسترۆڵی باش ناسراوە. یارمەتی کەمکردنەوەی LDL دەدات لە بۆرییەکانی خوێندا.

چەوری سیانی یان ترایگلایسیراید جۆرێکی تری چەورییە لەو خواردنانەدا هەیە کە دەیخۆین. زیادبوونی ڕێژەی ترایگلیسیراید لە خوێندا پەیوەندی هەیە بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەوکردنی پەنکریاس.

هۆکارەکانی ئەنجامدانی پشکنینی گشتی چەوری

دەکرێت بریتین لە:

  • وەک پشکنینێکی بەردەوام بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا ئاستی کۆلیسترۆڵ ئاساییە یان نا واتا بکەوێتە پۆلێکی سنووری ناوەند یان مەترسی بەرز.
  • یاخود بۆ چاودێریکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ ئەگەر ئەنجامی نائاسایی هەبوو لە پشکنینەکانی پێشوودا یان ئەگەر هۆکاری تری مەترسی نەخۆشی دڵ هەبوو.
  • بۆ چاودێریکردنی وەڵامی جەستە بۆ چارەسەر، وەک دەرمانی کۆلیسترۆڵ یان گۆڕینی شێوازی ژیان.
  • بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە پزیشکیەکانی تر وەک نەخۆشی جگەر.

چ کاتێک پێویست بە پشکنینی گشتی چەوریی خوێن دەکات؟

چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی پێویست بە پشکنینی گشتی چەوری خوێن بکات، کارمەندانی چاودێری تەندروستی زۆرجار پانێڵی چەوری بەکاردەهێنن بۆ مەبەستی پشکنین و چاودێریکردن.

ئەگەر یەکێک یان زیاتر لە هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشی دڵ هەبێت، کارمەندانی تەندروستی لەوانەیە پێشنیاری پشکنینی بەردەوام بکەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی پشکنینی گشتی چەورییەوە بۆ هەوڵدان لە  ڕێگرتنی بەرزبووەی ئاستی کۆلیسترۆڵ پێش ئەوەی نیشانەکان دروستبکەن. هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بریتین لە:

  • تەمەنی سەرووی ٤٥ ساڵ بۆ پیاوان یان ئەوانەی لە کاتی لە دایک بوون نێربوون.
  • تەمەنی سەرووی ٥٠ ساڵ بۆ ئافرەتان یان ئەوانەی لە  کاتی لە دایک بوون مێبوون.
  • هەبوونی کۆلیسترۆڵی بەرز لە تاقیکردنەوەیەکی پێشوو
  • جگەرە کێشان
  • قەڵەوی
  • بە پێی پێویست چالاکی جەستەیی ئەنجام نەدرێت
  • بەرزی پەستانی خوێن 
  • هەبوونی نەخۆشی شەکرە یان نیشانە سەرەتاییەکانی پێش نەخۆشی شەکرە
  • هەبوونی خزمێکی پلەی یەکەم، وەک دایک و باوک یان خوشک و برایەک، کە تووشی نەخۆشی دڵ بوون لە سەرەتای تەمەنیاندا (لە خوار ٥٥ ساڵ لە نێر و خوار ٦٥ ساڵ لە مێ).
  • هەروەها منداڵان دەتوانن کۆلیسترۆڵی بەرزیان هەبێت، بۆیە لەوانەیە منداڵانیش پێویستیان بە پشکنینی گشتی چەوری خوێن هەبێت. ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە منداڵاندا پەیوەندی بە سێ هۆکارەوە هەیە: بۆ ماوەیی، خۆراک و قەڵەوی. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەو منداڵانەی کە کۆلیسترۆڵی بەرزیان هەیە ئەگەڕێتەوە بۆ دایک و باوکیان واتا دایک و باوکیان لەو کەسانەن کە کۆلیسترۆڵی بەرزیان هەیە.

لە کاتێکدا کارمەندان بەزۆری پشکنینی گشتی چەوری بەکاردەهێنن بۆ پشکنین یان چاودێریکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ، هەروەها هەندێک جار بەکاریدەهێنن وەک بەشێک لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی هەندێک حاڵەتی تەندروستی کە دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاستی چەوری هەبێت، لەوانە:

  • پەنکریاس
  • نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە
  • غودەی چالاک

کێن ئەوانەی پشکنینی گشتی چەوری ئەنجام دەدەن؟

کارمەندانی چاودێری تەندروستی کە پێیان دەوترێت شیکار و بە زۆری ئەمان ڕاکێشانی خوێن ئەنجام دەدەن و پاشان لە تاقیگەدا شیکاری لەسەر دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمانیشدا هەر کارمەندێکی چاودێری تەندروستی کە ڕاهێنانی خوێن ڕاکێشانی کردبێت دەتوانێت ئەم پشکنینە ئەنجام بدات. پاش ڕاکێشانی خوێنەکەوە و کۆکردنەوەی کارمەندی تەندروستی نموونەکە دەنێرێت بۆ تاقیگە و لەوێدا لەلایەن شیکاری شارەزاوە نموونەی خوێنەکە ئامادە دەکرێت و شیکاری بە یارمەتی ئامێرەکان لەسەر ئەنجام دەدرێت. 

پێویستییەکانی پێش ئەنجامدانی پشکنینی گشتی چەوری

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پێویستە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش پشکنینی گشتی چەوری بەڕۆژوو بیت لە خواردن و خواردنەوە جگە لە خواردنەوەی ئاو. لە هەندێک حاڵەتدا، وەرگرتنی پشکنینی گشتی چەوری بەبێ ڕۆژووگرتن دەکرێت. لە هەر حاڵەتێکدا، گرنگە کە پێشتر پرسیار لە کارمەندی چاودێری تەندروستیت بکەیت دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێویستە پێش تاقیکردنەوەکە بەڕۆژووبووبیت یاخود نا. هەمیشە ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکە کە کارمەندەکە پێت دەدات.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

ئەو کەسەی دەیەوێت پشکنینی چەوری گشتی بۆ ئەنجامبدرێت لەسەر کورسییەک دادەنیشێت و کارمەندی چاودێری تەندروستی بە دەستەکانی پشکنین دەکات بۆ قۆڵی کەسەکە بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەست بە خوێنهێنەرەکانی بکات و لە ڕێی خوێنهێنەرەکەوە خوێن وەربگرێت. پاش دۆزینەوەی خوێنهێنەرەکە لە ڕێی دەرزییەکەوە خوێنی لێ ڕادەکێشێت و دواتر کۆیدەکاتەوە و پاشان دەینێرێت بۆ بەشی شیکارکردنی کیمیایی. تەواوی ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی کەم دەخایەنێت بە نزیکەیی پێنج خولەک. دوای ناردنی نموونەی خوێنەکە و گەشتنی بە بەشی شیکارکردنی کیمیایی لەوێدا بە ئامێری تایبەت پشکنین لەسەر خوێنەکە ئەنجامدەدرێت و ڕێژەی چەورییەکانی ناو خوێن پێوانە دەکرێت.

پاشان بە ماوەییەکی کەم ئەنجامەکان تۆماردەکرێن و دەدرێنەوە بەو کەسەی پشکنینەکەی کردووە. لەوانەیە پێدانی ئەنجامی پشکنینەکە لە هەندێک تاقیگە ماوەی ڕۆژێک بخایەنێت، ئەویش بەهۆی زۆری پشکنینەکانە کە لە تاقیگەکەدا هەن نەک کاتی زۆر بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە.

مەترسییەکانی پشکنینی گشتی چەوری 

پشکنینی چەوری گشتی پشکنینێکی زۆر باو و گرنگە لە نێو پشکنینە پزیشکییەکان. مەترسییەکی زۆر کەم هەیە لە ئەنجامدانی پشکنینی گشتی چەوریدا. بۆ نموونە لەوانەیە شوێنی ڕاکێشانی خوێنەکە کەمێک بئاوسێ یاخود شین ببێتەوە یانیش ئازاری لێ دروست ببێت بەڵام هەموو ئەمانە زۆر نامێننەوە و بە ماوەیەکی کەم چاکدەبنەوە و تێدەپەڕن.

چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینی گشتی چەوری

ڕاپۆرتی تایبەت بە پشکنینەکە لەلایەن ستافی تاقیگەوە ئامادەدەکرێت و کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە خۆ دەکرێت لەوانە:

  • ناوی پشکنینەکە یاخود پشکنینی بۆ چ مەبەستێک کراوە.
  • ناوی ئامێری بەکارهاتوو لە پشکنینەکەدا.
  • ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە.
  • ئەم زانیارییانە بە گشتی ئەوە دەرەخەن کە ئەنجامەکان ئاسایین یاخود نا.

بەڵام ڕێژەی کۆلیسترۆڵی تەندروست بۆ کەسەکان پشت بە چەندین هۆکار دەبەستێت. کارمەندانی چاودێری تەندروستی ئەم هۆکارانە خوارەوە لەبەرچاو دەگرن کاتێک ئەنجامەکانی پشکنینی گشتی چەوری لێکدەدەنەوە:

  • تەمەن
  • تەندروستی بە گشتی
  • مێژووی پزیشکی
  • بەکارهێنانی دەرمان
  • چەند هۆکارێکی مەترسیدار کە لەوانەیە هەبێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ

زۆرێک لە شارەزایانی تاقیگە و تەندروستی ژمێرەری مەترسی تایبەت بەکاردەهێنن بە بەکارهێنانی ئەم هۆکارانە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا  پێویست بە پشکنینی زیاتر یان چارەسەری هەیە یاخود نا.

ئەنجامە ئاساییەکانی پشکنینی گشتی چەوری 

کۆی کۆلیسترۆڵ: پێویستە کەمتر بێت لە ٢٠٠ mg/dL.
کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL): پێویستە سەرووی ٦٠ mg/dL بێت
کۆلیسترۆڵی لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم (LDL): پێوستە کەمتر بێت لە ١٠٠ mg/dL (بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە: پؽویستە خوار ٧٠ mg/dL بێت).
چەوری سیانی (ترایگلیاسیراید): پێویستە کەمتر بێت لە١٥٠ mg/dL

ئەگەر ئەنجامەکانت بەرزتر یان نزمتر بوون لە مەودای ئاساییان، ئەوا بە پێی ڕؽژەکەیان پۆلێن دەکرێن وەک مەترسی کەمێک بەرز، ناوەند یان بەرز بۆ کێشەکانی دڵ. بە شێوەیەکی گشتی، بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی گشتی، LDL و تریگلیسیراید و ئاستی کەمتر لە ئاسایی HDL دەتوانێت مەترسی نەخۆشی دڵ زیاد بکات.

زۆر دەگمەنە کە ڕێژەی کۆلیسترۆڵ کەم بێت. ئەگەر ئەوە هەبێت، بەزۆری بەهۆی حاڵەتی بەدخۆراکییەوەیە. کە ئەویش حاڵەتێکی تەندروستیەوە و پێویستە گرنگی پێ بدرێت.

ئەنجانی نائاسایی پشکنینەکە پێویست بە نیگەرانی دەکات؟

ئەگەر ئەنجامە پشکنینی گشتی چەورییەکان ئەوە ئاشکرا بکەن کە کەسەکە ڕێژەیەکی بەرزی کۆلیسترۆڵ و LDL و/یان تریگلیسیرید و/یان ڕێژەیەکی نزمی HDLی هەیە، ئەوە مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە بە تەواوی کەسەکە نەخۆشییەکی پزیشکی هەیە یان پێویستی بە چارەسەرە.

ئەگەر ئەنجامی پشکنینی گشتی چەوری نائاسایی بوو، کارمەندانی چاودێری تەندروستی لەوانەیە یەکێک یان زیاتر لەم کردارانەی خوارەوە پێشنیار بکەن:

  • بەردەوام بوون لە چاودێریکردن ئاستی گشتی چەورییەکانی خوێن.
  • گۆڕینی شێوازی ژیان، وەک گۆڕینی شێوازی خۆراک یان دەستپێکردنی ڕۆتینی وەرزش.
  • بەکارهێنانی دەرمانی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ لە حاڵەتی بەرزی ڕێژەی کۆڵێسترۆڵ.

باشترە پاش وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکە و زانینی ڕێژەی نائاسایی پشکنینەکە، پەیوەندی بە پزیشکی پسپۆڕەوە بکەیت و زانیاری تەواو لە سەر دۆخی تەندروستیت و چاودؽریکردنی دۆخی تەندروستیت وەربگریت، لە ڕێی ئەو زانیارییانەی کە پزیشکی پسپۆڕ پێتدەدات.

بینینی ئەنجامی نائاسایی پشکنینە لەوانەیە فشاری دەروونی بۆ کەسەکان دروست بکات. زانینی ئەوەی کە هەبوونی ئەنجامی نائاسایی بۆ پشکنینی گشتی چەوری مانای ئەوە نییە کە کەسەکە پێویستی بە چارەسەرە یاخود نەخۆشی دڵی هەیە یارمەتیدەر دەبؽت لە کەمکردنەوەی دوودڵی و سترێسی ئەو کەسانەی ئەنجامی نائاساییان هەیە. لە کاتێکدا ئاستی کۆلیسترۆڵ و ترایگلیسیراید دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە تەندروستی گشتیدا، بەڵام چەندین هۆکاری دیکە هەن کە بەشدارن لە مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.


سەرچاوەکان



76 بینین